فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختی

کات 26/11/1401 342 بازدید

ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختی

یەکیەتی و پارتی لە هەیبەت سوڵتان شەڕیانە. لە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بێژەرێکی سەوز باسی لە نێرەمووکیی نێچیرڤان بارزانی دەکرد و، لە رادیۆی کوردستانیش بێژەرێکی زەرد باس لەوەی بۆ دڵنیابوون لەمە وا چاکە یەکیەتی بچێ و لە هێرۆخان بپرسێ! لە گەڕەکی چوارباخی پشتی حەسیب ساڵح بەرمیلی بەتاڵی نەوت ریزکرابوون و جەماوەرێکی زۆر چاوەڕوانی دابەشکردنی نەوتێک بوون کە هەر بەڵێن بوو بێت. لە بەغدا، سەددام حوسێن لەگەڵ جەماعەتێک لە راوێژکارەکانی لە یەکێک لە کۆشکەکانی خۆی خەریکی لێکدانەوەی بەردەوامی چۆنیەتی شکستی خۆی لە شەڕی کوێت بوو. لە سەر هێڵی ٣۶ دەرەجەش فڕۆکەیەکی ئەمریکایی کە لە ئینجەرلیکی تورکیاوە فڕیبوو، بە ئاسماندا دەسووڕایەوە و چۆنیەتی جموجۆڵی سوپای بەعسی چاوەدێری دەکرد. لە تورکیە سوپا جووڵابوو و، لە سەر سنوور خەریکی تۆپباران کردنی پ ک ک بوو. کۆماری ئیسلامیش لە شاری سلێمانی تا ئارد لە کۆڵ کۆڵان بە کۆڵان بە شوێن پیاکوژەکاندا دەگەڕا.
شار کپ و بێدەنگ بوو.
منیش لە ماڵەوە لە خانوویەکی کۆن و گڵین و داتەپیوی بەرانان چەتۆرێک ئارەقی مەسیحم کڕیبوو و، نم نم خەریکی خواردنەوە بووم. پاکەتێک جگەرەی ‘ریم’یش جاروبارە بانگی لێدەکردم و، ناوەناوە یەکیانم لێ دادەگیرساند. دووکەڵەکە لە سەر سەرم پێچ و لوولی دەخوارد و، لە بن میچە کۆنینەکە خۆی مەڵاس دەدا. لام وایە مۆسیقا و گۆرانییەکی خۆش و خەمینیش لە ژوورەکدا دەهات و دەچوو. دیاری قەرەداغی بوو… “ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختیم / ئەی ژینی نێو تەمی یادگاری…” لەگەڵیم نەدەگوتەوە. پێم وابێ تەنیا لەگەڵ وشەکان وەک شەپۆلی ئاوی دەریا دەڕۆیشتم… “من ئەڕۆم پاشماوەم تەنیا ئەشکە / بۆ ئەم گەردوونە سەر لێ شێواوە”. ئەو گۆرانییەی لەگەڵ ئەوەی حەزم دەکرد بزانم شاعیرەکەی کێیە، بەڵام قەت دەرفەتی پەیداکردنیم دەست نەخست و، تەنیا لە دووای ساڵانی ساڵ، کاتێک روومکردە وڵاتێکی ئۆرووپایی دۆزیمەوە. رۆژێک لە رۆژان لە ناو نێت گووگلەم کرد و، ئەوسا ناوی هۆنەرەکەی هاتە سەر شاشەکە: “هۆنراوە: تەها محەممەد رەسووڵ”. بە خۆم گوت هیوادارم راست بێت و، دیاری نەیگۆڕیبێ.
لەگەڵ ئەوەی پەنجەرەکە کە بەسەر حەوشەیەکی بەرتەسک و چیمەنتۆدا دەیڕوانی و، کراوە بوو، کەچی بەردەوام لە دەرەوە هیچ دەنگێک نەدەهات. تەنانەت دەنگی فڕۆکەکەی ناتۆیش. لەبەر خۆمەوە دووپاتم کردەوە “…ئەم گەردوونە سەر لێ شێواوە!” پێم وابێ سەرخۆش بووم. بە خاڵیبوونی بوتڵەکە زانیم. بە خۆم گوت “حەیف!” ئەوسا هەستام و، ئەو چەتۆرەی تریشم داگرت کە هەمیشە لەم کاتانەدا بۆ دڵنیایی زیاتر رامدەگرت. ئەویشم هێنا. کە کردمەوە، بۆنە تووندەکەی بە لووتمدا هات. بە خۆم گوت بێگومان ئیستا یەکیان لە هەیبەت سوڵتان بەزیوە و، سەدامیش بێ ئەوەی بە ئەنجامێک گەیشتبێ چووە بۆ راو. رەنگە تەیارەکە وێنەیەکیشی لێ گرتبێ! سەددام بە ئەسپ و بڕنۆیەکی ئەڵمانی و بە کڵاوشاپۆیەکی رەشەوە. هەر ئەو بڕنۆیەی لە باڵکۆنەکەوە کاتێک لە وتاردانێکدا بۆ جەماوەر هێرشی کردە سەر ئامریکا، چەند فیشەکێکی بە ئاسماندا کرد.
ئەوسا بیری هێرۆخان کەوتمەوە. سەیری رادیۆکەم کرد کە کوژاندبوومەوە. دڵنیابووم سەوز و زەردەکان لەوێن و، وەک هەمیشە بەردەوامن. دیاریش بەردەوام بوو: “بۆ مرۆڤ بۆ ویژدان، هیچ شتێک کە وەک خۆی نەماوە”. منیش گوتمەوە. دەنگم گڕ و غەریب بوو. دووکەڵەکەی سەر سەرم بە هەناسەم گێژ و لوولی تێکەوت. لە تورکیە میت کۆمەڵێک گەنجیان لە گەڕەکێک گرت و، ئەردۆغان کە هێشتا زۆری مابوو بگاتە کۆشک، بزەیەکی کەوتە سەرلێوان.
هاوینێکی یەکجار گەرم بوو. نیوەڕۆیەکی بێڕەحم. فانیلەکەم شەڵاڵی ئارەقە. ئارەقە لە دەرەوە و،… ئارەق لە ناوەوە. دووکەڵی جگەرەکەیش خووسابوو. لەپەڕ کەڵەشێرێک قووقاندی. بزەیەک نیشتە سەرلێوم. بە خۆم گوت باشە دەنگ هەر ماوە!… غیرەت نەمردووە!
راستی بۆ چۆلەکەکان دەنگیان نەبوو؟ بێگومان چاوەڕێن فڕۆکەکە ون بێت. یان رەنگە لە ریزی خانووەکانی ئەو بەری کۆڵان بە شتێکەوە سەرقاڵن. یان… یان بەڵێنە بکرێن بە ژەمی ئەوانەی وا لە هەیبەت سوڵتان خەریکن یەکتر کەوڵ دەکەن.
نازانم.
هەوای گۆرانییەکە خەمینترە لەوەی بۆی دەچم. دڵم دەگوشرێ. کەچی دەست نابەم بیکوژێنمەوە. بگرە هەر لێی دەدەم و لێی دەدەمەوە. نە گەرووی دیاری ماندوو دەبێ و نە گوێکانی من. ساڵانی دوواتر هەر ئەو بێژەرە زەردە باسی سەربەخۆیی دەکا و، هێرۆیش لە تەنیشت کاکە سەری بۆ رادەوەشێنێ. کەڵەشێرەکە دێتە بەر پەنجەرەکەم و چاوێکم لێ دادەگرێ. پێکێکی دەدەمێ. دەڵێ بە خۆشیی نیشتمان!
دیاری بەردەوامە… “ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختی… رێگەم دور ئاسۆم سور جێ نزرگەم نادیارە دوارۆژم تاڵ…” لەبەر خۆمەوە دووپاتی دەکەمەوە “ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختی…”.

رۆژانی خۆشبەختی! نا، نا، راوەستە! لە ناو بۆنی ئارەقی مەسیح و دووکەڵی جگەرەی ریم و بێدەنگیی دونیا هەوڵدەدەم ئەو رۆژە خۆشبەختانە پەیدابکەم وا گۆرانییەکە باسی لێدەکا… هیچ شک نابەم. راستی شاعیر باس لە کێها رۆژ دەکا؟ نەکا مەبەستی رۆژانی داهاتوو بێت؟
بزەیەکم دێتێ. دڵنیام مەبەستی رۆژانی داهاتووە… “ماڵئاوا لە خەونی پرشنگ و کاڵ!… ماڵئاوا لە خەونی پرشنگ و…!”
بە ژوورەکەدا بۆ تەلەفۆنێک چاودەگێڕم. هیچ نابینمەوە. لە بیرم چووەتەوە کە لە مێژە ئەم نیشتمانە تەلەفۆنی نیە. گەر تەلەفۆنێک دەبوو زەنگم لە یەک کاتدا بۆ سەددام، فڕۆکەوانەکە، میت، قونسوڵی ئێران لە سلێمانی، و هەروەها هەر دوو بێژەرە زەرد و سەوزەکە لێدەدا کە ئەوانیش بێهوودە خەریکن.


گەر بە من با دەمگوت واباشە چەتۆرێک ئارەقی مەسیح بکڕن… رەنگە لە یەکێک لە شەقامەکانی بەغدا… هاوکات لەگەڵ گۆرانی “ماڵئاوا ئەی رۆژانی خۆشبەختی!” بە فانیلێکی غەرقی ئارەقە لە نیوەڕۆیەکی یەکجار گەرمی هاوینی سلێمانی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *