فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چەکوچ

کات 22/09/1401 744 بازدید

چەکوچ

دایکم دەنگی دام:

ـ ئەرێ قەرارنەبوو تەنەکەی پەڕژینەکە چاکەی! بیانووی چەکۆچت هەبوو و ئیستا هەیە… دەی یاڵڵا ئەمڕۆ دوو بزماری پیاکوتە با نەجاتمان بێت و چیتر مریشکەکانمان نەچنە ماڵی دراوسێکەمان…

لە ناو جێگاکەدا بە لای شانی راستدا تل دەخۆم و، لە پەنجەرەکە دەڕوانم. تیشکی هەتاو لە پەردە سوورە ناسکەکە و پشت پەردە سپییەکە دەدا و جوان جوان ژوورەکە رووناک دەکاتەوە. چاوەکانم هەڵدەگڵۆفم. خەیاڵم لای دوێشەوە کە لەگەڵ هاوڕێکانم لە دەرەوە بووین و درەنگان هاتمەوە،… رەنگە کاتژمێر یەکی نیوەشەوە. شەوانی هاوین خوا دایناوە بۆ پیاسەی ناو جادەکان. تاقەتم نیە دەنگ هەڵبڕم، بەڵام بە بەر خۆمەوە دەڵێم:

ـ باشە… باشە ئەچم… وازبێنە!

لە دەرەوە دەنگی قووقەی کەڵەشێرە زەرد دێت. کەڵەشێڕێکی سەیرە، کەمتر بەیانیان زوو دەخوێنێ… لە من خراپتر ئەوە… کە رۆژیش دەبێتەوە ئیتر وازناهێنێ… هەدا نادا. لەبەر خۆمەوە دەڵێم “خوا دایناوە بۆ سەر تەڕەکەبابێکی سەر برینجی سوور!

دایکم دەرگاکە دەکاتەوە و، دەڵێ:

ـ ئەرێ نەجووڵای! نیوەڕۆیە… ئەمڕۆیش مەیگنخێنە… ئەوەندە ئەو بێ حەیایەمان بەگژا مەکە… شەڕمان لێ لادە!

دایکم دەڕوا. بیر لە دراوسێکەمان دەکەمەوە. ژنێکی نەگبەتی دەم شڕ کە هەموو شتێ بیانووە بۆی بۆ ئەوەی بەرۆکت پێ بگرێ. ناوە ناوە شەڕی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی کردووە، بەتایبەت لە گەڵ دایکم. باوکم پێی دەڵێ گوێی نەداتێ و شەڕمان لێ لادا. دایکم دەڵێ هەموو کەس دەزانێ خەتای ئەوە و تاوانی ئەم نیە. دەڵێ خۆ ناشکرێ وەڵامی شتی ناحەق نەدرێتەوە. باوکم بێدەنگ دەبێ و، لە تەلەفزیۆنەکە رادەمێنێ.

نازانم چەندەی تر لە ناو جێگاکەدا گێنگڵ دەدەم. سەرئەنجام دەست دەبەم کراسەکەم بە دانیشتنەوە لەبەر دەکەم. چەکۆچێکی سەرخڕی تۆکمە بە لاتەنیشتی جێگاکەمەوە دەبینم! دەستی بۆ دەبەم. خۆشدەست و بەهێز دێتە بەرچاوم. کەمێک لە حەوادا رایدەوەشێنم. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوانم. بێگومان بە باوکمی کڕیوە. رادەبم و دەچم بۆ ئاودەست. لە ئاوێنە کۆنەکەدا دەبینم دەمووچاوم کە تێرخەو نەبووە بەسەر یەکا داڕماوە، لە چڕ و چاوی خۆم دەسڵەمێمەوە. بە خۆم دەڵێم یەک دوو ساعەتی ترم پێویست بوو.

خەریکی وشککردنەوە روخسارمم، کە گوێم لە هەراهەرایە. گوێ شل دەکەم. دەنگی ژنە دراوسێکەمانە. دەنگەکەی تریش… ئاە دایکمە! باشە بە کوێڕا؟ چەکۆچەکە هەڵدەگرم و، بەپەلە دەچمە دەرەوە.

ـ چەن جار بڵێم ئەم چەپەرە شکاوەتان چاک بکەنەوە با مریشکەکانەتان روونەکەنە حەوشەی ئێمە… وەرە سەیرکە چۆن سەوزییەکانیان رنیوەتەوە و شێلاویانە!… حەک خوا بتانباتەوە چ دراوسێیەکن!! یاخوا خوا تووتان بڕێ!

دایکم کە نازانێ چۆن چۆنی ئەو چەند چڵەدارەی بە سەر چەپەرەکەیدا دابوو لابراوە، لەکاتێکدا چاوێکی لەسەر ئەوان و چاوێکی لە سەر ژنە دراوسێکەمانە، دەلێ:

ـ ئەوە چەکۆچمان کڕیوە و قەراربوو ئەمڕۆ چاکی کەین… نازانم کێ ئەمانەی لاداوە… هەر کەسێکە خوا رووی رەش کا…

ـ خوا رووی خۆت و ئابا و ئەجدات رەش کا… سەڵیتە! کارە قۆرەکە ئەکەیت و بەسەر خەڵکیشا ئەینێیت!

دراوسێکانی تر کە دانە دانە لە پەنجەرە و لە حەوشەکانیانەوە دەرکەوتوون، هەوڵی ناوبژیویانە کە بێسوودە… هەراهەرای دراوسێکەمان لەوەدا نیە. من ئارام و بە بێ پەلە لە سەر ئەو چەند پێ پلیکانە دادەبەزم وا خانووەکەمان بە حەوشەوە دەبستێتەوە. بەرەو لایان دەچم. هەست دەکەم دەنگ و رەنگی ئەمڕۆی دراوسێکەمان لە چاو جارەکانی تر جیاوازترە. جۆرێک لە بێ منەتی زیاتری پێوە دیارە… رووهەڵماڵاوتر و نەترستر دیارە. دایکیشم کە هەست بە تاوان دەکا هەر بەو رادەیە داماوتر دێتە بەرچاو، هەرچەند هەوڵدەدا زۆر لە بەرانبەریدا کەم نەهێنێ.

من سەیرێکی چەکۆچە خۆشدەستەکەی ناو دەستم دەکەم و، بە پەلە خۆم دەگەیەنمە شوێنی هەراکە. هەر دەگەم، بە دەنگێکی مەحکەم، بەڵام ئاشتیخوازانە روو لە دراوسێکەمان دەڵێم:

ـ هەر ئائیستا چاکی ئەکەم… خەمت نەبێ ئیتر هیچ مریشکێک خۆی بە حەوشەی ئێوەیا ناکا… دڵنیا بە!

ـ چاکی ئەکەی!!… بەخوا تەواومان کرد… تازە دووای ئەوەی سەوزییەکانم خراپ بوون… دووای  ئەوەی کەرەوز و پیواز و نەعناکانم سەروگوێلاکیان پێوە نەما! حەک خوا ماڵتان کاول کا چ دراوسێیەکن! حەک حەزرەتی حەق تەعالا رەگتان ببڕێتەوە،… حەک…

ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە. من دەستم برد تەنەکە خوارەکەم راستکردەوە و، لە سەر کۆڵەکەک گچکەکە فشارم دا بۆ ئەوەی دوو بزماری پیا کوتم کە بینیم بزمارم پێ نیە! لە دایکمم رووانی. دایکم تێگەیشت، بەڵام نەیدەویست بڕوات لەبەر ئەوەی نەکا ژنەی دراوسێمان وا هەست بکا لێی ترساوە. من کە لە ناو ئەو هەراهەرایەدا مابوومەوە دەست لە تەنەکەکە بەردەم بەرنەدەم، چاوەڕێی دایکم بم یاخود بۆ خۆم بچم بزمار بێنم سەرئەنجام دەستم لە تەنەکەکە بەردا و چووم بۆ هێنانی بزمار.

دەمزانی سندووقی بزمارەکان لە ژێرزەمینە. سندووقێکی تەنەکەی ژەنگاوی و کۆن کە لە مێژ ساڵ بوو باوکم رایگرتبوو و جۆرەها شمەکی سەیروسەمرەی تێهاویشتبوو. بۆ ئەوەی هەر چی زووتر کۆتایی بە بەزەمەکە بێنم، گوڕم دایە خۆم. شیتەشیتی دراوسێکەمان رۆژەڕێیەک دەڕۆیشت. گوێم لێبوو پیاوێک دەیگوت “دوو دۆعای بەخێر بکەن و وازی لێ بێنن… ئەرکی دراوسێیەتی گرانە و مەیشکێنن!” لە بەر خۆمەوە گوتم “باشە بۆ باوکم ئەم چەپەرە ناکا بە حەسارێکی بلۆک و بۆ هەمیشە رزگارمان بێت؟!… ها بۆ وا ناکا؟”

دۆزینەوەی چەند بزماری باش زۆری نەخایاند. کە گەڕامەوە بینیم کوڕی دراوسێکەمان بە ژێرکراسێکەوە کە هەمیشە لە شاران بوو و بە تەمەن لە من حەوت هەشت ساڵێک گەورەتر بوو، لەوبەر پەرژینەکەوە راوەستابوو و ئەویش هەڕەشەی لە دایکم دەکرد. ئەم پیاوە کە لە شاران دەژیا و، سەر دەست و قۆلەکانی کوتابوو و جۆرەها وێنەی چەقۆ و زۆرانبازی و گوڵێکی گەڵاپانی بەسەرەوە بوو، قامکی لە دایکم رادەوەشاند و هەڕەشەی لێدەکرد. گوێم لێبوو، بە دەنگێکی گڕ و ترسناکەوە دەیگوت:

ـ ئەمە ئاخر جارتانە، یەک جاری تر شتی وا رووبداتەوە شار بەدەرتان ئەکەم… شەرواڵ لە پێی ئەو پیاوە قورمساخەت دائەکەنم و ئەتکی ئەکەم… خوشک و مریشکتان ئەگیەم گەوادانە…

من کە چەکۆچەکەم بەم دەستەوە و بزمارەکانم بە دەستەکەی ترمەوە بوو، بیرم لەوە کردەوە کە باشە ئەمە کەی هاتووەتەوە؟ دڵنیا لەوەی ئەویش وەک من تا درەنگان خەوتووە و بە هەراهەرای دایکی خەبەری بووەتەوە، گەیشتمەوە لایان. هەر کە چاوی بە من کەوت، کەوتە هەڕەشەکردن، قامکی رادەتەکاند و بەسەر پەرژینەکەدا شۆڕبووەوە و گوتی:

ـ گەوادی ژن حیز… گاندەر بۆ ئاگات لە مریشکەکانتان نیە؟! وەک دایک و خوشکت بۆ گاندان ئەم ماڵەو ماڵیان پێدەکەیت! کوونیی بێ شەرەف…

ئەویش ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە.

من کە عەبەسابووم و مابوومەوە چی بکەم، هەروا لێم دەڕوانی. دایکیشی ئەوەندەی تر گڕی گرتبوو و، ئەگەرچی قسەی وەها ناشیرین لە دەمی نەدەهاتە دەرەوە، بەڵام بەردەوام بوو لەوەی کەم نەهێنێ. بەڵام دۆخەکە لەوە قۆڕتر بوو تەسەوردەکرا. ژنی دراوسێکەمان و کوڕە گەڕیدەکەی تەواو دەستیان بە سەر دۆخەکەدا گرتبوو. دایکم کە کەمی هێنابوو و ترسابوو، دەستیکرد بە گریان. من هەروا بە چەکۆچ و بزمارەکانەوە لەوان و لەو خەڵکەکەم دەڕوانی کە هەتا دەهات پێیان زیاد دەبوو. هەستم دەکرد خوێن دەزیایە ناو روخسارمەوە، جەستەم هەتا دەهات گرژ و گەرمتر دەبوو، دەستەکانم کەوتنە لەرزین. پێم وابێ چەند دانەیەک لە بزمارەکانیشم لێ بەربوونەوە. دایکم هەڵترووشکا و دەستی بە چاوە فرمێسکاوییەکانییەوە گرت. کابرای دراوسێ کە ئیستا ناوکەیەم دەهاتەوە بیر، بازی دایە ئەم دیو چەپەرەکەوە. هەر ئەوەندەم زانی زەبرێکی قورس بە تەنیشت گوێی راستمدا درا و وەک تۆپ هەڵبەزیمەوە و کەوتمە سەر عەرز. خەڵکەکە شڵەژان. یەک دووانێک کەوتنە بەینەوە و بەریان پێگرت، بەڵام ئەو لەوە بەهێزتر و توورەتر بوو کە بتوانرێ ئەوەندە ئاسان بەری بگیردرێ. من کە گوێچکەم کەوتبووە ویزەویز و، هەستم بە ژانێکی سەیر لە سەر و لە لاجانگمدا دەکرد، راستبوومەوە. سەیر ئەوە بوو چەکۆچەکەم لێ نەکەوتبوو. دسکە دار و پتەو و لووسەکەی هەر وا لە نا مشتمدا مەحکەم خۆی راگرتبوو. ‘عوسمان’یان کە بە ‘عوسەی خا عوزار’ بە ناوبانگ بوو، بە چەند کەس سەرئەنجام راگرت و من دەرفەتی ئەوەم پەیدا کرد بە زۆر دایکم کە بەسەرما کەوتبوو و دەگریا و هاواری دەکرد و لانەدەچوو، لە خۆم دووربخەمەوە. هەر چۆنێک بوو راست بوومەوە. وڕ و کاس لەوەی پێش هاتبوو و، من قەت تەسەوریم نەدەکرد هەروا لە خەڵکەکە و لە دەورووبەر و لە عوسەم دەڕوانی کە وەک پاڵەوانی ناو فیلمە فارسییەکان دەینرکاند و دەیمڕاند. هەستی لاوازی و هیچ و پووچییەکی سەیر لە ناو ئەو هەراهەرایەدا وەها دایگرتم کە رقم لە خۆم دەبووەوە. قەت باوەڕم نەدەکرد ئاوەها وەک مێروولە لە ژێر پای نێرەزەلامێکدا پان ببمەوە کە قەت لە ژیانمدا بۆ یەک جاریش بیرم لێ نەکردبووەوە. وەک بڵێی دەستی ئەجەل بە ئەنقەست ئەوی لە شارانەوە هەڵگرتبێ، بۆ ئەوەی بێت و لە سەر کونی پەرژین و مریشکێک وەها من رووشکێن بکا و وەها بڕووخێنێ کە مێژوو لەم چەشنەی قەت بە خۆیەوە نەبینیبێ!

دەنگی هاواری دایکم و دەنگەدەنگی خەڵکەکەم بە ئاستەم دەهاتە گوێ، بەڵام هیچی لێ حاڵی نەدەبووم! عوسمان خۆی راپسکانەوە و، خۆی گەیاندەوە من. ئەمجارە شەقێکی ئاراستەکردم. شەقەکە بە هۆی ئەوەی هێشتا بە جوانی مەودای نەبوو، بە باشی نەیپێکام، بەڵام ئێشێکی خراپ گەییە ڕانم. وەک بلێی نووکی چەقۆیەک بڕیدابێ. بەلام ئەمجارە من بە سەر ژانەکەمدا نەشکامەوە. هەروا لە عوسمانم رووانی کە هەتا دەهات زیاتر شێت و هار و دڕ دەبوو.

سەرم بەرزکردەوە و لە ئاسمانم رووانی. گوێم لێبوو کەڵەشێرە زەرد قووقاندی. سەرم دانەواند. چاوم لێبوو دایکم شانەکانی دەلەرانەوە بە بێ ئەوەی دەنگی بگاتە گوێم. ژنی دراوسێکەمان کە وەک بڵێی دەیقیژاند “ئەم قەحبەیە هەر ئەمەی بەش بوو!… هەر ئەمەی ئەویست!” جارێکی تر هەستم بە دەسکی لووسی چەکۆچەکە لە ناو لەپمدا کردەوە. هەنگاو یاخود چەند هەنگاوێکم بەرەو پیش نا. عوسمان کە خۆی راپسکاندبووەوە، دیسان بەرەو لای من هات.

***

دراوسێکان بە پۆلیسیان گوتبوو لامان سەیرە وەها لێی وەدەست هاتبوو، ئێمە ئەو کوڕە دەناسین، قەت ئەهلی شەڕ و شتی لەم بابەتە نەبووە،. گوتبوویان سەیرتر لەوە وەها لە تەنیشت سەری دابوو نەبێتەوە! رێک لە رەقایی بان گوێچکەی راستی عوسەی خا عوزار! گوتبوویان عوسمان وەک گۆشتی قەسابخانە، کە لە قولاپی هەڵواسینەکەی دەترازێ، بە لاداهاتبوو و زرم کەوتبووە سەر عەرزی بەر دەم پەرژینەکە.

گەر لە منیش دەپرسن بۆ خۆیشم نازانم بۆ وای لێهات. چەکوچەکەی باوکم کە بەڵێن بوو بزمارەکانی پێ بکوتم، لە شوێنێکی تر خۆی بینییەوە.

ئیستایش لە دووای ساڵانی ساڵ جاروبارە هەست بە دەسکە خۆشدەست و لووس و تۆکمەکەی دەکەمەوە کە چلۆن لە ناو مشتما داوای کوتانێکی خۆش و بەلەزەتی دەکرد!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *