فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گۆرەوییەکانم چوون بۆ سەفەر

کات 07/04/1402 304 بازدید

گۆرەوییەکانم چوون بۆ سەفەر

من قەت زۆر حەزم بە سەفەر نەبووە. هەمیشە خۆم لێ پاراستووە. نازانم بۆ. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێ ناتوانم عادەتەکانم تەرک کەم. کە خووم بە شتێک گرت، ئیتر بەردانی مەحاڵە. وەک دەڵێن یەکەناسم. ئەوەی هەیە هەر ئەوە دەبێ وا هەم. بۆ خۆیشم رازیم. هەست بە دڵەڕاوکێی کەمتر دەکەم. من ئەو مرۆڤانەم بینیوە زۆر سەفەردەکەن. قەت خەیاڵیان لای خۆیان نیە. نیگایان دەڵێ خەڵکی هیچ شوێنێک نین. ئەوان قەت ئۆقرە ناگرن. من پێم وایە سەفەر مرۆڤ دەکا بە چەند مرۆڤ.

بەڵام رۆژێکیان کاتێک لە خەو هەستام، بینیم بە پێچەوانەی رۆژان لە ناو جێگاکەمدا نیم. بەگومان لەوەی داخۆ چیم بەسەرهاتبێ و لە کوێ بم، هەموو ژوورەکانی تر گەڕام. خۆم نەبینییەوە. ویستم لەدایکم و لەوانی تر بپرسم کە خۆم لێ بوارد. لە ترسی ئەوەی نەکا بڵێن شێت بوومە، گوتم بە شوێن گۆرەوییەکانمدا دەگەڕێم. دایکم سەرێکی بادا و گوتی وەک هەمیشە لە ژێر سەرینەکەتدان. ئەو نەیدەزانی کە گۆرەوییەکانم لەوێ نەماون.

بە بێ ئەوەی ناشتا بکەم، وەدەرکەوتم. بەخۆم گوت پێش ئەوەی کەسی تر بمدۆزێتەوە، دەبێ خۆم خۆم بدۆزمەوە. بە خۆشییەوە شاریش ئەوەندە گەورە نەبوو نەتوانم سەراوبنێکی بکەم. عادەتی خۆم دەزانی. من یان رووم دەکردە ئەو پارکەی لە داوێنی تاقە چیای بەرزی شار بوو، یان لە راستەشەقامەکە لەسەر سەکۆی بەر دوکانێک دادەنیشتم و جگەرەم بەبا دەکرد، یان لەو کۆڵانەی وا پێم وابوو ئاشق بووم، بووم.

سەردانی هەموویانم کرد، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی خۆم، خۆم نەدیتەوە! وەڕەز و نیگەران لە ونبوونم، رێم کەوتە بەر تاقە گاراژی شار. ئەو گاراژەی بە مینی بووسی گازاوڵی خەڵک بۆ شارەکانی تر سەفەریان دەکرد. بە خۆم گوت واباشە سەردانێکی ئێرەیش بکەی. وایشم کرد.

شاگرد مینی بووسێکی زەردڕەنگ کە دەسماڵێکی رەش و رۆناوی و چڵکنی لە ملدا بوو، لەسەریەک لەسەر یەک پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد، سەقز، سەقز! ئەوسا هاتەوە بیرم دوێ شەو خەوم بە سەفەرەوە بینیبوو. بە خۆم گوت بۆ شوێنێکی هەڵە نەهاتووم. یەکەوڕاست بەرەو مینی بووسەکە رۆیشتم. شاگردەکە کە لای وابوو مشتەرییەکی تازەی هەیە، گوتی فەرموو سواربە، ئەوەندەی نەماوە بەڕێ بکەوین. گوتم بەتەمای سەفەرنیم، پێم وایە خۆم ئیستا لەوێیە هاتووم بیبەمەوە. شاگردەکە بە سەرسوڕمانەوە لێی رووانیم، بەڵام دەستی نەهێنایە سەر رێگام. ئارام سەر کەوتم.

دەرەوە بە هۆی تیشکی گەشی هەتاوی هاوین روون و، ناو ماشینەکە کەمێک تاریک بوو. چاوم گێڕا. ئەوسا خۆم بینییەوە کە لە ریزی پشت پشتەوە بە تەنیا دانیشتبوو و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد. ئارام لێی نزیک کەوتمەوە. کە منی بینی، کەمێک خۆی زیاتر لە پەنجەرەکە نزیک خستەوە. گوتم:

ـ بە بێ پرس رۆیشتی!

گوتی:

ـ من لەو ‘خۆم’ەم بێزارم کە نایەوێ سەفەربکا؟

ئەمەی گوت و بە بێزەوە رووی وەرگێڕایەوە.

گوتم:

ـ کەس بە یەک شەو خەون بینین کەڵکەڵەی سەفەر سەری پێهەلناگرێ، دابەزە کە هێشتا کاتی سەفەر نیە!

وەڵامی نەدامەوە.

بە بێدەنگی لە تەنیشتی خۆمدا دانیشتم. دەمزانی رازیکردنم مەحاڵ بوو. خۆم خۆم دەناسی. یان ‘خۆم’ کە ئەو بوو خۆمی دەناسی. سەرسوڕماو لەوەی کە مرۆڤ دەتوانێ دوو خۆم بێت، لە پەنجەرەکەوە کە وەک دەسماڵی گەردنی شاگردەکە پیس و چڵکن و رۆناوی بوو، لە دەرەوەم رووانی. پۆلێک چۆلەکە سرک سرک دەنووکیان لەو وردەنانانە دەدا وا بە هەر هۆیەک لە پەنای دیواری گاراژەکە کەوتبوون،… دیوارە پیس و چڵکن و رۆناوییەکە دەڵێم. ئەوسا بینیم نەفەرێکی تر سوار بوو. پیرەمێردێک بوو بە بوخچەیەک بە دەستەوە. توند توند گرێی دابوو. مشتە رەگاوی و سیسەکەی وەک پەتی سێدارە لە گرێکە ئاڵاندبوو. دووای کەمێک چاوگێڕان درێژەی بە رێگادا و لەسەر کورسییەکەی پێش خۆم و خۆم دانیشت.

لە دڵی خۆمدا گوتم ئەم پیرەمێردە بۆ کوێ دەچێ؟ داخۆ تەمەنی دەرفەتی سەفەری ماوە؟

خۆم لە خۆمی رووانی و، بە تەوسەوە سەیری کردم. وەک بڵێی بڵێ چەندە گەمژەی! تاقەتی نیگاکانی خۆم نەبوو. بۆیە دیسان رووم وەرگێڕا و، ئەمجارە لە سەقفەکەم رووانی. سەقفێکی پیس و چڵکن و رۆناوی، وەک دەسماڵی ملی شاگردەکە کە بەردەوام لە دەرەوە دەنگی دەهات: سەقز، سەقز! تەنیا دوو نەفەر!”

کە بژاردم بینیم تەنیا جێگای یەک کەس مابوو، پێم سەیر بوو هاواری دوو نەفەری دەکرد! دڵەڕاوکێ دایگرتم. لەو سەر گاراژەکەوە، لە دەروازەکەیەوە پیرەمێردێکی تر بە بوخچەیەکەوە دەرکەوت، هەمان قیافە و هەمان رواڵەت. کەواتە دەبا بەپەلە شتێک بکەم. چاوم لە سەقفە ناشیرینیەکە هەڵگرت و، رووم کردەوە خۆم و ویستم شتێکی پێ بڵێم کە تیایا مامەوە. بەپەلە چاوم بە خۆم دا گێڕا. ئەوسا گۆرەوییەکانی خۆم بینی کە لە پێی خۆمدا بوو. بە بێ راوەستان هاوارم لە خۆم کرد کە گۆرەوییەکانم بداتەوە. گوتم لانیکەم ناهێڵم گۆرەوییەکانم لەگەڵ خۆی ببا. خۆم رووی وەرگێڕا و، بە گومانەوە لێمی رووانی. بە قامکی ئاماژە سەرنجیم بۆ گۆرەوییەکانی پێی قۆستەوە. ئەو سەیری گۆرەوییەکان و منی کردەوە و، دیسان بێ خەیاڵ لە دەرەوەی رووانییەوە. پیرەمێردەکە لە مینی بووسەکە نزیک دەکەوتەوە. کە سوار بوو، دەنگی شاگردەکەیش بڕا. لەو سەری گاراژەکەوە شۆفیرەکە کە لە بن سێبەرێک جگەرەی بەبادەکرد، قونچکەکەی فڕێدا و بەرەولای مینی بووسەکە هات. کات چیدی نەمابوو. هاوارم کرد گۆرەوییەکانم! هاوارم کرد لانیکەم ناهێڵم گۆرەوییەکانم بچن بۆ سەفەر!

خۆم لەگەڵ خۆم دەستەویەخە بووین. سەیرە، کەس ناوبژیوانی نەدەکردین. هەموو بە تەعەجوبەوە لە خۆم و خۆمیان دەڕوانی، یان رەنگە لە خۆمێک کە هەر لەخۆوە لەو دووا دوواوەوە هەڵیدەخستەوە و هاتوهاواری دەکرد.

بە بێ ئەوەی گۆرەوییەکانم بستێنمەوە، لە مینی بووسەکە دایانبەزاندم. کە مینی بووسەکە رێکەوت، نیگای ئەو دووپیرەمێردە وا لە تەنیشت یەکتردا دانیشتبوون و لە رواڵەت و لە بوخچە و لە هەموو شتێکدا عەینی یەکتر بوون، سەرنجمی قۆستەوە. نیگایەکی پڕ لە بزە و گاڵتە و بە کەم گرتن.

ئیستا لە دووای ساڵانی ساڵ کە بیر لەو رۆژە دەکەمەوە، خۆشحاڵم کە لانیکەم گۆرەوییەکانم چوون بۆ سەفەر… ئەرێ زۆر خۆشحاڵم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *