قوتوویەکی تر ڤیتامین دێ
قوتوویەکی تر ڤیتامین دێ
ئەو لە رۆژێکی سەرەتای پاییز لە سەر باڵکۆنەکەی، لە کاتێکدا تەنیا بە توێی شۆرتێکەوە بەتەمای هەتاوگرتن لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، لە دونیای دەرەوەی دەڕوانی. تیشکی هەتاو قەرار بوو بە ناردنی دووا تیشکە گەرمەکانی ئەو ساڵە، جەستەی بە ئاخر پاشماوەکانی ڤیتامین دێ پاراو بکا. خۆر بەڵێن بوو هەگبەیەک لەم ڤیتامینە بۆ زستانی سارد، تاریک، بەفراوی و دوور و درێژی باکوور بە کۆڵیدا بدا. دەیزانی کە هیچ ڤیتامینێکی دەستکردی مرۆڤ نەدەبووە ڤیتامین دێی هەتاو. بۆیە تا ئەو جێگایەی بۆی کرا خۆی بەسەر کورسییەکەدا پان و بڵاو کردبووەوە.
لە دڵەوە پێکەنینی بە دۆخی خۆی دەهات. پێی سەیرە لە دووای دەیان ساڵ هەوڵ و تەقەللا بۆ سازکردنی کۆمەڵگای سوسیالیستی و لەپاش باوەڕمەندییەکی بەهێز سەبارەت بەوەی کە جیهان سەرئەنجام وەهای لێ دێ کە ئەو خەونی پێوە بینیبوو، ئیستاکە لەسەر کورسییەکی تایبەتی قەراخ دەریا تەنیا لەبیری ئەوەدا بوو کە چلۆن ئەوساڵیش کارێک بکا بە درێژایی زستان بەتووش کەمیی ڤیتامین دێوە نەبێ.
لەسەر ڤیتامین دێ زۆری خوێندبووەوە. ئەوەیکە کەمیی ئەم ڤیتامینە گرینگە دەبێتە هۆکار یاخود پاڵنەر و یاریدەدەری سەرهەڵدانی گەلێک نەخۆشی. نەخۆشیی وەک نەرمیی ئێسک. هەروەها دەیزانی کە رادەی پێویستی ڤیتامین دێ لە جەستەدا دەبێتە هۆکاری تەنزیمی شەکری خوێن و دابەزینی زەخت. جگە لەمە ئەوانەی کێشەی ڤیتامین دێیان هەبوو کەسانی خەمۆکیان لێ دەردەچوو و هەمیشە هەست بە ماندووی و ئێشی ماسولکە و شتی لەم بابەتەیان دەکرد. بە گشتی کەمایەسیی ئەم ڤیتامینە گرینگە چ بە شێوەی رۆحی و چ بە شێوەی فیزیکی دەبووە سەرچاوەی گەلێک کێشەی بەڕاستی جیددی، کە تەنانەت هەندێکیان دەیانتوانی کوشندە بن.
لەسەر کورسییەکە خەیاڵ دەیباتەوە. خەیاڵی ئەو ساڵانەی وا ئەم لە رێگای خوێندنەوەی رۆمانی رووسی و هەروەها کتێب و نامیلکەی ئەو حیزب و رێکخراوانەوە بەتووش بیرۆکەی سۆسیالیزمەوە ببوو، ئەو رێکخراوانەی وا باوەڕیان بە مودێلی رووسیی ئەم قوتابخانە فیکرییە هەبوو. لە کاتێکدا هەتاو کەمکەم جەستەی گەرم دادێنێ، بیر لەو شتانە دەکاتەوە وا ئەو کاتانە دەیخوێندنەوە. هەر چی دەیهێنێ و دەیبا لە هیچ کتێبێکی سیاسی، فەلسەفی، مێژووی و بەتایبەت ئەدەبیدا قەت هیچ چەشنە قسە و باسێکی لەسەر ڤیتامین دێ نەیخوێندبووەوە! تەنانەت بەرپرسە حیزبییەکانیش قەت باسی شتی وایان بۆ نەکردبوو. بەلایەوە سەیرە. بە خۆی گوت دەی باشە مەگەر ئەوانیش خەڵکی باکووری زەوی نەبوون و هەر لەم جۆرە شوێنانەوە وا من ئیستاکە تیایا دەژیم، نەهاتبوون؟ بە خۆی گوت بێگومان وا بووە، بەڵام ئەی بۆ قەت باسی ڤیتامین دێیان نەدەکرد!؟
لەسەر کورسییەکە کەمێک خۆی دەجووڵێنێ. کزەبایەک ئارەقی پشتی گرتەوە و، هەستێکی ناخۆشی تیا پێک هێنا. تەزوویەکی ناخۆش بە جەستەیدا گەڕا. بە خۆی گوت نەکا کەمیی ڤیتامین دێ تەنیا تایبەت بە خەڵکی ئەم سەردەمە بێ؟
نا، وانیە. ئەمە دەڵێ و بە نووکی پەنجەی کەمێک چاویلکە رەشەکەی سەر لووتی هەڵدەکشێنێ. نا، کەمیی ڤیتامین دێ هیچ پێوەندی بە زەمەن و بە سەردەمەوە نیە، بێگومانیش ئەو کاتە ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەیەک بووە، هەر ئەوەندەی ئەوەندە گرینگ نەبووە کە باسی لێبکەن. ئەرێ، دەبێ وابێ!
لێرەدا هەوڵی دا بە بیرکردنەوە لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی نووسەرانی وەک داستایفسکی، تۆلستۆی، چخۆف، تورگنیۆف، گۆگۆل و یەک دوو کەسی تر کە لە نەریتی سۆسیالیستیدا نەبوون، لانیکەم لەواندا شتێکی دەست کەوێ کە دیسان بێسوود بوو. بە خۆی گوت نا، کەس باسی نەکردووە، چ سۆسیالیست و چ ناسوسیالیست.
هەتاوی پاییزی وەک هەمیشە خێرا نەوی بووەوە. هەوا سارد هەڵگەڕا، بەڵام ئەو وازی نەهێنا. لەخەیاڵی ئەوەیدا کە پاییزە هەتاو تەنانەت لە هەتاوی هاوینیش بۆ لەش باشتر و سەلامتترە، بە خۆی گوت ماوەیەکی دیکەیش دەمێنمەوە.
دیسان خەیاڵی زۆر خێرا چووەوە سەر ڤیتامین دێ. بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت نەکا هۆکاری شۆڕش ڤیتامین دێ بووبێ! ئەوەیکە نەبوون یاخود کەمیی ئەم ڤیتامینە هۆکاری سەرهەڵدانی گەلێک خەیاڵی سەیر و سەمەرە لە مێشکی ئەو برادەرانەدا بووبێ!؟
دایە پڕمەی پێکەنیێکی بەرز. قاقا پڕ بە گەرووی و پڕ بە باڵکۆنەکەی تلیقایەوە. شتێک پەڕییە قوڕگییەوە. بەپەلە لە کاتێکدا بەتووندی دەکۆکی، راست بووەوە. دەکۆکی و پێدەکەنی و هاوکاتیش بە رانی خۆیدا دەکێشا. سەرئەنجام کۆکەکە وازی لێ هێنا. قومێک لە بیرەکەی بەردەمی کرد بە قوڕگی خۆیدا و، دیسان پاڵی لێ دایەوە. چاویلکەکەی رێک و پێک کردەوە و، تا توانی دیسان جەستەی فش کردەوە.
بە خۆی گوت لەبیرم نەچێ سبەی چوومە دەرەوە، حەتم قوتوویەکی تر ڤیتامین دێ بکڕم.
قوتوویەکی تر ڤیتامین دێ
فەڕۆخ نێعـمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید