فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەوەر لە سەر رۆمان

کات 19/02/1390 1,612 بازدید

هەرێم عوسمان
وتووێژ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپور

– گرفتەکانی رۆمانی کوردی لە ئێستادا چین؟ بەشێوەیەکی گشتی وێنەیەکی رۆمانی کوردیمان بۆ بکێشن لە ئێستادا؟

ـ قسەکردن لە رومانی کوردی بە گشتی رەنگە ئەستەم بێت، چونکە رومانی کوردی پانتاییەکی گشتی تر دەگرێ لەوەی کە بە زمانی سۆرانی دەنووسرێ. بەڵام گەر من بمەوێ بە گوێرەی خوێندنەوەکانی خۆم هەندێ خاڵ دەست نیشان بکەم، دەبێ بڵێم کە چەندین بەش جێگای سەرنجن: یەکەم ئەوەی کە رومانی کوردی لە دەرەوەی خۆی خوێندنەوەیەکی جیددیی بۆ ناکرێ، هەر بۆیە نووسەری دەقی رۆمان نازانێ لە کوێدا راوەستاوە، واتە لە جۆری پەیوەندیی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگا و لە گەڵ خوێنەر ئاگادار نیە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نووسەر نەتوانێ لە کاتی نووسینی دەقی دوواتردا لە ئەزموونەکانی کارتێکەریی دەقی پێشووی لە سەر خوێنەر یاخود کۆمەڵگا ئاگادار بێت و بەم پێیە دوواتر دەقی دەوڵەمەندتر پێشکەش بکات. دووهەم ئەوەی کە بە هۆی زاڵبوونی مێنتالیەتی شیعری بە سەر رۆماندا، رۆمان زۆرتر دەروونگەرا بووە تا دەرەوەگەرا. دەروونگەرا بوونی دەقی رۆمان دەبێتە هۆی ئەوەی جۆرێک لە تاکگەرایی یان بگرە ئێگویسمی نووسەر بە سەر دەقدا زاڵ بێت کە زۆرتر تەعبیر لە راپەڕینێکی تاکی خوڵقێنەری دەق دەکا هەتا ئەوەی ئەم تاکە لە رەهەندێکی کۆمەڵایەتییەوە گوزەری کردبێ و بەم پێێە دەقێکی فرە رەهەند پێشکەش بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت کێشەی تاک لە دەقی رۆماندا لە گەڵ هەموو تایبەتمەندییە دیارەکانی خۆی لە پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ دەورووبەردایە دەتوانێ خۆی بەرجەستە بکات. گرفتێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ زه‌ینی مرۆڤی کوردی زۆرتر به‌ هۆی باڵاده‌ستی شیعر له‌ ئه‌ده‌بییاتی کوردیدا، زه‌ینێکی شاعیرانه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ نه‌ به‌ ئاسانی له‌ گه‌ڵ ده‌قێک که‌ غه‌یره‌ شیعری بێت ده‌توانێ ته‌ماس بگرێ و نه‌ کاتی پێویستیشی بۆ داده‌نێ. ئه‌و به‌ خوێندنه‌وه‌ی شتی کورت راهاتووه‌و هه‌ر بۆیە به‌رهه‌مه‌ درێژه‌کان ئازاری ده‌دات. واته‌ ئێمه‌ بۆ به‌ جیدی وه‌رگرتنی ده‌قی رۆمان پێویستیمان به‌ زه‌ین و مێنتالێتی غه‌یره‌ شاعیرانه‌مان هه‌یه‌. گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین که‌ رۆمان به‌رهه‌می ده‌ورانی وه‌رچه‌رخانی کلتوری، زانستی و پیشه‌ییه‌ له‌ ئه‌وروپادا، واته‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ی زه‌ین و بیری مرۆڤ به‌ هۆی باڵاده‌ستی نه‌سره‌وه‌ (نەسر لە بەرامبەر شیعردا) ده‌که‌وێته‌ ناو لۆژیکێکی دیکه‌وه‌. به‌ڵام هێشتا له‌ کوردستان ئێمه‌ به‌م مێنتالیته‌ بە جوانی نه‌گەیشتووین. که‌واته‌ رۆمان ته‌نیا خاوه‌ن گرفتی ده‌روونی نیه‌ لای ئێمه‌، به‌ڵکوو له‌ خه‌سارناسییه‌کی دژواری ده‌ره‌کیشدا ده‌ژی. ئه‌م خه‌سارناسییه‌ ده‌ره‌کییه‌ وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا به‌ جۆرێک رۆماننووسیش ده‌گرێته‌وه‌. به‌و مانایه‌ی که‌ زاڵبوونی زه‌ینیه‌تی شیعری، نووسه‌ری ئێمه‌ له‌ خۆ خڕکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر بواره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی رۆمان دوورده‌خاته‌وه‌.

گەر بمەوێ پێناسەیەک بۆ رۆمانی ئیستای کوردی پێشکەش بکەم، دەبێ بڵێم کە رۆمانی کوردی لە باری نێوەڕۆکەوە خۆی لە قەرەی زۆر شت دەدات، بەڵام بە هۆی قەیرانی دژواریی دۆزینەوەی ناسنامەی تاک بە تایبەت لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا، لە نێوان ماڵئاوایی لە حیکایەتە گەورەکان و جۆرێک لە پەرێشانیی تاک راوەستاوە. رۆمانی کوردی بە تەمای شکاندنی تۆتالیتاریزمی ئایدیایە، ئەمەش دەبێ بکا چونکە گەر کۆمەڵگا بە جۆرێک پلۆڕاڵ نەبێت، بنەماکانی کلتوری جێگیربوون و خوێندنەوەی رۆمان بە شێوەیەکی جیددی جێ ناگرن. ئەگەر رۆمان بەرهەمی سیستەمی کاپیتالیستیە، سیستەمێک کە تاک ئازادیی لە ترادیسیون وەردەگرێ و لەم شکڵە هونەریەدا باس لە دڵەڕاوکێ و نەگبەتییەکانی خۆی دەکا و ترسەکانی دونیای مودێڕن دەوری دەدا، ئەوا رۆمانی کوردیش لەم قۆناغەی ئێمەدا بە رای من لەم تایبەتمەندییانە بەهرەمەندە.

– پێتوایە رۆمانی کوردی گرفتی ناسنامەی هەبێت، بەواتا کاتێک رۆمانێکی کوردی دەخوێنیتەوە نازانیت چ بابەتێک تەوەری سەرەکیە، بۆ نمونە رۆمانەکانی شێرزاد حەسەن دەزانرێت زیاتر کۆمەڵایەتیە، بەڵام رۆمانی رۆماننوسەکانی تر کەمتر دەتوانرێت ئەمە دەستنیشانکرێت، پێتوایە گرفتی ناسنامە کێشەیە؟ هۆکاری ئەم گرفتە لەچیدایە؟

ـ رەنگە هۆکاری نەبوونی ئەم ناسنامە تایبەتە ئەوە بێت کە ئێمە بە گشتی لە دەورانێکی تردا دەژین. دەورانێک کە بە پۆست مۆدێڕن ناسێنراوە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵاتن لە دەست چوارچێوە گشتییەکانە. نووسەری ئیستا لە بەردەم گەلێک رووداوی فرەچەشن و هەندێ جار دژ بەیەکدایە. زەمەن خێراتر دەگوزەرێ و شوێن بووەتە پانتاییەک فراوانتر لەو شوێنەی نووسەر تیای دەژی. کۆی ئەمانە نووسەر دەخاتە پرۆسەیەکیەوە کە تێیدا دۆزینەوەی جێ یەکجار دژوار دەبێ. ره‌نگه‌ باشتر له‌ جێی دینامیکی قسه‌ بکرێ تا جێی میکانیکی. واته‌ ده‌بێ بڕوامان به‌ جێگایه‌ک بێت که‌ بگۆڕه‌. له‌ بیرمان نه‌چێ که‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ لای نووسه‌رانی ئه‌وروپی ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ده‌کانی پێشوویشدا به‌ جۆرێک باو بووه‌. بۆ وێنه‌ با بڕوانینه‌ “جوناس لی” که‌ دوو رۆمانی نووسیوه‌ (له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا) که‌ یه‌کیان ناتورالیستیه‌ و ئه‌وی دیکه‌یان ناتورالیستی نیه‌ (دوو دیارده‌ی دژبه‌یه‌ک له‌ یه‌ک نووسه‌ردا)، واته‌ شه‌رت نیه‌ رۆماننوس ده‌بێ ناسنامه‌یه‌کی دیاریکراو و چه‌قبه‌ستووی هه‌بێ. به‌ رای من گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌نووسرێ ده‌بێ خاوه‌ن فۆڕمی رومان بێت و قسه‌ی بۆ گوتن پێ بێت. ئیتر شته‌کانی تر لاوه‌کین. ئێمه‌ ده‌توانین نووسه‌ران ئه‌وڕۆی کورد له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بده‌ینه‌ به‌ر ره‌خنه‌ نه‌ک له‌و باره‌یه‌وه‌ که‌ بۆچی ناسنامه‌یه‌کی دیاریکراویان نیه‌. نووسه‌ر ده‌کرێ ناسنامه‌ی جۆراوجۆری هه‌بێ، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی بتوانێ ته‌عبیری رۆمانیانه‌ له‌ هه‌ر کام له‌و ناسنامانه‌ بکات.

 کەسایتی ئەدەبی و یاسایی شێرزاد حەسەن بەرهەمی هەشتاکان و نەوەدەکانە. واتە ئەو دوو دەیەیەی کە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بە دەورانی هەڵکردنی باهۆزی مۆدێڕنیسم تەعبیری لێبکەین (له‌ خراپترین حاڵه‌تیشدا وه‌ک چاخی راگواستن له‌ ترادیسیونه‌وه‌ به‌ره‌و مودێڕن)، ئەو مۆدێڕنیسمەی کە حیکایەت و چوارچێوە گەورە و گشتییەکانمان بۆ دیاری دەکا، ته‌نانه‌ت له‌ فۆرمیشدا، هەر بۆیە بۆ شێرزاد ئاسانترە کە خۆی لە رەهەندێکدا ببینێتەوە. بەڵام بۆ نووسەری ئیستا کە هەر رۆژەی بەرامبەر بە بیر و دۆخ و ده‌قێک لە چاو رۆژی پێشووتر دەبێتەوە و لە فەزایەکی رێژەگەرایانەدا دەفڕێ، دۆزینەوەی رەهەندێک و پاڵ کەوتن تیایدا ئاسان نیە. بە واتایەکی تر گەر جاران رەخنە لە دەرەوە دەهات و دەق و بۆچوون و سەرنجەکانی کەسێکی دەخستە بەر دیالۆگ، ئەوا ئیستا ئەم رەخنەیە لە خودی نووسەرەوە هەڵدەقوڵێ و خودی نووسەر دەخاتە هەڵوێستێکی دژوارەوە. ئەوەی بە تەعبیرێک پێی دەگوترێ “مێتا کۆگنیتیسم” واتە “بان زانیاری” یان “چاوه‌دێریی زانیاریی خۆ” لە زەینی نووسەردا چەکەرە دەکا و هەر بۆیە نووسەر جاری وایە دژه‌ دەقی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. جا لە وەها دۆخێکدا دۆزینەوەی شوێنی دیاریکراو یەکجار دژوار دەبێ.

– پێتوایە رۆمانی کوردی توانیویەتی ئەو ئازارەی یان ئەو روداوە زەبەلاح و گەورانە کە بەسەر کورددا هاتووە سودی لێوەرگرێت وەک کەرەسە بۆ رۆمان، وە توانیویەتی رۆمانی سەرکەوتوی پێ بنوسێت؟ پێتوایە گەر ئەمەی کردووە نە ئەتوانرا تەنیا لەڕێگەی وەرگێڕانی ئەم کارە ئەدەبیانەوە دەنگی خۆی بگەیەنێتە دنیا؟

ـ دیاردەیەک کە لە رۆمانی کوردیدا یەکجار جێگای بەتاڵە، رۆمانی ریالیستیە. بە رای من بەشێکی گەورەی ئەرکی گێڕانەوەی رووداوە گەورەکان لە راستیدا بە نووسینی ریالیستی دەکرێ (به‌و سه‌رنجه‌وه‌ که‌ ریالیسمیش شێوازی جۆربه‌جۆری هه‌یه‌)، بەڵام بە داخەوە لە ناو ئێمەدا جۆرێک لە سووک سەیرکردنی دەقی ریالیستی حوزوری هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ وێنە هەر ئیستا لە ئەورووپا رۆمانی ریالیستی دەنووسرێ و بۆ وێنە دەیەی نەوەدی سەدەی بیست لە نۆروێژ دەیەی نووسینی رۆمان بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوازەکان بوو. تەنانەت جۆرێک لە ریالیسم لێرە هاتە ئاراوە (بە لاسایی کردنەوەی ئامریکاییەکان) کە بە “ریالیسمی پیس” Durty Realysm ناوی دەرکردبوو. ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پۆستمۆدێرنیسمه‌ که‌ به‌ جۆرێک بۆ ترادیسیون ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بەڵام لە کوردستان بە داخەوە مۆدگەرایی کارێکی کردووە کە بۆ وێنە پێمان وایە کاتێک باس لە شێوازی پۆستمۆدێڕن دەکرێ ئیدی شێوازەکانی پیش ئەو باویان نەماوە و تەنیا دەبێ فڕێیان بدەین. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا بۆ وێنە رۆمانێک گەر بە شێوازی شیعرییەت نەنووسرابێ بە رۆمانی نازانن. جا قورسایی ژانری شیعر لە ئەدەبییاتی کوردیدا ئەم دەردەی قوڵتر و فراوانتر کردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆمان نەسرە، نە شیعر. ئێمە بە شێوه‌ی سه‌ره‌کی ته‌نیا به‌ شیوەی نەسر دەتوانین رۆمان بخوڵقێنین و له‌ پاڵیشیدا  شیعرییەتیش دەتوانێ وەک کەرەسەیەک لە گەڵ ئەم نەسرییەتە یارمەتیدەرمان بێت. هەڵبەت نابێ (وه‌ک ئاماژه‌م پێدا) لە بیرمان بچێ ریالیسم تەنیا یەک شێوازە. یان ئه‌وه‌ی که‌ کۆپی کردنی ئاساییانە و رووکه‌شیانه‌ی رووداوەکان بە مانای ریالیسمە. ریالسیم قوڵاییەکی تێدایە کە تەنیا لە رێگای زاڵبوون بە سەر گەلێک روانگەدا دەستەبەر دەکرێ. بە بێ زاڵبوون بە سەر ئەم روانگانەدا تەنانەت بە شیعراندنی دەقیش ئێمە ناتوانین دەقی بە هێز بەرهەم بێنین.

با لێره‌دا نموونه‌یه‌ک له‌ ناتورالیسم بێنینه‌وه‌. نموونه‌یه‌ک که‌ پیشانی ده‌دا چۆن ده‌قی رۆمان به‌ “ده‌ره‌وه‌ گه‌رایی” ده‌توانێ سنووره‌کانی خۆی یه‌کجار به‌رفراوانتر بکاته‌وه‌ و به‌ هه‌ندێ ئه‌رک هه‌ڵستێ که‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌نتر بکات. ناتورالیسم وه‌ک له‌ کتێبێکی نۆروێژیدا نووسراوه‌ پوزیتیڤیزمێکی هونه‌ریانه‌یه‌. وه‌ک ده‌زانین پوزیتیڤیسم ره‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی بوو له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا که‌ هه‌وڵی ده‌دا ناسین و زانیاری له‌ سه‌ر دیارده‌ و ئه‌زموونه‌ کۆنکرێته‌کان و فاکت و راسته‌ زانستیه‌کان بنیات بنێ. ناتورالیسم له‌ هونه‌ر و رۆماندا، ئه‌م مه‌یله‌ی کرده‌ رێگای خۆی و هه‌ربۆیه‌ دیارده‌ کۆنکرێتی و فاکت و زانسته‌کانی هێنایه‌ ناو ده‌قی خۆیه‌وه‌. گه‌ر چاوێک به‌ ئه‌زموونی ئه‌ورووپا له‌ بواری رۆماندا بخشێنین ده‌بینین که‌ ئه‌م مێژووه‌ پشت ئه‌ستوور به‌ وه‌ها ترادیسیۆنه‌که‌ و ئه‌وه‌ی دوواتریش له‌ سه‌ده‌کانی تردا رووده‌ده‌ن، پالێان به‌ وه‌ها ئه‌زموونێکه‌وه‌ داوه‌. به‌ واتایه‌کی تر ده‌روونگه‌رایی و فه‌نتازیای رووتی ده‌قی ئه‌ورووپی پشت ئه‌ستوور به‌ ترادیسیۆنێکی به‌ هێزی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و رێچکه‌ ده‌ره‌وه‌گه‌را زانستیانه‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. دیارده‌یه‌ک که‌ لای ئێمه‌ هه‌ر نیه‌ و له‌ خۆڕا نیه‌ که‌ مۆدگه‌رایانه‌ له‌ گه‌ڵ قوتابخانه‌ و دیارده‌ یه‌ده‌بییه‌کاندا مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ین.

– پێتوایە گەورەیی قەبارەی رۆمان لەدەسەڵاتی رۆماننوسدایە یان لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوە؟ ئەو رۆمانە قەبارە گەورانەی هەنوکە هەمانن لە رۆمانی کوردی پێتوایە پێویستی وای لە رۆماننوس کردوە ئەوە بکات یان بەجۆرێک بریتیە لە عەرزی دەسەڵات؟

ـ گەورەیی قەبارەی رۆمان بە رای من هەم لە دەسەڵاتی رۆمانووسدایە و هەم لە دەسەڵاتیشیدا نیە. لە دەسەڵاتیدا نیە چونکە رۆمان خۆی لۆژیکی خۆی هەیە، ئەو لۆژیکەی کە هەم خودی رۆمانەکە دەیسەپێنێ و هەم هەڵچوون و نیازە دەروونییەکانی نووسەر لە کاتی نوسیندا و، لە دەسەڵاتی نووسه‌ریشدایە چونکە رۆمان عەقڵانیەت و بە هۆی نەسرەوە جۆرێک لۆژیکی “هۆکار و هۆکارگری” تێدایە کە ئەو ئیزنە بە نووسەر دەدا بە ئیرادە پێی کەم و زیاد بکا. له‌ راستیدا تێرو پڕیی وێنه‌ و رووداوه‌کان له‌ ناو رۆماندا له‌ لۆژیکێکی ده‌روونی په‌یڕه‌وی ده‌کا که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی نووسه‌ره‌. نووسه‌ر ده‌کرێ له‌م تێر و پڕییه‌ واوه‌تر بڕوات، به‌ڵام نابێ که‌متر بڕوات. ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌م واوه‌تر رۆیشتنه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ نووسه‌ر ده‌خاته‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ی درێژدادڕییه‌وه‌.

سەبارەت بە گەورەیی قەبارەی رۆمان دەبێ بڵێم هەمیشە زۆر و بۆری بە جۆرێک چاوی خەڵک دەگرێ. به‌ تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یه‌دا هێشتا زانیاری له‌ سه‌ر چلۆنایه‌تی شکڵی نه‌گرتوه‌. یاخود له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا هێشتا کات مانای نیه‌ و هه‌ربۆیه‌ هاوسه‌نگییه‌کی نادیار له‌ نێوان زۆریی کات و گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی نووسین له‌ ده‌روونناسی خه‌ڵکدا چێ ده‌بێ.

وه‌ک ده‌زانین زۆر بوون هەمیشە لە گەڵ خۆی جۆرێک لە دەسەڵات و ئۆتۆریته‌ دەهێنێ، بە تایبەت لە کۆمەڵگا ترادیسیۆنەکاندا. ژماره‌، ژماره‌یه‌ و له‌بیرمان نه‌چێ که‌ هه‌ندێ فیلسووف له‌ زه‌مانی یۆنانی کۆندا ده‌یانگوت‌ ژماره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێکه‌. جا کاتێک ژماره‌ ده‌کرێ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێک و یه‌ک له‌وان به‌ڵگه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی رۆمان بێ، بۆچی هه‌ندێ نووسه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م تیۆره‌ به‌ شێوه‌ی هونه‌ری له‌ سه‌ریان نه‌دا؟ به‌ڵام دیارده‌یه‌کی تر له‌ رۆماندا که‌ ده‌توانێ ئه‌م فێڵه‌ فه‌لسه‌فییه‌ به‌تاڵ ده‌کاته‌وه، لایه‌نه‌کانی تری رۆمانن. شتێک که‌ ده‌بێ نووسه‌ر سه‌رنجیان بداتێ.

– گرنگی تەکنیک لە رۆماندا لەچیدایە؟ پێتوایە گەر رۆمانێک لەروی ناوەڕۆکەوە لاواز بێ وەلێ لەروی تەکنیکەوە دەوڵەمەندو باشبێ، تەکنیک بتوانێ ئەو کەلێنەی ناوەرۆک لای خوێنەر پڕبکاتەوەو وەبەپێچەوانەوە؟ یان هەردوک سەربەخۆن؟

ـ بە رای من نە ناوەڕۆک بە تەنیا و نە تەکنیک بە تەنیا ناتوانن بەرهەمی باش بخوڵقێنن. ئەمە لە راستیدا باسێکی کۆنە و هەر لە زووەوە باسی پێکەوە گونجانی ناوەڕۆک و تەکنیک (یاخود فۆڕم) کراوە. پێم وابێ ئەم باسە رەگی لە بۆچوونەکانی هیگڵ دا هەیە. کە دوواتر مارکسیستەکانیش بۆ ناو روانگە فەلسەفییەکانی خۆیان رایانگواست و تیۆرەکەیان فراوانتر و قوڵتر کردەوە. ناوەڕۆک و تەکنیک لە دەرەوەی دەق دەتوانن سەربەخۆ بن، بەڵام لە ناو دەقدا ئەم سەربەخۆییە لە دەست دەدەن و لە راستیدا پێکەوە دەبنە پێناسەی دەق. هەندێ فیلسووف پێیان وایە کە دیاردەکان لە راستیدا بوونێکی پێکەوە گرێدراون و ئەوە زەینی مرۆڤە کە بۆ ئاسانکاری لێکیان جیادەکاتەوە. ئەوان پێیان وایە کە ئەم جیاکارییە رەوایە، بەڵام تەنیا لە بەشێکی پرۆسەکەدا، نەک بۆ هەمیشە.

وەک لێکدانەوەیەکی زیاتر دەبێ بڵێم کە بە رای من شارەزایی باشتر لە تەکنیکدا دەتوانێ ناوەڕۆکەکان گەلێک بەهێزتر بکات.

وه‌ک ئه‌زموون ئێمه‌ ده‌زانین که‌ هه‌ندێ به‌رهه‌م ته‌کنیکی تێدا به‌هێزه‌ و هه‌ندێ به‌رهه‌م ناوه‌ڕۆک، به‌لام به‌ گشتی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ ته‌نیا یه‌کێک له‌مانه‌ن ده‌وری سه‌ره‌کی له‌ چێکردنی ده‌قدا ده‌گێڕن. به‌هێزبوونی لایه‌نێک به‌ مانای بزربوونی ئه‌وی تر نیه‌. به‌ رای من به‌رهه‌می به‌هێز ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌موو رووه‌کانه‌وه‌ به‌هێزه‌. به‌رهه‌مێک که‌ تێیدا هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ تێیدا له‌ باری سترۆکتۆره‌وه‌ به‌ ترۆپک ده‌گه‌ن.

گرنگیی ته‌کنیک له‌وه‌دایه‌ که‌ ده‌توانێ لق و پۆپی دیکه‌ به‌ ناوه‌ڕۆک ببه‌خشێ. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر ته‌کنیکی کرۆنۆلۆژیک له‌ باری کاته‌وه‌ به‌ جۆرێک وێنه‌کان و ماناکان ده‌خاته‌ پاڵ یه‌کتر، ئه‌وا له‌ ته‌کنیکی شه‌پۆلی هۆش دا وێنه‌کان و رووداوه‌کان ده‌که‌ونه ناو په‌یوه‌ندی دیکه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌کتریدا. به‌ رای من ته‌کنیکی شه‌پۆلی هۆش ده‌رفه‌تی بۆ ده‌رخستنی پرسیاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ ده‌قدا زۆرتر هه‌یه‌ تا زه‌مه‌نی کرۆنۆلۆژیکی. له‌م ته‌کنیکه‌دا ئێمه‌ جوانتر له‌ گه‌ڵ دیارده‌یه‌ک بۆ وێنه‌ به‌ ناوی دووپاتبوونه‌وه‌ یاخود بێهووده‌یی زه‌مه‌ن رووبه‌ڕوو ده‌بین.

به‌ رام من نووسه‌ری سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ له‌ گه‌ڵ نووسینی هه‌ر به‌رهه‌مێکی خۆیدا هه‌وڵ بدات که‌ له‌ باری ته‌کنیکه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ به‌شه‌ بچووکه‌کانیشدا بووه‌، جورئه‌تی تازه‌گه‌ری به‌ خۆی بدات. به‌ تایبه‌ت پانتایی زمان ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ زۆرترین ده‌رفه‌ت بۆ نوێگه‌ری به‌ نووسه‌ر ده‌دات. وشه‌ هه‌ر ده‌م ده‌کرێ له‌ به‌ستێنی دیکه‌دا و له‌ په‌یوه‌ندیی دیکه‌دا له‌ گه‌ڵ یه‌کتر قه‌راربگرن.

 ‌  

– فەنتازیا چییە؟ ئایا فەنتازیا لە رۆماندا گرنگی و رۆڵی چییە؟ پێتوایە فەنتازیا دابڕاوە لە واقع؟ پێتوایە رۆماننوسانی ئێمە لەبەر ئەوەی کە ئەبێ(بووە بەعەیبە کە فەنتازیا بەکارنەهێنن) شتگەلێ بەکاردەهێنن بەناوی فەنتازیاوە کە رەنگە هیچ پەیوەندی بەفەنتازیاوە نەبێ؟ بەواتایەکی تر ئەیەوێ فەنتازیا لەرۆمانەکەیدا هەبێ بەڵام هەوڵیشدەدا بەزۆر واقع بگەیەنێت؟ لەنێوان بونی فەنتازیاء پەیامی رۆماندا گیری خواردبێ؟

ـ فەنتازیا ئەو شتەیە کە سنوورەکانی دونیای رئال دەبەزێنێ. فەنتازیا هەمان خەیاڵە. وردتر، به‌ رای من فەنتازیا دەتوانێ بە دوو شێوە تەعبیری لێ بکرێ: یەکەم ئەوەی کە نووسەر فەزایەکی سورریالیستی بخوڵقێنێ کە دیاردەکان لە فەزایەکی ناواقعیدا بن (فەنتازیای رووت)، دووهەم ئەوەی کە نووسەر ئەزموونە واقعییەکانی خۆی بخاتە ناو پەیوەندی و پرۆسەیەکی دیکەوە. ئەم حاڵەتەی دووهەم ناکرێ و ده‌ست نادا ئەگەر نووسەر نەتوانێ بە ئەزموونەکانی خۆیدا بچێتەوە و خوێندنەوەی دیکەیان بۆ ساز بکا. لێره‌دا ده‌بێ نووسه‌ر هه‌ندێ وێنه‌ و دیارده‌ی دیکه‌ به‌ واقع زیاد بکا. کەواتە لە فەنتازیادا هەم دەکرێ وێنەیەکی سورریالیستیانەی رووتمان هەبێ، یاخود هه‌مان واقعیعەکانی خۆمان، بەڵام لە پەیوەندی و فەزایەکی دیکەدا. لە هەر دووکی ئەم حاڵەتانەیشدا فەنتازیا ناخوڵقێ ئەگەر نەیەتوو تەعبیری کۆنکرێت نەکرێت. هەروەها بە رای من لە هەر دووکی ئەم حاڵەتانەدا هەمیشە بە جۆرێک (لە حالەتی یەکەمدا کەمتر و لە حاڵەتی دووهەمدا زۆرتر) واقیع حوزوری هەیە. ئێمە ناتوانین فەنتازیا سەداسەد لە واقیع دابڕین. “هیوم” فیلسووفی سکۆتله‌ندی، به‌ جوانی له‌ بۆچوونه‌ فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیدا بنه‌ماکانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی شیکردووه‌ته‌وه‌. بۆ وێنه‌ ئه‌و ده‌ڵێ ده‌سته‌واژه‌ی “کێوی ئاڵتون” که‌ له‌ جیهانی راسته‌قینه‌دا ده‌ست ناکه‌وێ، ئاکامی لێکدانی دوو واقیعی “کێو” و “ئاڵتون” ه‌ له‌ ده‌روون و زه‌ینی مرۆڤدا.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر “کێوی ئاڵتون” نموونه‌یه‌ بۆ پێناسه‌ی یه‌که‌می ئێمه‌ له‌ فه‌نتازیا، ئه‌وا فه‌نتازیا له‌ نموونه‌ی تر هه‌ن که‌ له‌مه‌ ناکه‌ن. لێره‌دا ئیتر نووسه‌ر ناڵێ “کێوی ئاڵتون”، به‌ڵکوو ده‌ڵێ “کێو و ئاڵتون”، به‌ڵام ئه‌و کێو و ئاڵتونه‌ی که‌ ده‌بێ له‌ کۆنتێکستێکی وه‌هادا قراربگرن که‌ ئێمه‌ بۆ وێنه‌ به‌ره‌و “کێوی ئاڵتون” په‌لکێش بکه‌ن. گه‌ر ده‌ق له‌ پێناسه‌ی دووهه‌می فه‌نتازیادا نه‌توانێ ئه‌مه‌ بکات، ئه‌وه‌ نه‌یتوانیووه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی یاخود رومان بخوڵقێنێ.

لە راستیدا دەبینین کە فەنتازیا بەردی بناخە و چێکردنی باڵاخانەی رۆمانە.

سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەت دەبێ بڵێم کە پرۆسەی نووسینی دەقی ئەدەبی گەرچی زەحمەتی زۆری دەوێ، بەڵام ئەنجامی ئەم زەحمەتە دەبێ بە شێوەیەکی زۆرەملی خۆی نەنوێنێ. واتە دەبێ خوێنەر هەست بکا خەیاڵ یاخود رۆمانەکە بە زۆر نەخوڵقێندراوە. خەیاڵ، رووداوەکان و سترۆکتۆری رۆمانەکە دەبێ ئەوەندە ئاسایی بێنە بەرچاو (سه‌ره‌ڕای فه‌نتازی بوونی) کە متمانەی روودانی وەها رووداوێک لای خوێنەر بخوڵقێنن. کاری رۆماننووس ئاسایی نواندنی رووداوه نامومکینه‌کانه‌.‌ باوه‌ڕاندنی خوێنه‌ر به‌ رووداوێکه‌ که‌ له‌ جیهانی راسته‌قینه‌دا باوه‌ڕ پێکردنی ئه‌سته‌مه‌. رۆماننووس فه‌نتازیا ده‌کا به‌ ژیانی ئاسایی. وه‌ له‌ رێگای ئه‌م کاره‌وه‌ خوێنه‌ر هان ده‌دا به‌ره‌و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ودیوی شته‌ ئاساییه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێ شتی زۆر گرینگ و جێگای سه‌رنج خۆیان حه‌شار دابێ.

فەنتازیا هه‌ر وه‌ها له‌ روویه‌کی تره‌وه‌ گەر بە جۆرێک لە نێوەڕۆکدا خۆی بە کێشە واقعییەکانەوە گرێ نەدا، دەبێ بە فەنتازیایەکی بێ نێوەڕۆک. ده‌ق له‌ هه‌ر شێوازێکی دا به‌ رای من ده‌بێ ئێمه‌ به‌ره‌و پرسیاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان پاڵ پێوه‌بنێ. واته‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ و پرسیاره‌ ئێگزیستیانسیالیسته‌‌کانه‌وه‌ گرێمان بدات. ئالێرەدایە کە بە جۆرێک ئایدیۆلۆژیا بۆ دەق دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناوشیارانە و بە دوور لە مەبەست کە ئەمەش ئاساییە.

بە رای من هەر کەسێک ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئاساییش کاتێک له‌ ژیانی رۆژانه‌دا واقیعێک بۆ که‌س و کاری یاخود براده‌رانی دەگەڕێتەوە، بە شێوەیەک فەنتازیای تێکەڵ دەکا (کە خەڵکی بەمە دەڵێن درۆ یان‌ سه‌هو). رەنگە ئەمە لە سروشتی ئینساندا بێت کە کاتێک سەربردەیەک دەگێڕیتەوە، حەز دەکا شتی پێ زیاد یان لێ کەم بکات بۆ ئەوەی هارمۆنی و باڵانسه‌ی زیاتری تیا پێک بێنێت. یان بۆ ئه‌وه‌یکه‌ بتوانێ زیاتر سه‌رنجی به‌رامبه‌ره‌که‌ی رابکێشێت. رنگە هۆکاری ئەمەش ئەوە بێت کە رووداوەکان بە تەنیا کەم دەهێنن و مرۆڤ بۆ ئەوەی کامڵتریان بکا دەبێ پێیان زیاد یان لێیان کەم بکاتەوە، یان رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە بەشەر لەم رێگایەوە تەعبیرەکانی خۆی دەگەیەنێ. یاخود گێڕانەوە ئامرازێکە بۆ بیرکردنەوە، لە بیرمان نەچێ چیرۆک سەرەتاییترین فۆڕمی تەعبیر لە بوون و لە جیهان هەر لە سەرەتاوە لای مرۆڤ بووە. یاخود فەنتازیا جێگای ئەو شتانە پڕدەکاتەوە مرۆڤ فەرامۆشیان دەکا. واتە فەنتازیا بیرهێنانەویە بەڵام بە شێوازی دیکە.

جاری وایه‌ من هه‌ست ده‌که‌م جادووی وشه‌یه‌ مرۆڤ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ راده‌کێشێ. وشه‌ خۆی له‌ خۆیدا هێزه‌. “فرانسیس به‌یکن” ده‌لێ زانست هێزه‌. له‌ بیریشمان نه‌چێ که‌ زانست له‌ رێگای زمانه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خا. هه‌ر وشه‌یه‌ک خۆی له‌ خۆیدا زانیارییه‌کی له‌ خۆیدا حه‌شار داوه‌. دادائیسته‌کان به‌ بێ ئه‌وه‌ی زه‌ینێکی وشیار له‌ پشت رسته‌کانه‌وه‌ بێت، له‌ رێگای پالخستنی به‌ رێکه‌وتی وشه‌کان له‌ ته‌نیشت یه‌کتردا، مانایان دروست ده‌کرد. ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ی زمان و وشه‌ دنه‌ده‌ره‌، هه‌ڵخڕێنه‌ره‌.

بە گشتی رۆمان و ئەدەب گرێدراو بە فەنتازیاوەن چونکە لە فەنتازیادا هەموو شتێک دەشێ رووبدات. کە سنووری واقع نەما، دەرفەت بۆ لێکدان یاخود خوڵقاندنی زۆر شت دەڕەخسێ. لە فەنتازیادا ئیدی شتە حەرامەکان ون دەبن. فەنتازیا سنوورەکانی روانین ئەوەندە پان و بەرین دەکەنەوە کە جاری وایە مرۆڤ دەترسێنن. هەر لەبەر ئەمەیشە دەبینین هەمیشە مرۆڤەکان شتی تازەیان لە دەقی ئەدەبی و هونەریدا پێیە. فەنتازیا دونیای دووای مردن دوخوڵقێنێ و بەم شێوەیە ترسی بەشەر لە مردن دەخا یاخود تا رێژەیەکی بەرچاو کەمی دەکاتەوە. ژیان بە فەنتازیاوە خۆشە. تەنانەت خۆشترین ئەشقیش بە بێ فەنتازیای ئاشق لە سەر دڵدارەکەی ئەوەندە بێ تام دەردەچێ کە رەنگە بە بێ فەنتازیا قەت ئاشق نەتوانێ ئاشق بێت. 

– ئایا رۆمان زمانێکی تایبەتی هەیە، بەواتا ئایا ئەو زمانەی رۆمانی پێدەنووسرێت نابێ جیابکرێتەوە لەو زمانەی شیعری پێدەنووسرێت یان سیاسەت و بوارەکانی تری پێ دەنووسرێت، ئایا زمانی رۆمان لای رۆماننوسانی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ زمانی رۆمان هەمووی ئەمانەیە و هیچیشیان نیە. واتە دەکرێ لە هەموویان کەڵک وەربگرێ و ئازادیشە کە کەڵکیان لێ وەرنەگرێ. بەڵام ناکرێ رۆمان تەنیا بە یەکێک لەم زمانانە بنووسرێ. بە گشتی بە رای من زمانی رۆمان زمانی نەسرە و نەسریش بە هۆی سروشتی خۆی هەم لە گەل شێوەی نووسینی زانستی (چ زانستی سروشتی و چ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سوسیولۆژی و فەلسەفە) پەیوەندی دەگرێ و هەم لە گەل دەقی ژورنالیستی. هەربۆیە ئێمە دەبینین کە پانتاییەکی فراوانی زمانی رۆمان نەسر داگیری دەکا و لەم رێگایەوە بە هۆی خەسڵەتی ئانالیزەی نەسر ئەم بەشانەیش دەێنە ناو رۆمانەوە. بەڵام بە رای من زمانی شیعر ناتوانێ زمانی سه‌ره‌کیی رۆمان بێت. گەر شیعر ببی بە زمانی رۆمان، ئەوە رۆمان خەسڵەتی ئانالیزەی خۆی لە دەست دەدات و لەو شوێنە ناوەندییەی کە لە نێوان شیعر و زانستدا هەیەتی دوور دەکەوێتەوە.

بە رای من وەک چۆن رۆمان توانی یاسا کلاسیکەکان ببەزێنێ و لە باری فۆڕم و قوتابخانەوە لە شێوازی جۆربەجۆری دیکەدا خۆی دەربخاتەوە، هەر بەم شێوەیەیش لە باری زمانەوە بەردەوام گۆرانی بە سەردا دێت. گۆڕانی زمان هەڵبەت تەنیا وشە ناگرێتەوە، بەڵکوو جۆری تەعبیریش دەگرێتەوە کە گەلێک گرێدراو بە کۆنتێکستە نوێیەکانەوەیە. بەڵام لە هەمووی ئەم گۆڕانکارییانەدا، رۆمان ناچارە هەمیشە زمانی تایبەت بە خۆی هەبێ. زمانێک کە بە تەعبیری هیگڵیانە سێنتێزی کۆمەڵێک فاکتەرە لە دەروونی خودی رۆماندا.

لای رۆماننوسی کورد لە باری زمانەوە دەوڵەمەندین، بەڵام بە رای من زمانی رۆمانی کوردی هێشتا جێی شیاوی خۆی پەیدا نەکردووە. ئەمەش ئاساییە، چونکە لەمبارەیەوە خاوەن رابردوویەکی دوورو درێژ نین. دۆزینەوەی زمانی گونجاو تەنیا بە کوردی زانینێکی باشەوە گرێ نەدراوە، بەڵکوو تا رادەیەکی زۆر پێویستی بە بەچۆن بەکارهێنانی زمانەوە هەیە لە پەیوەندی لە گەڵ دیاردەکاندا. رێک وەک قوماش کە دەبێ بەرگدروو بزانێ چۆنی دەبڕێ و چۆنی دەدوورێ. هەروەها زمانی بەهێز پێوەندی بە رادەی وشیاری و زانیاری نووسەرەوە هەیە لە سەر بابەتەکەی. قوڵبوونەوەی بیر، زمانی باشتر لە گەڵ خۆی دێنێ. وشەی دونیامان لە زەیندا بێت و بەڵام خاوەن توانای رۆچوون بە ناو بابەتەکاندا نەبین، هێشتا ناتوانین ببین بە خاوەن زمانێکی بەهێز و توکمە کە لە ئاستی پیشکەش کردنی بەرهەمێکی باشدا بێت. رەنگە لێرەدا تەعبیری رۆمانتیستەکان بتوانێ بەکەڵکمان بێت کە باس لە ئیلهام دەکەن. ئیلهامێک کە بە رواڵەت لە دەرەوەی بڕیاری تاکە و شتێکی زگماکیە.  

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *