پرسیار
پرسیار
پێش ئەوەی بگەمە سەر چوارڕێیانەکە، دەمزانی هەر رێگایەی بەرەو کوێ دەچێ. ئیستا کە گەیشتووم، نازانم، لەبیرم نەماوە! تەنانەت تابلۆکانیش پێم ناڵێن. وەک بڵێی لەگەڵ ئەوەی ناوەکان لە شوێنی خۆیان ماون، بەڵام کەسێک سڕیونی،… بۆم ناخوێندرێنەوە،… یان رەنگە دەخوێندرێنەوە بەڵام مل نادەنە خوێندنەوە!

رادەوەستم. یەعنی دەبێ راوەستم! لەگەڵ ئەوەی چوار رێگا لەبەر دەممدایە، لەگەڵ ئەوەی چوار دەرفەت هەیە بۆ بەردەوام بوون، بەڵام نەبوونی زانیاری دڕدۆنگم دەکا. تێدەگەم کە بەردەوام زانیاری بەشێکی گرینگی رێگایە، بگرە گرینگترینی.
دەبێ هۆکارێک هەبێ بۆ لەبیربردنەوە، یاخود بۆ خۆ بەدەستەوە نەدانی وشەکان. چاو دەگێڕم. بەڵکو کەسێک هەبێ بۆ پرسیار لێکردن. تێدەگەم تەنیا خۆم لێرەم. لێرەی چوارڕێیانی مانەوە و تێڕامان.
ئەوەندەی بۆم شی دەکرێتەوە، رێگایەک بەرەو راست و رێگایەک بەرەو چەپ و یەکی تر راستەوڕێ و چوارەمینیش هەمان رێگا کە پیایا هاتووم: رێگای بەرەو دوواوە. تێدەگەم من لە رابردووەوە دێم. ئەمە کەمێک دڵخۆشم دەکا. کەواتە من خاوەن مێژووم.
مێژوو پێم دەڵێ شتێک هەیە بەناوی کات و بەناوی رووداو. کەواتە گەر من کەمێک دیان بەخۆمدا بگرم و، لێرە لەسەر ئەم چوارڕێیانە بمێنمەوە، تێپەڕینی زەمەن دەبێتە هۆکاری رووداوێک، ئەوسا کەسێک تێدەپەڕێ و من دەتوانم لێی بپرسم.
دەمێنمەوە.
مانەوە و چاوەڕوانی لەناو بێدەنگی و نەبوونی رووداودا، چەند قورسە! بۆ ئەوەی ئاسانتر تێپەڕێ، هەوڵ دەدەم یان لەو سەری رێگاکان بڕوانم، یاخود خۆم بە بیرەوەرییەکانەوە سەرقاڵ بکەم. کاتەکانم تەژی دەبن لە تێکەڵێک لە لەوسەری رێگاکان و لە بیرەوەرییەکانم. جاری وایە وەها لێک دەئاڵێن و لێم تێکەڵ دەبن کە لێکیان ناکەمەوە. هەڵبەت بۆیشم گرینگ نین. گرینگ ئەوەیە من لێرە بتوانم ئەوەندە خۆ بگرم تا کەسێک تێدەپەڕێ و، هەتا رووداوێک روو دەدا.
سەرئەنجام باڵندەیەک دەگوزەرێ. سووڕێک دەخوا و، بە رێگاکەی… ئاە راستی کامەیان؟ راست، چەپ، راستەوخۆ و یاخود ئەوەی وا من پیایا هاتم!؟… سووڕێک دەخوا و، بەناو یەکیاندا لە شەققەی باڵ دەدا و ون دەبێ. بەخۆم دەڵێم بەس نەبوو لێم نەپرسی! دێتەوە بیرم باڵندە تەنیا دەفڕێ بە بێ ئەوەی بتوانێ یەک تاقە وشە چییە لەگەڵ مرۆڤ بدوێ.
ئەوسا کالسکەیەک بە ئەسپێکی شێی تەمەن بە ساڵا چووەوە، تێدەپەڕێ. بە جووتێک ئاشق و مەعشووقی بێ روخسار. بەو پێکەنینانەوە بەردەوام دێنە گوێ. بەو نیگایانەوە بەردەوام بارانی وردیلە ـ تیشک لە خۆیان جێ دێڵن. کالسکەکە، ئەسپەکە یاخود گیرۆدەکانی دڵ و سەوداسەری، خۆ بەیەکێک لە رێگاکاندا دەکەن و ئەوانیش ون دەبن. بە خۆم دەڵێم باش بوو نەمپرسی. دێتەوە بیرم دەم پێویستییەکی سەرەکیی گفتوگۆیە، ئەویش گفتوگۆیەک کە دەتوانێ چارەنووسێک ساخ بکاتەوە.
دووا دیمەن پشیلەیەکی سرکە. وەک من ئەویش لەسەر چوارڕێیانەکە بۆ ماوەیەک دڕدۆنگ دەمێنێتەوە. وەک بڵێی مشکێکی نادیار لەدەستی هەڵاتووە و، ئیستا ئەو ماوەتەوە کە داخۆ بەکامە رێگادا رۆیشتووە. پشیلەکە ئەوەندە سەرقاڵە وەک بڵێی من هەر نەبم. پاش ماوەیەک مڵ و مۆ خۆ بە یەکێک لە رێگاکاندا دەکا.
ئیتر هیچ روونادا. ئێوارە دادێ. دونیا بەرەبەرە تاریک هەڵدێ. دەزانم هەتاو لە شوێنێک ئاوا دەبێ. خۆشحاڵم لانیکەم زەمەن دەگوزەرێ. من کە هێشتا لەنێوان رێگاکاندا ماومەتەوە، دیسان لێیان دەڕوانمەوە. بەڵام نا! من چ کارێکی هەڵەم کرد کە بەتەمای پرسیار لەکەسێک لێرە لەسەر ئەم چوارڕێیانە مامەوە. من دەبا تێپەڕم.
لەکاتێکدا بوومەڵێڵ ئارام ئارام ئەو سەری رێگاکان لەخۆیدا دەشارێتەوە، لەکاتێکدا تەنیا سەرەتای رێگاکان خۆیان لە نیگاکانمدا دەخەمڵێنن بەخۆم دەڵێم باشترە بڕۆی،… بڕۆ بە بێ هیچ هەڵبژاردنێک و پرسیارێک!
وەڕێ دەکەوم. ئەگەرچی نازانم بە کامەیاندا دەڕۆم، بەڵام هیچ جیاوازییەک لەگەڵ ئەوەی پێشوو شک نابەم. رەنگە هەمان بێ و، رەنگە نا. گرینگ نیە. بەهەرحاڵ رۆیشتن باشترە لە مانەوە.
لەکاتێکدا هەنگاوەکان وەک هەمیشە لەگەڵ خۆیان دەمبەن، بیر لە باڵندەکە، لە ئاشقەکان و لە پشیلەکە دەکەمەوە. دێتەوە بیرم هەموویان بەیەک رێگادا رۆیشتن.
دێتەوە بیرم هەموومان بە یەک رێگادا دەڕۆیشتین!
فەڕۆخ نێعمەتپوور





دیدگاهتان را بنویسید