زاراوەی تایلەندی
زاراوەی تایلەندی
لەدووای نەشتەرگەرییەکی تا رادەیەک قورس کە پەیوەندیی بە قۆلمەوە هەبوو، بە ئاگا هاتمەوە. وەک بڵێی گوێم لە قیژ و قاوێکی زۆر بوو. کەسێک دەیقیژاند و، ئەوەی بە دەمیدا دەهات، دەیگوت. پێم وابێ چەند کەسێکی تر هەوڵیان دەدا ئارامی بکەنەوە. لەبیرم نایەت چی دەگوت. تەنیا هەندێ وشەی وەک درۆزن، خایین، وازهێنان و شتی لەم بابەتە دەهاتنە گوێم. دەنگی قیژە و هات و هاوارەکە وەها بوو، تا رادەیەکی زۆر وشە و رستەکانی پێ لەبیر دەبردمەوە. سەرم ئەوەندە قورس بوو و، پێڵوی چاوەکانیشم ئەوەندە نەوی و بێ مەیل بۆ خۆهەڵکشانن کە وازم لە هەموو چیرۆکەکە هێنا. دیسان لە دونیای خۆمدا نوقم بوومەوە.
ئەمجارەیان کاتێک تەواو هەستم کرد دیسان گەڕاومەتەوە ناو ژیانی راستەقینە و هەستەکانم دەیانتوانی بە جوانی شتەکانی دەوروبەر لێک بکەنەوە، بینیم دەورم تەواو چۆڵە و کەسی لێ نیە! پەرستارێکی سپیپۆش بە بزەیەکی شیرینەوە هاتە لام، گوتی پێم وابێ برسی و تینووتە وانیە! گوتی ئیستا دەچـم کەمێک خواردنت بۆ دەهێنم. پاشان پرسی حەزت بە ئاوە، یان ئاومیوە. گوتم ئاومیوە. گوتم با سێو بێ.
من ئەوەتەی لەبیرم دێ، حەزم بە سێو بووە.
هەتا دەهات وەزعم باشتر دەبوو. وشیارییم تەواو گەرابووەوە. کاتێک پەرستارەکە هاتەوە گوتم راستی هەستم کرد دەورم کەمێک قەرەباڵغ بوو، وەک بڵێی کەسێک دەیقیڕاند، ئەوە چی بوو؟ لەژێر چاوەوە خێرا نیگایەکی ئاراستە کردم. گوتی هیچ نەبوو. لە قسەکانیدا جۆرێک لە نادڵنیایی و نائارامیم هەست پێدەکرد. کتوپڕ بیرم کردەوە ئەرێ ئەوە بۆ هاوسەرەکەم لێرە نیە. ویستم بپرسم، بەڵام شتێک لە دەروونمەوە پێی گوتم وازی لێ بێنە! منیش وازم لێهێنا.
ئەوەندەی پێنەچوو دکتۆر هات. پاش پشکنینێکی باش گوتی حاڵت باشە و، دەتنێرمەوە ماڵەوە. گوتی بەڵام دەبێ ئەم داو و دەرمانانە بکڕی و بیانخۆی. نوسخەیەکی دامێ. پەرستارێک بەرەو بەشی دەرمانخانەکە بردمی. دەرمانەکانم کڕی و، پاشان سوار تەکسییەک بووم و بەرەو ماڵەوە گەڕامەوە. بەخەبەر هاتنەوە لەدووای بێهۆشی یەکجار جیاوازترە لەبەئاگا هاتن لە دووای خەو. دەڵێی سەرلەنوێ لەدایک دەبیتەوە، بەڵام بە گەورەیی. لەدایکبوونەوە، بە بێ منداڵدان.
پارەی تاکسییەکەم دا و، گەیشتمە بەر دەرگا. کاتێک لە زەنگەکەم دا، هەستم کرد ژنەکەم زۆر میهرەبانانە جوابی نەدامەوە:
ـ ئەلۆ!
ـ سڵاو، خۆمم، گەڕاومەتەوە، دەرگاکە…
هێشتا رستەکەم تەواو نەکردبوو، گووشییەکەی دانا و زرم دەرگاکە کرایەوە!
دەرگای سەریشەوە کراوە بوو، بەبێ ئەوەی بۆخۆی لەوێ چاوەڕوانی من راوەستابێ. چوومە ژوورەوە. گوێم لێ بوو خوڕەی ئاو دەهات. بێگومان لە ئاشپەزخانە خەریکی کارکردن بوو. بەخۆم گوت بێگومان خەریکی ئامادە کردنی خواردنێکی بەلەزەتە. کۆتەکەم بەسەر شانەوە بوو، دامکەند و هەڵمواسی. بەرەو مەتبەخ چووم. لەوێ بوو. پشت لەمن و سەرقاڵی کار. سڵاوم کرد. نازانم جوابی دامەوە، یان نا. بەخۆم گوت حەتمەن گوێم لێنەبووە، جارێکە هێشتا سڕم.
نیوە پەرداخێک ئاوم تێکرد و، خواردمەوە. ئەو هەروا خەریک بوو. سەری هەڵنەدەبڕی. وەک بڵێی بە ئەنقەست خۆی لەمن دەبوێرێ. بەخۆم گوت لێی گەڕێم باشترە! هاتە بیرم ئەو زۆر جار وەها بوو. ناڵێم تاوانی ئەو بوو. نا، ئەو وەها بوو، ئەمە خوو و خەدەی بوو، بەتایبەت کاتێک لەشتێک تووڕە بایە.
تووڕە! بەم وشەیە کەمێک داچڵەکام. بەخۆم گوت ئا تووڕەیە. پەلەم نەکرد. ئارام بەرەو ژووری دانیشتنەکە رۆیشتم. بەهێواشی دانیشتم. ویستم تەلەفزیۆنەکە هەڵکەم، پەشیمان بوومەوە. کۆنتڕۆڵەکە لەبەر دەستدا نەبوو. تاقەتم نەبوو لێی پرسم. لەبەر خۆمەوە گوتم ئەوەندە نابا وەک هەمیشە هەموو شتێک ئاشکرا دەبێ! دەمزانی پشوو درێژ نیە و، ئەوەی لەدڵیدایە خێرا دەریدەبڕێ. بەڵام،… بەڵام راستی چە باس بوو… بۆ وا گرژ و مۆن بوو؟ بۆ وا لە خەستەخانە جێی هێشتم. هەرچیم کرد هیچم نەدەهاتەوە بیر. من کە دوێنێ لە بیمارستان بووم. ئەویشم لەگەڵ بوو. بەیانییەکەی زوو پێکەوە رۆیشتبووین. تا ژووری نەشتەگەرییەکەیش بەڕێی کردم. پێی دەگوتم هیچ نیە، دکتۆر گوتوویەتی زوو تەواو دەبێ. یەعنی قسەکانی خۆمی بۆ خۆم دەگەڕانەوە. وەک بڵێی زیاتر دڵنەوایی خۆی دەداتەوە تا من. ئا، کاتێک چوومە ژوورەکەیش دۆخی نێوانمان زۆر ئاسایی بوو. یەعنی یەکێک لە رۆژە دەگمەنەکانی خۆشیی نێوانمان بوو. بەخۆم گوتبوو بیمارستان هەرچەند ترسناکە، بەڵام باشەی خۆیشی هەیە! دوێنێ ئەو پڕ بوو لە خۆشەویستی و لە رێز. وەک بڵێی ترسابوو لەوەی من لەناو ژووری نەشتەرگەرییەکە لەبەر دەست دکتۆرەکاندا شتێکم لێ بەسەر بێ. تەنانەت بەنیگایش هەتا ژووری ژوورەوە خەمینانە و بەپەرۆشەوە بەڕێی کردبووم.
لەئاشپەزخانە دەنگی تەقەتەقێکی سەیر بەرز دەبێتەوە. ئەمەیش عادەتی جارانییەتی، کاتێک تووڕە دەبوو. حەتمەن شتێکیشی دەشکان. لەناکاو دەنگی شریخەی شکانی دەورییەک بەرز دەبێتەوە. بزەیەکم دێتێ. بەخۆم دەڵێم باشە چی بووە؟
بیر لە شەو و رۆژی پێش عەمەلەکە دەکەمەوە. دیسان هیچی وام نەبینییەوە نیشانەی شەڕ و ئاژاوە یاخود دڵ ئێشان بێ. ئەی خوایە ئەوە بۆ وایە،… چ قەوماوە!؟
تەواو پاڵ کەوتم. لە سەقفەکەم رووانی. نەدەبا پەلە بکەم. هاتەوە بیرم رۆژی پێش نەشتەرگەرییەکە، من وەک هەمیشە لەکار بووم و ئەویش لەکار. ئێوارەکەی پێکەوە نانمان خواردبوو. پاشان وەک هەمیشە بەدیار تەلەفزیۆن، موبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆمان سەرقاڵ کردبوو. یەک دوو تەلەفۆنێکیشمان بۆ هاتبوو. ئەویش پێم وابێ لەگەڵ هاوڕێیەکی قسەی کردبوو. ئەها باسی ئەوەی کە رێنتەی بانک کەمێک دێننە خوارەوە. نا، هیچی وا نەقەومابوو. لام کردەوە و لەدەرگای ئاشپەزخانەکەم رووانییەوە. نا، دەبا چاوەروان بم. با لەخۆوە چیلکە لە هێلانە زەردەواڵە وەرنەدەم.
پێم وابێ خەوم لێکەوتبوو. کاتێک بەئاگا هاتمەوە، ژوورەکە کەمێک تاریک هەڵگەڕابوو. ئێوارە بوو. کاتێک چاوم هەڵێنا دەستبەجێ ئەوم بینی لەوسەری مۆبلەکە دانیشتبوو. هەروا گرژ و مۆن بەبێ ئەوەی تەلەفزیۆن و گڵۆپی ژوورەکەی هەڵکردبێ. هەستێکی خۆش رووی تێکردم. بیری سەردەمی منداڵیم کردەوە. ئێوارەیان کاتێک ناو ماڵ وەها حاڵ و هەوایەک دایدەگرت. زۆر خێرا خۆشییەکە بوو بە دڵتەنگییەکی سەیر! هەناسەم سوار بوو. وەک بڵێی خەریکم دەمرم. بەپەلە راست بوومەوە. لەسەر مێزەکە پەرداخێک ئاو، لە ناوەراستیدا و نەک بەلای منەوە دانرابوو! پێم سەیر بوو ئاوسێو نەبوو. لەوم روانییەوە. دەستی لەژێر چەناگەیدا بوو و، گرژ لە بەردەمی خۆی دەڕوانی. ویستم شتێک بڵێم، دیسان پەشیمان بوومەوە. نا، نەدەکرا. جەوەکە ئەوەندە بەو ئێوارە نیوەتاریک و بێدەنگە قورس بوو، کە دەبا بیشکێنم. هەرچی خێراتر!
گوتم:
ـ نەشتەرگەرییەکی خۆش و ئاسان بوو، هیوادارم ئەنجامەکەیشی هەروابێ.
وەڵام نەبوو!
گوتم:
ـ هەفتەیەکیش ئیستراحەتیان پێداوم، ناچمەوە سەرکار. بڕێ کاری لاوەکیم هەیە دەبێ بیانکەم، دەرفەتی چاکە.
وەڵام نەبوو!
ویستم بڵێم بۆ لەوێ نەماوەتەوە و، چاوەڕوانم نەبووە. بەڵام نەمگوت. نا، نابێ قسەیەک بکەم بۆنی گلەیی و گازندەی لێوە بێ.
گوتم:
ـ بێهۆشیش خۆشە، بۆخۆی دونیایەکە، بەڕاستی دەڵێی لەدایک دەبیتەوە… تازە خراپتر دەڵێی لەدونیای مردووان دەگەڕێیتەوە، هەستێکی زۆر سەیرە،… زۆر لەگەڵ خەو جیاوازە.
دیسان بێدەنگی.
ـ بەڕاستی ئەو پەرەستارانە زۆر میهرەبانن، نازانی…
لێرەدا دەنگی هەڵبڕی و، تەقییەوە! نەڕاندی:
ـ هەر ئەوەمان مابوو بە لەهجەی تایلەندی قسە بکەی! ئاغا ئابڕو و حەیای بردین، تۆی بێشەرم هیچت بە ئێمەوە نەهێشت. باشە خەریکی چیت، هەر دەمزانی شتێک هەیە…

من کە واقم وڕمابوو،بەپەلە گوتم:
ـ لەهجەی تایلەندی!… کێ؟… من؟
ـ ئەی کێ دەڵێم، هەر جەنابی دەنگێتە!
ئەمەی گوت دایە و پڕمەی گریان.
گوتم:
ـ من بە تایلەندی قسەبکەم، کچێ ئەوە گاڵتەم لەگەڵ دەکەی!؟
بەدەم گریانەوە، هاواری کرد:
ـ گاڵتەی چی و شتی چی، هەر هەموو ئەوانەی لەوێ بوون ئاگایان لێ بوو.
ـ جا من باوکم تایلەندی بووە، دایکم تایلەندی بووە تا بتوانم بە تایلەندی قسە بکەم، ئەم قسانە چییە دەیانکەی؟
ـ لەخۆت پرسە نەک من، تۆ بە تایلەندی نا بە لەهجەی تایلەندی قسەت دەکرد، کوردی و نۆروێژیت تێکەڵ کردبوو و بە لەهجەی تایلەندی دەدوای…
کەوتمەوە بیری قیژوقاوەکەی پێش لە جوان بەئاگا هاتنەوەکەم. ئەوسا زانیم چ بەزمە. گوتم:
ـ ئیستا دەزانم چە باسە،… ئیستا دەزانم بۆچی کاتێک هاتمەوە هۆش تۆ لەوێ نەبووی!
ـ جا چۆن دەتوانم بمێنمەوە، تۆ حەیا و شەرەفی ئێمەت برد، هەرچەند قەت نەتبووە. ئەمە یەکەم جارت نیە!
ـ یەکەم جار!؟ کوڕە کەی من بە تایلەندی یان بە لەهجەی تایلەندی لەوە پێش قسەم کردووە تا ئەمە دووهەم جارم بێ؟
ـ ئەی لەبیرت چووە جارێکیان لە تەلەفۆنەکەتدا پەیدام کرد بە دزییەوە زەنگت بۆ ژنە تایلەندییەکان لێدابوو، بۆ ئەوانەی ماساژیان هەیە و لەژێر ئەم ناوەدا خەریکی بەزمی دیکەن… ها لەبیرتە!؟
ـ کچێ ئەوە جیاواز بوو، ئەوە پشتم دێشا و دەمەویست وەختێک بگرم بۆ ئەوەی بچم و ماساژم بدەن، لەبیرتە چەندە بەدەست ژانی پشتمەوە هەراسان بووم، جاخۆ هەر خودی دکتۆرەکە پێشنیاری ئەوەی پێکردبووم…
ـ ئەرێ پشتت دێشا، وەی لەو پشتە، ئاخر بۆ دانەیەک تەلەفۆن بۆ دووان! تۆ بۆ هەر خەریکی درۆ و دەلەسەی!؟ تازە دکتۆر نەیگوت بچی بۆ لای ئەو چاو بچوکە زیقنانە…
ئەمانەی دەگوت، بەردەوام دەگریا و دەیقیڕاند. من کە تیایا مابوومەوە، گوتم:
ـ لەهجەی تایلەندی! ئا پێم بڵێ چۆن؟
ـ پێت بڵێم چۆن!؟ ئەمە هەر لەخۆت دەوەشێتەوە، قورومساغی شەڵوار پیسی خایین. هەر وابووی، هەمیشە وابووی، منی گەمژەیش چەندە نەزان بووم… چەندە گێل و حۆلکە بووم…
دەیگوت و، دەیگوتەوە. دەگریا و، دەگریا. بیرم کردەوە باشە یەعنی چی من کاتێک بەئاگا هاتوومەتەوە بە زاراوەی تایلەندی بە کوردی و بە نۆروێژی قسەم کردووە! من خۆ یەک وشە چییە تایلەندیم نەدەزانی.
گوتم:
ـ ژنەکە بۆ وا خۆت سەغڵەت دەکەی، ئەمە مێشکی ئینسانە و هەموو شتێکی لێ دەوەشێتەوە. ئێمە لە دونیایەکیشدا دەژین هەموو ئیل و تایفەیەکیش دەبینین، هەموو پێکەوە دەژین، خۆ وەک جاران نیە و هەر کەسەی لە وڵاتی خۆی بێ، ئیتر مێشک هەڵیدەگرێتەوە و ئاوەهای لێ دێ!
ـ مێشک هەڵیدەگرێتەوە و، ئاوەهای لێدێ!!؟ ئەی بۆ هی کەسی تر وەهای لێ نایەت، ها، تەنیا تۆ نەبێ!؟
ـ کچێ ژنەکە جا کوا ئێمە ئاگامان لەوانی ترە، خۆ ئێمە لەگەڵ ئەو خەڵکە ناژین. بەخوا هەیە بە لەهجەی بەڕازیلی و ژاپۆنی و بگرە سۆمالیاییش قسە دەکا، زەمانە گۆڕاوە…
لێرەدا وەهای قیژاند لەوانە بوو گوێم کەڕ بێ. گوتی:
ـ ئەمە ناخوا، من هەر ئیستا وەزعی خۆم لەگەڵ تۆ رۆشن دەکەمەوە، یان دانی پیا دەنێی، یان هەر ئیستا دەڕۆم و بۆ هەمیشە جێت دێڵم!
گوتم:
ـ رەنگە… رەنگە بەجۆرێک رەگ و ریشەم بچێتەوە سەر تایلەندییەکان، یان،… یان رەنگە کاتی خۆی لەسەر کار هاوڕێی تایلەندیم هەبووبێ و لەوێوە وەرمگرتبێ! یان…
ـ دیسان دەتەوێ کەرم کەیتەوە! ها… پێت وایە ئیتر دەتوانی. رۆیشت، هەموو شتێک رۆیشت، ئەو دەورانە تەواو بوو. بەو خوایە دەبێ بتکەم بە پەندی زەمانە!
ئەمەی گوت، رەپ هەستایە سەرپێ و بەرەو ئاشپەزخانەکە رۆیشت. من هەر بیرم دەکردەوە. ویستم بیهێنمەوە بەرچاوی خۆم کە چۆن چۆنی کەسێک دەتوانێ بە لەهجەی تایلەندی بە کوردی و نۆروێژی قسە بکا. کەمێک دەمم بۆ جوڵاند، بەڵام پێم نەکرا. دەمزانی تایلەندییەکان لەقوڕگدا قسە دەکەن. وشە و دەنگەکان کەمتر زمان و لێویان دەپێکن. بۆیە دەمم تەواو بۆ کردەوە و، چەند وشەیەکەم لەبەر خۆمەوە گوتەوە… نا نەدەکرا، چەند دژوار بوو. هەر لەوێوە قیڕاندم:
ـ دڵنیای هەڵە نیت، دڵنیای جوان گوێت لێ بووە!
وەڵام نەبوو.
گوێم لە تەقە و تۆق بوو. لەنەکاو لە ژووری خەوەکە هاتە دەر، جانتایەک بەدەستیەوە، لەکاتێکدا دەیبۆڵاند و قسەی ناشیرینی دەکرد، لە خانووەکە چووە دەر.
ژوورەکە تەواو تاریک هەڵگەڕابوو. من بە برینپێچی سەر قۆڵمەوە لەسەر قەنەفەکە دانیشتبووم و لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم دەڕوانی. هەوڵم دەدا هۆکاری بە زاراوەی تایلەندی قسەکردنەکەم بدۆزمەوە. لەکاتێکدا ژانێک گەڕابووەوە قۆلم و کەمێک بێتاقەتی دەکردم، هەر چیم کرد، نەمتوانی. یەعنی ئەقڵ پێی دەگوتم تۆی کوردی نۆروێژنشین و تایلەندی رۆژهەڵاتی گۆی زەوی کوجا مەرحەبا!
بەڵام نا، شتێک هەر دەبێ هەبێ. نیگای پەرەستارەکەم هاتەوە بیر. ئا، راستە، من بە تایلەندی دووابووم.
هەفتەیەک تێپەڕی. برینەکەم باشتر ببوو و، من هێشتا هۆکاری بە تایلەندی قسەکردنەکەم نەدۆزیبووەوە. لەگەڵ هەندێ دۆست و هاوڕێیش قسەم کردبوو. پێدەکەنین و دەیانگوت وادیارە توانای فێربوونی زمانت زۆر لەسەرەوەیە.
ئێوارەیەک نامەیەکم لە هاوسەرەکەمەوە پێ گەیشت. هەموو شتێک تەواو ببوو. ئەو ئیتر قەت نەدەگەڕایەوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور





دیدگاهتان را بنویسید