زیندووبوونەوە
فەڕۆخ نێعمەتپوور
زیندووبوونەوە
ئیمڕۆ کاک ژیلەمۆ بەهۆی راوەستانی دڵی مرد. مردنەکەی زۆر سادە بوو. لەکاتێکدا وەک هەمیشە لەبەر پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکەی دانیشتبوو و جگەرەی بەبا دەکرد، لێدانی دڵی راوەستا. بۆیە روخساری تەواو تێک چوو، دەستی بە سینگییەوە گرت و بەهۆی ژانێکی بێ حەد و ئەندازە بەلادا هات. کەس نەیتوانی فریای کەوێ،… تەنانەت ژنەکەی کە هەمیشە بەجوانی ئاگای لێبوو و پارێزگاری لێدەکرد.
راستییەکەی کاک ژیلەمۆ لەمێژ بوو کێشەی دڵی هەبوو. دکتۆر پێی گوتبوو جگەرە تەرک نەکا، دەیکوژێ. ئەویش ماوەیەک تەرکی کردبوو، بەڵام کاتێک بینی ژیان بەبێ جگەرە زۆر بێتامە، هەڵیگرتبووەوە. زووتر کاتێک هێشتا لەژیاندا بوو، لەشوێنێک خوێندبوویەوە، یاخود بیستبووی جیاوازیی تەمەنی نێوان کەسێک وا جگەرە دەکێشێ و ئەوەی وا نایکێشێ تەنیا ئەوپەڕەکەی پێنج ساڵە. لەبەر خۆیەوە گوتبووی جا توخوا پێنج ساڵ ئەوە دێنێ!؟ هەر بۆخۆیشی وەڵامی خۆی دابووەوە نەوەڵڵاهی نایهێنێ!
ژیلەمۆ وەزعی گیرفانیشی باش بوو. لەم گرانییەدا کێشەی نەبوو جگەرە بکرێ. ئەویش لەهەرە باشەکەی. دەیکڕێ و بەکەیفی خۆی لوولی دەدا. هەڵبەت هەوڵی دەدا ئیتر زۆر سینەکێشی نەکا. هەرچەند زۆرجاریش خۆی لەبەریا رانەدەگرت و، بەکەیفی خۆی قووتی دەدا. ئەشەدوو دەبێ بڵێین لەیەک شتیشدا زۆر بەباشی گوێی لە دکتۆرەکەی دەگرت، ئەویش خواردنی دەرمانەکانی بوو. بەڕێکوپێکی دەیخواردن و، بەمیل چییە لای نەدەدا. لای خۆی وای لێک دەدایەوە ئەم دەوا و دەرمانانە دەبنە هۆکاری بەقەوەتی دڵی بۆ ئەوەی بە هۆی سیغارەوە باشتر چێژ لەژیان ببینێ.
بەهەرحاڵ سەرەڕای هەموو لێکدانەوە و بۆچوونە سەیروسەمەرەکانی کاک ژیلەمۆ، مەرگ هات و وەک هەموو زیندەوەرێکی تر بەرۆکی پێگرت. دەبێ بڵێین ئەو لێکی نەدابووەوە کە ئەگەر جیاوازیی نێوان جغارەکێش و جغارەناکێش تەنیا پێنج ساڵە، ئەم پێنج ساڵە لە چ تەمەنێکدا دەخوا: چل، پەنجا، شەست، حەفتا یاخود…؟
بەڵام کاک ژیلەمۆ کەسێکی بەمشووریش بوو. زۆر زووتر بە ژنەکەی گوتبوو ئەگەر هات و رۆژێک لە رۆژان مرد (دیارە مەبەستی بە سەکتەی دڵ بوو) ئەوا خێرا نەینێژێ و تەرمەکەی بۆ ماوەی سێ رۆژان بێڵێتەوە. گوتبووی:
ـ ئەوە ئافرەت پێت ئەڵێم کە ئەگەر هات و رۆژێک لەرۆژان مردم و دڵم راوەستا نەکا خێرا کفن و دفنم بکەی و زوو دوو مەلای تڕکن بێنیتە سەر قەبرەکەم! ئەبێ لانیکەم تا سێ رۆژ دەست بە مەیتەکەمەوە رابگرێ و، پێخۆری پێوە بکەی تا تەواو لەوە دڵنیا ئەبی من ئیتر مردووم و قەت ناگەڕێمەوە!؟
درێژەی دابوویە کە ژیان ئەوەندە دێنێ سەرەڕای مردن، سێ رۆژی تر لەسەری راوەستی.
ژنەکەی کە چاوی لە ترسانا لێ مۆڵەق دەبێ، لەکاتێکدا دەنگی دەلەرزێ و سەرەتاکانی دوو فرمێسکی گەرم لە نیگاکانیدا دەدەڵێن، دەڵێ:
ـ ئەرێ پیاوەکە ئەوە ئەو قسانە چییە ئەیانکەی، ئینشاڵڵا هەزار ساڵ زیندەگی ئەکەی و، چاوی هەموو دوژمنانت کوێر و کەڕ ئەکەی! مردنی چی و شتی چی، تۆ تازە پەنجایشت پڕ نەکردووەتەوە، نانا، بەڵا دوور بێ، زمانت گاز بگرە! بەحەمد و قووەتی خوا هەتا هەزار ساڵی تریش ئەژی.
ژیلەمۆ کە دەزانێ شتێک لە جەستەیدا راست نیە و، سەرەڕای لاسارییەکانی مردن لێی نزیکە، وەڵام دەداتەوە:
ـ ئافرەت لەکۆنەوە وتوویانە کار لە مەحکەمکاری زەرەری نیە، ئەوەم وت بۆ ئەوەی بزانی من لەوانە نیم وا زوو دەست لە دونیا دائەشۆن، خۆت ئەزانی من لەبەر کەیفی سیغار ئەژیم و دڵم بە دونیای فانی و پڕ لە نەهامەتی و نەگبەتی سپاردووە، جا ئەم وەسیەتەی منت لەبیر بێ!
ژنەکەی بەهاتوهاوار خۆی بەژوورەوەدا دەکا، و دەست دەکا بەقوڕ پێوان. هەر ئەو رۆژە کەس و کارەکەی بڕیار دەدەن زوو تەرمەکە بە هۆی دابونەریتێکی قەدیمی ببەن بۆ مزگەوت. ژنی کاک ژیلەمۆ چیرۆکەکە بۆ براکەی دەگێڕێتەوە و، دەڵێ دەبێ سێ رۆژ تەرمەکە راگرن. براکەی دەڵێ شتی وانابێ، دەڵێ نە مەلا قبوڵی دەکا و نە دین و ئایین و نە تەنانەت خەڵکیش. سەرئەنجام پاش مشتومڕێکێ زۆر دەگەنە ئەو بڕیارەی کە تەنیا خەستەخانەیە دەتوانێ وەها بڕیارێک دەربکا. لەبەر ئەمە روودەکەنە ئەوێ و سەرئەنجام لەدووای هەندێ بێنە و بەرە ئیزنەکە وەردەگرن. بگرە کارێک دەکەن تەرمەکە هەر لەماڵەوە بێ. رێک لە ژووری خەوەکەی جارانی. جەستەی مردووی کاک ژیلەمۆ لە نایلۆن دەپێچن و، تەنیا دەموچاوی بەدەرەوە دێڵنەوە. پاشان لەناو جێگاکەیدا رایدەکێشن و، لەکاتێکدا لێفەیەکیان هەتا سەر سینگی پیا داوە، جێی دێڵن.
ئەو سێ رۆژە وەک دواتر ژنەکەی، بگرە تا کاتی مردنیشی کە سی ساڵی دوواتر دەبێ، باسی کردبوو قورسترین رۆژەکانی تەمەنی بووە. گوتبووی جا وەرە مێردەکەت لەیەک کاتدا هەم لەماڵەوە بێ و هەمیش نەبێ! گوتبووی شەوی وابووە تا بەیانی هەم گریاوە و، هەم پێکەنیوە.
بەهەرحاڵ لەپاش سێ رۆژ رێک شەوەکەی کە قەرار بوو بۆ سبەی کاک ژیلەمۆ ببەن بۆ گۆڕستان و بینێژن، زیندوو بووەوە!
ژنەکەی سەرەتا تەواو ترسا و، قیژەیەکی ترسناکی لێ بووەوە. قیژەیەکی بێدەنگی وەک تابلۆ بەناوبانگەکەی ئێدوار مۆنکی نۆروێژی: عەبەساو بە دوو چاوی دەرتۆقیوەوە و، بە دوو گوێی زلەوە کە کتوپڕ لەبن دەستەکانی کشابوون. بە ئاسمانی سووری سەر سەرییەوە و بەو جەستەوە وا هەزار پێچ و لوولی تێکەوتبوو. پاشان زۆر خێرا لە خۆشیانا هاتبووەوە سەر خۆی، دەستبەجێ بە مەقەست نایلۆنەکەی دڕاندبوو و جەستەی سارد و سڕ و مردووی سێ رۆژانەی مێردەکەی لە قەفەسە نەرم و شلەکە ئازاد کردبوو. ژیلەمۆ راببووە سەر قون، لەدەورووبەری خۆی روانیبوو، پاشان ئارام هەستابووە سەرپێ و، رێک چووبووەوە سەر جێگا هەمیشەییەکەی خۆی لە بەر پەنجەرەکەدا. ئەو شوێنەی وا پاکەتە جگەرەکەی لەگەڵ ژێرسیگارییەک لەوێدا بوون. کاک ژیلەمۆ دەستبەجێ دەستی دابووە پاکەتەکەی، جغارەیەکی دەرهێنابوو، دایگیرساندبوو و مژێکی وەها قووڵی لێدابوو نەبێتەوە!
بەم شێوەیە کاک ژیلەمۆی ناو چیرۆکەکەی ئێمە گەڕایەوە بۆ ناو ژیان.
بەڵام شتێکی سەیر رووی دابوو! ژیلەمۆ هەموو شتێکی بە پێچەوانە دەبینی، یان باشتر بڵێین بە پێچەوانە ناوی دەبردن. بۆ وێنە بە شەوی دەگوت رۆژ، بە سەرمای دەگوت گەرما، بە ژنی دەگوت پیاو، بە خراپەی دەگوت چاکە، بەمنداڵی دەگوت گەورە، بە ئاسمانی دەگوت زەوەی و بە زەوی ئاسمان، بە خواردنی دەگوت ئاو و بە ئاو خواردن! خولاسە تەواو دونیای سەراوژوو دەبینی.
ئەمە لەسەرەتادا یەکجار ناخۆش بوو. خۆرێکخستن لەگەڵ کەسێک کە هەموو ژیان و هەموو بوونی سەراوقون دەکردەوە، یەکجار زەحمەت بوو. بەڵام بۆ ژنەکەی گرینگ هاتنەوەی کاک ژیلەمۆی لەمێژینە بۆ ناو ژیان و بۆ ناو ماڵ و حاڵەکەی بوو. ئەوەیکە وەک جاری جاران لەوێ بوو و، بە هەبوونی مانای بە ژیانی بنەماڵە دەبەخشیەوە. لای ژنەکەی ژیان بە بێ پیاو وەک دەفرێکی بەتاڵ بوو.
تازە لەلای ژنەکەی وەزعەکە ئەوەندە لەگەڵ جارانیش فەرقی نەبوو. ئەی مەگەر نا ژیان هەمیشە بگرە لەکاتی ئاوەژوو نەکردنی لەلایەن کاک ژیلەمۆیشەوە زۆر جار پێچەوانە بوو!؟
جا با ئەمجارە کەمێکیش زێدەڕۆیی تیا بکرایە، خۆ دونیا خەرا نەدەبوو! تازە ئاوەژوو بینینی دونیا لەلایەن کاک ژیلەمۆوە کە قەت کاری بە هیچ نەببوو، هیچ شتێکی وەهای لێنەدەکەوتەوە. ژیلەمۆ نە مەسئول بوو و، نەکاربەدەستی وڵات. ئەو نە فرمانی جەنگی دەردەکرد و، نە کەسی لە زیندان دەهاویشت و نەکەسیشی لەسەر سیاسەت هەڵدەواسی. ئەو جگە لەخۆی و ژیانی بنەماڵەکەی بەرپرسێکی هیچ شتێکی تر لەم دونیا فانی و بێئەندازە قۆڕەدا نەبوو.
بەم شێوەیە پیاوەکەی سەلماندی کە بەڕاستی شیاوی ناوەکەی بووە و، وەک ژیلەمۆ دیسان ئاگرەکەی ژیاندبووەوە. ئەو گڕ و تینێکی دیکەی بە ژیان بەخشیبووەوە.





دیدگاهتان را بنویسید