قوببە
فەڕۆخ نێعمەتپوور
قوببە
ئەو تەنیا پیاوی ناو تاریکییەکان بوو. بەڕۆژ لەماڵەوە بە پەردەیەکی ئەستوور جوان جوان پەنجەرەکانی دەگرت و، تەنیا بەشەو دەهاتە دەرەوە. وەک سەگی زەمانی ئاغەواتیش نەبوو کە بەڕۆژ لە ژێرخانێکی تاریکیان دەکردن و، بەشەو بەڕەڵڵایانن دەکردن. ئەو سەگانەی وەها دڕیان لێدەردەچوو کەس نەیدەوێرا توخن ماڵی ئاغا کەوێ. نا، ئەو ئارام بوو. تاریکی نەک تەنیا هاری نەکردبوو، بەڵکو کەسێکی زۆر لەسەرەخۆیش بوو.
ئەو بەهۆی ژیانکردن لەناو تاریکییەکاندا هەموو شتێکی تاریک دەبینی. باوەڕی بەهەتاو نەبوو. دەیگوت تەنانەت خودایش بۆخۆی گوتوویەتی پێش خڵقەت تەنیا تاریکی هەبووە. مەگەر هەر خودا خۆی نەیگوتبوو “با ببێ بە تیشک!” ئەوسا رووناکی دونیای داگرتبوو؟ تازە ئەو پێی وایە لەدوای ئەوەی نووریش خوڵقا، دیسان تاریکی مایەوە، وەها کە دونیا نیوەی بوو بە تاریکی و نیوەی رووناکی، هەموو شتێکیش بوو بە گەمەی نێوان ئەم دووانە. خوا بۆ هەمیشە تاریکیی پێ نەسڕایەوە.
مەگەر وا نیە!؟
بۆیە لای وایە ژیانی راستەقینە، ژیانی ناو تاریکییەکانە. تیشک، تەنیا بۆ بیر لێکردنەوە باشە. جا کەس بەقەدەر ئەو بیر لە رووناکی ناکاتەوە. هەموو ساتەکانی ژیانی تەژین لە ئەندێشە کردن لە رۆشنایی. بە رۆژ و بە مانگ و ساڵ و ساڵەکان لەناو تاریکاییدا دادەنیشێ و، بیری لێدەکاتەوە.
پیاوی تاریکی لەگەڵ ئەوەی هەمیشە بیری لای رووناهییە، کەچی هەموو شتێک لە تاریکیدا و وەک تاریک دەبینێ. لای ئەو گەر خودا لەگەڵ خۆی، خڵقەت و مرۆڤ راستی بکردایە، ئەوا ئەو رۆژەی وا دەستی کرد بە خوڵقانی جیهان، نەک لە ئەفراندنی رووناکییەوە بەڵکو لە لەناوبردنی هەموو تاریکییەوە دەستی پێدەکرد. دەڵێ گەر خوا بە خوایەتیی خۆیشی دەرەقەتی تاریکی نەهات، ئیتر رووناکی چی و شتی چی!؟ مەگەر دەکرێ لە کاری نیوەچڵ و نیوەناتەواو وەک کار بڕوانین!؟
بەم شێوەیە پیاوی تاریکی حسێبی زەمەنی لەکیس چووە. بۆخۆی دەڵێ کات هی رووناکییە. تاریکی سەرچاوەی ئەزەللیەت و ئەبەدییەتە. جۆرێکە لە درێژبوونەوە، یاخود هەمیشەیی بوونی ‘ئێستا’. بۆیە جۆرێک لە هەستی خودایی تیایا چێبووە. پێشنیاری ئەوەیە هەموو کەس ئەمە بکا. لای ئەو گەڕانەوە بۆ ساتەوەختی پێش خڵقەت، توڕدانی هەموو نەهامەتییەکانیەتی. تەنیا ئەمەیش بە رێگاچارە دەبینی. پێدەکەنێ و، دەڵێ ئەوەی خودا دواتر بە ناردنی ئەو هەموو کتێبە ئاسمانی و پیەغەمبەرە کردی تەنیا خۆخەڵەتانێک بوو و بەس. لە راستیدا خوا دڵی خۆی خۆش دەکرد، نەک ئەوەی بیەوێ بە راستی شتێک بۆ مرۆڤ بکا.
سەرێک رادەوەشێنێ و، دەڵێ ئاقڵ بن! گومان کردن لە خودایش جۆرێکە لەگەڕانەوە بۆ خودا.
پیاوی تاریکی جگەرەکێشیشە. هەمیشە چەند پاکەتی لەگیرفاندایە و، چەند بۆکسێکیش لە ماڵەوە لە ژوورە تاریکەکاندا. دەڵێ تەنیا رەنگێک کە بەشێوەی سروشتی لەگەڵ تاریکیدا دێتەوە، دووکەڵە. لای، لێکئاڵانی تاریکایی و دووکەڵ دیمەنێکی دەگمەن و یەکجار سەرنجڕاکێشە. پێی وایە خوا دەبا لە دووهەم رۆژی پرۆژەی خڵقەتەوە، دووکەڵی چێبکردایە. شتێک کە فەرامۆشی کرد و، بۆیە دواتر کاتێک هاتەوە بیری، بەو شێوەیە کردی بە دیاردەیەکی گرینگ لە جیهاندا. سەیر ئەوەیە دووکەڵیشی لە ئاگرەوە دروست کرد! یەعنی لەهەمان رووناکییەوە!
ـ هە هە هە هە…
شێتانە پێدەکەنێ و، دەڵێ گەر باوەڕ ناکەن چاوێک لە خانووەکانی خۆتان و گەر تاقەتیشتان بوو لە مێژوو بکەن! هەرچەند چاولێکردنێکی راستەوخۆ لە مێژوو دەست نادا و، مرۆڤ دەبێ بۆ ئەم مەبەستە بۆ کتێبەکان و حەقایەتەکان بگەڕێتەوە. یەعنی بۆ ئەو لاپەڕە و وشە و رستانەی وا هەمان گڕی سەرچاوەی دووکەڵ دەتوانێ بیانسووتێنێ.
پیاوی تاریکی لە ماڵەوە قوببەیەکی شینی شووشەیی هەیە. خڕ لەسەر بەردێک کە دەتوانێ لێیەوە هەموو شتێکی دونیا ببینێ بە بێ ئەوەی پێویستیی بە رووناهی هەبێ. لەناو قوببەکەدا دونیا شینێکی لێڵە. رابردوو و داهاتوو لە قەراخەکانیدا دەکاڵێنەوە و، ‘ئیستا’یش لە شەوی دەرەوە دەچێ. لەناو دونیای خڕ و دایرەیی ناو قوببەکەدا کتوپڕ هەموو شتێک تێکەڵاو دەبێ و، ئەوسا لێک دەکشێنەوە و وەک تاوێک لەوە پێشی لێدێتەوە. پیاوی تاریکی ناوچاوانی گرژە. مژێک لە جگەرەکەی دەدا و، لەبەر خۆیەوە دەڵێ نەدەکرا دونیا هەر لەسەر هیچی خۆی بایە نەک لەسەر شتێک کە ویستی بڵێ چیتر هیچ نیە و کەچی هەر هیچە!؟
لەدەرەوە هەورەکان لێکدەئاڵێن، باهۆز هەڵدەکا و بارانێکی بەخوڕ بە هەورەتریشقەوە دەست دەکا بە بارین. دەست دەبا و، بە پەڕۆیەکی کۆن و چڵکنی کۆنینە قوببەکە دادەپۆشێ. پیاوی تاریکی دەزانێ لەم کاتانەدا جاری وایە دەبێ رۆژێک یان تەنانەت تا چەندین رۆژ و بگرە هەفتەیش چاوەڕوان بێ. ئاسمانی ناو قوببەکە تەحەمولی تریشقە و رەهێڵە ناکا. هەموو شتێ وەک جیهانی دەرەوە دەتوانێ لە یەک ئان و چرکەدا شەق بەرێ. پیاوی تاریکی دەبێ رێگاچارەیەک بۆ ئەم لێکچوونە ببینێتەوە. شەوە. دەچێتە بەر پەنجەرەکە. لەبن گوێسوانەی بانەکەی ئەو بەر، دوو کۆتری ئاشق و مەعشوق غەرقی باران و تەڕی دڵۆپەکان دەڵێن لەوێ مرۆڤێک دەژی هێشتا خانووی خۆی لەگەڵ خودا جیا نەکردووەتەوە.
پیاوی تاریکی گوێی لەم قسانە نیە. پێویستیش نیە گوێی لێبێ. دونیا پڕی رستە و وشە نەبیستراو و لەبیرکراوەکانە. ئەگەر خودا بە وشە دونیای لە شەش رۆژدا خوڵقاند، مەرج نیە بۆ هەمیشە وشە لە هەمان ئاستی هەمیشەیی خۆیدا بمێنێتەوە. لەو رۆژەوە رۆژ لەهەناوی تاریکی موتڵەقەوە سەری هەڵدا و خۆی ئاشکرا کرد رازێک نەما تا مرۆڤ بە ئەشقەوە بەشوێن دۆزینەوەیدا بگەڕێ. ئیتر ژیانیش چێژی نەما.
ئارام چاییەکەی هەڵدەقوڕێنێ. قەندەکە لەناو دەمیدا کرمەی دێ. چەخماخەی هەور چاوەکانی ئازار دەدا. بەپەلە هەڵدەستێ و، پەردەکان دادەداتەوە. با لە کەلێنە نادیارەکانەوە بە ئاستەم خۆ بە ژوورەوەدا دەکا و پەردەکان دەلەرێنەوە. لەمێژە دەزانێ تەنیا با و بارانن حەز دەکەن ژیانی ئەو بگۆڕن.
بەرەو ناوەوەی خانووەکەی زیاتر هەنگاو هەڵدێنێ. رەنگە سەرئەنجام خودا بەو قەناعەتە بگەیەنێ ئەگەرچی بە میلیۆنان ساڵ لەو رۆژە تێپەڕیون، بەڵام هێشتا درەنگ نیە بۆ خوڵقانەوەی نوێی جیهان.
لەبەر قوببەکەی دادەنیشێتەوە. لە تاریکیدا، لەناو گرمەی هەورەتریشقە، زرمەی شەختە و رەهێڵەدا لێی مۆڕ دەبێتەوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور





دیدگاهتان را بنویسید