قوتووەکەی هەڤاڵ گیڤارا
قوتووەکەی هەڤاڵ گیڤارا
هەڤاڵ گیڤارا، یان هەمان شەماڵی عەبە سوور، کە کاتی خۆی هاوگەڕەک بووین و پێکەوە لە سلێمانی دەچووینە قوتابخانەیەک، لەسەردەمی شاخ لە قەندیل بینیبووم. یەعنی تەنها نەمبینیبوو، بەڵکو باشتر بیڵێم پێکەوە چووبووین بۆ شاخ. وەها کە لەوێیش وەک سەردەمی گەڕەک و سەردەمی قوتابخانە دەمبینی.
ئێمە لەوێیش هاوڕێیەتیمان بەردەوام بوو.
شەماڵی عەبە سوور ئەوەندە رقی لە بەعس بوو و، ئەوەندە هۆگری بەدیهاتنی مافەکانی گەلی کورد بوو کە زۆر خێرا بەهۆی لێهاتوویی، بوێری و ئازایەتییەوە ناوی هەڤاڵ گیڤارای بەسەردا بڕا. دەبێ بڵێم من بەڕاستی شانازیم بە هەبوونی هەڤاڵێکی وەک ئەوەوە دەکرد. هەڤاڵ گیڤارا خوێن بوو لە دەمارەکانمدا و، وزە بوو لە ماسولکەکانمدا. نەک بۆ من بەڵکو بۆ هەموو هەڤاڵانی دیکە.
لەبیرم دێ رۆژێک هەڤاڵ گیڤارا، کاتێک ئێوارەیەک لە سوورداش دەپەڕینەوە، لە یەکێک لە حەسانەوەکانماندا لە دۆڵێک بەهەڵکەوت قوتوویەکی دۆزییەوە. قوتووەکە سەرەکەی بەدەرەوە بوو و، هەڤاڵ بە پێڵاوە ئەدیداسەکانی لەکاتێکدا پشتی بەبەردێکەوە دابوو و کڵاشینکۆفەکەی بە تەنیشتییەوە هەڵپەساردبوو، شەقێکی تێهەڵدا. قوتووەکە نەبزوا. هەڤاڵ گیڤارا لەبەر ئەوەی کوڕێکی مکوڕ و کۆڵەرەوە بوو، وازی لێنەهێنا. رابووە سەر قن و ئەمجا لەقەی توندتری تێسرەواند. قوتووەکە زیاتر دەرکەوت. هەڤاڵ تەواو رابووە سەر پێ و، بەمەحکەمی دایە بەر لەقەی زیاتر. سەرئەنجام قوتووەکەی دەرهێنا. هەڤاڵەکانی دیکە کە خەریکی پشوودان بوون، دەنگیان دا کە:
ـ ئەرێ وازبێنە کارت بەو قوتووە کۆن و ژەنگاوییەوە چییە!
ـ کوڕە لاقت ئازار دەدەی و کەر و بارگینمان پێ نیە لەم شاخ و دۆڵە راتگوێزین!
ـ لەخۆڕا بە بێ ئەوەی لەگەڵ جاش و حکومەت تێکهەڵپڕژێین بریندارێکمان مەدە بەدەستەوە!
ـ نەکا لوغم بێ و پیاتا بتەقێتەوە… ئاگات لەخۆت بێ!
بەڵام قسەکان بێسوود بوون. وەک بڵێی هەڤاڵ گیڤارا هەر گوێیشی لێ نەبێ. ئەوەندە بە ئیشەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، نەبێتەوە! ئاگام لێ بوو قوتووەکەی هەڵگرتەوە. یەکی تەواو ژەنگاوی و قوپاو بوو. سەرەتا ورد لێی روانی، ئەوسا رایوەشاند. خڕەخڕێکی لێوە هات. سەری قوتووەکە بەسترابوو و، تەنیا کەمێکی کراوە بوو. هەڤاڵ چاوێکی پێوە نووساند و، لە ناوەوەی روانی. بۆ ساتێک لێی راما. سەری هەڵگرت و، بەسەرنج و گومانەوە لە دەورووبەری خۆی روانی. کەس هۆشی لەسەری نەمابوو، تەنیا من نەبێ. سەیر ئەوە بوو لە منی نەڕوانی، وەک بڵێی هەر منی نەبینیبێ!
قوتووەکەی خستە ناو کۆڵەپشتییەکەیەوە و، پاش کەمێک دەستە بەڕێ کەوت. شەو لە گوندێک لاماندا. بەری بەیان حکومەت هاتە سەرمان. بەزەحمەت لەپاش شەڕێکی سەخت و دژوار خۆمان دەرباز کرد. بەخۆشییەوە جگە لە بریندارێکی سووک کەسی ترمان هیچی لێنەهات. من دووای ئەو شەڕە چیرۆکی قوتووەکەم لەبیر چووەوە.
دوو ساڵ گوزەرا، من بریندار بووم و بۆ تیمارکردن ناردیانم بۆ ئەورووپا. لاقێکیان بڕیمەوە و، بۆیە لەوێ بۆ هەمیشە نیشتەجێ بووم. ئیتر بەو شێوەیە ئاگام لە هەڤاڵ گیڤارا نەما.
لەبیرمە لە ئەورووپا چەند جارێک لە دووکانەکان بە بینینی قوتوو، بیری شەماڵی عەبە سوور دۆستی سەردەمی منداڵی و شاخ دەکەوتمەوە. هەمیشە بەخۆم دەگوت راستی رازی ئەو قوتووە چی بوو، بۆ لەبیرم چووەوە لێی پرسم؟ یان دەمگوت باشە بۆ خۆی قەت بۆی باس نەکردم؟ بۆ لەمنی شاردەوە، منێک وا ساڵانی ساڵ هاوڕێ و هەڤاڵی گیانی بە گیانیی ئەو بووم؟
ساڵی ۹۲، یەکەم شت کردم گەڕانەوە بۆ کوردستان بوو. من کە لە ساڵی هەشتاوپێنجەوە نیشتمانم جێهێشتبوو، نازانی بە چ حەماسەت و دڵێکی پر لەهومێد و ئارەزووەوە گەڕامەوە. ئاە، هیچ شتێک بە نیشتمان نابێ! بەتایبەت یەکێک لەو شتانەی دەمهەویست بیبینمەوە هەڤاڵ گیڤارا بوو. دەمهەویست لەگەڵیا دابنیشم و تێر تێر یادی کۆن بکەینەوە، یادی سەردەمی گەڕەک و سەردەمی شاخ و هەموو بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشەکان. من کە دەمزانی هەڤاڵ گیڤارا مابوو و، بەخۆشییەوە لەسەردەمی پێشمەرگایەتی هیچی لێنەهاتبوو، بەخۆم دەگوت داخۆ ئیستا دەبێ چەندە گۆڕابێ،… داخۆ قەڵەو بووبێ، سەروسمێڵی ماش و بریجی کردبێ، یان هەر ئەوەی جارانە؟
من لای خۆم وام حسێب کردبوو دەچمەوە و، لەهەمان گەڕەکی جاران، واتە گەڕەکەکەی خۆمان دەیبینمەوە. لەهەمان خانوو و کووچە و کۆڵان. بەڵام چەند هەڵە بووم! دایکم گوتی رۆڵە شەماڵ ئیستا لە شوێنێکی تر دەژی. گوتی شەماڵ ئیستا بەرپرسە و دەستی زۆر دەڕوا. من کە بە سەرکەوتنی ئەو تەواو خۆشحاڵ بووم، گوتم دایە گیان شیاویەتی… شیاو، تۆ نازانی چەندە ئازا و بەجەرگ بوو!
ئادرەسی خانووەکەیم دۆزییەوە و، رۆژێک بە لاقە دەستکردەکەمەوە سواری سەیارە بووم و چووم بۆلای. سەیارەکە لە بەر ماڵەکەیدا راوەستا. ماڵی چی، بڵێ کۆشک! بەخۆم گوت شوێنی ئیشەکەیەتی، ئیتر دەبێ وەها بێ! حەرەسی بەردەرگاکەم ئاگادار کردەوە. گوتی راوەستە. سەرئەنجام لەپاش راوەستانێکی باش کردیانمە ژوورەوە.
هەڤاڵ گیڤارانم بینی. لە کۆشکێکی سەیر و سەمەرەدا. وەها عەقڵ نەیدەبڕی. شوێنەکەم دەناسییەوە. سەردەمی بەعس هی جاشێکی بەناوبانگ بوو. زانیم شوێنی ژیانیەتی. شەماڵ وەک جاران باوەشی پیا کردم، هەرچەند ئەو تامەی جارانی نەدەدا. لەهەموو کردەوە و هەڵس و کەوتەکانیدا جۆرێک لە بێ موبالاتی هەبوو. جۆرێک لە سارد و سڕیی شاراوە کە تەنیا هاوڕێیەکی کۆن دەتوانێ هەستی پێبکا. من هەوڵم دا وەک جاران بم. وەک ئەوەی ساڵەکان نێوان نەکەوتبێتن، وەک ئەوەی هێشتا هەفتاکان و هەشتاکانە و، ئەو ئێوارەیەیە وا لە سوورداش بۆ حەسانەوە لە دۆڵێکدا لامان دا. ئەو تەنیا بە رستەی کورت و بەسەر راوەشاندنێکی هێشتا کورتترەوە وەڵامی دەدایەوە. بەخۆم گوت رەنگە وەها ئێوارەیەک قەت بوونی نەبووبێ. بەڵام بەردەوام بووم لەهەمان شێوازی قسەکردن. دەمزانی ئەمە لە دوای ئەو هەموو ساڵە، دوادیدارمانە. چەند جارێک لەکاتێکا کارەکەرەکانی بانگ دەکرد و بە ئەسپایی شتێکی بە ئەسپایی پێدەگوتن ، ویستم باسی قوتووەکەی ئەو ئێوارەیەی بۆ بکەم. ئێوارەکەی سوورداش. بەڵام هەموو جارێک خۆم رادەگرت. جا نازانم هی ئەوە بوو لەگەڵ کارەکەر و حەرەسەکانی دەدوا، یان من پەشیمان دەبوومەوە.
سەرئەنجام دوادیدارمان کۆتایی هات و، من هاتمە دەر. سوار هەمان سەیارە بوومەوە و، بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتمەوە. کاروانی برازام کە سەیارەکەی لێدەخوڕی، گوتی مامە دیداری هاوڕێی کۆن لەدوای ئەو هەموو ساڵە دەبێ زۆر خۆش بێ… وا نیە!؟ سەیری کاروانم کرد. بیری کاروانی ژیان کەوتمەوە. گوتم بێگومان… بێگومان زۆر خۆشە… هەر زۆر خۆش!
تەوس نەدەهاویشت، بەڕاستی خۆش بوو!
بەڕای من هەرچی هەبێ و نەبێ لەژێر سەری ئەو قوتوویەدا بوو وا ئەو ئێوارەیەی ساڵی ۸۳، لە سوورداش لەو دۆڵە هەڤاڵ گیڤارا دۆزییەوە.
ئەو قوتووەی وا ئەو بەلەقە دەریهێنا، چاوی تێبڕی، بەگومانەوە لەدەورووبەری خۆی روانی و پاشان بە ئەسپایی لە کۆڵەپشتییەکەی خنی.
فەڕۆخ نێعمەتپوور






دیدگاهتان را بنویسید