فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

من و دیوار

کات 26/08/1402 210 بازدید

من و دیوار

‘من’ و ‘دیوار’ پێکەوە لە دایکبووین. بەو جیاوازییەوە من لە دایکم بەربوومەوە و، ئەویش لە خوا. خوا کە بینی منداڵەکەی قاچی نیە، بڕیاریدا دیوار لە هەموو شوێنێک هەبێت. منیش کە قاچم هەبوو و لەززەتی جووڵە لەگەڵ خۆی تا بێکۆتایی دەیبردم، توڕە و وەڕەز لە منداڵی خوا کە کایەی لەگەڵ نەدەکرا و لە هەموو شوێنێک بەری پێدەگرتم، بیری بازدان بە سەریدا، یاخود رووخاندنی دەیدا لە مێشکم.

من بۆ کایەکردن پێویستیم بە هەموو شوێنێک هەبوو.

دیوار کە هەر رۆژەی لە شوێنێک و هەر ساتەی لە لایەکییەوە بە سەریدا دەپەڕیمەوە، ئێوارەیان گریان و ناڵان گلەیی و گازندەی دەبردەوە لای دایکی. خوا زەخمەکانی برین پێچ دەکرد، دڵنەوایی دەدایەوە و بە دەم گێڕانەوەی چیرۆکە ترسناکەکانی دێوی رەش و دێوی سپی دەیخەواندەوە… بە هومێدی رۆژێکی باشتر بۆ سبەی.

بەڵام کێشەکە بەردەوام بوو. جووڵەی من و نەجووڵانی ئەو پێک نەدەگەیشتن. رۆژێک بەزەییم بەسەر دیواردا هاتەوە و، پێم گوت تەنیا رێگاچارە ئەوەیە ئەویش ببێ بە خاوەن دوو قاچ و وەک من بتوانێ بڕوات و بجوڵێ. دیوار خۆشحاڵ لەم پێشنیارە گوتی لە لای دایکی باسی دەکا. سبەی کە بینیمەوە، دیتم خەمگینە. پرسیارم کرد، گوتی خوا گوتوویەتی دیوار بۆیە دیوارە چونکە لاقی نیە. بێدەنگ بووین. پاش ماوەیەک بە بزەیەکەوە گوتی دەی باشە تۆ قاچەکانت ببڕەوە، ئەوسا دەبینە دۆست. گوتم باشە پرسیار لە دایکم دەکەم. دایکم کە ئەم قسەیەی بیست بە سەرسووڕمانەوە لێی رووانیم و، گوتی رۆڵە ئەی بەۆ حسێبە دەبێ تا کۆتایی عومرت کسێک خزمەتت بکا، جگە لەوە کێ دەڵێ نامری. گوتی خوا ئەو قاچانەی پێداوی تا بۆ خۆت بگەڕێی و نان پەیدابکەی.

سبەی ئەمەم بۆ دیوارەکە گێڕایەوە. بە سەرسوڕمانەوە گوتی خوا!… یەعنی خوا قاچی بە تۆ داوە!؟ چۆن شتی وا دەبێ، چۆن دایکم قاچی بە تۆ داوە، بەڵام بە من نا!؟

من کە دەمبینی هەتا دەهات وەزعەکە ئاڵۆز و ئاڵۆزتر دەبوو، بە خۆم گوت داخۆ وا باشتر نیە خۆم لەم بەزەمە قوتاربکەم؟ داخۆ وا باشتر نیە واز لە هاوڕێیەتی دیوار بێنم و، ئەو بە رێگای خۆی و منیش بە رێی خۆم؟

وام کرد. بەڵام چی بکەم. کێشە ئەوەیە من بەردەوام بە تووشییەوە دەبمەوە. هەر لە ماڵەوە بگرە هەتا کۆڵان و گەڕەک و شار و… تەنانەت قوتابخانەیش.

هاوڕێیەتی ئێمە بەردەوامە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *