فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جوێنەکانی باوکم

کات 10/04/1402 283 بازدید

جوێنەکانی باوکم

باوکم جوێنفرۆش نەبوو. بەپێچەوانەوە زۆر بە حورمەت و بەڕێز بوو و تەواوی خەڵک گەڕەک و بگرە هەموو ئەوانەیشی وا خەڵکی گەڕەک نەبوون و بەڵام دەیانناسی، سوێندیان بە سەری دەخوارد و بە پیاوێکی یەکجار باشیان لێکدەدایەوە.

ئەمە درێژەی کێشا هەتا دایکم مرد. دایکم کە ژنێکی ساخ و سەلامەت و بەکار بوو، کتوپڕ نەخۆشییەکی سەیری گرت و ئەوەندەی نەخایاند، مرد. باوکم دووای مردنی ژنەکەی، بەتەواوی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دایکم بەچاوەوە ببوو. ئەگینا چۆن دەکرا ئاوەها ژنێکی هیشتا گەنج و بەخۆ و ساخ و سەلامەت لە ماوەیەکی کورتدا وەک چیمەنی بێ ئاوی بەر هەتاوی هاوین سیس هەڵگەرێ، زەرد ببێ و کتوپڕ لەناو بچێ! ئا، تەواو دڵنیا لەوەی چاوی پیس لێی دابوو و چاوە پیسەکەیش کەس نەبوو جگە لە ژنی دراوسێکەمان کە یەکی قەڵەوی نەگبەتی پۆرخز و دەم شەڕ بوو، بە ئەژنۆی خۆیدا دەکیشا کە بۆچی زووتر لەم گەڕەکە کۆچ و کۆچباری تێکنەنابوو و دوور نەکەوتبووەوە. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا گوێم لێبوو کە باوکم گوتی “چاوی پیسی ئەو قەحبەیە… ئەو قن زلە وای لە ژنەکەم کرد!”

بەڵام لە راستیدا چیرۆکەکە لەسەر ئەمە نیە. باوکم لە دووای ئەوەی دایکم مرد، کتوپڕ چاوەکانی یاخود باشتر وایە بڵێم نیگاکانی جۆرەیەکی تریان لێهات. وەک بڵێی بە شوێن شتێکدا بگەڕێن کە لێی ون بووە و ناتوانێ بیدۆزێتەوە. سەرەتا وامدەزانی شتە ونەکە دایکمە، بەڵام زۆر خێرا تێگەیشتم نا دایکم نەبوو، بەڵکو ژنێکی تر بوو کە باوکم وەک هەموو پیاوێکی تری ئەم دونیایە پێویستی پێی هەبوو. ژنێک کە ئاگای لە ماڵ و منداڵی بێت و، شەوانەیش لە تەنیشتیدا بخەوێ و خەمڕەوێنی بێت. ئیتر بۆ خۆتان دەزانن مەبەستم لە خەمڕەوێن چییە!

بەڵام هەتا ژنی هێنایەوە، پێی چوو. یان بۆی نەدەدۆزرایەوە، یان کە دەیشیدۆزییەوە دەیانگوت باوکم منداڵی هەیە و نابێت، دەیانگوت خۆ کارەکەری منداڵی خەڵکی نین، جا یان باوکم دەبێ واز لە ئێمە بێنێ، یان ئەوەتەی هەیە چیتر مێینە لە مال و لە تەنیشت خۆیدا نابینێتەوە!

هەڵبەت خەیاڵیان خاو بوو. باوکم سەرئەنجام ژنی هێنا. هەڵبەت تا ئەو کاتە عادەتی جوێندانەکانیشی زیادیان کرد. بۆ وێنە کاتێک کەسێکیان بۆ دەدۆزییەوە، دەیگوت “هەر چۆنێک بێت گەوادی باوکی رازی ئەکەم!” یان دەیگوت “کەری وا چییە بێ ئەوەی بە قنی خۆی بزانێ تا لائەکاتەوە باری لێ ئەنێم! ئا، هێشتا من ناناسن!”

باوکم ئیتر ئەم عادەتەی پێی تەرک نەکرا و، هەتا مردن لەگەڵی مایەوە.

راستییەکەی ئەوە بوو ژنهێنانی باوکم زۆری خایاند و، خەڵک گوتەنی قیر سپی بوو. باوکیشم هەتا دەهات دەم پیستر و توڕەتر و گرژتر دەبوو.

بەڵام خراپتر لە هەموویان ئەمەیە وا بۆتانی دەگێڕمەوە. ئێوە هەمووتان دەزانن کە کاتێک کەسێک دایکی خۆی دەمرێ و باوکی ژن دێنێتەوە، ژنە تازەکە دەبێ بە زڕدایک یاخود باوەژنی. باوەژنەکەی ئێمەیش ژنێکی گەورەتر لە باوکم بوو، کە وەک ژنەکەی دراوسێمان، ئەوەی وا باوکم دەیگوت چاوپیسە و ئەوە هۆکاری مردنی دایکمانە، یەکی قەڵەوی، نەگبەتی پۆرخز و دەم شڕ بوو کە رۆژەکانی سەرەتا دیارە ئەم عادەتە خراپانەی خۆی دەرنەخست.

کە یەکەم شەو باوکم بوو بە زاوا و، بۆ سبەی هەستا و چوو بۆ ئاودەست و لە حەوشێ سەروچاوی شۆرد و دوواتر خۆی بە ژوورەوەدا کردەوە، لە کاتێکدا باوەژنەکەمان هێشتا لە هۆدەکەی خۆی نەهاتبووە دەر، لەبەر خۆیەوە گوتی “ئاوا زڕدایکەکەتان ئەگیەم!” من و دوو خوشکەکەم بە تەعەجوبەوە لەیەکترمان رووانی و، هیچمان نەگوت.

بەڵام سەیرتر لەوە شتێکی ترە کە ئیستاکە بۆتانی دەگێڕمەوە. وەک گوتم باوەژنەکەمان زۆر نەگبەت و دەم پیس بوو و ئیتر بەرەبەرە ژیانی لێکردین بە جەهەننەم. باوکم کە سەرەتا زۆر گوێی نەدەدایە، بەرەبەرە لەگەڵیا کەوتە دەمەقاڵە و بەزم و رەزم و هەرچی پێی دەگوت کە ژنەکە ئەم منداڵانە گوناحن و خوا بەردار نیە کە ئاوا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەی، سوودی نەبوو. جاری وابوو بە شەو لە ژوورەکەیاندا لێێان دەبوو بە شەڕ و دەبوو بە بەزمێک نەبێتەوە.

جاری وابوو گەڕەک دەهاتە سەیرمان.

بەیانییەکیان عەینی شت باوکم لە ژوورەکەی خۆی هاتە دەرەوە و، لە کاتێکدا چاوەکانی جۆرەیەک بوون و دەنگیشی گڕ و یەکجار ترسناک دەهاتە گوێ، گوتی “ئاوا زڕدایکەکەتان ئەگیەم!”

خەڵکی گەڕەک زانیان، پۆلیس هات و باوکمیان گرت… تەرمەکەی باوەژنەکەشمانیان برد. بەڵام من بە ئیستایشەوە نازانم کە مەبەستی باوکم لەوەی کە “ئاوا زڕدایکەکەتان ئەگیەم!” بەڕاستی کامیان بوو، ئەوەی کە دەیگیەت یاخود دەیکوژێت!؟

رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە باوکم زۆر درەنگ فێری جوێندان بوو… ئا، زۆر درەنگ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *