فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

غوسڵ

کات 24/04/1403 173 بازدید

غوسڵ

ئەو ساڵانە، شەوانی هەینی جووتبوون لەگەڵ ژنی خۆ باو بوو. نەک ئەوەیکە کاتی تر نەکرێ،… نا، مەسەلەکە ئەوە بوو کە خوا شەوی جومعەی تایبەت بۆ ئەم کارە دانابوو. مەلای مزگەوتی گەڕەک گەلێک جار لەسەر خێری ئیلاهیی ئەم جووتبوونە لەو شەوە پیرۆزەدا لە خوتبەکانیدا قسەی کردبوو. پێی لەسەر ئەوە داگرتبوو کە ئەمە لای خوا چەندە بەبەرەکەتە و، چۆن چۆنی پەروەردگاری مەزن وەک کردەیەکی یەکجار پیرۆز لێی دەڕوانێ. گوتبووی حەق تەعالا تەنانەت جەزای بەخێری تایبەتیشی بۆ شەوێکی وەها داناوە. ئەگەر رۆژی حەوتەم رۆژی پشووی خوایە لە پلانی خڵقەتدا، بێهۆ نیە کە شەوی ئەم رۆژەیشی بۆ جووتبوون دانابوو. کاتێک خوا خەریکی حەسانەوە بوو، بەشەری لە ئەزەلەوە گوناهکار دەیتوانی تاوانبارترین کردەی خۆی کە بە ئەمری خوا بەردەوامیی ژیانی لێ دەکەوتەوە، لە خەفادا ئەنجام بدا. بەم شێوەیە هەم خوا راحەت‌تر بوو و، هەمیش مرۆڤ بێ پەرواتر.

بۆیە هەموو کەس دەیزانی کاتێک شەوی هەینی دەهات، پیاوی گەڕەک و بگرە هەموو شار خەریکی ئەمە بوون. خوای گەورە لە کتێبی پیرۆز، قورئاندا فەرمووبووی ژنەکانتان وەک کێڵگەتانە و هەر جۆرێک دەتوانن بیانکێڵن! بۆیە شەوانی جومعە کاتی کێڵان بوو. مێردی وەرزێڕ، خەریکی کێڵانی ژنی کێڵگە بوو.

رەحمانی خاپیرۆز کە پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵەی هەژاری گەڕەک بوو، ئەمەی دەزانی. بۆیە وەک هەموو پیاوانی گەڕەک بۆ ئەوەی لەم خێرە تایبەتەی خوا بێ‌بەری نەبێ، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدا جێبەجێی بکا.

 بەڵام گرفتێک لە ئارادا بوو. رەحمان کە هەژار و لاواز و داماو بوو و، بە هۆی حەماڵییەوە هەمیشە هەستی بە ماندوویی و داهێزراوی دەکرد، خۆی لە خۆیدا بە هۆی هەڵکشانی تەمەنەوە زۆر وەزعی باش نەبوو کە بەڵایەکی تریشی بەسەردا هاتبوو. ‘حەبێ’ی ژنی بەتووش نەخۆشی ‘سیل’ەوە ببوو. ئەم نەخۆشییە بڕستی لێ بڕیبوو. حەبێی بەخۆ و بەگوڕ و هەمیشە چالاکی وەها تێکقوپاندبوو، نەبێتەوە. لە هەمووی خراپتر کۆکەی شەوانەی بوو کە وەک شەپڵە هەموو ئازای ئەندامی دەهێنایە لەرزە. کە کۆکەکە دەهات زۆر بەزەحمەت بەری دەدا و، دەبا تا ماوەیەکی باش پێیەوە بتلێتەوە. بۆیە رەحمان لەمێژ بوو لە خێری شەوی جومعە گوزەرابوو. وەها کە هەر بیریشی لێ نەدەکردەوە.

لەم دوواییانەیش‌دا حەمامێکی گشتی، کە دەمێک بوو هەواڵەکەی هەبوو و خەریکی سازکردنی بوون، لە گەڕەکەکەیان لە تەنیشت مزگەوتەکە چێکرابوو. زۆر لە پیاوانی گەڕەک، بوخچە لە بن هەنگڵ رۆژی هەینی بەیانی زوو دەچوون و لەوێ خۆیان دەشۆرد. حەمامەکە ببووە شوێنی خۆدەرخستنی ئەو پیاوانەی وا دەست رۆیشتوو بوون. ئەو پیاوانەی وا زیاتر لەهەر کەسێکی تر دەیانویست بیسەلمێنن کە خێر و بەرەکەتی شەوی هەینی تەنیا ئەوان دەگرێتەوە. رەحمانیش وەک زۆربەی پیاوانی تری گەڕەک بە دروستبوونی حەمامەکە، بە بێ ئەوەی ئاگای لەم بەزمە بێ، بەیانیی جومعە زوو لە خەو هەڵدەستا و دەچوو بۆ حەمام. ئەگەرچی ساڵانی ساڵ بوو لە نیعمەتی شەوی هەینی بێ بەری ببوو و، وەک پیاوانی دیکەی گەڕەک بۆی نەدەلوا؛ بەڵام چ باک! هەر ئەوەندەی ‘حەبێ’ی بۆ مابوو و هەستی بە بوونی لە ماڵەکەیدا دەکرد بۆ ئەو هەموو شتێک بوو.

بەڵام دووای یەک دوو جار سەردانی حەمامی گشتی، شتێک روویدا کە تەواو رەحمانی خاپیرۆزی بەتووش بەزمەوە کرد. راستییەکەی ئەوە بوو زۆربەی ئەو خەڵکەی رۆژانی جومعە روویان دەکردە حەمامەکە، دووکاندار و حاجی و بە گشتی پیاوە ماقووڵەکانی شارەکە بوون. زۆرینەی ئەو کەسانە، بەپێچەوانەی کەسی وەک ئەو، قەڵەو بوون و ورگیان لێ شۆڕ کردبووەوە. غەبغەبەی شۆڕی ژێر ملیان تا نیوەی گەردنیان دەهات. ئەوانە لە لایەن حەمامچییەکەیشەوە خزمەتی تایبەت دەکران. فۆتە و خاولیان بۆ دەبرا، چاییان بۆ دەهات و بە گشتی لەوێیش وەک شا دەیانگوزەران. هەمیشەیش دەستخۆشانەی باشیان بە کابرای حەمامچی دەدا، کارێک کە لەدەستی رەحمان نەدەهات.

دەبێ بڵێم کیشەکە ئەمە نەبوو وا دەمانویست باسی لێ‌بکەین. نا. بەزمەکە شتێکی تر بوو. هێشتا چەند جارێک بەسەر رۆیشتنی رەحمان بۆ حەمام تێنەپەڕیبوو کە دەستبەجێ سەرنجی چووە سەر جۆری نیگای حاجی برایمی بەزاز کە هەم خاوەن بەزازییەکی باش لە ناوەندی شار بوو و، هەم وەک دەیانگوت خەریکی قاچاخچییەتیش بوو. دیارە نەک ‘وەک دەیانگوت’، بەڵکو رەحمان بەهۆی کاری حەماڵییەکەیەوە، کە هەمیشە لە ناو بازاڕ کەوتبوو، تەواو لە قاچاخچی بوونی حاجی دڵنیا بوو. تەنانەت دەیشیزانی کە حاجی براییم جاری وایە سەردانی سلێمانی دەکا و بۆ ماوەیەکی چاک ون دەبوو. رەحمان بۆ خۆی بە دەیان و بگرە بە سەدان جار کەل و پەلی بۆ حاجی راگواستبوو. هەڵبەت نەک کەل و پەلی قاچاخ، بەڵکو شتی تر. حاجی یەکێک لە دەست رۆیشتووەکانی شار بوو. پیاوێکی خۆ بەزل زان و قسە تڕن کە زۆر کەس بەخیلییان بە سەروەت و سامانی دەبرد.

حاجی کە رەحمانی باش دەناسی، کاتێک یەکەم جار لە حەمام بەتووشییەوە بوو وەها بە نیگایەکی پڕ لە سووکایەتی و بەکەم گرتنەوە لێی رووانی کە رەحمان دەستبەجێ دەست و پێی خۆی ون کرد. ئەو لێڕوانینەی حاجی چەند جاری تریش کاتێک دەچووەوە بۆ هەمان حەمام، دووپات بووەوە. هەستی تاوانێکی سەیر لە رەحمان‌دا چەکەرەی کرد. وەک بڵێی هەڵەیەکی سەیری کردبێ و، رووی لە شوێنێ کردبێ کە لە راستیدا شوێنی ئەو نیە و بەزۆر خۆی تێ تەپاندبێ! رەحمانی بەستەزمان ئەو رۆژە وەها سەری لێ شێوابوو کە لە جیاتی ئەوەی دەرپێ کورتەکەی لەپێ بکا و، ئەوجا خاولییەکە لە خۆی بکاتەوە، سەرەتا خاولییەکەی لە خۆی کردبووەوە! حاجی بەدەم نیگایەکی پڕ لە سووکایەتی و بەکەم گرتنەوە، وەها سەری لێ بادابوو کە رەحمان لەوانە بوو لە شەرمانا ببێ بە قەترەیەک ئاو و بچێتە ناو زەوییەوە.

بەڵام بەڕاستی حاجی برایمی بەزاز بۆ ئاوەها و بەم شێوەیە لەوی دەڕوانی!؟ رەحمان بە دەم رێگاوە و بگرە لە ماڵیشەوە زۆری بیر لێ کردبووەوە. تەنانەت کاتێکیش پەستەکی حەماڵییەکەی بەکۆڵەوە دەکرد و، شمەکی بەم لاولادا دەبرد، کاتێک جادە و کۆڵان قووتیان دەدا و لە ژێر باری گرانی راگواستنی شمەک‌دا هەنکەی دەهات، دیسان خەیاڵەکە وازی لێنەدەهێنا.

سەرەتا وای لێکدایەوە کە حەمام شوێنی کەسی وەک ئەو نیە و، ئەو دەبێ وەک جاران لە ماڵەوە خۆی بشوا، لەناو هەمان تەشت و لە هەمان ژێرخانی هەمیشەیی‌دا، کاتێک تیشکی رۆژ لە رۆچنەکەوە خۆی بە ژوورەوەدا دەکرد. رێک وەک ژن و منداڵەکەی. نا، حەمام شوێنی پیاوی فەقیری وەک ئەو نەبوو. بەڵام بە بینینی کەسی دیکەی وەک خۆی کە روویان لە حەمامەکە دەکرد، زانی لە هەڵەدایە. راستییەکەی حاجی تەنیا لەوی دەڕوانی، تەنیا بۆ رەحمان نیگای پڕ دەبوو لە سووکایەتی و بەکەم گرتن، بزەی لێوی تەنیا بۆ ئەو دەبوو بە خەنجەر و بە جەرگی‌دا دەچووە خوار. حاجی بۆ کەسی تر وەها نەبوو.

رۆژێکیان رەحمان کاتێک لە ناو بازاڕ بە شوێن مشتەریدا دەخولایەوە، بەهەڵکەوت بە بەردەم دووکانی بەزازییەکەی حاجی‌دا تێدەپەڕی کە کتوپڕ حاجی هاواری لێکرد: “ئادەی هەتیو ئا وەرە!” رەحمان چووە ژوور. لەناو دووکانەکە ژنێکی چارشێو بەسەری جوان و خڕ و پڕی بینی بە مەچەکی پڕ لە بازنەی زێر و دوو کوڵمی گۆشتن و سپییەوە. رەحمان لەوە پێش ژنی حاجی بینیبوو، بەڵام نەک ئاوەها لە پێشەوە. ژنی حاجی بەڕاستی جوان بوو. لەگەڵ ئەوەی کەمێک لەتەمەندا بوو، بەڵام هێشتا لەگەڵ سەد کچی جحێڵ ململانێی دەکرد! حاجی برایم دەنگی دابوو کە: “ئەو کارتۆنەی وا لە پشت درگای دووکانەکە داندراوە، ببەوە بۆ ماڵەوە.” گوتبووی “سەماوەرە، سەماوەری رووسی. لێت بکەوێتە خوار چاوت دەردێنم! دەی یاڵڵا!” رەحمان دەستی دابوویە و، رۆیشتبوو. حاجی گوتبووی منداڵ لە ماڵەوەن و، درگات لێدەکەنەوە. حاجی پارەکەی بۆ فڕێدابووە سەر مێزەکەی بەردەمی.

رەحمان بەدەم رێگاوە بیری لە ژنەکەی خۆی کردەوە. خاتوون لەخۆی پەرپووت‌تر بوو. رەحمان قەت لە ژیانیدا نە گلەیی لە ژنەکەی هەبوو و نە قەتیش بە کەمی گرتبوو، بگرە یەکجار زۆریش خۆشی دەویست. هاودەمی رۆژە خۆش و ناخۆشەکانی ژیانی بوو. خاتوون قەت لە رەحمان هەڵنەبەزیبووەوە. ئافرەتێکی مەزڵووم کە تۆزقاڵێک چییە لە رەوتی کاروبار و ژیانی رۆژانەی لای نەدەدا. رەحمان کاتی خۆی لە گوند هێنابووی. ژنە بە ژنەی پێکرابوو. رەحمان روخساری خاتوونی هاتەوە بەرچاو کە وەک بەفری پار دەتوایەوە و، هەتا دەهات زیاتر و زیاتر وشک و رەق هەڵدەگەڕا.

کارتۆنەکەی لە شانی راستەوە بۆ چەپ گواستەوە. بە خۆی گوت ئیستا دەزانم بۆچی بەو جۆرە لێم دەڕوانێ…. ئیستا دەزانم!

رەحمان جومعەی داهاتوو نەچووەوە بۆ حەمام. لە ماڵەوە خۆی شۆرد. بەڵام هەینی دووایی خۆی پێ رانەگیرا و، رێگای حەمامی گشتی گرتەوە بەر. حەمام گەرم و خۆش بوو. نەدەکرا خۆی لێ گێل کا. لەوێ جەستەی دەحەسایەوە. ئازای ئەندامی ئۆقرەیان دەگرت. هەڵمەکەی خاوی دەکردەوە و، لە ژێر دووشەکەیشدا بەو ئاوە گەرمە هەرچی ئازار بوو لە لەشی دەچووە دەر! نا، نەدەکرا. بوخچە لە بن هەنگڵ رووی تێکردەوە.

ئەو هەینییە دیسان حاجی برایمی بەزازی لەوێ بینییەوە. بە خۆی گوت ئەوەندە دەمێنمەوە تا دەڕواتە دەر. نیگای لە نیگای حاجی دەپاراست. وەک بڵێی هەر لەوێیش نەبێ! سەرئەنجام حاجی هاواری کرد. فۆتە هات و، لە خۆی ئاڵاند و چووە دەر. رەحمان مایەوە. چارەکێک، یان بیست خولەکی تر. بەخۆی گوت ئیستا حەتمەن رۆیشتووە. بۆ دڵنیایی زیاتر، کەمێکی تریش خۆی خافڵاند. ئەوسا خۆی ئاوکیشا و، ملی رێگای گرتە بەر. بۆ نەهامەتی بینی حاجی هێشتا لەوێیە و نەڕۆیشتووە! رێک لەو بەشەیشدایە وا ئەمی لێ بوو. کۆمێدەکانیان تەنیا دە دانەیەک لە یەک دوور بوون. رەحمان سەری لێ شێوا. هەوڵیدا وەک ناو حەمامەکە، نیگای لە نیگای حاجی ببوێرێ. بە خۆ وشک کردن و جل و بەرگ لەبەر کردن، خۆی خافڵاند. لە ژێر چاوەوە ئاگای لێبوو کە حاجی بە دوو خاولییەکەیەوە وەک ئەوەی لە دووکانەکەیدا بێ، چەند راحەت و لەخۆبایی دانیشتبوو و چایی هەڵدەقوڕاند. لەگەڵ حەمامچییەکەیش دووراو دوور دەدوا. شێوەی قسەکردنەکەی ئەوەندە بێ منەتانە بوو وەک بڵێی جگە لە خۆی کەسی تری لێ نەبێ. جاری وابوو هەستی دەکرد نیگای حاجی لاملی دەبرژێنێ. دەیزانی سەیری دەکا. دەیزانی بەردەوام نیگای حاجیی لەسەرە! دیسان خۆی گرت. لای نەکردەوە. جەستەی هەتا دەهات زیاتر گەرم دادەهات. جۆگەلەیەک ئارەق بە مۆرەغەی پشتی‌دا داگەڕا. زیاتر کەوتە خۆ. دەبا هەرچی زووتر بڕوا. بڕوا، بە بێ ئەوەی لە دەورووبەری خۆی بڕوانێ. ژنەکەی حاجیی هاتەوە بەرچاو، خاتوونی خۆیشی. مەچەکی ئەستوور، سپی، خڕ و خۆڵ و حەڵقە حەڵقە بازنەی گەش. مەچەکی خاتوونیش کە دەکرا یەک بە یەکی رەگەکانی بژمێری. رەحمان قەت لە ژیانیدا ئەوەندە هەستی بە تاوان نەکردبوو.

نازانێ بۆ، لە گەمژەیی خۆی بوو، یان لە بێ ئۆقرەی و ئەو هەستە خۆبەکەم زانینەی وا ئەمڕۆ گەیشتبووە ترۆپکی خۆی، چیتر لەوە زیاترخۆی پێ رانەگیرا و لای کردەوە. رێک  لە حاجی برایمی بەزازی رووانی… لە ناوچاوانی. بە نیگایەک داڕووخاوتر لەهەر کاتێکی دیکە. بەدبەختی، حاجیش نیگای رێک لەسەر ئەو بوو. رەحمان دەیزانی بەهەڵکەوت نەبوو، دەیزانی حاجی بەردەوام چاوانی لەسەر هەڵنەگرتبوو. بە خۆی گوت “رەنگە تەنیا لەبەر منە هەموو جومعەیەک خۆی ئەکا بەم حەمامەیا!”

کە نیگایان لەیەک چەقی، بزە تاڵ و بزوێنەر و پر لە سووکایەتییەکەی حاجی دیسان دەرکەوتەوە. بگرە ئەم جارە خراپتر. ئەو بزەیەی کە هەتا دەهات زیاتر و زیاتر دەکشا. وەها هەموو روخساری حاجی تەنییەوە. وەها گەورە بووەوە کە دەموچاویشی کرد بە دوو لەتەوە. رەحمان بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا هەستی کرد دەتوانێ روخسارەکان بخوێنێتەوە. هەستی کرد دەتوانێ بزەکان بخوێنێتەوە بە بێ ئەوەی قچێک هەڵە چییە تیایا بێ.

حاجی چەند جوان بە زمانی بێ زمانی دەدوا. چاوەکانی چەند پڕ لە وشە بوون! نیگاکانی چەند جوان رستەکانی ریز دەکردن!… بە بێ هیچ چەشنە تەتەڵە کردنێک.

وشەکان وەک چۆلەکەی بێ جریوە، بێدەنگ فڕین. ئاسمانی نێوان ئەو و حاجی براییمیان بڕی و بە دەوری سەریدا کەوتنە باڵەفرتێ. رستەکان خۆیان بە گوێ کپەکانی رەحمان‌دا کرد کە ئەمڕۆ بەهۆی حەمامەوە لەهەر جارێکی تر کپ‌تر بوون.

ـ هەتیوە رووتە تۆ چی و ئێرە چی! هەی قوڕ بەسەر، تۆ چی و شەوی جومعەی چی! لات وایە تۆیش خەریکی دەرکردنی غوسڵی!… هە هە هە… نەگبەت، نەکا پێت وایە تۆیش خاوەن کێڵگەیت!

قاقای پێکەنینی حاجی لەناو سەقفی خوار و خێچی حەمامەکەدا دەنگ دەداتەوە. حەمامچییەکە بە پێکەنینەوە لە رەحمان دەڕوانێ. دوو مشتەری تازە کە ئاگایان لە هیچ نیە، بەدەم داکەندنی پێڵاوەکانیانەوە لادەکەنەوە.

غوسڵ! رەحمان لەمێژ بوو ئەم کەلیمەیەی نەبیستبوو. لەبیری چووبووەوە. وەک بڵێی هەر نەبووبێ. چەند جارێ وشەکەی لەبەر خۆیەوە دووپات کردەوە. ئەوسا دەستی دایە بوخچەکەی، پووڵەکەی دا و، بەپەلە بە پێ‌پلیکانەکاندا سەرکەوت و وەدەرکەوت.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *