نیگاکانی باسکو
نیگاکانی باسکو
کاتێک لە کۆڵانەکەوە تێدەپەڕم، سەگی دراوسێکەمان لە قڵشی باڵکۆنەکەیانەوە ورد ورد لێم دەڕوانێ. ئەو سەگە تەنیا نیگایەکە کە لە ساڵانی ساڵ ژیانم لە دەرەوەی وڵات بە وردی لێی رووانیوم. ئەو سەگە نە لێم دەوڕێ و، نە قەتیش لە نیگاکانیدا هەستم بە جۆرێک بێتاقەتی کردووە،… تەنانەت کاتێکیش لەگەڵ خاوەنەکەی بەلایدا یاخود بە لامدا تێپەڕیوە.
نازانم چۆن وەسفی نیگا قاوەییەکانی بکەم. بڵێم خەمگینن، تووڕەن، تەژی لەبیرکردنەوەن یاخود بەتاڵن لەهەر چەشنە هەستێک… نازانم. هەر ئەوەندە دەزانم ورد ورد لێم دەڕوانن. جارێکیان زستان ئەوەندە لەیەکترمان رووانی کە من قاچم هەڵخلسیکا و، کەوتم! بەخۆشییەوە هیچ ئازارێکم پێنەگەیشت، ئەوەندەی کە کاتێک هەستامەوە، دەبا خۆم بتەکێنم و بەفری مانگی یەکەمی زستان لەخۆم بتەکێنم. چ لە کاتی تێپەڕینم، چ لە کاتی کەوتن و چ لە کاتی هەستانەوەیشم نیگای سەگەکە هەمان بوو. وەک بڵێی هیچ رووی نەدابێ، یان رەنگە پێی سەیر بووە کە من لە هەر سێ حاڵەتەکەدا یەک جۆر بووم. وەک بڵێی هیچ تێپەڕین و لێڕوانین و کەوتنێک لەئاردا نەبووبێ.
خاوەنەکەی پیاوێکی مڕ و مۆچە. سەرەتا کاتێک بۆ ئێرەم گواستەوە و لە رێگادا بە تووشییەوە دەبووم، بە لامدا بە بێ ئەوەی سەیرم بکا، تێدەپەڕی. وەک بڵێی هەر نەیشبم! دوواتر کتوپڕ ئەخلاقی گۆڕا. ئەمجار بە گەرمی سڵاوی لێدەکردم. نازانم هۆکاری ئەم گۆڕانە چی بوو. جاری وایە هەست دەکەم سەگەکەی باسی شتێکی بۆ کردبێ. وەک بڵێی شتێکی منی بۆ گێڕابێتەوە. خۆشحاڵم ئیستا لەگەڵ دراوسێکەم چاک و چۆنیمان هەیە.
ـ هەی (Hei!)
ـ هەی (Hei!)
دەبێ بڵێم کاتێک لە رێگادا بەتووشیانەوە دەبم، کاکی سەگ هەر هەمان هەلس و کەوتی سەر باڵکۆنەکەی هەیە. رادەوەستێ و، ورد ورد لێم دەڕوانێ. نە لێم دەوەڕێ و، نە بۆ لایشم دێ. رادەوەستێ و ورد ورد سەرنجم دەدا. خاوەنەکەیشی زۆری لێ ناکا. چاوەڕووان دەبێ تا سەگەکەی کە پێم وابێ ناوی ‘باسکو’یە لە سەیرکردنی من تێر بێ. لەم کاتانەدا باشترین شێوازی بەڕێکردنی دیمەنەکەی بەر دەم بزەیە، بزەیەکی بەئاستەم کە لێوەکانت بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەکشێنن. ئەو دیمەنەی وا تۆ هیچ چەشنە دەسەڵاتێکت بەسەریدا نیە.
شەوێک لە پشت کۆمپیورەکەم دادەنیشم و، هەوڵ دەدەم رەگەزی سەگەکە پەیدا بکەم. بەڵکو بتوانم بە هەندێ زانیاری بگەم کە یارمەتیی جۆری هەڵس و کەوتەکەیم بدا. ئەوەی کە بۆچی بەو شێوەیە لێم دەڕوانێ. سەرئەنجام لەپاش ماوەیەکی باش گەڕان، دەیدۆزمەوە. ئەم رەگەزە ناوی ‘ئالابای’یە، گەر هەڵە نەکەم. سەگی شوانە، هی ئاسیای ناوەندییە، بە قەڵافەت گەورەن، ئازان، بەهێز و وەفادارن. جۆرەها رەنگیان هەیە و دوانزە تا پانزە ساڵیش تەمەن دەکەن.
نا، هیچ شتێکی وا سەرنجم راناکێشێ. تەنیا ئەوەندەی کە سەگی شوانن و دەتوانن بە جوانی مەڕ و ماڵات لە هێرشی ئاژەڵی دڕندەی وەک گورگ بپارێزن. ئاها! بە رەچەڵەکیش دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئاسیای ناوین. ئەویش وەک من لە ئاسیاوە هاتووە. کەی؟ نازانم.
وشەی ‘سەگی شوان’ لای خۆم چەندین و چەندین جار دووپات دەکەمەوە. سەگی شوان… سەگی شوان… سەگی شوان… سەگی… ئەوسا خەیاڵم دەچێتەوە سەر ئاسیا. ئاسیا… ئاسیا… ئاسیا… ئا… .
باسکو کە سپی و باڵا بەرز و بەهێزە، جاری وایە لە باڵکۆنەکەوە، قڵشەکان دەگۆڕێ و هەر جارەی لە یەکیانەوە لێم دەڕوانێتەوە. بە بێ ئەوەی شێوەی نیگاکانی بگۆڕدرێن. رۆژێک بە خۆم دەڵێم نەکا بەزەیی بەسەرمدا بێتەوە! ئەوسا دڵم پڕ دەبێ.
ئەوسا شەوێک خەوی پێوە دەبینم. لە خەوەکەمدا من شوانم. رانە مەڕم پێیە و لەگەڵ باسکو بە لاپاڵێکەوەین. ئاسمانی شین بەسەر سەرمانەوەیە و، هەتا چاو کار دەکا بژوێنێکی سەرسەوز و هەست بزوێنە. شمشاڵەکەم دەردێنم و، هەوایەک دەژەنم. باسکو ئەو کۆمەڵە مەڕە بەرەو رانەکە راپێچ دەداتەوە وا دابڕاون. گورکێک، تووڕە لەپشت بەردێکەوە لەبەر خۆیەوە دەڵێ “هەی لە قوزیاکت بەم!” باسکو دەمڕێنێ. ئەسپێک بە سوارێکەوە لە دوورەوە دەردەکەوێ. بەرەو لای من دێ. کابرایەکە زۆر لە ساحەبەکەی ئیستای دەچێ. کە دەگاتە لام بە زمانێکی چەپ و چیڕ، وەک ئەو شێوازەی من ساڵانی ساڵ دوواتر زمانی نۆروێژیم قسە پێدەکرد، دەڵێ مەڕێکی قەڵەو و خرپنم دەوێ! لەو کاتەدا کە من بە شوێن یەکی باشدا دەگەڕێم، هاوارم لێدەکا هۆ کاکی شوان مەڕم ناوێ، گەر ئەو سەگەم پێ بفرۆشی پارەیەکی باشت دەدەمێ! دەلێم نابێ. دەڵێم بە بێ سەگ، شوان ناتوانێ رانەمەڕ بۆ لەوەڕگە ببا. ئەوسا پێشنیاری پارەی زۆرتر دەکا. ئەوەندە زۆر کە زیاتر لە نرخی هەموو مەڕەکان دەکا! بە خۆم دەڵێم دەی با گورگ دایکی هەموویان بگیێ و بیانخوا! پارەکە لە جانتایەکدا وەردەگرم و، سەگەکەی دەدەمێ. باسکو دەست دەکا بە گریان و، هەرچی هاوار دەکا و دەپاڕێتەوە،… بێسوودە. کابرای سوار پەتێک لە ملی دەکا و لە دووای ئەوەی پارچەیەک گۆشتی ئاسکی باکووری دەداتێ، نەرمی دەکا و لەگەڵ خۆی دەیبا. گورگی پشت بەردەکە قاقا دەخنێتەوە.
لە کاتێکدا هەموو ئازای ئەندامم سەر ئارەق کەوتووە، بەئاگا دێم.
بۆ سبەی ئەگەرچی پشوومە و ناچم بۆ کار، بەڵام دەبێ بچم بۆکڕینی هەندێ کەل و پەلی پێویست. پێم وابێ خواردن و خواردنەوەیە. لە کۆڵان دیسان بە تووش باسکو دەبمەوە. لەسەر باڵکۆنەکە لە نێوان قڵشەکانەوە وەک هەمیشە لێم دەڕوانێتەوە. ئەمجارە نیگاکانی جۆرێکی دیکەن. وەک بڵێی پێم دەڵێن: ـ “لەبیرتە ئەو ساڵانە، ساڵانی ساڵ لەوە پێش دەڵێم، کاتێک هێشتا منت نەفرۆشتبوو و هێشتا خۆیشت رێگات نەکەوتبووە ئێرە…”
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید