فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رادوێکەم دەفرۆشم

کات 28/11/1403 65 بازدید

رادوێکەم دەفرۆشم

لەمێژە تەلەفزیۆنم نیە. هەر زوو وازم لێ‌هێنا و، فرۆشتم. رەنگە بڵێن لەبەر چی؟ دەبێ بڵێم من توانایەکی سروشتی، یاخود وەک دەڵێن خودا دادیی سەیرم هەیە. لە روواڵەتی کەسەکانەوە، کاتێک دەدوێن، دەزانم درۆ دەکەن یان راست. لەبەر ئەمە وازم لە تەلەفزیۆن هێنا و، ئیستا وەک زەمانی زوو تەنیا گوێ لە رادوێ دەگرم. بۆخۆتان دەزانن کە زانیاریی لەم چەشنە، چەندە دەبێتە هۆی نائارامی و دڵەڕاوکێ.  

کاتیک تەنیا وشە و رستەکان دەبیستی، ئیتر زەحمەتە باس لە درۆ یاخود راستیی بەڵێنەکان یاخود ئەو مانایانە بکەی وا رستەکان هەڵگرین. رادەوستی تا بزانی داخۆ لە داهاتوودا چ دەبێ. داخۆ بەدی دێ، یان نا. لێرەدا زەمەنێک بۆ باوەڕمەندیی بە مرۆڤەکان هەیە کە دەبێتە هۆی هەبوونی رۆحێکی ئینسانی لە تۆدا. من پێم وایە ئەگەر ئێمە لەسەردەمێک‌دا دەژین کە ئەم جۆرە مەودایانە هەتا دێ کەم و کەمتر دەبێتەوە، ئەوا لانیکەم بە فڕێ‌دانی تەلەفزیۆن و گوێ گرتن لە رادوێ، تا رادەیەک دەستەبەر دەبێتەوە.

هاوڕێیەکی کۆتربازم هەیە، وا نیە. ئەو بۆ ئەوەی بزانێ کێ درۆ دەکا و کێ نایکا، کۆترەکانی هەڵ‌دەفڕێنێ. کۆترەکان هەواڵی بۆ دێننەوە. رەنگە بڵێن چۆن؟ راستییەکەی منیش نازانم. گوایا لە رواڵەتیان‌دا دەردەکەوێ. بۆ وێنە گەر کەسەکە درۆزن دەرچووبێ، ئەوا کۆترەکە هەراسانە و چاوی پڕە لە ترس و لە خۆف، بێ ئەندازە سرکە و لەوە دەچێ بەشوێن بیانوویەکی ترەوەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر هەڵ‌فڕێتەوە (هەڵبەت ئەم جارەیان بۆ خۆ ونکردنێکی ئەبەدی). گەر کەسەکەیش راستگۆ بێ، ئەوا ئارام و کاتی نیشتنەوەدا دەستبەجێ بە دەندووک دەست دەکا بە پشکنینی باڵەکانی و هەڵکورمانێکی ئارەزوومەندانە و مەند… لە کاتێک‌دا سەری لەناو ملی‌دا رۆچووە و بە چاوێکی نیوە قونجاوەوە ئاگاداری دەور و بەریەتی.

وەک دەبینن من خۆم لە دۆزینەوەی درۆ و راستی دەبوێرم و، زیاتر بە شوێن ئەوەوەم کە بەڵکو مرۆڤەکان درۆ نەکەن؛ بەڵام دراوسێکەم بە پێچەوانەوە زۆر سەرقاڵی دۆزینەوەیانە.

جارێکیان پێم گوت ناکرێ تۆیش کۆترەکان بفرۆشی و، رادوێیەک بکری؟ لێم پرسی داخۆ ناترسێ رۆژێک لە بانی بکەوێتە خوارەوە و، لەسەر عادەت و خواستێکی قۆڕ خوانەخواستە بمری یان سەقەت بی؟ پێم گوت مەگەر درۆ و راستی هەر دوو بەشێکی گرینگی ژیان نین؟ مەگەر لە خودی قوڕئانیش‌دا باسی درۆی مەسڵەحەتی نەکراوە؟ داخۆ نازانی هەتا درۆ نەبێ، نازانین راستی چی‌یە و، هەتا راستیش نەبێ نازانین درۆ چی‌یە؟

وەڵامم ناداتەوە. کاتی هەواڵەکان دەچێتە سەر بان و، دیسان کۆترەکان هەڵ‌دەفڕێنێتەوە. پێم وابێ ئەو وەها بیر دەکاتەوە کە چونکە سەرەتا بەس تاریکی هەبووە و ئەوسا خودا بڕیاری داوە رووناکایی بخوڵقێنێ، بۆیە تاریکایی رەسەن‌ترێکە و بەپێچەوانەی بۆچوونی من راستی و درۆ هاوتراز نین.

بە کەیفی خۆی! چۆن بیر دەکاتەوە با بیکاتەوە!

ماوەیەکە ئەم گەڕەکەی ئێمە پڕ بوو لە پشیلە. لام سەیرە. بەگوێرەی ئەزموونی من هەر گەڕەکێک لە چەند دانە پشیلە زیاتری تیا نیە. لەبەر ئەوەی پێش هەموو شتێ دەبێ هەموو شار تیایا بێ و، دووهەم لەبەر ئەوەی گەر زۆر بن یان شت بەشیان ناکا، یان زوو زوو لێیان دەبێ بە شەڕ و ئەمەیش باش نیە.

کە سەیری پشیلە نامۆکان دەکەم، دەبینم فەرقیان هەیە. هەم سەریان زل‌ترە، هم بەقەڵافەت‌‌ترن و هەمیش چاوەکانیان ترسناک‌تر. سەرەتا زۆریان گوێ نادەمێ، هەتا رۆژێک لە پەنجەرەکەوە گوێم لە هاواری کۆتربازەکەی دراوسێمانە. کە دەچم دەبینم بەجارێک دوانزە کۆتری بەدەست پشیلەوە خنکێندراون و جەستەی بێ‌گیانیان، خوێنین و بێ‌جووڵە لەسەر عەرزەکە کەوتوون. کۆتربازەکە بە سەری خۆی‌دا دەکێشێ و، هاوار دەکا کە بە حەیاتی شتی وا بە خۆیەوە نەبینیوە.

دەزانم کاری پشیلە تازەکانە. هیچ ناڵێم. دڵنیام گەر نەیشزانێ، ئەوا رۆژێک دەزانێ!

دەڕۆمەوە ماڵەوە. لە کاتێک‌دا ئەو خەریکی ناشتنی کۆترەکانییەتی، من رادوێکە دەکەمەوە. گوێ لە هەواڵەکان رادەگرم. من کە پێم وایە کوشتنی دوانزە کۆتر لە لایەن پشیلە، یاخود چەند پشیلەی بێگانەوە هەواڵێکی گرینگە و دەبێ هەواڵ‌نێرەکە باسی بکا، دەبینم نە ئەمڕۆ و نە سبەی و نە رۆژەکانی دیکە هیچ قسە و باسێکی لێ‌ناکرێ.

تووڕەم،… یەکجار تووڕەم. بە خۆم دەڵێم کەواتە دەکرێ درۆ بە شێوی تریش بکرێ و… هەبێ.

بۆ سبەی رادوێکەم دەفرۆشم. منیش پۆلێک کۆتر دەکڕم و هەموو رۆژێک لەسەر بان خەریکی هەڵ‌فڕاندنیانم.

من و هاوڕێکەم یەکجار زانیاریمان کۆ کردووەتەوە. پێکەوە لە سڕ و تڕی ئەم شارە ئاگادارین. رۆژ بە رۆژیش هەتا دێ ژمارەی پشیلە خرپن و چاو زیت و کەلە زلە ترسناکەکان زیاتر و زیاتر دەبێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رادوێکەم دەفرۆشم
تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *