فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئاگر

کات 17/03/1402 311 بازدید

ئاگر

 

بەیانی کە لە خەو هەستام، هەستمکرد جەستەم ئاوساوە. هەستمکرد بە هەموو لایەکدا وەها کشاوم کە چیتر لە ژوورەکە و لە دونیادا جێم نابێتەوە. پەتووەکەم لەسەر خۆم فڕێدا. رووت و قووت راکشابووم. بە سەر سوڕمانەوە بینیم جووتێک مەمک لە سەر سینەم روواون، ناوگەڵم تەڕتەڕ بووە و سمتم وەک هەرمێی لێهابووە. جەستەم گەرم گەرم داهاتبوو، یەکپارچە ئاگر. هاڵاوێک وەک هەڵمی دەریا لە بەر هەتاوی داغدا لە پەیکەرمەوە بەرزدەبووەوە، بە ئاسمانی ژوورەکەدا بڵاودەبووە و لەو سەرسەرە تێکدەچڕژا. تێکدەچڕژاو، بوو بە هەور و بارانێکی بە خوڕەم دایکرد. چەخماخەی هەورەبروسکە کەڕ و کوێری دەکردم. من جەستەی ئاگرینم دایەبەری و، نەک تەنیا فێنک نەبوومەوە بەڵکو هەتا دەهات زیاتر و زیاتر گڕم دەگرت. بە خۆم گوت ئەوەندەی نەماوە بتاوێمەوەو، ببم بەوەی مامۆستای سروشتناسی وەک وزە ناوی لێدەبرد.

بە دەنگی هەڵاوسانی جەستەی من و دەنگی بەسامی هەورەتریشقە و باران، دایکم کە لە حەوشە خەریکی کارکردن بوو بەپەلە هاتە بەر پەنجەرەکە و بە بینینی جەستەی من بەپەلە چارشێوێکی هێنا و پیایادام، باوکم کە خەریکی نویژکردن بوو دەنگی بەرزکردەوە، خوشکە بچووکەکەم کەوتە بیرەوە، مامۆستای مزگەوت بزەیەکی شەیتانانەی هاتێ و گەشتی ئیرشاد گەییە بەردەرگا.

نازانم ئەو کوڕیژگەی من لام شیرین بوو و سەرنجی رادەکێشام، چیکرد و چ کاردانەوەیەکی هەبوو.

بەڵام دایکم گەمژە بوو. هەم خۆی تەڕ بوو و هەم چارشێوەکەی دەستی بە هەورەبروسکەکە گڕی گرت و سووتا. ئەوسا بە روومەتی خۆیدا کێشا و بەپەلە چووە دەرەوە. براکەم کە لە کونی دەرگاکەوە سەیری دەکرد، بەپەلە چوو بۆ لای نوشتەنووسی گەڕک کە دوو کۆڵان لەولاتر دەژیا. نوشتەنووسەکە دۆعایەکی ئامادەی دایە و، گوتی شەوانە لە ژێر سەرینەکەی داینێن. گوتی لێرەیشەوە دۆعام بۆ دەکا و داوا لە خوا دەکا ودمی شەیتان لە خانووەکەی ئێمە بڕەوێنێتەوە.

من سەیری مەمکەکانم کرد، بە خۆم گوت کوڕیژگەکە بێگومان لەمە بەدووا زیاتر سەرنجم دەدا. ئەوجا بزەیەکم هاتێ. بزەیەکی ناو باران و هەورە تریشقە. دایکم گریا و، بە بێ ئەوەی هێشتا باوکم لە نویژخوێندن تەواوبووبێ گوتی دەبێ هەرچی زووتر بەشووم بدەن.

شوو!؟

ئەوسا زانیم لە نێوان جەستەی هەڵاوساوی من و شوو پێوەندێکی لەمێژینە هەیە، بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم. بە خۆم گوت کەواتە کوڕیژگەکە دێتە خوازبێنم. دیسان بزەیەکی ئەفسانەی لێوەکانمی گەست. دنکەکانی باران درشتر بارینە سەریان.

کەواتە هەلاوسانی جەستە زۆریش خراپ نیە. تەنیا ئەوەندەی ئەوانی تر زۆر گوێنەدەنێ. لێم گەڕێن لەگەڵ خۆم بم. لە ژێر باران و لەگەڵ هەورەتریشقە. ئا، لە ژوورێکی تەنیادا. بە بزەکانمەوە. بە قامکەکانم گۆپکی مەمکە هەڵتۆقیوەکانم دەگرم. هەستێکم خۆشم پێدەبەخشن. دنیا پێدەکەنێ و، خودا بە گوێمدا دەچپێنێ “ژیان بەردەوامە.”

لە دەرەوە لە دەرگا دەدەن. گەشتی ئیرشادە. پیاوێکی ریشن کە یەکی تر بە چەکەوە لە تەنیشتیدا راوەستاوە، کاغەزێک بە باوکم ئیمزادەکەن. ئەوەیکە کاتێک دەچمە دەرەوە دەبێ جەستەم لەناو ماڵەوەدا بە جێ بێڵم و، تەنیا بۆ خۆم بچم. بە سەرسوڕمانەوە لە خوا دەڕوانم. دەپرسم چۆن؟ خودا بە چاوە پر لە پرسیار و تەژی لە دڵەڕاوکێکانی سەیری بەردەمی خۆی دەکا. پێم وابێ گوتی کە شتێک لە خڵقەتدا هەڵەیە…. ئا هەڵەیە.

ئیتر نازانم پلانی داهاتووی چییە.

مامۆستای مزگەوت ئەم جومعەیە لە خوتبەکەی ئەم جارەیدا باس لە حوسنەکانی نەجابەت و لە ئەخلاق و لە رێگای راست و پاک و خاوێن دەکا. چەند دەنگی تووڕەیە! دایکم کە لە بەر پەنجەرەکەدا دانیشتووە و، لە بڵیندگۆکەوە گوێی لێیە. گۆشەی چاوەکانی پڕدەبێ لە فرمێسک و لە کاتێکدا بە گۆشەی لەچکە رەشەکەی دەیانسڕێ، دەڵێ کچم گوێت لێیە… ها گوێت لێیە!؟

منیش کە گوێم لێ نەبووە، یان گوێم لێبووە و ئیستاکە هیچم لەبیرنەماوە، هەروا لە دایکم دەڕوانم… نازانم چی وەڵام بدەمەوە. منیش وەک خوام لێدێت.

دایکم باسی زەمانی قەدیم دەکا. باسی ئەو سەردەمانەی حەیا هەبوو و، خەڵکی ئاوا چاوحیز و کردە دێز نەبوون. باسی ئەو سەردەمانەی هەموو دەیانزانی سبەی چی روودەدا و، کچ لە رێی کانی و لە ماڵی خزمان شوێنێکی تریان نەدەزانی. ئەو کاتانەی قوتابخانە تەنیا بۆ کوڕان بوو.

من کە لێی تێناگەم، من کە دەزانم دایکیشم ئەو زەمانەی بەحاڵ لەبیردێ، نا نەک لە بیری نایەت بەڵکو بە دڵنیاییەوە لەوانی تری بیستووە، بە خۆم دەڵێم هەموو شتێک چاکدەبێ، ئا، هەموو شتێک،… تەنیا ئەوەندەی کات لەبیر نەکەین. ئەوسا بەزەییم بە دایکمدا دێتەوە.

شەو کە باوکم دێتەوە، شووتییەکی گەورەی لە بن باغەڵدایە. لە دووای نانخواردن، بە چەقۆیەکەی گەورەی تیژ لە کاتێکدا هەنسکەهەنسکیەتی قاشی دەکا و لە کاتێکدا نیگای لەسەر دایکمە و هۆشی لەسەر من، دەڵێ ئافرەت دونیا وەک ئەم شووتییە وایە، لە دەرەوە سەوز و لە ناوەوە سوور بە دنکە بێ ئەژمارە رەشەکانییەوە. تا چەقۆیشی لێنەدەی، دەرناکەوێ.

ئەو شەوە من شووتی ناخۆم و، تەنیا بیر لە دونیا دەکەمەوە. لە چەقۆکە و لە سوورایی و لە چپەکانی دەرەوە کە کەس نازانێ لە کوێوە خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن.

خوا بە گوێمدا دەچپێنێ کە خەمم نەبێ… کە ژیان بە بێ من ناتوانێ بەردەوام بێ و بۆیە سەرئەنجام هەموویان بۆ لای من دەگەڕێنەوە. ئەوسا بزەیەکی دێتێ و، دەڵێ جارێکە بچۆوە بۆ ژوورەکەی خۆت.

منیش دەچمەوە. دەچمەوە بۆ ئەو ژوورەی بەردەوام کاتێک من بەیانیان لە خەو هەڵدەستم، جەستەم تیایا دەئاوسێ و گەرم گەرم وەک ئاگری لێدێ… ئەو ژوورەی بەردەوام باران تیایا دادەکا و، هەورەبروسکە بۆ ساتێک جێی ناهێڵێ.

لەو دیو پەنجەرەکەوەیش، کوڕیژگەکەیش خەریکە گەورە و گەورەتر دەبێ. بە سێبەری نیگاکانیدا دەزانم کە لە پەنجەرەکەوە تێدەپەڕن،… بە چاوەڕووانییەکانیدا دەزانم.

دەزانم لە ژوورەکەی ئەویشدا بارانە و هەورەبروسکەیە،… دەزانم لە ژوورەکەی ئەویشدا چپەی ئەو خودایەیە وا بە هێمنی، بەڵام دڵنیا دەچرپێنێ کە “ژیان بەردەوامە.”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *