فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ژان

کات 26/02/1403 122 بازدید

ژان

دوێنێ، بە بێ ئەوەی هیچ شوێنێکم ئازاری هەبێ هەستم بە ژانێکی سەیر دەکرد. نەک ئەوەی ئازاری رۆحیش بووبێ. نا، ژانێک بوو کە لە هیچ ژانێکی تر نەدەچوو.

قەت لە ژیانمدا شتی وام نەدیبوو.

وەک بڵێی شتێ بوو لە نێوان ئەم دوو ژانەدا. بەشێکی لەم و بەشێکی لەوی تر. رەنگە بڵێن دەی خۆ ئەمەیش تازە نیە. دەبێ بڵێم راستە. لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی جەستەی دێشێ، لەگەڵیشیا رۆحی ئازار دەبینێ و، ئەوەی رۆحی دێشێ جەستەیشی ژانی هەیە.

جاری وایە هەستدەکەم ژانەکە لە خەیاڵەوە دەهات. ئاخر من مرۆڤێکی خەیاڵاویم. مرۆڤی خەیاڵاویش نە جەستە لای خۆیەتی و، نە رۆح. خەیاڵ هەر دووکیان لەگەڵ خۆی دەبا و، ئیتر خۆت دەمێنیتەوە لەگەڵ خۆت. لاتان سەیر نەبێ. من پێم وایە مرۆڤ بە بێ ئەم دووانەیش دەتوانێ هەبێ. تەنیا ئەوەندەی کە تەنیا خۆت هەست بە خۆت دەکەیت و، تەنیا خۆت دەزانی کە هەیت. ئیتر لە هەموو دونیا و لە هەموو ئەوانی تر ونی.

رەنگە بپرسن ئەی جەستە و رۆحت لە کوێ بوون؟ دەبێ بڵێم دوێنێ نەمدەزانی لەکوێ بوون. لە نێوان خەیاڵەکانیشمدا جاروبار گەر دەرفەتێک هەڵکەوتایە، کەمێک بەشوێنیاندا دەگەڕام. ئەم کۆڵان و ئەو کۆڵان. ئەم شەقام نا ئەوی تریان. جاری وابوو دەستم دەکرد بە سێبەری چاوەکانم و لە دەورووبەر و لە دووردەستەکانیشم دەڕوانی. دەزانی، بێسوود بوو. دوێنێ هەرچی هەوڵمدا، نەمدۆزینەوە.

راستییەکەی ئەمڕۆ لەبیرم نایەت دوێنێ لە چ خەیاڵێکیشدا بووم. لام وابێ ئەوان خەیاڵیشمیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. نا، درۆ ناکەم گەر بڵێم، کە دیارە گوتیشم، هەر خۆم مابووم. هیچ شتێکیش وەک ئەوە نیە مرۆڤ تەنیا خۆی لای خۆی بمێنێتەوە،… بێ هیچ جەستە و رۆح و خەیاڵێک.

ئەوەندەی بەگوێرەی عادەت بزانم من کە وەهام لێدێ، حەزی بارانێکی بەخوڕ دامدەگرێ. هەڵبەت نەک ئەوەی بیکاتە لافاو. پێم وابێ لافاو باش نیە. خانوو و بەرەکان لەگەڵ خۆی دەبا و، خەڵکی دەخنێکنێ و بەگشتی ژیان بەڕووی کارەساتدا دەخا. نا، من کارەساتم پێ خۆش نیە. تەنیا ئەوەندە ببارێ کە جەستە و رۆح و خەیاڵەکانی من کەڵکەڵەی گەڕانەوە بیدا لەسەریان و، بێنەوە. مەرج نیە بە هەمان رێگایشدا. هەر باشیش نیە بە هەمان رێدا بگەڕێنەوە. دونیا پڕە لە رێگای هاتنەوە، تەنیا ئەوەندەی کەسەکە یان شتەکە بۆخۆیان بیانەوێ. نەشیانەوێ ئەوا هەزار و یەک بەهانە دەدۆزنەوە. من پێم وایە کەسەکە بۆ خۆی نەیەوێ، کەس ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە. بشگەڕێتەوە، گەڕانەوە نیە.

دوێنێ، جاری وابوو حەزم دەکرد ژانەکە بکەم بە کۆلارە. پەتێکی پێوە بکەم و، وەک سەردەمی منداڵی بیدەم بەدەم بای رۆژئاواوە هەتا لە پانتایی بەرز و بەرینی ئاسماندا بچووک و بچووکتر دەبووەوە. ئەوەندە کە من وەک هەمیشە لە گەڕەک دەبوومەوە بە یەکەم. ئەو کۆلارانەی جاری وابوو وەک خەیاڵەکانی من ون دەبوون و، بێکۆتایی لەگەڵ خۆی ئەوەندەی دەبردن کە ئیتر چیتر من نەدەبوومەوە بە خاوەنیان. دایکیشم شەوانە لەناو جێگادا دڵخۆشی بدامایەتەوە و، بیگوتایە ئیستا لە شوێنێک لە ئاسمان لەگەڵ فریشتەکانی خوان.

سبەی لەسەر کلاسیش لە کاتێکدا مامۆستاکە دەرسی فارسی دەگوتەوە، منیش لەسەر دەفتەرەکەی بەردەمم وێنەی کۆلارەیەک و فریشتەیەکی، نازانم تووڕە یان میهرەبانم بکێشایەوە کە نەیدەزانی چۆن کۆلارە ونبووەکەی من دەم با بداتەوە. ناچار دەیدایە دەست پەڵە هەورێک.

لەبیرم دێ دوێنێ لەبەر دەمی رەفەی کتێبەکانمدا دانیشتبووم. خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووم. پێم وابێ وەک هەمیشە سەرەتا کەمێک فەلسەفە، دوواتر سیاسەت و ئەوسا چیرۆکێکیش. یان رەنگە بەپێچەوانەوە بوو. نازانم. گوێشم لە مۆسیقا دەگرت. وەک هەمیشە مۆسیقا لە هەموو کلتورێکی ئەم جیهانە بەرینەدا. ئەها، زیاتر گوێم لە بالالایکای رووسی گرت. سازە بەناوبانگەکە دەڵێم. بیری دکتۆر ژیواگۆی خستمەوە. بیری رێگابڕین لە زستانێکی سەخت و تووشی رووسیا لەکاتی شەڕی ناوخۆ لەسەرەتاکانی سەدەی بیست. بیری ئەشق، کە قەت وازناهێنێ بەمەرجێ بەڕاستی ئەشق بێ. لەبیرم دێ حەزمکرد وتارێکی فەلسەفی لەسەر بێ‌مانایی مرۆڤی ئەم سەردەمە و چیرۆکێکش لەسەر پیاوێک بنووسم کە هێشتا حەزدەکا سەردەمی شەڕی دووی جیهانی بێ، جا با هەفتا میلیۆن ئینسانیش تیاچووبێ. وتارێکی سیاسیش لەسەر ئەو کچۆڵەیەی وا لەسەر سەکۆیەک بەزۆر دایانبەزاند. تەنیا ئەوەندەی مانا بگەڕێتەوە.

دکتۆر ژیواگۆ لە پەنجەرە تەنیاکەوە، یەکێک لە شیعرەکانی فڕێدایە ناو باوشی بەستەڵەکی سپی سپیی زستانەوە. نازانم گرتمەوە، یان نا.

لێم مەپرسن کە داخۆ وتار و چیرۆکەکەم نووسین، یان نا. لەبەر ئەوەی لەبیرم نایەت. یان رەنگە لەبەر ئەوەی لێرە زستان نەبوو. رەنگە گەر بچنە سەر پەیجی فەیسبووکەکەم، لەوێ بیدۆزنەوە کە داخۆ نووسیومە یان نا. فەیسبووک هەموو بیرەوەرییەکانی من لەلای خۆی رادەگرێ. دەبێ بڵێم مەمنوونیم.

دوێنێ لەکاتی ژانە سەیرو سەمەرەکەدا تەلەفۆنێکیشم بۆ هات. لەبیرم نەماوە کێ بوو. دیارە گرینگیش نیە. پێم وابێ لەگەڵ مرۆڤی ئەو سەری هێڵەکە باسی ئەو کچۆڵە و ژنانەمان کرد کە حەزیان دەکرد پرچیان وەک کۆلارەکەی من بدەنە دەم با. ئەو کیژۆڵانەی وا خەیاڵی فریشتەیەک لە حەوت تەبەقی ئاسماندا کە بە پرچی ونبووی ئەوان یاری دەکرد، لەگەڵ خۆی بردبوونی. بەوەی ئەو دیوی خەتەکەم گوت گەر بە من بێ حەزدەکەم ئەمجارە بەمەرجی رەوینەوەی ژانەکە، لەپرچی ئەوان کۆلارەیەک سازبکەم. پێم وابێ ئەویش پێکەنی و، گوتی تۆ قەت ناگۆڕدرێی. خۆدەزانی؟ یەعنی ئەوەی کە من هەمیشە وەک خۆمم.

پێم وابێ گوێم لێ بوو ژانەکە لەشوێنێکەوە بانگی لێکردم. پێم وابێ گوتی ئەمجارە دەزووی زیاتر بکڕە. با پێکەنی.

دوو مریشکم کڕیوە. لە سووچێکی حەوشەکەدا کولانەیەکم بۆ سازکردوون. لەناو شار مەمنووع بوو. لەبەر مریشکەکان گواستمەوە بۆ خانوویەکی دوورتر لە قەراغەکان. هێلکەم بۆ دەکەن و، شەوانە جوان جوان دەرگاکەیان لەسەر دادەخەم. لە ترسی رێوی. لاتان سەیر نەبێ لەم وڵاتە پۆستمۆدێرنە هێشتا رێوی ماوە. بگرە زۆریشن. بە دزییەوە شەوانە بە مڵ و مۆ دێن. خۆ لە بیریشتان دێ کە چیرۆکەکانی سەردەمی منداڵی و فیلم کارتۆنەکانی ئەو کاتانە چەندە باسی رێوی و مریشکیان تیا بوو. دڵنیا لەوەی لمبۆزی مام رێوی ناگاتە مریشکەکانم، دوێ شەو لەگەڵ ژانەکە، دوو هێلکەم کردە رۆنەوە. بە سەلکێک پیاز و لەواشێکەوە کە لە نانەوایی کوردەکان لە شارێکی نزیک کڕیبووم، خواردمن. هەڵبەت پەرداخێکش ئاو وەک هەمیشە بەسەریدا. لە کاتی خواردنەوەی، ناو گەرووم قوڵپە قوڵپی دەهات. وەک ئاوی کانییەکی تەنگە قوڕگ و تەنگەبەر. بەخۆم گوت ئەمجارە کە ئاوم خواردەوە، لەسەرەخۆتر دەیخۆمەوە. هۆکاری ئەمەم بۆ ژانە نەناسراوەکە گێڕایەوە.

دوێنێ جاری وابوو لەخۆوە دەنگم هەڵدەبڕی. جاری وابوو لەپەنجەرەکەوە و، جاری وابوو لە بەر دەرگاوە هاوارم لە شتێ دەکرد. تاقە دراوسێکەم کە لای وابوو شتێکم لێ قەوماوە، بەپەلە هاتە دەرەوە. بەڵام هەر کە زانی هیچ باس نیە، زوو کشایەوە. بێگومان زانیوویەتی بە هۆیەکەوە هاواردەکەم کە رەنگە بۆ خۆیشم نەزانم چییە. منیش بۆ ئەوەی لە دڵی دەربێنم و، وا نەزانێ کە دراوسێ تازەکەی شێتە، چەند رۆژ دوواتر دوو هێلکەی مریشکە قوڵێکانی بۆ دەبەم. بە تەعەجوبەوە سوپاسم دەکاو، بە بێ خواحافیزی خێرا دەرگاکە پێوە دەداتەوە. دڵنیام چەند رۆژ دوواتر، یان دەگوازێتەوە، یان زەنگ بۆ شرکەتێکی ئالارم لێدەدا بۆ ئەوەی بێن و خانووەکەی بە سەنتەرێکەوە وەسڵ بکەن.

لە دوورەوە دەنگی ئاوازێ دێتەگوێم. لە دەنگی پۆلێک ژنی کلیسای ئۆرتۆدۆکس دەکا کە پێم‌ وابێ بەسەر مەزڵومییەت و نەجیبیی و خۆبەختکردنی مەسیح‌دا هەڵدەڵێن. بەو خاچەوە لە پشت سەریاندایە. دڵم پڕدەبێ و، چینێک بۆ کوڕی خوا دەگریم. ئەگەرچی هەندێ دەڵێن من هەڵەدەکەم و ئەوە لەڕاستیدا خودی خوا بوو. ئەو خوایەی بڕیاری دا خۆی بکا بە قوربانی بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژان و ئازارەکانی خۆی تێبگا. هەستدەکەم یەکێک لە ژنەکان لەوانی تر جیدی‌ترە. بیری خۆم دەکەومەوە. کەسێک لە پشت خاچەکەوە دەستم لێ رادەوەشێنێ. وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ ئاگات لە مریشکەکانت بێ، مام رێوی دیسان سەرو سەکوتی پەیدا بووەتەوە.

بۆنێک بە بوونەوە دەکەم. کەپۆم شین هەڵدەگەڕێ.

دوێنێ دەمەو ئێوارە بە خۆم گوت واباشە پاپۆڕێک بۆ خۆت بکڕی و، واز لە بەخێوکردنی مریشک بێنی. بە خۆم گوت ئیتر کاتی سەفەر هاتووەتەوە و، باش نیە مرۆڤ ئەوەندە لە شوێنێک بمێنێتەوە. بڕیاریشم دا، بەڵام پەلەم نەکرد. بە خۆم گوت لە تەمەنت بپرسە کە داخۆ بەشی دەریایەکی دیکەی تیا ماوە، یان نا. دوێنێ، لەبیرم نەماوە داخۆ لێم پرسی یان نا. گرینگیش نیە. من هێشتا دەبێ چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەوان بم. نیوەشەو کەسێک لەدەرگا دەدا. رادەبم، لە سووچێکی پەنجەرەکەوە بە ئەسپایی بەحاڵ گۆشەیەکی پەردەکە هەڵدەدەمەوە و، لە دەرەوە دەڕوانم. سێ کەسن. دەیانناسمەوە. شەکەت و ماندوو دیارن. هەر سێکیان بە بێ ئەوەی یەکتر بدوێنن، نیگایان لەسەر دەرگاکە وڕماوە. یەکیان قورسایی لەشی بەسەر قاچی چەپدا خستووە، یەکی تریان بەسەر قاچی راستدا و سێهەم دانەیان هەڵتروشکاوە. نایکەمەوە. یەعنی پێویست ناکا بیکەمەوە. کە من رۆژێک بتوانم بێ ئەوان بژیم، رۆژانی تر بۆ نا؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *