فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رۆژەکان تێپەڕین

کات 16/02/1402 370 بازدید

رۆژەکان تێپەڕین

دکتۆر گوتی سێ مانگی تر دەمری. سەرەتانم بوو. نە گوتم باشە و نە گوتم نا. تەنیا لێم رووانی. نا سەیری سەعاتەکەیشم کرد. کاتژمێر یەک و نیو بوو. دکتۆر لە پێڵاوەکانم کە جووتێک شبراوی رەش بوون، رووانی و منیش وەدەرکەوتم.

دوواتر سوار تاکسی بووم و، بۆ ماڵەوە گەڕامەوە. تا چەند رۆژێک بە کەسم نەگوت. سەرئەنجام بڕیارم دا و درکاندم. هەموو عەبەسان، گریان،… یاخود بە ترسەوە لە من و لە عەرزەکەی بەردەمیان رووانی. لە هەڵوێستێکی بەڕواڵەت ئازایانە و فەلسەفیدا گوتم موهیم نیە، موهیم ئەوەیە مرۆڤ چۆن دەژی.

هەرچەند نەمدەزانی چۆن ژیابووم.

رۆژەکان تێپەڕین. بە خۆم گوت ئەم سێ مانگە دەبێ جۆرێکی تر بژیم. دەبێ بە جوانی لە رۆژەکان و لە کات کەڵک وەربگرم و نەهێڵم چیدی بەفیڕۆ بڕۆن. بەڵام هەرچیم کرد نەمزانی چۆن. راستییەکەی ئەوە بوو هەموو شتێک وەک جاران بوو. کات، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتبوو. چرکەکان هەروا تێدەپەڕین و منیش هەر وەک جاران لە چرکەژمێری کاتژمێرەکەی دەستم رادەمام بێ ئەوەی بتوانم جیهانێکی تر بێنمە خەیاڵی خۆمەوە.

لە ناو ماڵیش لە دووای ماوەیەک بەرەبەرە هەموو شتێک ئاسایی بووەوە. هەستمدەکرد هەموو بە جۆرێک عادەتیان کردبوو. عادەت بەوەی من دەمرم. بگرە جاری وابوو بۆنی ئەوە دەهات کە ئارەزووی ئەوەیان دەکرد ئەم رۆژانە زوو تێپەڕن، من بمرم و لەم هەواڵە ترسناکە کە هەموو ئان و ساتێک لە ژوورەکاندا لە گەڵ جووڵەی جەستەی نەخۆشی مندا دەهات و دەچوو، رزگاریان بێت. بگرە کاتێک دەیاندوواندم، زۆر سەیری ناوچاوانیشیان نەدەکردم.

تێدەگەم،… یەعنی هەوڵدەدەم تێبگەم!

سەرئەنجام کاتی مردنی من هات. بەپێچەوانەی بۆچوونی خۆم کە پێم وابوو ئێوارەی رۆژێکی هاوین دەبێ،… کەچی نیوەشەو بوو. لەناو جێگادا راکشام. لاوازتر لە هەر کاتێکی تری تەمەن هەوڵمدا بە جوانی لەدووا وێنەکان بڕوانم. کەسێک هات و بۆ ئەوەی ئەوەندە ژان نەکێشم مورفینێک یان زیاتری (نازانم) لێدام. ئەوسا جەستەم بوو بە پەڕێکی سووک و لەناو ژوورەکەدا کەوتمە فڕین. سەقفەکە چەند نزیک و نزیکتر دەبووەوە لێم! بە خۆم گوت سەقف یەکەم شتە کە لەو دونیای تر بەرەوڕووی دەبمەوە.

ئاگام لێبوو بە دەورمەوە بوون. هەمان نیگاکانی یەکەم رۆژی راگەیاندنی سەرەتانەکەم گەڕابوونەوە. هەڵبەت بە شتێکی زیاترەوە: بەو دەسماڵانەوە کە فرمێسکەکانیان دەسڕی و ئاوی لووتیان پێ خاوێن دەکردەوە. دیسان بە دەم و لێوێکی خاوەوە پێم وابێ گوتم موهیم نیە، موهیم ئەوەیە مرۆڤ چۆن دەژی.

دیسان هاتەوە بیرم کە بەڕاستی چۆن ژیابووم.

بۆ دوواجار سەیری کاتژمێرەکەم کردەوە، وەک ئەو رۆژەی لای دکتۆر. سەعات یەک و نیوی نیوە شەو بوو! پێموابێ ئیتر مردم. ئەویش لەبەر دوو شت: یەکەم هەموو رەنگەکان لەبەر چاومدا کاڵ بوونەوە و، دووهەم ئەوەیکە گوێم لە زاق و زریقی خێزان بوو کە وەک بۆمب تەقییەوە و ناو ژوورەکەی گرتەوە. بە خۆم گوت، نا، یەعنی بەوانم گوت بای بای! نازانم کەس گوێی لێبوو یان نا.

راستی ئەم بای بایە لە کوێوە هاتبوو!

کات تێپەڕی یان نا، نازانم. کە بەئاگاهاتمەوە، بینیم لە ناو هەمان جێگادا راکشاوم. رەنگەکان گەڕابوونەوە و سەقفەکە لە مەودایەکی مەنتقیدا وەک جاران بە سەرسەرمەوە. چاوم گێڕا، کەسی تری لێ نەبوو. ئەوسا مەچەکم ژانی کرد. وەک بڵێی گەرمایەکی سەیر خەریک بوو دەیسووتاند. سووتاندنێکی ئارام و لەسەرەخۆ کە زۆریش ئازاری نەدەدا. وەک چۆن لە سەردەمی ژیاندا دەیانگوت “ئازارێکی خۆشی وەک ئەشق!”

سەیری کاتژمێرەکەم کرد. بینیم نە چرکەژمێر ماوە، نە خولەکژمێر و نە سەعاتژمێر. رووبەرەکەی سپی سپی. کاتژمێرەکەم داکەند و، لەسەر مێزە پچووکەکەی تەنیشت تەختی خەوەکە دامنا. مەچەکم ژانی نەما.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *