فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

راڕەو

کات 06/09/1402 229 بازدید

راڕەو

کە لە خەو بەئاگاهاتم لەهەمان شوێن نەبووم. سەیرە! ئێرە کوێیە؟ هەڵبەت ژانێکی سەیریش لە بەشی چەپی سینگمدا بوو. وەک بڵێی پاشـماوەی ژان و ئازارێکی قورس و کتوپڕی کە هێشتا بەتەواوی وازی نەهێناوە. دەستێک بە سینگمدا دێنم و، کەمێک ناوچاوانمی بۆ بەیەکدا دەدەم.

ئەوەندەی لە بیرم دێ من وەک هەمیشە لەدووای نانخواردنی نیوەڕۆ، پێش ئەوەی بچمەوە سەرکار، چارەکە سەعاتێک لە هەمان تەنیشتی سفرەی خواردنەکە، تەنانەت پێش ئەوەی خێزانم بگاتێ کۆی بکاتەوە، سەرخەوێکی بۆ دەشکێنم. ئەمە پیشەی ساڵانی ساڵمە. وانەبێ بڕناکەم. بەیانی زوو کاتژمێر شەش هەستی و، بچی بۆ کار و هەتا ئێوارە درەنگان شان و مل بکوتی، دەبێ نیوەڕۆکەی سەرخەوێکی بۆ بشکێنی. هەر لە نانخواردن دەبمەوە، کتوپڕ جەستەم قورس قورس دەبێ و، هەموو ئازای ئەندامم دەکەوێتە ژان. خۆم دەکێشمەوە و، باوێشک یان نیوەباوێشکێکی بۆدەدەم و هەر لەوێدا  پاڵدەکەوم. خەوەکە لەپشت پێڵوی چاوەکانمدایە. زوو و خێرا خۆی پیادەکا و، ئیتر ئاگام لە دونیا نامێنێ.

بە عادەتی کۆنی قەدیم و باوکم کە ئێستاکە تەمەنی خۆی داوە بە ئێوە و، ئێوە سەلامەت، رادوێ کۆنەکە کە لە تەنیشتمدایە و خێزانم بە گوێرەی عادەت و رێزێکی کۆن لە من لەوێ لەتەنیشت پشتییەکەدا دایناوە، هەڵدەکەم و هەواڵ وەک لایەلایە دەملاوێنێتەوە و بە بێ ئەوەی بتوانم بزانم دوواتر چی روودەدا و دونیا بەڕاستی بەدست کێیەوەیە، دەچمە دونیای حەپەڕووتەوە. دەنگی رادوێکە و حاڵ و هەوای نیوەڕۆ لای من خۆشترین شتی دونیان. چێژێکی قەدیمی کە قەت کۆن نابێ و گەورەترین مانا بە ژیان دەبەخشێ، بەتایبەتی بە ژیانی من. راستییەکەی ئەوەیە من زۆر حەزم لەم سەردەمە نیە و، وەڕزم لێی. رقم لێیەتی. چەند بەزەییشم بە خەڵکی ئیستا و بەتایبەت گەنجەکانیاندا دێتەوە. بەڕای من چیتر سەروبنی دونیا مەعلوم نیە و، کەس نازانێ بەرەو کوێ ملدەنێ. جاران گەورەو بچووکی هەبوو، رێز هەبوو، ژوور و ژێری هۆدە و خانوو مانای هەبوو و زیاتر لە هەموو ئەمانە ‘کات’یش دەتزانی چییە. ئەرێ، جاران ژیان ئەوەندە خێرا تێنەدەپەڕی. ئیستا تا لادەکەیتەوە رۆژ دەبێ بە شەو و شەو بە رۆژ، وەرزەکان خێراخێرا بەشوێن یەکتردا و ساڵەکانیش کە ئیتر هەر بە قوربانیان بم، وەها راکەڕاکەیانە نەبێتەوە! من وا بۆ دەچم هی ئەوەیە خەڵکی ئەم سەردەمە زۆر سەرقاڵن. جاران وانەبوو. ئیستا پارە و ماشین و خانووی جوان و جلوبەرگ و چاوچاوێنێ و بەگشتی ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێ بەرۆکی پێ گرتوون و، سەری لێ سەندوون. قوڕ بەسەریان بۆ خۆیان و بۆ ژیانیان! بەخوا هیچی ئەم سەرخەو شکاندنەی نیوەڕۆیانی من لەبەر هەتاوی هاوینی پشت پەنجەرە ناهێنێ، لەکاتێکدا تاکێکی کراوەتەوە و نەرمەبایەک خۆی بە ژوورەوەدا دەکا و دەنگی جریوەجریوی چۆلەکە حەوشەکەی هەراسانکردووە. کوڕە کوا خەڵکی ئیستا دەزانن بژین! پیاو کە ئەوەندە خەیاڵی لەسەر پارە و رابواردن و ماڵی دونیا بوو، بەخوا ژیانی لەبیردەچێتەوە و، ئیتر دەبێ بە هیچ.

با لەمە گەڕێین و بچینەوە سەر باسەکەی خۆمان. ئەرێ، وتم کە بەخەبەرهاتم بینیم… بینیم لەهەمان ژوور نەمابووم! نە سفرەکەم لەتەنیشدا بوو، نە رادوێ و نە پشتی و… نە هەراوهوریای چۆلەکەکانیش. بە دڵەڕاوکێ و ترسەوە چاوێکم بەدەوری خۆمدا گێڕا. لەدوورەوە دەنگی شین و شەپۆڕ دەهات. وەک بڵێی بنەماڵەیەک کەسێکیان لێ مردووە و بەسەر تەرمی مردووەکەیاندا خەریکی گەرمە شینن. دەنگەکە چەند ئاشنا دەهاتەگوێ! وەک بڵێی دەنگی هاجەری هاوسەریشمی تیابوو. بیری سەردەمی مردنی باوکم کەوتمەوە. دیسان هەستم چووەوە سەر چاوەکانم و، بینیم لە راڕەوێکی دوور و درێژدام. دیوارەکان سپی سپی بە تیشکێکەوە کە لە خودی دیوار و سەقفەکەوە وەک ئاو دەدەڵا و دەڕژایە ناویەوە. تەنیا بووم. دیسان سەیرێکی ئەم سەراوسەری راڕەوەکەم کردەوە. باشە بۆ کەسی لێ نیە؟… راستی ئێرە کوێیە؟ لەم کاتەدا هەستم کرد شتێ بەر بەدەنم دەکەوێ، وەک بڵێی رووبارێکی نادیار بەناومدا تێدەپەڕێ. ئەوسا دیمەنەکە لەبەرچاومدا بەرەبەرە خۆی ئاشکراکرد. بینیم لەناو بێشومار مرۆڤدام کە بە ناو راڕەوەکەدا تێدەپەڕین. لەم سەرەوە بۆ ئەو سەرو، لەوسەرەوە بۆ ئەم سەر. کەس یەکتری نەدەدواند و سەیری ئەوی دیکەی نەدەکرد. تەژی لە بیرکردنەوە و سەرقاڵی شتێک لە دەروونیاندا تەنیا رێگایان دەبڕی. دەستم برد، بەڵام دەستم بەر کەس نەدەکەوت. هاوارم لێکردن کە تکایە من لە کوێم و ئێوە کێن، بەڵام وەک بڵێی کەس گوێی لێ نەبێ! سەرئەنجام دووای هەوڵێکی زۆر، ماندوو هەڵتروشکام و پاڵم بە دیوارەکەی پشت سەرمەوە دا. بیری نیوەڕۆکانی ماڵەوە کەوتمەوە. دڵنیابوون هەڵە نەبووم و من ئەمرۆ، یاخود چەند ساتێک لەوە پێش وەک هەمیشە بەمەبەستی شکاندنی سەرخەوێک پاڵکەوتبووم. بەو ناونیشانە کە هێلکەو تەماتەمان هەبوو و سەلکێک پیازیشم بۆ شکاندبوو، پیازی سوور، بە دۆوە،… دۆیەکی ترشی خۆماڵی، هی دەشتی سورێن.

ماوەیەکی باش هەر بەم شێوازە مامەوە. بەڵام چیتر نەدەکرا. هەستامە سەرپێ. بۆ کوێ بچم؟ بەلای راستدا یان چەپ؟ پاش کەمێک بەبێ ئەوەی بزانم کامیانە، بەلایەکدا رۆیشتم. بە خۆم گوت بڕواناکەم زۆری فەرقی بێ. لەکاتێکدا من بەناو ئەوانی تردا دەڕۆیشتم و، ئەوانیش بەناو مندا، ملی رێگام گرتەبەر و دوور و دوورتر کەوتمەوە. دەبووایە هەرچی زووتر نیوەڕۆی ماڵەوە پەیدابکەمەوە. نیوەڕۆی ساڵان.

بەدەم رێگاوە هەوڵمدا لەچەند کەسێک بپرسم، هەرچەند دڵنیابووم کەس وەڵامم ناداتەوە. هەروایش بوو. بە خۆم گوت غەفور گیان تەنیا لە رێگاکردنت بەردەوام بە!

بەردەوام و بەردەوام بووم. جاری وابوو لەناو شەپۆلی بێ پایانی مرۆڤەکاندا هەستم دەکرد هەندێک روخساری ئاشنا دەبینم. روخسارەکانی ساڵانی ساڵ لەوە پێش. وەک بڵێی ئەوانیش منیان دەبینی، بەڵام بێخەیاڵ وەک بڵێی هەر نامناسن دوور و دوورتر دەکەوتنەوە. خوایەگیان! ئێرە کوێیە؟

هەروا دەڕۆیشتم و دەڕۆیشتم. سەیرە، نە برسیم دەبوو و نە تینوو، تەنانەت ماندوویش نەدەبووم. من کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئەژنۆ و قاچەکانم دابوویانە ژان و قەرارم نەمابوو، بە بێ ئەوی یەک تۆز ئازار چییە لەخۆمدا هەست پێبکەم، وەک جحێڵێکی شانزە ساڵ هەنگاو لەدووای هەنگاوم دەنا.

هەستمکرد جارێکیان بەلای باوکمدا تێپەڕیم، بەلای باوەگەورەیشمدا کە وەک جاران دەمنەکەی بەبەر پشتێنەکەیەوە بوو. حەمە… ئا حەمەی حەماڵیشم بینی کە لە بۆمبارانەکاندا بەرکەوت و وەک وتیان لەت و پەت بوو. بە گارییەکەیەوە بینیم. ئەویش بەناو هەموو ئەوانی تردا دەگوزەرا و، ئەوانیش بەناو حەمە و گارییەکەیدا. نازداری ئەحە حۆلیشم بینی کە کاتی خۆی براکەی لەسەر بێ ئەخلاقی کووشتی و، تەرمەکەی فڕێدایە ناو چەمەوە. ئەمە لەکاتی شۆڕشدا روویدا. لەو بێسەروبەرییە کەڵکی وەرگرت و، خوشکە گەورەکەی خۆی بە چەقۆ هەنجن هەنجن کرد. خوایە چەند جوان بوو! لەبیرم دێ بە منداڵی حەزم لێدەکرد. بەس نەبوو بە هیچ شوێنێک نەگەیشت، ئەگینا برا بەڕەڵڵا و پیاوکوژەکەیشی منی هەنجن هەنجن دەکرد.

دیسان دەڕۆم و دەڕۆم. کەمێک سینگم دێتەوە ژان. بەڵام هیچ نیە، زوو تەواودەبێ. وای لێدێ ئیتر ژان ناکا. خۆشحاڵم ساخم. بەتایبەت کە ژان و ئازاری قاچەکانم نەماون. گەر خوا یار بێ و ئاوا بڕواتە پێش، هەوڵدەدەم دەست بکەمەوە بە حەزلێکردن و چاو بە ئەشقەڵی. بەخوا ژیان هەر ئاوا خۆشە!

سەیرێکی ئەوسەر دەکەم. چەند بێکۆتا دەنوێنێ. بەخۆم دەڵێم خۆ ئاوا نابێ، بە شوێنێک هەر دەگەم. بە خۆم دەڵێم هەموو رێگایەک سەرئەنجام کۆتایی هەیە و، دەگاتە شوێنێک. بەتایبەت کە نە برسیم دەبێ و نە تینوو، نە ئازارم هەیە و نە خەویشم دێ،… قەیچێکە با هەر بە رێگاوە بم. ئەگەر ئاوا بگەمەوە بە نیوەڕۆکە چ باشتر. رەنگە چیتر پێویست بە سەرخەوشکاندن نەکا و، لە کاتێکدا بە جوانی گوێ لە هەموو هەواڵەکان دەگرم و سەیری حەوشە دەکەم، هەرئاوا بە راکشانەوە کەمێک بۆی بحەسێمەوە.

بۆ ئاگاداریتان، من ئیستایش هەر بەڕێوەم. سەیرە ئەم رێگایە کۆتایی نایەت. هەڵبەت راهاتووم، عادەتیشم گرتووە. تەنیا ئەوەندەی کە هێشتا نازانم من بۆ لێرەم،… بۆ کتوپڕ فڕێدرامە ئەم هۆڵە بێ پایانە سەیروسەمەرەوە بەو بنیادەمانەوە کە کەس کەسیان نادوێنێ و بێ سڵەمینەوە بەناو یەکتردا تێدەپەڕن.

لەبەینی خۆشماندا بێ، کەمێک یادی ژنەکەیشم دەکەم.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *