فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خۆزگەم بە یووسف

کات 19/05/1402 311 بازدید

خۆزگەم بە یووسف

خەڵکی وەڕەزن. مەبەستم ئەوەیە لە حکومەت. وا دەڵێن. نا، هەر ناڵێن، بەڵکو پیشانیشی دەدەن. تەمەنیشم ئەوەندە ئیزندەدا کە ئەمە وەک کردە یاخود خەسڵەتێکی مێژوویش لەواندا ببینم. من ساڵی ١٣۵٧م  جوان جوان لەبیرە.

لە هەموو شوێنێک گلەیی و گازندەیە. هەر لە دووکاندارەوە بگرە تا لاوی بێکاری سەرشەقام، پیاوە دەوڵەمەندەکان، خوێندکار و خوێندەوارەکان. لە هەموویان زیاتر خوێندکاری زانکۆیە. ناوە ناوە لە حەوشەی زانکۆکان دەستدەکەن بە دروشمدان و خۆپیشاندان. ئەوان لە هەموو کەس تووڕەترن. کرێکارەکانیش ماندەگرن،… لەسەر کەمیی مووچە و گرانیی بژیوی. هەرچەند ئەمان باس لە ئازادی و دیمۆکراسی و شتی لەم بابەتە ناکەن، بەڵام گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە ئەم دوو پێڕەی ئاخر لە هەموو ئەوانی تر چالاکترن. دەست بە دوگمەی کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکەدا دێنم و، دەچمە سەر کەناڵێکی تر. لەوێیش هەر ئەم باسەیە.

بە خۆم دەڵێم ئەوەندەی نەماوە غوربەتی چەندین دەیان ساڵە تەواوبێت.

رۆژەکان دەگوزەرێن و، هیچ باسی تر نیە. تەنیا درێژەی ناڕەزایەتی و بەس. زیاتر بە وشە، نەک بە دەنگ. وەک هەمیشە وەک ئەو ساڵانە. دەیان ساڵە وەهایە! من و خەڵکی ئێران وەک هەمیشە خەریکی ژیانی رۆژانەیشین، ئەگەرچی قچێک زیاتر لە کەمێک جیاوازی لە نێوان من و ئەواندا! دڵنیام رۆژێک دۆخەکە دەتەقێتەوە. وەک چۆن لەوە پێشیش تەقیبووەوە. لاتان سەیرنەبێ کە بڵێم دەیان ساڵە دەتەقیتەوە! لای ئەوان تەقینەوە و، لای من هەڵچوون. ئەمەیش بەهۆی مەودای نێوان دوو بەستێنی جۆگرافیی تەواو لێکدابڕاو. بەتایبەت کە حکومەت نەتەنیا دۆخەکە باش ناکا، بەڵکو دژوارتریشی دەکا. لەگەڵ ئەوەی دڵنیام تەقینەوەیەکی تریش روودەدات، بەڵام هاوکات ئەمەیشم لاسەیرە. باشە یەعنی چی!؟ نەکا حکومەت بە ئەنقەست وادەکا و، خۆپیشاندانەکانیش زمانم لاڵ وەک هەمیشە فشەدەرچن؟ لەترسی ئەوەی ئەمەیش پلان بێت، چاوم زەق دەبێتەوە. لەگەڵ هەموو تووڕەییەکان باوەڕێکیش هەیە کە دەڵێ هەموو شتێک لە لایەن حکومەتەوە، لانیکەم بەشێکیان، پلانی بۆ داڕێژراوە! دەڵێن ئەوان جارجارە لەم رێگایەوە کەمێک لە تووڕەیی خەڵک بەتاڵدەکەنەوە بۆ ئەوەی بەر بە بورکانە سەرەکییەکە بگرن! وەک دیگی گۆشتەکەی دایکم کە پێش ئەوەی سەرەکەی هەڵپچڕێ، هەڵمەکەی لە رێگای کونێکەوە بەتاڵدەکردەوە. لەمانە هەموو شتێک دەشێ! بەپێچەوانەی هەمووانن. بگرە نموونەیان نیە. ئەگەرچی تەنیا چەند رەقەمێک خوارترن لە سەد، بەڵام قەت ناهێڵن بگاتە ئەوێ. رقیان لە سەدە. وەک چۆن رقیان لە سفریشە. دیسان بە خۆم دەڵێمەوە غوربەت کۆتایی دێ. ئەوسا بیری شیعرە بەناوبانگەکەی حافزی شیرازی دەکەمەوە… “یوسف گم گشتە باز آید بە کنعان غم مخور، کلبە احزان شود روزی گلستان غم مخور!” هەڵبەت رێگای حافز هەتا بەغدا بوو. منیش رێگام هەتا… بەڵام راوەستە جیاوازیی هەیە لە نێوان مەودایەک کە بە وشتر و وڵاغ پێیدا بڕۆیت و، مەودایەک بە فڕۆکە. راستی چەندە جیاوازیی هەیە لە نێوان یووسفی حافز و من؟… ئەو غەریبتر بوو یان من؟

هاوینە. رۆژێک وەک هەمیشە لەسەر کارم. بیر لە هەموو شتێک دەکەمەوە، سیاسەت و حکومەت و شۆڕش نەبێ. کتوپڕ لە موبیلەکەم باسی راپەڕینی خەڵکی دەخوێنمەوە. رادەچەنم و، بە هەستێکی هەڵچووەوە دەنەڕێنم نەمگوت… نەمگوت! هەستێکی خودایی رووم تێدەکا. هاوکارەکەم بە تەعەجوبەوە دەڵێ چییە… چی بووە؟ بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانم. خەڵکی پاکستانە و، لەگەڵ ئەوەی تا رادەیەک ئەهلی سیاسەتە و جاروبارە باسی ‘ئیمران خان’م بۆ دەکا، بەڵام کەمێک گەمژە دێتەبەرچاوم. زیاتر لەبەر ئەوەی یەکجار بە دینەوە سەرقاڵە. هەستدەکەم دین زۆر سادە و ساکاری بارهێناوە. زۆر سادە هۆکاری هەموو شتێک بۆ خودا دەگێڕێتەوە و، ئیتر لە قسەوباسەکانماندا زۆر خێرا بە کۆتایی رێگا دەگەین. موسوڵمانێکی ئاشنایە،… وەک دایکم. خودای تەنیا بۆ ئارامش، دڵنیایی، ئاشتی و تەبایی دەوێ. بۆ ئەو دونیایش. کتوپڕ هەست بە نزیکییەکی سەیر دەکەم لەگەڵیا. چی دەبوو هەمان خودا بگەڕایەتەوە و نیشتمان دەبووەوە بەوەی کە… ئا، خودایەکی ئارام و گۆشەنشین کە تووڕەنیە و هەموو سزاکانی بۆ ئەو دونیا هەڵگرتووە. بە بزەوە رووی تێدەکەم و، دەڵێم رەنگە خوداکەی تۆ بگەڕێتەوە!

ئیتر لەو رۆژەوە، من ئەوەندەی تر سەرقاڵی راگەیەنێرە گشتییەکان دەبم. خەو و خۆراکم نیە. خەڵکێکی زۆرتر و شار و شارۆچکەی زیاتر تێوە دەگلێن. وادیارە ئەمجارەیان جیاوازە. نیشتمانی تارمایی یان تارمایی نیشتمان دەکوڵێ. ئەمجارە دەبێ جیاوازی بێت. یەعنی مەنتق ئەمە دەڵێت. ساڵەکان قورسایی و مانای خۆیان هەیە. کە کەڵەکە دەبن، کێشی ژان و ئازار قورستر دەکەن. کات خاوەن کێشە. بوونی ئەو هەموو کچ و ژنە لە خیابان چەند سەرنجڕاکێشە! نیشتمان ئەمجارە تۆنی دەنگی مێینەیە. رەنگە هەر ئەوان دەرەقەتی پیاوە تووڕەکان بێن. ئا، هەر ئەوان دەتوانن پیاوە تووڕەکان ئارام کەنەوە. ساڵانی ساڵە ونن و، پیاوەکان لەهەر کاتێکی تر مڕ و مۆچتر بوونە. تەنیا دەستێکی نەرم و پڕ لە خۆشەویستی و پڕ لە هەست و گەرمی پێویستە جەستە و رۆحی گرژیان خاوبکاتەوە. مەگەر پیاوی نەگبەت لەمە زیاتر چیتر لە ژن دەوێ؟ ها، چیتر؟ مەگەر خوا هەر لەیەکەم رۆژی خلقەتەوە هەستی بەمە نەکرد و، دەستبەجێ حەوای بە ئادەم نەبەخشی؟ جەننەتیش بە بێ ژن جەننەت نەبوو! لە تەواوی جیهان، تەنیا پیاوە گەمژەکانی نیشتمان بەمە نازانن.

کەمێک بەخۆمدا، بەم بیرە پڕ لە پیاوسالارییەی خۆم دەشکێمەوە. ئیتر رۆژهەڵاتە! ئۆستورەکانیش وەهان. سەرەتا پیاو و ئەوسا… ژن. کە ژنیش دێ پێشدەکەوێ و دەبێ بە سەرەتا. سەرەتایەک لە قەدەغەکردندا. ئەوەندە سەرەتا کە دەبن بە دەسپێکی هەموو شتێک. هەر ئەمەیە پیاو زۆر تووڕەدەکا. نەکا… نەکا هۆکاری هەموو ئەوەی وا دەیان ساڵ لەوە پێش روویدا هەر ئەمە بێت؟… نەکا!

شەو زیۆس پاشای خواکان دێتە خەوم. دەستێک بە سەرمدا دێنێ و، دەڵێ ئاپۆلۆ خودای مۆسیقا و هونەر و هەتاوتان نیە بۆیە واتان لێ بەسەرهات. دەڵێ گرینگە خوایەک هەبێ لە دڵەوە ئاشقی ئەوەی بێت وا خوڵقاندوویەتی. لە زیۆس دەڕوانم. کە لە خەو رادەبم تەنیا ریش و تاجەکەی سەریم لەبیر ماوە. روخسارێکی بێ روخسار. وەک خوداکەی لای ئێمە. ئەو رۆژە تا ئێوارە گوێ لە مۆسیقا و گۆرانی دەگرم و، هەوڵدەدەم ئەو مرۆڤانە بێنمە بەرچاوی خۆم کە چلۆن دەتوانن بە بێ مۆسیقا بژین. ئاپۆلۆ دەڵی ئاسانە زۆریش دژوار نیە، تەنیا ئەوەندەی دەست بە هیچ دوگمەیەکدا نەنێی.

خۆپیشاندانەکان پەرەدەستێنن. یووسف بە چاڵەبیرەکەدا هەڵدەزنێ. بە بێ هیچ یارمەتییەک لەلایەن هیچ کاروانچییەکەوە. دەنگ دەبێ بە پلیکانە. قورسایی ساڵەکانیش لە جەستەی من دووردەکەونەوە. کێشم سووکترە. رەنگە لەم رۆژانەدا وەک باڵندە دەریاییەکان بفڕم. رێگاکان ئەمجارە بە پێچەوانەی دەیان ساڵ لەمەوبەر، لەبەر چاومدا دەبن بە بەرینایی دەریاکان. شین شین تا چاو هەتەردەکا. زیۆس ئەمجارە بەڕوومدا پێدەکەنێ و، دەڵێ هەر ئەقڵەی لە خەسارێک!

رۆژەکان بەسەریەکدا دەکەون دەبن بە هەفتە و بە مانگ و… من هەر چاوم مۆڵەقی سەر شاشەکانە و پەنجەکانیشم سڕی ئەو کۆنتڕۆڵەی بەدەستمەوەیە. نەکا یووسف هەتا نیوەی بیرەکە چارەنووسی بێت. دڵی خۆم دەدەمەوە و، دەڵێم هەروا دەبێت! شەیتان پەلەی کرد و، چاوی خۆی کوێرکرد. بریندارەکان، تەرمەکان و زیندانە ئاخێنراوەکان. راکەڕاکەی ناو شەقامەکان و… تێکهەڵپڕژانەکان. لە راپۆرتەکاندا شتێک پەنگ دەخواتەوە. شتێک وەک قەتیس مانەوە. وەک درێژەدانێکی بێتام و بێ مانا. لە دەروونەوە کلۆر دەبم. راستم یا نا، نازانم. بیر لە دەیان ساڵ درێژەی رووداوەکان لە نیشتمان دەکەمەوە.

خاودەبمەوە و، پاڵدەدەمەوە. مۆبلەکە لەخۆیدا نوقمم دەکا. رێگا چیدی دەریای بەرین و بێ بنی ژێر باڵەکانم نیە. گومانێک تیاما سەرهەڵدەدات. داخۆ چارەنووسی من ئەمە دێنێت؟ راستی من… بۆ کوێ؟

رۆژێک لەسەر کار هەموو هیواکانم دەبنەوە بە بەرد. نا، من چیتر هی ئەوێ نیم. وەها گەڕانەوەیەک زاڵمانەیە، ناعادڵانەیە. من بەڵێنە بەسەر چ فەرشێکدا هەنگاو هەڵبێنم؟ ئەو فەرشەی من لە چنین و راخستنیدا ساڵانی ساڵە هیچ رۆڵێکم نەماوە. راستی بۆ گەڕانەوە؟ ناکرێ چارەنووس هەر ئەمە بێت کە ساڵانی ساڵە هەیە؟ هەر ئەمەیشە. یەعنی دەبێ هەر ئەمە بێت! بیر لە گۆڕستانەکەی ئەو بەر جادەکە دەکەمەوە. گۆڕە جوانەکانی نێوان گوڵە رەنگاوڕەنگ و درەختە سەوز و تەڕ و پاراوەکان. نا، چیتر نابێ مەوداکان ئەوەندە دوور و درێژ بن. چەند حەزدەکەم ئەمشەو زیۆس بێتەوە خەوم. لەگەڵ خۆی دیۆنیسۆس خودای شەراب و هادس خودای مردووەکانیش بێنێت. دەیکەینە بەزم. ناهێڵم ئەوەندە ئاسان بڕۆنەوە. دڵنیام هەرسێکیان ئەمشەو دێنە خەوم.

شەو پێش ئەوەی بخەوم، هاوڕێیەک زەنگم بۆ دەدا. دەڵێ سبەی لەبەر دەم پەڕلەماندا خۆپیشاندانە، نایەی؟ دەمێنمەوە. خێرا وەڵامی نادەمەوە. ئەلۆ لەوێی… ماوی؟ دەڵێم سبەی ناتوانم بێم. دەڵێم سەرم دێشێ. پێم وابێ نەخۆشم. دەلێ دوو قورسی پێنج سەدیی پاراستاموڵی پیاکە و وەرە. دەلێ ئەوەندەی نەماوە بڕووخێ! دەڵێم بزانم چۆن دەبێ، بەس وەعد نادەم.

سبەی کەس زەنگم بۆ نادا. منیش ناچم. نە سەیری تەلەفزیۆن دەکەم و، نە راپۆرتی سەر نێت دەخوێنمەوە. بە من چی دەڕووخێ… بە من چی ناڕووخێ!

نیوەشەو لە ماڵی ئێمە بەزمە. پێک دووای پێک بۆیان تێدەکەم. زیۆس گۆڕانی دەڵێ. هادس دوواچیرۆکی خۆی لەسەر مرۆڤە مردووەکان دەگیڕێتەوە و، دیۆنیسۆسیش باس لە شەرابێکی دەهەزار ساڵە دەکا کە بەڵێنە جارەکەی تر لەگەڵ خۆی بیهێنێت. زیۆس کە هەر نیگای لەسەر منە، وچانێک دەدا و، دەڵێ ئەوەندەی بۆ دامەچۆ، دونیا بە خەمان پێک نایەت! هەستە هەستە! ئاگام لێێە جاروبار هادس بە بێ ئەوەی ئاگام لێ بێت لێم مۆڕدەبێتەوە.

زیۆس راست دەکا. من دەبێ تازە ئێرە بە نیشتمانی خۆم بزانم. یەعنی ویژدان وادەڵێ. دەجووڵێم. لەگەڵ ئەوەی بەشێکی من لە رابردووم بەجێماوە… لەگەڵ ئەوەی بەشێکی من هەمیشە لەوێیە، رادەبم. بیر لە یووسف دەکەمەوە. یووسفی گەیشتن و یووسفی نیوەی رێگا. خۆزگەم بە خۆی کە رێگای گەڕانەوەی بە خوێنی هیچ زیندەوەرێک سوور نەببوو… خۆزگەم بە خۆی!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *