فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پێش‌بینی

کات 16/12/1402 129 بازدید

پێش‌بینی

پیاوێکی دراوسێی ئێمە، توانای پێش‌بینی کردنی ئایندەی هەیە. ئەو ئەگەر بیەوێ، دەتوانێ پێت بڵێ قەرارە چی رووبدات، هەر لە شەڕ و شۆڕشە گەورەکانەوە بگرە هەتا رووداوەکانی ناو شار، هەتا ئەوەی وا بەڵێنە بەسەر تۆدا بێ! بەڵام ئەو بڕیاریداوە تەنیا باس لە رووداوە گەورەکان بکا، نەک بچووکەکان. بەو هۆکارە کە پێی وایە خەڵک زۆر دەربەستی رووداوە گەورەکان نین و، ئەگەریش شتی ناخۆش پیش‌بینی بکا ئەوا کەس دوواتر بەرۆکی پێ ناگرێ.

رەنگە بپرسن ئەم دراوسێیەی ئێمە ئەم توانا سەیرو سەمەرەی لە کوێوە هێناوە. دەبێ بڵێم کاتیک منداڵ بووە، رۆژێک لە یەکێک لە شارەکانی دەورووبەرەوە میوانیان بۆ دێ. میوانەکەیان کە بنەماڵەیەکی چوار نەفەری لە خزم و کەس و کاری باوکی دەبن، دیارییان پێ دەبێ. دیارییەکان کچانەن و بۆ ئەو کە تاقەکوڕی ماڵە نابن.
ئەویش لەداخانا وەگا گوڕو دەگرێ و وەها دەستدەکا بە گریان و هات و هاوار، کە پەلی دەگرن و دەیخەنە ژێرخان. بۆخۆی دەڵێ لە تاریکی ژێرخانەکەدا لەدووای گریانێکی زۆر، بە چاوی فرمێسکاوی و لێڵەوە کتوپڕ چاوی بە تاقە رۆژنەی دیوارەکەی بەرامبەری دەکەوێ کە لێیەوە رۆشنایی دەرەوە خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. لەو کاتەدا کە لە تیشکەکە رادەمێنێ، کتوپڕ هەست بە هێزێکی تایبەت لە خۆیدا دەکا. بۆ خۆێ دەڵێ هەستی کرد دەتوانێ ئەو دیوی دیوارەکە ببینێ. لێرەوە هێزی پێش‌بینی کردنی رووداوەکان تیایا سەر هەڵدەدا و، ئیتر بۆ هەمیشە دەبێ بە مرۆڤێکی تر. هەڵبەت قەت ئەمەی نەدرکاند. یەعنی نەیوێرا بیدرکێنێ. ئەگینا بە تاوانی جادووگەری و دەست تێوەردان لەکاری خودا دەیانگرت و، بێ سەروشوێنیان دەکرد. ئەگەرچی هەموو کەس دەیزانی کە ئەو پیاوێکە کە دەتوانێ وەک خودا داهاتوو ببینێ. بەو جیاوازییەوە کە تەنیا پێش‌بینی دەکردن نەک ئەوەی بیانخوڵقێنێ.

یەکەمین پێش‌بینی ئەو ئەوە بوو کە هاوین، یەعنی چوار مانگ دووای زیندانی کردنەکەی لە ژێرخانەکە، میوانی تریان لە هەمان شارەوە بۆ دێ و ئەمجارە دەچن بۆ پارکی شار. لەوێ باوکی بەناچاری دەبێ بەستەنی بۆ میوانەکان و بۆ ئەمیش، کە ئەو رۆژە لە رووداوێکی سەیرو سەمەرەدا لەگەڵیان دەبێ، بکڕێ. ئەم کە یەکەم جارە لە ژیانیدا ئایسکرێم دەخوا، ئەوەندەی پێ خۆش دەبێ و ئەوەندەی پێ گەشکە دەبێ کە جورئەت دەکا داوای دانەیەکی تر بکا. دیسان لە دووای لێدانێکی باش بۆ ئێوارە دەیخەنەوە هەمان ژێرخان کە تیایا توانای پیش‌بینی کردنی داهاتوو تێیدا سەری هەڵدابوو.

پێش‌بینی

دراوسێکەی ئێمە شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوتی پێش‌بینی کردبوو کە تەنیا حەوت ساڵ لە دووای زیندانی کردنی دووهەم جاری لە ژێرخانەکەدا روویدابوو. ئەو شەڕی کوردستانیشی پێش‌بینی کردبوو، شەڕی ئێران و ئێراق (تەنانەت گوتبووی هەشت ساڵ دەخایەنێ)، شەڕی کووەیت، رووخانی سەدام، شەڕی ناوخۆی کوردەکان. ئەو بەبێ ئەوەی یەک وشە چییە لەسەر مێژوو و گرینگی مێژوو بزانێ، ئەو بەبێ ئەوەی هیگل و مارکسی خوێندبێتەوە، مرۆڤی لە رەوتێکی زەمەنیی بەردەوامدا دەبینی کە بەبێ ئەوەی ئینسان بۆخۆی بزانێ چییە، بەڵام دەبووایە تیایا بژیایە. ئەو مێژووەی کە بەبێ بوونی، مرۆڤ هیچ نەبوو.

تاقە گرفتی ئەم دراوسێیەی ئێمە ئەوە بوو کە نەیدەزانی خۆی چی بەسەردێ و چارەنووسی بەرەو کوێ دەڕوا! بەپێچەوانەی خەڵکی کە لایان وابوو بەهۆی ئەم توانای پێش‌بینییەوە دەتوانێ خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێ و بەم شێوەیە زیاتر لە خەڵکی ژیان و داهاتووی پارێزراو بێ، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خۆی لەناو لافاوی رووداوەکاندا نەدەبینییەوە. نەیدەزانی لەکوێدا راوەستاوە و قەرارە چی بەسەربێ. هەمیشە خۆی لێ ونبوو. لەبەر ئەمە کەمتر دەچووە دەرەوە و، هەوڵیدەدا بەکردەوە زۆر کاری بەسەر مێژووەوە نەبێ.

سەیر ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی ئیستاکە دراوسێکەمان پیرەمێردێکە و حسێبی سەرو ریشی سپی کردووە، کەچی نە لە بەستەنی تێردەبێ و نە لە دیاری. خۆشترین کاتەکانی ژیانی ئەو، ئەو کاتانەیە وا ئایسکرێم دەخوا یاخود هاوڕێ یان ئاشنایەک دیارییەکی بۆ دێنێ.

دەنگی قاقای پێکەنینەکەی لەم کاتانەدا لە گەڕەک دەنگ دەداتەوە و، هەموو گوێیان لێیە. رەنگە مێژوو بەستەنی یاخود لە دیاری زیاتر هیچ شتێکی تر نەبێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *