فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

عەداڵەت

کات 22/04/1402 312 بازدید

عەداڵەت

فەرەیدوون پشیلەیەکی کڕی. پشیلەیەکی رەشی قەترانی بە دوو چاوی سەوزەوە. چاوەکانی وەها دەبریسکانەوە کە دەڵێی دوو گچکەهەتاوی ورد بوون لەو دووردوورانەوە لە ناو دڵی شەودا. باوکی کە ئەمەی بیست، تەرکە ماڵی فەرەیدوونی نەکرد؛ بەڵام ئیستا کەمتر سەردانی دەکردن. کە دەیشچوو وەک جاران نەبوو. بە مڕومۆچی دادەنیشت و، بە دڵەڕاوکێکی نهێنی و قێزێکی ئاشکراوە دەستی بۆ شت دەبرد. خۆی کۆدەکردەوە و، چاوە سرکەکانی بە هەموو دەورووبەری خۆیدا ورد ورد دەگێڕا.

فەرەیدوون بەمەی دەزانی. بۆیە پێش ئەوەی باوکی بۆ سەردان بێت، پشیلەکەی رەوانەی دەرەوە دەکرد. درگا و پەنجەرەکانیشی وەها دادەخست کە تا درەنگان پشیلەکەی نەیەتەوە. رەشە (کە ناوی پشیلەکە بوو)، وەک بڵێی بەمەی دەزانی و بۆیە هەتا درەنگ وەخت نەدەهاتەوە. ئەو، ئەم کاتانە زیاتر لە جاران بە راوە مشکەوە مەشغوڵ دەبوو.

بەم شێوەیە لە نێوان رقەکەی باوکی فەرەیدوون و مشکەکانی دەرەوە، پێوەندێک بەرقەرار بوو کە کەس بیریشی بەلایدا نەدەچوو.

چونکە پشیلە لە دینی ئیسلامدا وەک شتی گڵاو، واتە نجس باسی لێنەکرابوو، لای باوکی فەرەیدوون تەحەمول دەکرا.

پێزان کە کوڕی دووهەمی باوکی فەرەیدوون بوو و خاوەن ژنێکی سنەیی، هەر بەمەی زانی خێرا سەگێکی کڕی! راستییەکەی ئەوە بوو ژنە سنەییەکەی حەزی بە هاتوچووی ماڵە خەزووری نەبوو و، ئەمە ببووە هۆی کێشە و بێنە و بەرەیەکی زۆر. پێزانیش بۆ ئەوەی لەم بەزمە کە قەت بۆی چارەسەر نەدەکرا، رزگاری بێت، چوو گۆڵێکی رەشی سەرزلی کڕی کە بە پێچەوانەی پشیلەی براکەی چاوەکانی قاوەیی بوون. باوکی کە بەمەی زانی، بەپێچەوانەی جاران کە لە رقی بووکەکەی هەر هاتوچووی دەکردن، یەکسەر تەرکە ماڵی پێزانی کرد و لە ژوورەکەی خۆی پاڵی لێدایەوە. پێزان خۆشحاڵ لەم بەزمە، جاربەجار بۆخۆی سەردانی ماڵە باوکی دەکرد و، بەم شێوەیە لە بەزمێکی چەندان ساڵە قوتاری هات.

بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو باوکی فەرەیدوون و پێزان دڵی شکابوو. ئەو، بەتەواویی بەو راستییە تاڵە گەیشتبوو کە بەپێچەوانەی باوکانی پێشوو لە سەردەمێکدا دەژیا کە لای منداڵ نرخی پشیلە و سەگ لە باوک زۆرتر بوو. ئەگینا چۆن دەکرا منداڵ سەرەڕای حەزەرەکانی باوکیان، هێشتا هەر دڵیان لای سەگ و پشیلە بێت و زۆر گوێ نەدەنە هاموشۆی گەورەکانیان. بۆیە بڕیاری دا لە میراتدا تۆڵەیان لێبکاتەوە.

مامە رەشە (کە ناوی لە پشیلەکە نزیک بوو)، خاوەنی سێ دوکان، دوو خانوو و چوار پارچە زەوی بوو. مامە رەشە بڕیاریدا وەک یەک ماڵ و موڵکی بە سەر چوار کچ و دوو کوڕەکەیدا دابەش بکا. ئەو، سەرەڕای موسوڵمانبوونی شوێن ئەم یاسایەی ئیسلام نەکەوت کە کوڕ خاوەن یەک بەش بێت و کچ نیو بەش. بە خۆی گوت “ئەوەی یاسای ئیسلامی شکاند، تەنیا بە شکاندنی بەردەوامی یاساکانی ئیسلام دەکرێ تۆڵەی لێ بکرێتەوە!”

فەرەیدوون و پێزان کە تەنیا کوڕەکانی باوکیان بوون، دووای ئەوەی بەمەیان زانی، یەکجار توڕە بوون. فەرەیدوون چاو لە عەرز دەبڕێ و بە منگەمنگ نوزەیەکی لێوە دێت کە “من بۆ، خۆ پشیلە لە قورئان و حەدیسدا ناوی نەهاتووە!” پێزانیش لە داخا دڵقێک گووی سەگە سەرزلەکەی لە ئێوارەیەکدا لەگەڵ خۆی هەڵگرت و، بردی و لەسەر گۆڕی باوکی هەڵیڕشت.

لەناو تایفەکەیشدا تەنیا پشیلە و سەگەکەیە نازانن چ باسە و، بۆچی خاوەنەکانیان وەها توڕە و گێژ و وێژن. ئەوان وەک جاران خەریکی ژیانی خۆیانن. پشیلەکە هەروا بە راوەمشکەوە سەرقاڵە و، سەگەکەیش  بەو بۆنانەوە کە بەدەم رێگا و پیاسەی ئێوارانەوە وەها سەریان لێ سەندووە کە ناهێڵن بۆ ساتێکیش بێت مێشکی بەکاربێنێت.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *