کێلون
کێلون
کەسێک لەدەرگا دەدا. کەسێک دەیەوێ سەردانی من بکا، بەڵام من دەرگاکە ناکەمەوە. دەزانم گەر بێتە ژوورەوە، دەبێ ساتێکیش هەبێ بۆ رۆیشتنی… بۆ رۆیشتنەوەی. من لە ترسی رۆیشتنەوەی ناوێرم درگاکە بکەمەوە. لێگەڕێ با بیکوتێ! خۆشی ئەوەی کەسێک هەتا هەتایە دەتوانێ لە پشت دەرگا بێ و، چاوەڕوانی هاتنە ژوورەوە، سەرتاپام دادەگرێ.
کە ئەو لەوێیە من ئیتر ساڵەکان ناژمێرم. چیتر بیر لە رابردوو و داهاتوو ناکەمەوە. نوقمی ئیستا بە خۆم دەڵێم رەنگە سەرئەنجام دەرگاکەی بۆ بکەمەوە.
جاری وایە تا پشت دەرگاکە دەڕۆم. لێرەوە گوێم لە هەناسەکانییەتی، لە سرتەی نیگای کە جاری وایە لە بێکەرانی دەوری ماڵەکی من دەڕوانێ. راستی بۆ دەیەوێ سەردانی من بکا؟ من لەدووای ساڵانی ساڵ چیم ماوە بیدەمێ؟
جاری وایە حەزی بینینی لە درزی پەردەکانەوە، لە پەنجەرەکەی تەنیشت دامدەگرێ. بێگومان ئەویش پیاوێکی لە تەمەندایە. دەیەوێ بۆ دوواجار لەپاش ساڵە بێ ئەژمارەکان بمبینێتەوە. پێکەنینم دێ. باشە بۆ ئەم ساڵانەیشی نەخستە سەر ئەوانی دی؟ یان رەنگە وشەیەک لە زاریدا لەو ساڵانەوە بەجێ ماوە. دەیەوێ، زەمەن ئەویش لەگەڵ خۆی نەبا.
ئاە، هاورێ نازدارەکەم!
بۆنی نانی تازە و برژاو دێ. کەسێک ئاواز دەچڕێ. پۆلێک باڵندەی کۆچەری لەسەر کانییەک لادەدەن. یەکیان دەڵێ گوێتان لێیە یەکێک لەدەرگایەک دەدا؟ ئەوانی تر دەندووکیان لە ئاوی زوڵاڵی کانییەکە دەردەکێشنەوە، سەر هەڵدەبڕن. یەکیان دەڵێ بنیادەمەکان وەهان، وەک ئێمە نین، هەندێ جار گیرۆدەی سنورەکانی خۆیانن. ئەوانی تر بزەیەکیان دێتێ و، سەر بادەدەن.
رادەوستێ. لەترسی ئەوەی نەکا ماندوو و وەڕەز بووبێ، دەست دەبەم کێلونەکە هەڵبدەمەوە کە سەر لە نوێ لێی دەداتەوە. دەست رادەگرم. بزەیەکم دێتێ. ئەوەی دەرەوە وادیارە بەڕاستی دڵی لای منە. بێگومان ئەم رۆژانە خەیاڵێک سەری پێهەڵگرتووە. تەوێڵم بە دەرگاکەوە دەنێم. جەستەم بە دەرگاکوتانی ئەو سەرتاپا دەکەوێتە لەرزە. دڵنیام ئەمشەو بارانێکی بەخوڕ دادەکا. ئەوەی وا دەرگاکەی من لە پاش ساڵانی ساڵ دەکوتێ، سەرتاپای جەستەی دەخوسێ. پەڵە هەورێکی وشکیش بۆ خۆ وشک کردنەوە لەم گەردوونە دەست ناکەوێ.
بەخیلیم بەو چرکەیە دێ وا لە ناو تاقە وێنەی سەر دیواری ژوورەکەم، بێ جووڵە راوەستاوە. لێی دەڕوانم. من و ئەوەین وا من پێم وایە ئیستا ئەوە دەرگاکە دەکوتێ. ئا، دەبێ ئەو بێ! لەپاش ساڵان بۆ بردنەوەی ئەو چرکەیە هاتووەتەوە. دەیەوێ وەری بگرێتەوە. کە هەموو شتێک تێپەڕی، با ئەو چرکەیەیش نەمێنێ. کتوپڕ ترسێکی سەیر دامدەگرێ. نا، نابێ بیباتەوە. کە ئەو وێنەیە نەمێنێ، چیتر لە من و لە خەیاڵی بوونم دەمێنێتەوە؟
دەست لە کێلونەکە بەردەدەم.
گوێم لە نیشتنی کۆمەڵێک چۆلەکە پاسارییە لەسەر بانەکەم. ترپەی پێی نەرمیان لە ژوورەکەم دەنگ دەداتەوە. بێگومان پێی دەڵێن پێویست ناکا، دەڵێن مەرج نیە کوتان تەنیا رێگای کردنەوەی دەرگایەک بێ بۆ چوونە ژوورەوە. ئەویش بەقسەیان دەکا و، واز دێنێ. پاشان لەسەر کورسیی تەنیشت دەرگاکە دادەنیشێ، جگەرەیەک دادەگیرسێنێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە. ئەویش تێدەگا کە من و ئەو هاوچارەنووسین، جا با ئەو لە دەرگا بدا و منیش دەبێ دەرگای بۆ بکەمەوە.
زەمەن تێدەپەڕێتەوە. پاڵ بەو شوێنە لە دیوارەکەوە دەنێم کە ئەویش لە دیوەوە پاڵی پێوە داوە. گەرمای جەستەی دەڕژێتە ناو گیانمەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم تکایە ماندوو مەبە، دەڵێم من و تۆ بەشی هەرچی زەمەنی خودایە دەکەین… ماندوو مەبە! دەڵێم دەرگا بۆ کرانەوەیە با زەمەنیش لەبیری کردبێ. با منیش حەزم بە کردنەوەی نەبێ.
چۆلەکە پاسارییەکان هەڵدەفڕن. هەورەکان بەتاڵ بەتاڵ سەر بەسەری یەکترەوە دەنێن و، لە بێکەران ون دەبن. با لەناو دارستانەکان دەکەوێتە چڕینی ئاوازێکی قەدیمیی ئاشنا. گیا سەوز سەوز پێدەکەنێ. شاخە دووردەستەکان ئاماژە بە شوێنێک دەکەن.
نازانم ئەو لەوێ ماوە یان نا. نازام داخۆ لەگەڵ چۆلەکە و هەور و بادا رۆیشتووە، یا ئاماژەی شاخەکان بۆ شوێنێک منی لەبیر ئەو بردووەتەوە.
گوێ بە درگاکەوە دەنێم. وەک بڵێی هێشتا شتێک لەوێ هەیە. شێتانە رادەبم. دەست بە دیوارەکان و بە دەرگاکەدا دێنم. دەڵێم هاوڕێ تکایە ماندوو مەبە، هەتا دەتوانی لە دەرگام بدە… لە دەرگام!
فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید