فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

مرۆڤی نوێ و رۆمان

کات 27/07/1403 27 بازدید

مرۆڤی نوێ و رۆمان

رۆمان وەک زۆربەی لێکۆڵەران دەڵێن و لەسەری کۆکن بەرهەمی سەردەمی مودێڕنە. یەعنی سەردەمی سەرمایەداری. سەردەمێک تێیدا پیشەسازی و شار دێنە ئاراوە، مرۆڤ لە بەستێنە نەریتی و کۆییەکانی خۆی دادەبڕێ و دەبێ بە تاک لە مانا کاپیتالیستییەکەیدا. لێرەوە رۆمان وەک شێوازێکی نوێ لە دەربڕین و نووسین کە دەبێتە شوێنی تەعبیر لەم تاکە لە ژینگەی خۆیدا سەرهەڵدەدا.

کەواتە رۆمان لە مانا مێژوویی و کۆمەڵناسییانەکەی خۆیدا پێویستی بە چاخێکی دیکە هەیە. لە کۆمەلگایەکدا هێشتا تاک لە نەریت ئازاد نەبووە و، تێیدا هەست بە سەرگەردانی و دونیای نوێی خۆی ناکا رۆمان ناتوانێ سەرهەڵبدات. تاکێک کە لەشوێن شوناسی نوێی خۆی، کۆن یارمەتی نادا و بەڵام نوێیش هیچ وەڵامێکی ئامادەکراوی پێ نیە بۆی.

بێگومان ئەمە وەک بەستێنێکی گشتی کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤی کوردیش دەگرێتەوە. بەڵام تایبەتمەندیی کورد ئەوەیە کە لە وڵاتانێکدا دەژی کە درەنگ دەکەونە ئەم پرۆسەیە و، هاوکاتیش کە دەگەن نەزمی نوێ بەمانا کلاسیکییەکەی نین. جگە لەوە لەم وڵاتانەیشدا کورد و کۆمەڵگای کوردی تیایاندا لایە و تەریک. ئەمە ئەوەندەی دیکە دەبێتە هۆی دوواکەوتنی مرۆڤی کورد بۆ فڕێدانی بۆ ناو رەوتی نوێ و لێرەوە دوواکەوتنی سەرهەڵدانی رۆمان.

دیارە ئەمە نابێتە هۆکاری سەرهەڵنەدانی هیچ چەشنە چالاکییەک لەم بوارەدا. راستییەکەی ئەوەیە لەژێر کاریگەریی دونیای نوێدا کە بەهەرحاڵ کۆمەڵگای کوردیشی بەجۆرێک جووڵاندووە، کەمکەم هەندێک بەرهەم سەرهەڵدەدەن. نووسەرانی ئەم بەرهەمانە کە خوێندەوارن و دونیای دەرەوەیان بینیوە و لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا مودێڕنەکانن، وەک مرۆڤی کۆمەڵگای پەراوێز دەست دەدەنە نووسینی هەندێ بەرهەم. وەک دەقی ‘پیشمەرگە’ی رەحیم قازی و ‘ژانی گەل’ی ئیبراهیم ئەحمەد.

بەڵام رۆمانی کوردی لەگەڵ ئەوەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو گڕوتینێک بەخۆیەوە دەبینێ و هەندێ بەرهەمی تر دێنە ئاراوە (مەبەست کوردستانی ئێراقە کە تێیدا کوردی خوێندن باوە و بەهۆی نوێگەری بەعسیزم هەندێ گۆڕانکاری روودەدەن)، هێشتا بەهۆی داخراوبوونی کۆمەڵگای کوردی وەک بەشێک لەو وڵاتە داخراوانە بوارێکی جیددی و هەوڵیکی جیددی نیە. هێشتا شێعرە دەوری سەرەکیی دەگێڕێ.

بۆ شکانی ئەم بەستەڵەکە پێویستە لەباری مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە. دۆخێک کە تێیدا کۆمەڵگای سەرەکی درزی تێ بکەوێ و، بکرێتەوە و هاوکات جۆرێک پێوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و هاوچەرخ پێک بێ.

ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەیەی نەوەدی سەدەی پێشووەوە دەرەخسێ. واتە لە دووای داڕمانی جیهانی دوو جەمسەری، ئازادبوونی هەرێمی کوردستان لە دەستی رژێمی بەعس و بە جۆرێک کرانەوەی کۆمەڵگا بە رووی دەرەوەدا. تایبەتمەندیی ئەم دۆخە نوێیە ئەوەیە کە ئەگەرچی لەگەڵ خۆیدا پشێوی و جۆرێک لە نەبوونی دەسەڵات دێنێ، بەڵام مرۆڤی داخراوی کورد فڕێ دەدرێتە ناو جیهانێکی بەرفراوانترەوە و بە هەموو بوونی خۆیەوە دونیایەکی دی ئەزموون دەکا. دونیایەک کە یەکجار جیاوازە لەوەی پێشوو.  مرۆڤی کورد رێک لە دووای داڕمانی جیهانی دوو جەمسەری و زاڵبوونی جیهانی تاک جەمسەری‌دایە بە رەهایی و لە مانایەکی مودێرن‌ و جیددی‌دا فڕێ دەدرێتە ناو جیهانی رۆمانەوە.

کەواتە وەک هەمیشە مێژوو پشکی شێری بەردەکەوێ. گۆڕانی دۆخی سیاسی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان دەوری سەرەکی دەگێڕێ. داڕمانی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەعس کە گرینگترین گۆڕانی سیاسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دووای کەوتنی سۆڤیەتە، مرۆڤی کورد لە گەمەی بەردەوامی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و قارەمانی دژ دەرباز دەکا. ئەم دەرفەتە نوێیە کە خۆی لە دروستکردنی دەسەڵاتی کوردی‌دا نیشان دەدا، ئەو دەرفەتە بۆ تاکی کورد دەخوڵقێنێ کە لە جیهانی رەش و سپیی پێشوو دەربازی ببێ و بەشێوەیەکی سروشتی بگەڕێتەوە بۆ بوونی خۆی چ وەک تاک و چ وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی. دەسەڵاتی خودی، لە وەهمی دونیای خۆی وەک دونیایەکی سپی رزگاری دەکا و ئەوجا کێشە دەروونی و پرسە وجوودییەکان بە چڕی سەر هەڵدەدەن. لە راستیدا ئەمە بە جۆرێک لە دۆخی شۆرشی فەڕەنسە دەکا. وەک چۆن سەرەتا نووسەرەکان پشتیان بەم شۆڕشە بەست و بەڵام دوواتر لە دووای دەرکەوتە نەرێنییەکانی شۆڕش کەوتنە رەخنەگرتن لێی و لێرەوە کەسی وەک ڤیکتۆر هۆگۆ بە نووسینی رۆمان خستییە بەر هەڵوێستی رەخنەگرانەی توندی خۆیەوە.

رەوتی خێرابوونەوەی سەرهەڵدانی رۆمان لە هەرێمی کوردستان ئاکامی وەها دۆخێکە کە وەک هەمیشە بە لەدایکبوونی دۆخی نوێ لە سیاسەت‌دا دەست پێدەکا و دوواجار لە هەمان بەستێنی سیاسی‌دا کە دەسەڵاتی خودییە ئارام دەگرێ (لێرەدا کارمان بە چۆنییەتی ئەو دەسەڵاتە نیە). جیهانی دووای شەڕی سارد کە جیهانی بڵاوبوونەوەی ئایدیا لیبرالییەکانە لە رێگای گلۆبالیزمەوە، مرۆڤی کورد هەم لە ناو وەهمی ناسیونالیزم‌دا نوقم دەکا و هەم لە هەمان کاتیش‌دا دەرباز! مرۆڤی کورد بۆ یەکەم جار بە شێوەی جیددی دەکەوێتە مومارسە و هەروەها کێبەرکێ لەگەڵ دەسەڵاتێک‌دا کە هەم بە هی خۆی دەزانێ و هەم نا. بە هی خۆی دەزانێ چونکە کوردییە و، بە هی خۆی نازانێ چونکە دەبینێ خەونە کوردییەکانی بۆ دابین ناکرێ، یاخود دەسەڵات وەک چۆن بەنامۆکردنی تاک لە جەوهەری‌دایە، مرۆڤی کورد لە عەینی خۆیی بوون لە خۆی دەتارێنێ. تارینێک کە یەکجار جیاوازە لە ئەزموونی دەسەڵاتی بەعس. لێرەدا هاوکێشە و هاودژیی ناو دەروونی مرۆڤی کورد، وەک تاک و وک بوونێکی کۆمەڵایەتی، سەر هەڵدەدا و ئیتر نیاز بۆ سەرهەڵدانی رۆمان بەرە بەرە دەڕەخسێندرێ. ئەم ئەزموونە ئەوە نیشان دەدا کە هونەر و ئەدەب وەک هەمیشە بەرهەمی نامۆبوونی تاک لە بەستێنی دیاردەیەکی گشتی‌تر بە ناوی کۆمەڵگایە و، نووسەر لە راستیدا بە شوێن ئەوەدایە کە ئەم نامۆبوونە لە دەقی خۆیدا باس بکا و بینوێنێتەوە. رۆمان شۆڕشی تاکە لە دژی ئەو لەخۆ نامۆبوونەی پێکهاتەیەکی گشتی‌تر بەسەریدا دەسەپێنێ.

تەنزی رۆژگاریش ئەوەیە کە نامۆبوونی مرۆڤی کورد لە دۆخی نوێی‌دا زۆر خێرا سەرهەڵدەدا. ئەمەیش بە شێوەی یەکەم دیسان پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بە دۆخی سیاسییەوە. شەڕی ناوخۆ، سەرهەڵنەدانی دەسەڵاتێکی خۆیی تۆکمە و یەکانگیر و پشێویی باری ئابووری دەبنە هۆی ئەوەی تاکی کوردی بۆ قووڵاییەکانی خۆی و مێژووی بگەڕێتەوە. لێرەوە پرسی گومان سەرهەڵدەدا و، ئەمە ئەو بەستێنە رۆحی و فیکرییەیە کە بەرەبەرە تێیدا درەختی رۆمان چەکەرە دەکا.

ئەم ئەزموونە ئەوە نیشان دەدا کە رۆمان ناتوانێ لە جیهانێکدا سەرهەڵبدات کە ئایدیۆلۆژیا(کان) بە تەواوی، یان تا رادەیەکی زۆر کۆمەڵگایان داگیر کردبێ. رۆمان شوێنی بزۆزیی تاک و سەرکێشییەتی لەناو و لە بەرامبەر دەسەڵاتە باڵادەستە زەینی و ماددییەکاندا. رۆمان ئەو کاتە سەرهەڵدەدا کە تاک لە دووی شوێنی خۆی لەناو جیهانێکدا دەگەڕێ کە لەوە پێش ئەم شوێنەی بۆ دیاری نەکراوە و ئەمە ئەرکی خۆیەتی کە بتوانێ لەناو ئەم جەنجاڵەدا پێناسەی بوونی خۆی بکا. هەرچەند مەرج نیە کە سەرئەنجام بتوانێ ئەم شوێنە بدۆزێتەوە و، رەنگە هەر خودی پرۆسەی لەدایکبوونی رۆمان و نووسینی، خۆبەخۆ دەکرێ ئەم شوێنە بێ! بە واتایەکی دی رۆمان وەک بوارێکی هونەری وەک هەمیشە خۆی دەبێ بە ئامانج.

کۆمەڵگای کوردی لە دووای ١٩٩١ فڕێ دەدرێتە ناو جیهانەوە. سنوورەکان دەکرێنەوە. ئیتر مرۆڤی کورد مرۆڤێکی ناو چوارچێوەیەکی جۆگرافیی بەرتەسک نیە کە تەنیا پەیوەندیی نێوان کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق تایبەتمەندییەکانی دیاری بکا. کرانەوەی سنوور بە مانای قەیران یاخود داڕمانی بەهاکانی پێشوو و خۆبینینەوە لەگەڵ کلتورەکانی دیکەدایە، یان بەگشتی لە دۆخێکی تردا. بە مانای بەرفراوان بوونەوەیە. لێرەدا ئەزموون و نیگا گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێ. کتوپڕ تاکی کوردی خۆی لە بەستێنی جیهاندا دەبینێتەوە. بەستێنێک کە کۆگەرایی تایبەت بە سۆڤیەت، یاخود کۆمەڵگای خۆی داڕماوە و، تاکگەرایی جیهانی مودێڕن بە شێوەی تایبەتی خۆی بەرۆکی پێ گرتووە، هەرچەند لە بەستێنێکدا کە هێشتا مەرجەکانی دەرک و تێگەیشتنی ئامادە نین. هەڵبەت دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە ئەمە نابێتە هۆکاری سەرهەڵدانی چەمکی ‘تاک’ لە مانا مودێڕنەکەیدا، بەڵام دەبێتە دەستپێکی رەوتێک. ئیستا مرۆڤی کورد مرۆڤی قۆناغی راگواستنە. راگواستنی نێوان دوو کلتور. ئەم پشێوییە بەشێک لە هۆگرانی ئەدەب دەگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە چیتر نە شیعر و نە کورتە چیرۆک نەتوانێ لایان دەربڕی ئەزموون و هەستی وەها مرۆڤێکی نوێ بێ. تەنیا چیرۆکە درێژەکان دەتوانن بەسەرهاتی ئەو بگێڕنەوە. واتە رۆمان.

مرۆڤی نوێ و رۆمان

ئەگەر لە فەزای رەش و سپیی پێش راپەڕینی ٩١ لە هەرێمی کوردستان، رۆمانی کوردی خۆی لەناو هەمان فەزای ئایدیۆلۆژی و رەش و سپی‌دا پێناسە دەکا (وەک رۆمانی ‘پێشمەرگە’ی رەحیم قازی و، ‘ژانی گەل’ی براییم ئەحمەد)، ئەوا لەپاش راپەڕین چیدی ئەم پارادایمە نیە کە زاڵە. هاتنە ئارای چەمکی ‘باوک’ی فرۆیدی کە دەیەوێ دۆخی مرۆڤی کورد لە گۆشەنیگای دیکەیشەوە بخوێنێەوە، دێتە ئاراوە. لێرەدا ئاراستەی خوێندنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگا سەرچاوەی ترە. دۆخێک کە بەتەواوی جیاوازە. راستە لە پێش راپەڕین رۆمانی وەک ‘سەگوەڕی’ محەممەد موکری نووسرا کە رەخنە بوو لە خەباتی چەکداریی هێزە سیاسییەکان، بەڵام ئەم جۆرە نۆڤلێتە لە هەمان پانتایی پێشوودا لەجووڵەدا بوو و، لە راستیدا لە خەیاڵی دامەزراندنی هێزێکی نوێی سپی‌دا ئیشی دەکرد. یەعنی رەخنە لە ئایدیۆلۆژیا یان شێوەیەکی باوی خەبات بۆ دامەزراندنی شێوەیەکی دیکە. لێرەدا ئیتر ئێمە لەگەڵ جیهان‌بینیی دیکە رووبەڕوو نین.

لە راستیدا راپەڕین بەستەڵەکی ئایدیۆلۆژیای شڵەقاند و، گەلێک گۆشەنیگای تری بۆ رووانین کردەوە. ئەمە رێک ئەو بەستێنە بوو کە رۆمان پێویستی بوو بۆ ئەوەی بتوانێ وەک پێویست لەدایک بێ. رۆمان، سەرکێشیی تاکە لە نێوان مەودا، قڵش و درزی نێوان ئایدیۆلۆژەکانەوە.

لێرەدا دەتوانین راپەڕین لە گۆشەنیگای ئەدەبیشەوە بنرخێنین. راستە جۆری رووداوەکانی دووای ٩١، جیهانی مرۆڤی کوردی ئاڵۆزتر لە هەر کاتێکی دیکە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا تێی‌گەیاند کە لەراستیدا سەردەمی دەسەلاتی بێ ئەم لاو ئەو لای ئایدیۆلۆژییەکانن وا سەردەمی نائاسایی و کاتین.

وەک لۆکاچ دەڵێ رۆمان حیماسەی سەردەمی بۆرژواییە. فڕێدانی هەرێمی کوردستان بۆ باوەشی جیهانی بۆرژوایی لە کاتێکدا ژێرخانەکانی لە هیچ بوارێکدا ئامادە نەبوون و هێشتایش ئامادە نین، گەلێک بوار بۆ گێڕانەوەی رۆماننووس دەخوڵقێنن.

بە کورتی دۆخی نوێ کە تایبەتمەندییەکانی بریتی بوون لە کرانەوەی کۆمەڵگا، قەیرانی ئایدیۆلۆژی، خەمڵاندنی تاک و کاریگەریی جیهانی بۆرژوایی مودێڕن بەسەر کۆمەڵگای کوردی‌دا دەرگای بە رووی ئەدەبی رۆماندا باشتر کردەوە و تین و گڕێکی نوێی پێ بەخشی. لێرەوە تاک کەوتە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی بە شێوازی خۆی و بەم شێوەیە گشتیەتی کۆمەڵگا جیهانێکی دیکەی لە تەعبیر لە خۆی و لە بوونی بە روودا کرایەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە گۆڤاری بەیان، ژمارە ٣۶ چاپ و بڵاو کراوەتەوە

مرۆڤی نوێ و رۆمان

گۆڤاری بەیان، ژمارە ٣۶

تەگەکان : ، ، ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *