فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

شێتی تەواو

کات 17/04/1404 432 بازدید

شێتی تەواو

نەخۆشەکان کە ئۆتیستن لەسەر موبلەکان دانیشتوون و، سەیری تەلەفزیۆن دەکەن. چوار کارمەند لە هۆڵەکەدان. کاروان خەریکی شۆردنی قاپ و قاچاخ و خاوێنکردنەوەی ئاشپەزخانەکەیە. برزۆ بە موبایلەکەیەوە سەرقاڵە. سەرحەت کە لە کوردە گەورەبووەکانی نۆروێژە و قەت کوردستانی نەبینیوە، لەتەنیشت یەکێک لە نەخۆشەکان دانیشتووە و، ئەویش لە تەلەفزیۆنەکە دەڕوانێ. دوو ژن پێم وابێ لە ئازەربایجان لە کوێستان خەریکی سازکردنی خواردنن. ئاو و هەوایەکی سازگار و گۆشت و ئاگر و کوانوویەکی گەورە، لەگەڵ جۆرەها سەوزە و میوە و شتی لەم بابەتە. ئیستا زۆر کەس خەریکی سازکردنی ئەم جۆرە فیلمانەن و، لە یوتوب بڵاوی دەکەنەوە. بینەری یەکجار زۆریشیان هەیە. یوتوب تۆماری دەکا. جاری وایە دوو تا سێ سەد هەزار کەس دەڕوا.

برزۆ کتوپڕ سەر لەسەر موبایلەکەی هەڵدێنێ، روو لە من دەکا و دەڵێ:

ـ هاوڕێ گیان دەزانی لە سوید هەرچی قاچاخچی و مەواد فرۆش هەنە خەڵکی رۆژهەڵاتن!؟

من کە خەریکی قسەکردن لەگەڵ کاروانم، دەڵێم:

شێتی تەواو

ـ وەڵڵا ئەمەیان نازانم، بەڵام لە نۆروێژ و لە ئینگلیز زۆربەی ئەو جۆرە کەسانە خەڵکی لای خۆتانن، هی باشوورن.

برزۆ دەڵێ:

ـ نا وانیە خراپیان پێ گوتووی، بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی من دەیڵێم.

من کە دەزانم پێش ئەوەی سەری ئەم باسە بکاتەوە، لە یوتوبی روانیووە، دەڵێم:

ـ لە راستی‌دا باس کردن لەم جۆرە ئیدیعایانە دژوارە… سەلماندنی دژوارە لەبەر ئەوەی هیچ ئامارێک لەبەر دەستدا نیە… تەنیا قسەن… دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی خودی کەسەکان.

کاروان هەر خەریکی کارەکەیەتی. برزۆ دیسان موبایلەکەی دەردەهێنێتەوە و، لێی دەڕوانێتەوە. یەکێک لەنەخۆشەکان دەکۆکێ، ئەوی دیکەیان کە بە کۆکە هەستیارە، رادەبێ، دەقیڕێنێ و هەوڵ دەدا تاو بداتە ئەوەی وا کۆکی. سەرحەت بەری پێ دەگرێ. پاش ماوەیەک ئارام دەبێتەوە و، لەسەر شوێنەکەی خۆی دادەنیشێتەوە.

کتوپڕ برزۆ سەر لەسەر موبایلەکەی هەڵدێنێتەوە و، بە تووڕەیی و دەنگێکی بەرزەوە دەڵێ:

ـ ئۆجالان میتی تورکییە، ئەو گەوادی خوشک حیزە کار بۆ تورکیای بێ شەرەف دەکا!

هەتا دێ دەنگی بەرز و بەرزتر دەبێتەوە:

ـ خۆ ئاگات لێیە، باسی ئەوە دەکا کورد پێویستی بە دەوڵەت نیە، ئاخر کەس نیە پێی بڵێ ئاخر خوشک حیز بۆ لە زیندانی خۆت دانانیشی و ئیتر کارت بە کوردەوە چییە، ئەرێ هەی بیژووی قەحبە!…، هەی…

کاروان خۆی تێدەهاوێ، بە ئارامی دەڵێ:

ـ ئەرێ کاکە هەرچی گوتبێ و هەرچی بکا تۆ حەقی بێ رێزی کردنت نیە، تۆ ناتوانی ئاوەها لەسەر کەس قسە بکەی، بۆ رێزی خۆت ناگری… دەزانی هەموو باشوورییەکان ئاوەها دەم پیسن،…

برزۆ چاوێک لە من دەکا. وەک بڵێی چاوەڕێی شتی وەها نەبوو، سڕ، پاش ماوەیەک خۆی دەبینێتەوە و، بەهەمان دەنگی بەرز دەڵێ:

ـ کاکە خۆ ئەم قسەیە قسەی خۆم نیە، هی خۆیەتی، باسی کردووە، لەنامەکەی‌دا نوسیوویەتی، من ئەوەندەم ئەخلاق هەیە کە قسە بەدەم خەڵکەوە هەڵنەبەستم… ئەیچۆن کاکی برا ئەو خوشک حیزە هەزار کچ و ژنی جوانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و خەریکی خانم بازی بوو تا دایک و خوشکیان گا، هەر جارە و یەکیان دەگیێ،… کۆتر بازە… کۆترباز، ئەدی برام!…

قاقای پێکەنینی کتوپڕی من قسەوباسەکە رادەوەستێنێ. من لە پێکەنین بەردەوام دەبم. دەڵێم:

ـ بەخوا برا خۆشی… من ئەو وێنەیەی ئۆجالانم زۆر جار بینووە، بە کۆترێک بە دەستەوە، بیرم لەهەموو شتێک کردبووەوە لە کۆتربازی نەبێ، هە هە هە… دەزانی مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە چ بوو، ئەوە بوو بڵێن ئاشتی خوازە، کۆتریش رەمزی ئاشتییە… هە هە هە… بەخوا برا ئەو قسەیە سەیر بوو… چ تەعبیرێک!

هەر دووکیان لێم دەڕوانن. برزۆ واقی وڕماوە و، کاروان بە گومانەوە لەمن دەڕوانێ. هەست دەکەم برزۆ جۆرێک لە پشتیوانی لەم پێکەنین و هەڵوێستەی من‌دا شک دەبا، بۆیە بزەیەکی دێتێ و بە دەنگێکی دیسان بەرزتر لە پێشوو، دەقیڕێنێ کە:

ـ ئەدی ئەو خوشک حیزە کۆتربازە کۆترباز،… هەموو کەس دیتوویەتی! ئەوسا دەست دەباتەوە بۆ موبایلەکەی پێم وابێ بۆ ئەوەی وێنەی ئۆجالان لەگەڵ کۆترەکە بدۆزێتەوە.

کاروان هەر وا بەئارامی: ئەو پیاوە عومرێکە لە زیندان‌دایە، هەزار نەهامەتی و قوڕبەسەریی دیتووە، تۆ مافی ئەوەت نیە ئاوەها لەسەری بدوێی، قسەیەکیشت هەیە دەبێ بە جوانی بیکەی…

ـبرزۆ: زیندانی چی و شتی چی… ئەو گەوادە لەسەر خۆی گیراوە نەک کورد، ئەگەر کوردپەروەر بایە ئەو قسانەی نەدەکرد، …

دەڵێم: تۆ نامەکەیت خوێندووەتەوە؟

برزۆ کەمێک رادەمێنێ، دەڵێ: نامە بۆ بخوێنمەوە، براییمی برام دەڵێ!

دەڵێم: براییمی برات!؟

برزۆ: ئا براییمی برام،… ئەوەتا!

ئەوسا دەست دەباتەوە بۆ موبایلەکەی بۆ ئەوەی براییمی برای بدۆزێتەوە.

کاروان: کاکە ئەم باشوورییانە هەر وان، دەیکەن بە هەرا، نازانم بۆ ئاوەها زمان پیسن!

برزۆ مەشغوڵە. وەک بڵێی دیسان جوان ئاگای لەقسەکانی کاروان نەبێ. دەڵێم:

ـ پێویست بە برایمی برات ناکا، نامەکەی لە ئینتەرنێت‌دا هەیە بۆخۆت بچۆ بیخوێنەوە، ئەوسا قسەی خۆتی لەسەر بکە، خەڵکی قسەی دڵی خۆی دەکا نەک شتی تر.

برزۆ: براییمی برام زۆر زیرەکە، جێی متمانەی خەڵکە، پرس و رای پێ‌دەکەن، خۆ فشە نیە برام!

ئەم قسانە بە پچڕ پچڕ دەکا و، بەردەوام چاوی لەسەر موبایلەکەیە و سەر هەڵناهێنێ. بەڵام بە هیچ شوێنێک ناگا. دەڵێ:

ـ ئەو خۆڕییە باسی لە ئەمنی قەومی تورکیا کردووە، ئەوە جاشە، بابی ئەندەر بابی جاش و خۆڕی بوونە… هەر لەسەرەتاوە پیاوی میت بووە… بۆ رۆژێکی وەهایان دانابوو!

دەڵێم: دەی خۆ قسەیەکی خراپی نەکردووە، ئەو دەیەوێ لەچوارچێوەی تورکیادا کێشەی کورد چارەسەر بکا، بۆیە ناچارە وەها بدوێ، ئەو باس لە تورکیایەک دەکا کە کوردیش دەگرێتەوە، خۆ باسی سەربەخۆیی نەکردووە.

برزۆ هەڵچوو و گرژ، لێم رادەمێنێ. دەیەوێ شتێ بڵێ. من دیسان بیری وشەی کۆترباز دەکەومەوە و، دەست دەکەمەوە بە پێکەنین. برزۆ دەڵێ:

ـ بە هەزاران کچی بەرەو چیا بردوو و هەموویانی بەکوشت دا و ژیانی فەوتاندن و پیر و کەنەفتی کردن و ئیستا دەڵێ دەوڵەتی کوردیم ناوێ! ئەو گەوادە بیدەنە دەست من هەنجن هەنجنی دەکەم بە خوای!

دەڵێم: تاوانی خۆشیانە پیاو دەبێ ئاقڵ بێ و، شوێن هەموو قسەیەک نەکەوێ.

دەقیڕێنێ: نا وا مەڵێ هاوڕێم، خەڵک فەقیرە، خەڵک بەئاسانی دەخەڵەتێندرێ!

 کاروان دیسان بە نەرمی:

ـ ئەرێ دەنگت داخە، هێواش قسە بکە، ئەم هات و هاوارەی ناوێ، نەخۆشەکان دەترسێنی.

سەرحەت کاناڵەکە دەگۆڕێ. نەخۆشەکان بەسەرسامی لێمان دەڕوانن. وەک بڵێی کتوپڕ برزۆ بیری قسەکەی کاروانی سەبارەت بە زمان پیس بوونی باشوورییەکان کەوتبێتەوە، دەنەڕێنێ کە:

ـ من بێ رێزیم نەکردییە، من باسم لە راستییەک کردووە، ئەوە تۆ خەریکی بێ رێزیت کە هەموو باشوورییەکان بە دەم پیس ناو دەبەی… یەعنی داک و باب و خوشک و برای من هەمووی دەم پیسن!.. گەر…

نیگاکانی لەسەر منن. وەک بڵێی داوای یارمەتی دەکەن. من بە بزەوە (وەک پاشماوەی پێکەنینەکانم) دەڵێم:

ـ بەڕای من بە کۆترباز شوبهاندنەکەت بێ رێزی نەبوو، خۆزگە هەموو کەس کۆترباز دەبوو، بەڵام ئەوی دیکە هەمووی بێ رێزی بوون، بەتایبەت جوێنەکانت. کۆتربازییەکەیش من بیری ئەوە دەخاتەوە کە وێنەیەک دەتوانێ چەندە تەعبیری جۆراوجۆر هەڵگرێ دیارە بە گوێرەی دەروون و بۆچوونی کەسەکان.

ئەوسا پێدەکەنمەوە.

برزۆ بزەیەکی گرژ دەیگرێ. چاوەکانی خەمبار و ماندوون. وەک بڵێی لەم دۆخە وا تێی کەوتووە تووڕەیە و، بەڵام نازانێ چۆن خۆی لێ قوتار بکا.

کاروان: باشوورییەکان ئەمە تایبەتمەندییانە، دەبێ واز لەم کلتوورە قۆڕە بێنن،… دەبێ…

برزۆ تەواو کەوتووتە نەڕنەڕ. روو لە سەرحەت و نەخۆشەکان و پشت من و لە کاروان دەڵێ:

ـ بەخوا کورد هەر وەهان. هەمیشە بۆ یەکدی دەخوێنن. فێری پشتە ملە قسەکردنین. پیاو خۆی لێرە نیە لەسەر ئیش، هەر کوردەکان خۆیان دەستبەجێ بۆی دەخوێنن. رەحمەت لەبابی ئەو کەسەی گوتی خۆخۆرین،… بێ قیمەتین… یەکتر سووک و ریسوا دەکەین… لەخۆوە نیە سوارمان بوون و دەمانگیەن… شیاوی ئەوەین!…

ئەمە دەڵێ، روووەردەگێڕێ و لە هۆڵەکە دەڕواتە دەرەوە. لەچاوەکانی سەرحەت سەرسامی دەخوێندرێتەوە. تەلەفزیۆنەکە لەسەر کارتۆنە. کارتۆنی تۆم و جێری.

کتوپڕ تێدەگەم ئەمڕۆ چوار کورد پێکەوە لەسەر کارین بەبێ یەک تاقە نۆروێژی!

برزۆ ون دەبێ. ماوەیەک بێدەنگی ژوورەکە دەگرێتە خۆ. لە کاروان دەڕوانم. ئەویش بە نیگا ئارامەکانی لە من دەڕوانێ. دەڵێم:

ـ نەئەبوا باسی باشوورییەکانت بەو شێوەیە بکردایە!

دەڵێ: خۆ ئاگات لێ بوو چۆن بە رۆژهەڵاتییەکانەوە دەستی پێکرد؟

دەڵێم: ئەو قسانەی دووایشی سەیر بوون.

دەڵێ: مەبەستی تۆ بوو.

من پێدەکەنم و، دەڵێم بەخوا بەزمی کۆترەکەی خۆش بوو. عەجەب لێکدانەوەیەکە!

ئەو رۆژە بەردەوام کاروان و برزۆ لووتیان لەیەکدی داژەندبوو. وەها بەلای یەکتردا دەڕۆیشتن وەک بڵێی ئەوی تر هەر لەوێیش نەبێ. کاروان قیرسیچمەتر و، خۆڕاگرترێکە. ئاگام لێیە برزۆ بەلاچاو و لە ژێر چاوەوە جاروبارە لێی دەڕوانێ. دەزانم کاروان ئاگای لە بێ ئۆقرەیی و رۆحی شڵەژاو و نائارامی برزۆیە.

من ناو ناوە برزۆ دەدوێنم، ئەگەرچی کەمێک خۆیم بۆ دەگرێ. گوێ بەم حالەتەی نادەم. چەند جارێک هەوڵ دەدەم سەری قسەی لەگەڵ بکەمەوە. بە جۆرێک حەزەرەوە دەمدوێنێ. حەزەرەکە هەتا دێ کەم و کەمتر دەبێتەوە.

من و کاروان دانیشتووین و، قسان دەکەین. باسی سیاسەت و شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەراست. برزۆ بە موبایلەکەیەوە مەشغووڵە و، دەزانم ئاگای بەتەواوی لەسەر ئێمەیە. جاروبارەیش خۆی لە قسەکانمان هەڵدەقورتێنێ. ئەو پێی وایە ئێران تازە ناڕووخێ لەبەر ئەوەی چین فرۆکەی شەڕکەری پێداوە. کاروان هەروا قونی تێدەکا و، نایدوێنێ. برزۆ جاروبارە لە کاروان دەڕوانێ.  پێکەنینێک دەمگرێ. بەس خۆم رادەگرم. کاروان بەدزییەوە چاوێکم لێ دەقرتێنێ.

دووای نیو سەعات برزۆ هاواری سەر و ملی دەکا. دەستی پیا دێنێ و، دەڵێ ئێشێ. دەڵی نەخۆشە. دەڵێ هەڵامەتی یەکێک لەنەخۆشەکان ئەویشی گرتووەتەوە.

کاروان دێ. دادەنیشینەوە و، ئەمجارە باسی سەفەرە. ئەوەیکە داخۆ هاوین دەچین بۆ کوێ. کاروان دەڵێ دوو هەفتە لەوە پێش لەسەفەر بووە و، بۆیە تەواوی هاوین دەیەوێ کار بکا. برزۆ خۆی پێ راناگیرێ و، لێمان نزیک دەکەوێتەوە. خۆی دەهاوێتە ناو قسەکانمان. کاروان هەر وا گوێی ناداتێ. برزۆ بەجۆرێک راستەخۆ کاروان دەدوێنێ. کاروان خۆی ناگرێ و، بە دەنگێکی نەوی و کەمێک گوێ نەدەرانە وەڵامی دەداتەوە. بەستەڵەکەکە شکاوە. وەک جاران دەکەونەوە گفتوگۆ. ئیتر باسی باشوور و رۆژهەڵات لە گۆڕێ‌دا نەماوە.

ئەو چەن کاتژمێرەی ماوە، برزۆ کەیفی قنج‌ترە. لە دەرەوە بارانێکی خۆش دەبارێ. من کە لەگەڵ یەکێک لەنەخۆشەکان لە پیاسە بووم، بەتەڕ و تڵیسی دەگەڕێمەوە. دەمەوێ جووتێک گۆرەویی وشک لە یەکێک لە نەخۆشەکان بە قەرز وەربگرم. برزۆ ناهێڵێ. بەهەمان دەنگی هەمیشە بەرزی دەڵێ پیسن و نابێ لەپێیان بکەم. بۆیە دەچێ و لە ناو ماشینەکەی جووتێک گۆرەوەی خاوێنم بۆ دێنێ. دەڵێ جوان جوان شۆردوومن و بێ خەم لەپێیان بکەم. منیش وادەکەم.

بیست خولەکێکی ماوە کاری ئەو تەواو بێ. دانیشتووە و سەیری موبایلەکەی دەکا. دستێک بە ملی‌دا دێنێتەوە و بە بێ ئەوەی سەر هەڵبێنێ، دەڵێ بەخوا نەخۆش کەتووم.

دەڵێم: لەبەر ئەوەی نەخۆشمان نەخەی دەتوانی بیست دەقیقە زووتر بڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە!

خێرا رادەبێ. چاوەکانی میهرەبانن. جانتاکەی کۆدەکاتەوە. لە کاتی خواحافیزی کە دەگاتە تەنیشتم، دەست دەکا بە جانتاکەی‌دا سێوێکی سەوز دەردێنێ و، دەمداتێ. دەڵێ ئەمە بۆ تۆ باشە، خواردنی بەسوود و تەندرووستە!

بە بزەیەکەوە لێی وەردەگرم و، ئەویش بە بزەیەکەوە ماڵئاوایی لە جەماعەت دەکا و دەروا.

کاروان سەرێک با دەدا و دەڵێ:

ـ بەخوا برا شێتێکی تەواوە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *