هاوڕێی ئەستێرەم
هاوڕێی ئەستێرەم
ئەمشەو لەگەڵ ئەستێرەیەک بوومە هاوڕێ. لەبەر پەنجەرەکەمدا دانیشتبووم. لە تاریکایی دەرەوە و لە دەریا و لە ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەم دەڕوانی. لەنەکاو پەنجەیەک شووشەکەی کوتا. پەنجەیەکی نوورانی و نەرم. لێم روانی. دوو نیگای گەش بە بزەیەکی ئاگرینەوە لێم رامان. شەو لە پشت پەنجەرەکەمەوە بوو بە بارانی وردە تیشک. بە لێوە ئاڵتوونییەکانی چپاندی بە گوێی ژوورەکەمدا کە “دەتوانین ببینە هاوڕێ؟”
لەو شەوەوە من و ئەو ئەستێرەیە هاوڕێین. من رادەوەستم تا دونیا تاریک دادێ. تا دارستان بێدەنگ دەبێ و، زۆربەی گڵۆپەکانی شار دەکوژێنەوە. رادەوەستم تا پەڵە هەورە سەرگەردانەکان شەپۆلەکانی دەریا لە سێبەری خۆیاندا نوقم کەن. ئەوسا ئەو دیسان بە نووکی پەنجە گەشەکانی سەر لەنوێ لە پەنجەرەکەم دەداتەوە و، منیش بە تامەزرۆییەوە بە روویەوە پێدەکەنم،… دەکەوینەوە گفتوگۆ… هەتا بەیانی،… هەتا یەکەم تیشکی هێشتا بێهێزی رۆژ لە ئاسۆ دەرکەوێتەوە.
خۆشحاڵم لە پاش ساڵانی ساڵ بوومەتە خاوەنی هاوڕێیەک. ئەویش وەها هاوڕێیەک کە دڵنیام کەس نیەتی. دڵنیام گەر کتێبی مێژوو بکەیتەوە و، هەموو لاپەڕەکانی هەڵدەیتەوە قەت بەتووش شتی وەهاوە نابی. ئەمە تەواو هاوڕێیەتییەکی نوێیە. هی سەردەمی دووری و کۆتایی و بێمانایی و تەژی لە ناهومێدییە. هی ئەو ساتانەیە وا دایکم لەسەر سنوور گریا و، باڵندەیەکی تینوو و کۆچەری لە فرمێسکەکانی تێرئاو بوو.
شەوانی شەو، ساڵانی ساڵ و بگرە دەیان ساڵە ئێمە، واتە من و ئەستێرەی هاوڕێم پێکەوە لە تەنیایی خۆماندا دەدوێین. نازانم بۆ پێم وایە ئەویش وەک من تەنیایە. رەنگە لەبەر ئەوەی بووەتە هاوڕێی من. گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە ئێستاکە ئێمە هاوڕێین. ئەو هەتا بەیانی باسی ئاسمان و کاکەشان و دوورەدەستەکان بۆ من دەکا و، منیش باسی زەوی و شتەکانی نێوی. زۆر سەیرە لەگەڵ ئەوەی من قەت ئاسمانەکانم نەبینیوە و، ئەویش قەت لەسەر زەوی نەژیاوە، کەچی بەجوانی لەیەک دەگەین. وەک بڵێی من هەزاران ساڵە لەوێ لەو سەرسەرانە ژیاوم و، ئەویش بە سەدان هەزار ساڵ لە سەر زەوی. هاوڕێی ئەستێرەم وەک من دەروونی تەژییە لە چیرۆک. باسی میلیۆنان ئەستێرەی سەرگەردانم بۆ دەکا کە بۆخۆشیان نازانن بۆ دەبێ هەتا هەتایە لە بێکەراندا بێن و بچن. منیش باسی میلیۆنان مرۆڤ کە سەرەتا پێیان وابوو دەیانزانی بۆ دەهاتن و دەچوون و کەچی لە کۆتاییدا تێگەیشتن لە هەڵەدا بوون.
ئەستێرەکە پێدەکەنێ. منیش لە ئەشقی جوانیی خەندەی ئەو پێدەکەنم. ئاسمان و زەوی پڕ دەبێ لە خەندە. لەم کاتەدا گریانی دایکم بێدەنگ دەبێ و، ئەو باڵندەیەی وا فرمێسکەکانی دەخواردەوە، هەڵدەفڕێ و بزر دەبێ. من کە نازانم ئەم دیوی سنور کەوتووە، یان ئەو دیو بە سەرسووڕمانەوە لە هاوڕێی ئەستیرەم دەڕوانم. بەڵکو ئەو هەواڵێکی پێ بێ. چاوە ئاڵتوونییەکانی ئەویش پڕن لە گومان. دڵنیام نازانی سنوور چییە.
شەوێکیان کاتێ دونیا بێدەنگە و باڵندەکان لە دارستان متەقیان لەخۆیان بڕیوە، لێی دەپرسم داخۆ هەواڵێکی لە مردووەکان پێیە، دەڵێم دراوسێکەم لەمێژە لای وایە مردووەکان لەو سەرسەرە لەناو ئەستێرەکاندا دەژین. هاوڕێکەم دیسان بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ. من پەژیوان لەم پرسیارە گەمژانەی خۆم، دەڵێم ببوورە ویستم کەمێکی تر پێبکەنین. بەڵام ئەو پێناکەنێ. ناوچاوە زێڕکفتەکەی گرژ دەبێ و، خەیاڵ سەری پێهەڵدەگرێ. بەخۆم دەڵێم رەنگە مردووەکان هێشتا دوورتر رۆیشتبێتن. رەنگە لە شوێنێکی واوەتردان،… شوێنێک وەک کن هەتاو، یان پشتەوەی. بە نیگام وەها بە خۆشەویستیەوە لێی دەڕوانم کە ناوچاوی گرژی خاو دەبێتەوە و، ئەم جارە شێتانە تا خۆرهەڵاتنێکی دیکە پێدەکەنین.
بەم شێوەیە بەردەوامین. من چەند ئاسان رابردوو و ئیستا و خەیاڵە تەژی لە تەنیاییەکانم دەڕەوێنەوە. وەک بڵێی قەت هیچ شتێک رووی نەدابێ. وەک بڵێی هێشتا منداڵی ناو ئەو کۆڵانە خۆڵاوییەم کە باران زەفەری بە سێبەرەکەیشی نەهێنابێ. رۆژێک پێی دەڵێم نەمدەزانی هاوڕێ ئەوەندە گرینگە. بزەیەکی دێتێ و دەست دەبا تیشکێکی سەرگەردانی ئاسمان دەچنێتەوە. ئەوسا دەیکا بە پەڵە هەورێکی زیوین و بە فوویەک دووری دەخاتەوە. هەوری زیوین تێدەپەڕێ. من خەمگین دەبم. ئەمجا هەورەکە دەکا بە پاپۆڕێک و لەسەر دەریاکە دایدەنێ. لێی دەڕوانم. خەیاڵێک بە مێشکمدا دێ. دەڵێم دەتوانی بیکەی بە کەژاوەیەک بۆ دایکم؟ لادەکاتەوە و، لەو بەرزاییانەوە لە سەرسنوور دەڕوانێ. سەر بادەدا کە نا!
دایکم لەسەر سنوور چەند تەنیایە!
زەمەن وەک هەمیشە تێدەپەڕێ. ژمارەکان لە زەینمدا دەسڕێنەوە. هاوڕێ هەبێ، کاتم بۆ چییە. نە بیر لە پیرییەتی دەکەمەوە و، نە لە مردن. بە خۆم دەڵێم بریا دایکیشیم هاوڕێیەکی هەبایە! بە خۆم دەڵێم رەنگە ئیتر لەسەر سنوور نەگریایە. بە هاوڕێی ئەستێرەم دەڵێم راستی بۆ ئەویش هاوڕێیەکت لەشک نایەت؟
چەند شەوی دوواتر نایەتەوە. پەشیمان لە پرسیار یاخود داواکارییەکەم، تووڕە هەتا بەیانی بەبێ ئەوەی چاو لەسەر یەک بنێم، چاوەڕوانی دەمێنمەوە. بێسوودە. من چەند بنیادەمێکی گەمژەم! بە من چی دایکم هاوڕێی نیە، جا با بە هەزاران ساڵی دیکەیش لەسەر ئەو سنوورە نەگبەتە بمێنێەوە.
رۆژێک جانتا دەپێچمەوە بۆ ئەوەی سەردانی بکەم، بۆ ئەوەی پێی بڵێم مانەوە لەوێ لەسەر سنوور بێکەڵکە. بۆ ئەوەی پێی بڵێم گەر بە هەزاران ساڵی دیکەیش لەوێ بمێنێتەوە، ناسڕێتەوە. دەمەوێ پێی بڵێم ئەودیو کەوێ و، هەموو شتێک بۆ هەمیشە لەبیر خۆی بباتەوە، واز لە رابردوو و لە ژیاندنەوەی بێنێ.
ئێوارەیەک درەنگان وەڕێ دەکەوم. هێشتا لە حەوشەی ماڵەکەم نەترازاوم، هاوڕێی ئەستێرەم پەیدا دەبێتەوە. شەرمن دیارە. من بەپەلە و لە خۆشیانە، هەڵدێمەوە بەر پەنجەرەکەم. پەنجەی من لەم دیوەوە و پەنجەی ئەویش لەو دیوەوە لەسەر شووشە هەمیشەییەکە دەگەنەوە یەک. نیگامان تەژییە لە عومرێک دووریی کتوپڕیی و نەخوازراو. پاش کەمێک دەست دەبا و وێنەیەک دەردێنێ. وێنەکە رووبەرێکی رەشی قەترانییە. بە سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانمەوە. تێناگەم. بەخۆم دەڵێم بێگومان هەزارانی ساڵی تر تێیدەگەم. هاوڕێی ئەستێرەم ئەو شەوە تیشکێکی مانگم وەک دیاری پێشکەش دەکا و، دەڵێ رەنگە سەردەمانێک ئەویش لەپەنجەرەکەت بدا!
دیسان کات تێدەپەڕێ. دڵنیام هەزاران ساڵی دیکە تێپەڕیوە، دڵنیام دایکم لەسەر سنوور هەر فرمێسک دەڕێژێ و، هەمان باڵندەیش بەردەوام لێی دەخواتەوە و تینوویەتی خۆی دەشکێنێ. بێئاگا لەوەی دراوسێکەم تووڕە لەم وەزعە، کە من ناهێڵم بخەوێ و تیشکی هاوڕێی ئەستێرەم ئۆقرەی لێسەندووە، بە تفەنگێکی تاپڕ کە تازە ئیجازەکەی لە دەوڵەت وەرگرتووە لە کەمیندایە. دراوسێکەم کە دەزانی لە هیچ یاسایەکی وڵاتدا کووشتنی ئەستێرە وەک تاوان نەهاتووە و، هیچ سزایەکیشی بۆ دیاری نەکراوە، چاو لەسەر سیڕە چاوەڕوانی هاتنەوەی هاوڕێکەمە لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی دیکەدا.
ئەو شەوە هاوڕێی ئەستێرەم دیسان هاتەوە. هەستم دەکرد تیشکێکی تری لەبەر کردبوو و، هەواڵێکیشی لە دایکم پێبوو. هەستم دەکرد ئەو شەوە پێش هاتنی لەگەڵ مانگ و لەگەڵ هەتاویش دووابوو. دڵنیابووم دونیایەک قسەی نوێی بۆ من پێ بوو. دڵنیابووم ئەو شەوە دەیزانی کە سەرئەنجامی من بە کوێ دەگا و، من تا چەند هەزار ساڵی دیکە لەبەر ئەم پەنجەرەیە دەمامەوە. ئەو شەوە هەموو شتێ تام و بۆنی تری هەبوو. تەنانەت دایکم بۆ یەکەم جار لەسەر سنوور نەگریا و، دەستی نەدایەوە گۆچانەکەی. هاوڕێی ئەستێرەم بە شێنەیی دابەزی. وەک تۆپێکی ئاگرین کشایە بەر پەنجەرەکەم. پەنجەی زیوینی درێژ کردەوە و، گەییە شووشە هەمیشەییەکەی نێوانمان. لە دوورەوە بۆ یەکەم جار گوێم لە دەنگێکی غەریبی ناو دارستان بوو. لە دووای هەزاران ساڵ سێبەری شەپۆلێکی سامناک لە دەریاوە چاومی گرت. رستەیەک کە نەمدەزانی بە چ زمانێک نووسراوە بەسەر دەریاکەدا وەک پۆلێک باڵندەی رەش تێپەڕی.
من گوێم نەدانێ. چ دەبێ با ببێ! گرینگ ئەوە بوو دیسان هاوڕێکەم لێرە بوو. ئەمشەو لە بەڵێنێکی نەگوتراوەدا قەرار بوو باسی ئەو رووداوانە بکەین کە دووای سەد ساڵی دیکە دەبوونە مێژوو. ئەوەیکە من پێم وابوو هەموو رووداوێک هەوێنی مێژووی تیایە و، ئەویش پێی وابوو وانیە! من بۆ نموونە دایکم بۆ هێنایەوە و، ئەویش لای وابوو مێژوو لەوە بچوکترە بتوانێ شتی وەها لەخۆیدا بنوێنێتەوە. من کە هاوڕایی ئەو نەبووم، گوتم هەڵبەت دایکم قەت بیر لە شتی وا ناکاتەوە.
لەم قسە و باسانەدا بووین کە لەنەکاو دەنگی تەقەیەکی سامناک بەرز بووەوە و، هاوڕێی ئەستێرەم بە بێ ئەوەی چاو لێک بنێ، بەلادا کەوت. من کە ترس و وەحشەتێکی سەیر سەرتاپای داگرتبووم، دەستەوەستان و سەر لێشێواو دەمەویست کارێک بکەم. هاوڕێی ئەستێرەم لەودیو پەنجەرەکەوە بە چاوە گەشەکانی لە کاتێکدا ئارام ئارام مەحو دەبووەوە، لەکاتێکدا دیمەنەکەی دەروپشتی هەتا دەهات رەش و رەشتر هەڵدەگەڕا، لەگەڵ دووابوونی گەش و زیوینی خۆی تووایەوە و بۆ هەمیشە لەپشت پەنجەرەکەم بزر بوو.
ئیستا لەو شەوە هەزاران ساڵی دیکە تێپەڕیوە. من هەر لێرە تەنیا لەپشت پەنجەرەکە و دایکیشم لەسەر سنوور بەتەمای مەحوی ماوینەتەوە.
دراوسێکەیشم لەو کاتەوە هەموو ئێوارەیەک تاپڕەکەی خاوێن دەکاتەوە و، رۆنێ لێدەداتەوە. بەتەمای هاوڕێیەکی ئەستێرەی لەنەکاوی دیکەی من، لە تاریکایی پشت پەنجەرەکەی گرژ گرژ مۆڕ دەبێتەوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید