فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆترباز

کات 22/05/1402 283 بازدید

کۆترباز

کۆترباز بووم. خاوەنی دەیان. لە رەش و سپی و تەوقی و کەلەرەش و ئەبڵەقەوە بگرە، تا قاچ پەڕدار و شاباڵ سپی و تەک رەش. زۆربەی کاتەکان لەلایان بووم. دانم پێدەدان، کولانەکانیانم خاوێندەکردەوە، یاخود هەڵمدەفڕاندن. جاری وابوو بە کۆ هەر هەموویان. هەڵبەت باشتر بڵێم، نەک هەموویان، چونکە هەمیشە چەند دانەیەکیان لەسەر هێلکە بوون. کە هەڵمدەفڕاندن ئاسمانی گەڕەک تاریک دادەهات. بایەک هەڵیدەکرد و بەسەر بانەکاندا رادەخوشا. منداڵی کۆڵان سەریان هەڵدەبڕی و دەهاتنە سەیر. هەستمدەکرد هەموو شتێک بۆ ماوەیەک رادەوەستا، تا ئەوان دووردوور دەکەوتنەوە… تا حەوت تەبەقی ئاسمان… تا لەچاو وندەبوون.

ئەگەرچی باوکم رقی لە کۆتر بوو و پێی وابوو ناو و ناوبانگی خراپمان دەخاتەپاڵ، بەڵام هیچی نەدەگوت. نەیدەدرکاند. من ئەمەم لە چاوەکانیدا دەخوێندەوە. باوکم قەت راستەوخۆ لە کۆترەکانی نەڕوانی، قەت نەهاتە ئەو ژوورەی سەر بانیژێکە وا کۆترەکانی لێ بوو. هەمیشە خۆی لێدەپاراستن. منیش بۆم گرینگ نەبوو. گرینگ ئەوە بوو کۆترەکان بەردەوام بوون… لە هەبوون و لە هێلکەکردن و بەچکەهەڵێنان و… لەفڕین. جگە لەمە بە هۆی فرۆشتنیانەوە کەمتر داوای جیرەم لەباوکم دەکرد. ئەویش ئەمەی پێ خۆشبوو. کۆترەکان یەکەم هەنگاوی ئەو سەربەخۆییە بوون وا بەڵێن بوو لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا بگاتە من… یان من بگەمە ئەو.

بەڵام هەر ئەمە نەبوو. ئەو ساڵەی وا حکوومەت لە دووای شەڕێکی سەخت و دژوار شاری گرتەوە و بە هێزێکی پۆشتە و پەرداخەوە هاتەوە، ئەو ساڵەی وا دەستی کرد بە گرتنی خەڵکی و زۆری لە زیندان ئاخنی و زۆریشی کوشت و ئیعدام کرد، باوەگەورە وتی لێیگەرێ هەر ئەو سەربانەی بۆ باشە! باوەگەورە راستی دەکرد، سەربانی ئەمینترین شوێنی ئەو ساڵانە بوو. من بۆخۆم لە تەنیشت باگردێنێک یاخود لەسەر سەری دادەنیشتم و تەنیا لە ئاسمانم دەڕوانی. دەنگی کۆڵان زۆر نەدەگەیشتە من.

رۆژەکان لای من، بەپێچەوانەی هەموو هەراوهوریا سیاسییەکانی دەرەوە، بە ئارامی تێدەپەڕین. جاری وابوو قۆرتیشی تێدەکەوت و، دەبوو بە شتێکی تر. هۆکاری ئەمەیش زۆر بوون. جاری وابوو پشیلە زەفەری بە کۆترەکان دەبرد و، جاری وایش بوو کۆتربازی تر بە فڕەکردن کۆترە بێ ئەزموون و هێشتا بەچکەکانی منیان دەگرت. زۆر جار، یان بە شوێن کەمیندانان و سزادانی پشیلەکانەوە بووم، یاخود بە ماڵانەوە بۆ ستاندنەوەی کۆترە بەناحەق گیراوەکانم. یاخود بۆ تۆڵەکردنەوە خەریکی فڕەکردن بە کۆترەکانی خۆم بووم. شەڕی سەر بانی لە شەڕی ناو کۆڵان چی کەمتر نەبوو!

ژیان هەروا ئارام و لەسەرەخۆ تێدەپەڕی و، کات ساتەکانی منی هەڵدەمژی. هەرچەند من زۆر هەستم پێنەدەکرد. کۆتر و ئاسمان و فڕین نەیاندەهێشت.

تا ئەو جێگایەی من تێگەیشتبووم تەنیا کەسێک کە زۆر رقی لە من و لە کۆترەکانم بوو، کابرایەکی بەتەمەنی دراوسێمان بوو. تەمەنێک لە نێوان شەست تا هەفتادا. حاجی عەبدوڵا دەڵێم. بە جامانە و کەواوپانتۆڵێکی رەنگ خۆڵەمێشییەوە کە هەمیشە مۆڕەی لێدەکردم و جوابی سڵاوی نەدەدامەوە. رۆژێک دایکم گوتی رۆڵە ئاگات لە کۆترەکانت بێت با ئەوەندە نەچنە سەر بانی حاجی عەبدوڵا، توڕەیە، بە باوەگەورەتی گوتووە زۆر حەزی بە بەزمی کۆترەکانی تۆی نیە.

من لەمێژ بوو ئەمەم دەزانی، بەڵام خۆم لێ گێل دەکرد. جگە لەمە بانەکەی ئێمە و بانەکەی حاجی عەبدوڵا بەیەکەوە بوون بە بێ هیچ چەشنە سنوورێک لەنێوانیاندا. چۆن دەمتوانی بەر بە کۆترەکانم بگرم. گوتم نا دایەگیان حاجی لە بەهانەیە، حەزی بە کۆترەکان نیە و بەزم دەگێڕێ.

حاجی هەر بەمە وازی نەهێنا، لەداخی من پشیلەی لە حەوشەکەی خۆیان راگرت و کەوتە خزمەتکردنیان. بەو هیوایەی پشیلە بەچکە بکا و بەچکەکان گەورەبن و دەستبکەن بە خواردنی کۆترەکانی من. ئیتر بۆ هەمیشە خەلاسی بێت. پلانێک کە نەیگرت و، نەک تەنیا نەیگرت بەڵکو بەو ئاوە داغەی من لە کەمینێکدا کردم بە پشیلەی دایکدا سەری لێشێواو قەت نەمبینییەوە! حاجی بە ناچاری بۆخۆی بەچکەکانی بەخێوکرد. بەچکەکانیش هەر گەورەبوون، هەر کامەی بەلایەکدا و… پەرتەوازە بوون.

دیسان رۆژەکان تێپەڕین و، وەزعەکە هەر هەمان بوو کە هەبوو. من کۆترم هەڵدەفڕاند، کولانەکانم بۆ خاوێن دەکردنەوە، پشیلەم راودەنا. لە چەند گەڕەک ئەولاتریش منداڵی خەڵکیان لە زیندان دەئاخنی، لێیان دەدان و دەیانکوشتن، حاجیش لەتەنیشت مندا هەروا لە مۆڕەکردن و ناوچاوتاڵکردنەکانی بەردەوام بوو. تا رۆژێک شتێکی نوێ قەوما.

بەیانییەک کە تازە چووبوومە سەربان و خەریکی کاروباری هەمیشەیی بووم، بینیم بە بەر میچەکەی ماڵی حاجی عەبدوڵادا قەفسێکی زلی لەدار درووستکراو، کە لە قەفەسی کەوی دەکرد، بە پەتێکی قایمەوە هەڵواسرابوو! قەفەسێکی رووت و چۆڵ و هۆڵ بە بێ هیچ چەشنە باڵندەیەک تێیدا. بە خۆم گوت ئەمە ئیتر چییە… مەبەستی حاجی چییە؟!

دەمزانی حاجی خزم و کەسوکاری لادەیی زۆرە و، هەم ئەوان زوو زوو سەردانیان دەکرد و هەم ئەمیش دەچوو بۆلایان. حاجی کە بە کاری کڕین و فرۆشتنی حەیوانەوە، مانگا و مەڕ و بزن و شتی لەم چەشنەوە سەرقاڵ بوو، زۆربەی کات لە دێهات کەوتبوو. ئەمە نەبوایە بە من و کۆترەکانمەوە دڵی دەتۆقی.

قەیرێکی باش لە قەفەسەکە رامام، پاشان چوومەوە سەر کاروباری رۆژانەی خۆم. هەستمدەکرد ئەو رۆژە کۆترەکان زۆر حالیان باش نیە. لەبەر خۆمەوە گوتم رەنگە ئەمشەو پشیلە هەوڵیدابێ خۆی بە کولانەکەیاندا بکا و هێشتا پەرۆشی ئەوەن،… هیچ نیە تەواودەبێ.

بەڵام تەواو نەبوو. کۆترەکان لەجاران زیاتر لەیەک نزیکدەبوونەوە و زیاتر لە هەمیشە بەلاچاو لە ئاسمان و لە ماڵی حاجیان دەڕوانی.

ئەو ئێوارە کاتێ حاجی عەبدوڵا لە حەوشەکەیانەوە تێپەڕی تا بچێتە ژوورەوە، بە نیگایەکی زۆڵانە و پڕ لە فێڵەوە لێی رووانیم. وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ راوەستە ئەخت و چارت دەکەم!

بۆ سبەی کە چوومەوە لای کۆترەکان، سەرنجی قەفەسەکەی حاجیم نەدا. هەر بۆیشم گرینگ نەبوو. یان رەنگە هەر لەبیریشم چووبووەوە. وەک هەمیشە کۆترەکانم ئازادکرد، لەسەر بانیژەکە دانم بۆ رۆکردن و ئاویشم بۆ هێنان. بەڵام کۆترەکان ئەمڕۆیش جۆرەیەک بوو. دەنووکیان لە گەنمەکە کە تازە کڕیبوومن نەدەدا، بەردەوام لێک نزیکدەبوونەوە، بەلاچاو و بە دڵەڕاوکێوە سەیری ئاسمان و سەیری ماڵی حاجیان دەکرد. سرک سرک خۆیان نەدەگرت و، هەردەم بەو قاچانەیانەوە کە دەبوونە کەوان و بەتەمای فڕێنێکی ناوەخت بوون، باڵە لەرزۆکەیان بوو!

خۆم پێڕانەگیرا و، سەرم هەڵبڕی. بینیم لە بن میچەکەی ماڵی حاجی عەبدوڵادا دوو کۆتری رەش و سپی لەناو قەفەسەکەدان! دوو کۆترەکە شانیان بە شانی یەکترەوە نابوو، کز و داماو بە هەمان ترس و دڵەڕاوکێی کۆترەکانی منەوە لە ئێمەیان دەڕوانی.

ئەو بەیانییە کۆترەکانم نە دانیان خوارد و نە ئاویان نۆشی. بە بێ ئەوەی نیازی هەڵفڕاندیانم بێت کتوپڕ بە بیانووی یەک دوو کشەکشی من وێکڕا و تێکڕا هەڵفڕین و لە یەک دوو دەوردانەوەی خێرا و بەپەلە لە ئاسماندا ونبوون.

کۆترەکانم بە زەحمەت، لە کاتێکدا دەستم کردبوو بە سێبەری چاوەکانم لە قووڵایی ئاسماندا دەبینییەوە. ئەمجارە چەند دوور و چەند شێتانە دفڕین!

ئێوارە درەنگان لەکاتێکدا هەناسەبڕکێیان بوو و، لە برسیەتی و تینوویەتیدا جەستەیان تیژ و کشاوە هەڵگەڕابوو، نیشتنەوە. هەڵبەت نەک هەموویان. کەمتر لە نیوەیان گەڕابوونەوە. ئەوانی تر، یا بابردبوونی، یان واشە و یان ماندوویی فڕین لە قووڵایی ئاسماندا.

حاجی عەبدوڵا کاری خۆی کرد!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *