فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دوگمە

کات 11/12/1402 158 بازدید

دوگمە

ئەمڕۆ دوگمەیەکی پاڵتۆکەم ونکردووە. نازانم لە کوێ. دووادوگمەیە لە خوارەوە. ئەوەی بن ملمی لێ دەرکەی، پێنجن. یەعنی لەراستیدا شەشن. بەس لەبەر ئەوەی من قەت ئەوەی بن ملم بەکار ناهێنم، حەزدەکەم بڵێم پێنجن. عەلاکوللی، رێک پێنجەمین دانە ونبووە. ئەوەندەی لەبیرم بێ، هەتا دوێ شەویش مابوو. کتوپڕ بوو بە هەڵم و چوو بەئاسماندا. ژوورەکە جوان جوان دەگەڕێم. داڵانە گچکەکە، هۆڵەکە، ئاشپەزخانە، تەنانەت ئاودەستیش. بێسوودە. دوگمەیەکی قاوەیی بەقەدەر تاقڕانییەکی قەدیم کە کەوت چۆن پەیدادەبێتەوە! مەگەر بە شانس. ئەویش من کە قەت لە ژیانمدا شانسم نەبووە.

بەخۆم دەڵێم کوڕە جا خۆ چواریان ماون، ئەو پێنجەمینەیانت بۆچییە! بەڵام نا، نابێ. پاڵتۆکە وەک هین دەم دەکاتەوە و، کە بایش لێی دەدا خراپتر. نا، دەبێ بیدۆزمەوە! لە کوێ؟ نازانم!

بۆ سبەی ناچمە دەرەوە. بەخۆشییەوە بەفر دەبارێ و، کزەی بایەکیشی دێ. هەر لەو کاتەدا بیر لە بەفر و سەرما دەکەمەوە، کتوپڕ بیرم دەکەوێتەوە کە دەتوانم لە دوگمەی کراس و شەرواڵ و بەگشتی جلوبەرگەکانی ترم کەڵک وەربگرم. بۆ نا؟ بەتایبەت ئەوانەی وا جاری وایە دوگمەی زیادییان پێوەیە و، یان ئەوەندەیان لەبەر ناکەم. بزەیەکم دێتێ. خۆشحاڵ لەوەی کێشەکەم چارەسەر بووە، پاڵی لێدەدەمەوە و سەیری تەلەفزیۆن دەکەم.

هەواڵەکانە. باسی هەڵبژاردن، سەفەری سەرۆک کۆمار بۆ تورکیا، سازکردنی مووشەکێکی نوێ و… شەڕی غەززە و ئۆکراینە. یەک لە دووای یەک گوێیان لێدەگرم. بە بێ هیچ چەشنە هەست و سەرنجێکی تایبەت. بەڵام کە دەگاتە ئۆکراین، جووڵەیەکم تێدەکەوێ! لە کاتی هەواڵەکانی شەڕی ئەوێدا پوتین لە کۆشکی کرێملین پیشاندەدا. سەرۆک لە تەنیشت نیگابانێکی کۆشک بە دونیایەک قۆپچە بە سەر سینگ و سکییەوە! هەڵدەستمە سەر قوون. بە خۆم دەڵێم وەی لەو هەموو دوگمە جوان و رێک و پێکە! نیگابانەکە لەکاتی تێپەڕینی سەرۆکدا سڵاوێکی سەربازیی جوان و خاوێن پێشکەش دەکا. سەرۆک بزەیەکی لەسەر لێوە و، کە دەڕوا دەستێکی لەوی تر خێراتر و بەگوڕتر پاش و پێش پێدەکا. بەخۆم دەڵێم ئاخ گەر تەنیا یەکێک لەو قۆپچانە هی من بووایە! دڵنیام بزەی سەرۆک بۆ دوگمەکانی سەربازەکە بووە.

ئەو شەوە هەستێکی ناخۆش، یان رەنگە خۆشی دژە نیشتمانی رووم تێدەکا. ئەوەیکە بۆچی خەڵکی رووسیا نیم و، لەم وڵاتە کاولەدا لەدایک بووم و گیرۆدە بووم، دەمهێنێ و دەمبا. بەخۆم دەڵیم ئەو سەربازەی من بینیم، بڕواناکەم قەت دوگمەی لێ بەربێتەوە و لێی ون ببێ. دەڵێم تەقەڵی وەهای لێدراوە و، وا دووراوەتەوە کە بە تۆپ و تانگی ئۆکراینیش ناپچڕێ و ناکەوێتە خوارەوە. ئەوسا بەو ئاکامە دەگەم کە وڵاتێک سەرباز و دوگمەی وەهای هەبێ بێگومان قەت ناشکێ و نابەزێ. لەخۆوە نەبوو بەسەر هیتلەردا سەرکەوتن.

بە دڵێکی پڕ لەخەفەت دەچم و، پاڵتۆکەم دێنم. بەسەر پێوە لێی رادەمێنم. جوان جوان سەرنجی دەدەم. پێنجەم دوگمە هەروا ونە. بێ سەروشوێن و، بێ ئەوەی کەس بزانێ لە کوێیە. باشە دوێشەو دەبێ چی روویدابێ؟ جوان جوان بیرەکانم کۆدەکەمەوە. دوێشەو… دویشەو… ئەها دوێشەو،… نا، شتێکی وەها رووینەدابوو. من وەک هەمیشە هاتبوومەوە، پێڵاوەکانم داکەندبوو، پاڵتۆکەم لە شوێنە هەمیشەییەکە هەڵواسیبوو، چووبووم بۆ ئاودەست… دوواتر نان و چام خواردبوو… نا نا بۆ هیچ شوێنێک نەچووبووم. لە بیرم دێ کاتی داکەندنی پاڵتۆکە هەر پێنج قۆپچەکەم کردبووەوە. من زیاتر لەهەموویان قۆپچەی پێنجەمم لەبیردەما، لەبەر ئەوەی بۆ کردنەوەی هەمیشە کەمێک دەستم بۆ دەکێشا، خۆم نەوی دەکردەوە و جگە لەوە وردە سەیرێکیشم دەکرد.

سەرم دەکەوێتە ژان. باشە توخوا دوگمەیەک ئەوە دێنێ ئەوەندەی بۆی دابچم؟ نەوەڵڵا! هیچ شتێک لەم دونیایەدا ئەوەندە ناهێنێ.

شەو خەو بە نیگابانەکەی کۆشکی کرێملینەوە دەبینم. لەکاتی تێپەڕینی سەرۆکدا بە دزییەوە قۆپچەیەک لێدەکاتەوە و بۆمی فڕێدەدا. چ گەنجێکی جوان و قۆزە! دوگمەکەیش، بەپێچەوانەی هەواڵەکانی دوێ شەو، وەک ئەوەی خۆم قاوەییە. بەحەواوە بەدەم پێچ و لوولخواردندا لەبەر تیشکی چرا کلاسیک و گران بەهاکانی سەقفەکەدا دەدرەوشێتەوە. بەدەم بزەیەکی شێتانەوە خۆم هەڵدەدەم بیگرمەوە کە هەڵدەکەوم. قۆپچە قاوەیی و گران بەهاکەی کۆشکی کرێملینیشم لێ وندەبێ. خوایە من چ بەدبەختم! من چ بەدشانسم!

کە بەیانی هەڵدەستم، سەرم قورسە. لە بیری سەرۆک و سەرباز و قۆپچە روو دەکەمە حەمام. لەسەر کاسەکە غەرقی ئەندێشەم. پێنجەم قۆپچە گرینگترین رۆڵی لە گێڕانەوەی سەرمادا هەبوو. دوو لۆنی کراوەو شۆڕی پاڵتۆکەم بەوەوە ئۆقرەیان دەگرت. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشم.

کە خۆم وشک دەکەمەوەو، دەچمە دەرەوە دیسان روو لە پاڵتۆکە دەکەمەوە. هەی لە منی گێژ و خەلفاو! باشە بۆ تا ئیستا بیرم لە دوگمەکەی بن ملم نەکردبووەوە،… لە یەکەمینیان؟

دوگمە

خۆشحاڵ بە بێ ئەوەی مەقەست بەکاربێنم، بە هێزی شان و باهۆ، دەیقرتێنم و لێی دەکەمەوە. پاڵتۆکە کەمێک خراپ دەبێ، بەڵام گرینگ نیە. ئەوسا دەرزی و دەزوو دەهێنم و، دەستدەکەم بە دوورینەوەی. یەکەم قۆپچە دەبێ بە پێنجەم و بەم شێوەیە کێشەکە کۆتایی دێ. بە هەستێکی لێواولێو لە سەرکەوتن دەچم هەڵیواسم کە دەبینم بە گیرفانی ناوەوە، ئەوەی بن باخەڵ دوگمەیەکی زاپاس لە نایلۆنێکی بچوکدا هەڵواسراوە!

کەواتە دوگمەکان پێنج نەبوون و شەش بوون؛ نا،… شەشیش نەبوون و حەوت بوون!

شەو دیسان هەواڵەکانە. هەواڵەکانە. باسی هەڵبژاردن، هاتنەوەی سەرۆک کۆمار لە تورکیا، پەیامی پیرۆزبایی رێبەر بەبۆنەی سازکردنی مووشەکە نوێیەکە و… شەڕی غەززە و ئۆکراینیش.

بەڵام تەنانەت گەر بڵێن شێتە، دەبێ بڵێم کە من دڵنیام دوگمە پێنجەمەکە بوو کە چووبووە ناو نایلۆنە بچووکەکە و لە گیرفانی بن باخەڵمدا خۆی مڵاس دابوو.

ئەی ئەگەر وانیە، دەی کەواتە چی بەسەر قۆپچەکەدا هاتبوو؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *