هاوڕێکەم مرد
هاوڕێکەم مرد
هاوڕێکەم دوێنێ مرد. ئەمڕۆ دۆستێکی تر لە رێگای ئینستاگرامەوە پێی گوتم. گوتی ئەو مرد. تەلەفۆنەکەم دانا. نازانم چی بکەم. زۆر بیرم لەم بەشە نەکردبووەوە. ئەگەرچی دەمزانی مەرگ هەیە، بەڵام زۆر حسێبم بۆ نەکردبوو. هەمیشە لام وابوو جارێکە یەکجار دوورە. هەمیشە لام وابوو مردن لە هاوڕێیەتی دەترسێ.
من دەیان ساڵە هاوڕێ مردووەکەم نەبینیوە، بەڵام هەر هاوڕێ بووین. نەمبینیوە بەو هۆکارە سادە کە من دەیان ساڵە لە وڵاتێکی تر دەژیم. هەمیشە لە لای خۆم ئەو رۆژەم دەهێنایەوە بەرچاوی خۆم کە بەڵێن بوو بگەڕێمەوە. لە خەیاڵی خۆمدا وەک دەیان ساڵ لەوە پێش دیسان لە بنی ئاربەبا ئارەقمان دەخواردەوە، جگەرەمان دەکێشا و باسی کۆمەڵگایەکی بەختیارمان دەکرد.
سەیرە، نا؟
دەڵێن لە سلێمانی نیگابانی شیرکەتێک بووە. لەوێ لە ژوورەکەیدا دڵی راوەستاوە. بە تەنیا لە ژوورێکدا. دڵنیام شەو بووە. دڵنیام ئەو شەوە ئەویش وەک من لە بیری ئەو ساڵانەدا بووە.
پێکەوە لە شەستەکانی هەتاوی فێرە جگەرە بووین. لە کاتی شەڕی ئێران و ئێراقدا. شەوێک کاتێک کارەبا نەبوو و شار نووتەک بوو، کۆمەڵێک هاوڕێ بۆ سەیری یاریی جیهانیی فووتباڵ کۆ ببووینەوە. هەموو دەیانکێشا، جگە لە من و لە ئەو. ئەو شەوە نازانم چۆن بوو. لە یەکترمان رووانی. وەک بڵێی شتێک هەر دووکمانی دەنگ دابێ. بە چاو و بە زمان بە یەکترمان گوت بکێشین؟ هاوکات گوتمان دەکیشین! داوای دوو جگەرەمان کرد. سەریان سووڕما. بە تامەزرۆییە وەرمان گرت. پرسیان دڵنیان؟ گوتمان دڵنیاین. کێشامان. چەند ئاسان بوو. گوتمان جا خۆ هیچ نیە. گوتیان وا نابێ دەبێ سینەکێشی بکەن، دووکەڵەکەی هەڵمژن. دیسان مژمان لێدانەوە. گوتیان وا نابێ. ئەوسا هاوڕێیەکمان یەکی داگیرسان و گوتی ئاوا دەبێ. گوتی دەبێ وەک هەناسە قووتی بدەن. وامان کرد. هەر دووکمان پێکەوە رامان کرد بۆ ئاودەست. رشاینەوە. لەو ساڵەوە ئەو دەکێشێت. بە پێچەوانەوە من جوان فێری نەبووم. بەو هۆکارە سادە کە جەستەم نەیدەهێنا. وەری نەدەگرت. ئەو بوو بە هاوڕێی گیانی بە گیانی جگەرە. ئاە، چەند بە لەز و بە حەزەوە دەیکێشا!
دڵنیام ئەو شەوەیش بە خەستی و بە چڕی خەریکی جگەرە خواردن بووە.
هەمان دۆست بۆ رۆژی دوواتر دەڵێ پێم وابێ ئازاری چەشتبوو، چاوێکی هێشتا کراوە بوو،… نیوە قونجاو. دەڵێ چەندین رۆژ لە ساردخانە بووە. تا پێیان زانی و تەرمەکەیان هێنایەوە پێی چوو.
ئەوەی من بیرم لێ نەدەکردەوە مردنی ئەو دیوی سنوور بوو. لەبیرم دێ هەمیشە پێم وابوو هەردووکمان لە نیشتمان دەمرین.
سەیرە، نا؟
لەبیرم دێ من و هاوڕێکەم ئەو ساڵانە، دەیان ساڵ لەوە پێش، گەر درۆ نەکەم خەونمان بە سۆسیالیزمەوە دەبینی. دڵنیا بووین ئەوەی هەتا ئەو کاتە هەبوو، لەناو دەچوو و ئەوەی بەدی دەهات ئەوەی بوو وا من و ئەو بیرمان لێدەکردەوە. لە بیرمە هەفتەی چەند جار پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە و، قسە و باسمان لەسەر دەکردن. من زۆر بڵێ و، ئەویش زۆرتر گوێگر. ئێمە دڵنیا بووین ئەوەندەی نەمابوو هەژاری لەناو بچێ و، من و ئەو هەموو بەیانییەک لە خۆشیی کارکردن لەو مەزرا و کێڵگە و ناوەندانە کە بەڵێن بوو چێیان بکەین، دەردەکەوتین. ئەو بە جگەرەیەک بە لالێوەوە و، منیش بە بزەیەکەوە. لەم کاتانەدا لەززەتی ژیان و کار وەها بە ناخمدا رۆدەچێ کە تەزوویەکی سەیر دەمشڵەژێنێ..
سەیرە، نا؟
من کە هەواڵی هاوڕێکەم بیست، هەستم بە گەمژەیی خۆم کرد. نەک سەبارەت بە خەونە هاوبەشەکانمان، نا، بەڵکو سەبارەت بەوەی کە بۆچی من بەشێوەی جیددی بیرم لە مەرگ نەکردبووەوە. دیسان نەک لەبەر ئەوەی تەسلیمی بم و واز لەو خەونانە بێنم کە دەزانم زۆرتر وەک خەون جوانن، نا… زیاتر لەبەر ئەوەی کە دەبا لە مەوداکان قووڵتر گەیشتبام.
سبەی ناچم بۆ کار. لەسەر موبلەکە رادەکشێم و، لە سەقفەکە دەڕوانم. دوواتر لە وێنە کۆنەکانی ناو ئەلبوومەکە و، وێنە تازەکەی کە لە کەناڵی سەرەخۆشییەکانی شارەکەدایە. زۆر شت گۆراوە، بەڵام ئەو هەر خۆیەتی. شتێک لە مرۆڤدا هەیە کە هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە. پێم وابێ پێی دەڵێن کاکڵ یاخود زات و جەوهەر. مەرگ، زاتیشی برد.
سەیرە، نا؟
لە بناری ئاربەباین. دەخۆینەوە، دەکێشین و قسە و باسێکی گەرمیش لە ئارادایە. بە هاوڕێکەم دەڵێم باش بوو ئەو ساڵە دوور و درێژانە کۆتاییان هات، نەمردین و دیسان لێرە کۆبووینەوە. ئەو بە بیستنی ئەم قسە بە تەعەجوبەوە لێم دەڕوانێ، بەڵام پێکەکەی هەر هەڵدەدا و مژێکی قووڵ و قایمیش وەک ساڵان لە جگەرەکەی دەدا. درێژە بە قسەکەم دەدەم و، دەڵێم ئەها تەمەنی زاڵم کورتە! دیسان بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێتەوە، بەڵام هیچ ناڵێتەوە. دەپرسم نەکا پێت وابێ من هێشتا نەگەڕابێتمەوە؟ هاوڕێکەم ئەمجارە سەری قسەکە دەگۆڕێ و، دەڵێ لە بیرتە یەکەم جار بە ئارەقی هەنجیر دەستمان پێکرد؟ دەڵێم چاکم لەبیرە، بەخوا برا خۆش بوو! دەڵێ زۆر. سەیرە، بتڵێک ئارەقی هەنجیریش لەبەر دەمماندایە. لە هاوڕێکەم دەڕوانمەوە. دەپرسم نەکا ئەو ساڵانە بێ؟ من کە سەرم لێ شێواوە، لە دەورووبەری خۆم دەروانم. قیژەیەکم لێ بەرز دەبێتەوە. لەگەڵ قیژەکە خەبەرم دەبێتەوە. هەموو گیانم شەڵاڵی ئارەقە. لەو دیو پەنجەرەکە لەسەر باڵکۆنەکە باڵندەیەکی دەریایی هەڵنیشتووە و، سرک سرک لە شتێک دەڕوانێ.
تەلەفۆنەکە زەنگ لێدەدا. بە بێ ئەوەی سەیری سەفحەکەی بکەم، هەڵیدەگرم و دەست بە دوگمەیەکیدا دەنێم. ئەوەی ئەو بەر هێڵەکە دەڵێ ناشتمان. حەز دەکەم بپرسم لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانەکە یان خوارەوەی. ناپرسم. چی دەبوو لانیکەم دە ساڵی دیکە ژیابا؟ ها، چی دەبوو؟ بێگومان هیچ. دەکرا. دە ساڵ عومرێکی درێژە لە تەمەنی کورتی ئینساندا. دڵنیام دە ساڵی داهاتوو زۆر گۆڕانی گەورە روو دەدا. هەموو پەنجا ساڵ جارێک وەرچەرخانێکی گەورە دونیا دەهەژێنێ. ئاە، تازە بە من چی. بە خۆم دەڵێم هەر چۆنێک بێ بتڵێک ئارەقی هەنجیر پەیدا دەکەم. ئەوسا بیرم دەکەوێتەوە کە راستی بۆچی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا بە سەریدا نەکەوتووم؟ ئارەقی هەنجیر نایابترینانە.
تۆپەڵێک ریقنە لە باڵندە دەریاییەکە بەجێماوە. پاشماوەی گۆشتی ماسیی دەریاکان، یان رەنگە نینۆکە شەیتانەکان کە لە دووای باران بێ ئەژمار دەردەکەون. ژیان کە دەفڕێ تەنیا ریقنەی لێ بەجێ دەمێنێ.
سەیرە، نا؟
کە منداڵ بووم، بۆ سەیران دەچووین بۆ کانی دوو پلووسکان. لەوێوە بۆ سنوور کە بستێکی مابوو. لە تەنیشت نیشانەکانی سنوور کە بە چیمەنتۆ و ئاسن دروست کرابوون، رادەوەستاین. سەیری ئەو دیو سنوورما ن دەکرد. هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەم دیو نەبوو. ئەگەرچی هەمیشە بە خۆم دەگوت نا، جیاوازە، ئەویش زۆر! ساڵانی دوواتر لەوێوە پەڕیمەوە بۆ ئەو دیو و ئیتر قەت ئێرەم نەبینییەوە. لە تەلەفۆنەکەدا دەڵێم بیرمان لە رەوینەوەی سنوورەکان دەکردەوە و، کەچی سنوور زیاتر لەهەر شتێکی تر بەرۆکی پێ گرتین.
سەیرە، نا؟
هەست بە ترسێکی سەیر لە دەروونی خۆمدا دەکەم. نەک ئەوەی لە مردن ترسابم. نا، ترس لە پێچەوانە بوونەوەی هەموو شتێک. دەی خۆ مەگەر تا ئیستاکە وەها نەبووە؟ ئا، بووە. یان رەنگە ئەوە ئێمە بووین پێچەوانە ببووینەوە! پێکەنینم دێ. تا گۆرەوییە پووچەڵەکانی کایەی گۆرەوی بازی کە ئاوەژوو دەکرانەوە و، فڕێ دەدرانە سەر سینگی حەریف. مزگەوت بۆنی قاچەکانی گرتووە. کوورەکە نێڵەی دێ. لە دەرەوە بەفرێکی قورس دادەکا. سەگەکانی ئاوایی دەوەڕن. پیاوێکی ریش چەرمگی پیر بە تەسبێحەکەی یاری دەکا و، لە جەماعەت دەڕوانێ.
لە بناری ئاربەبا خۆم وەها دێتە بەرچاو. بە خۆم دەڵێم ئاوایش بێ هەر باشە. بە تەنیاییش بێ هەر باشە!
سەیرە، نا!
فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید