فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەوان پێم دەڵێن

کات 09/01/1403 116 بازدید

ئەوان پێم دەڵێن

رۆژێکی بەهاریی ساڵی ١٣۶۴ی هەتاوی بوو. لە گوندێک لەنزیک یەکێک لە بەرەکانی شەڕی ئێران و ئێراق بووم. نا، لە گوندەکە نەبووم، لە دەشتێکی دەورووبەری بووم. بە رادیۆیەک بە دەستمەوە. لەسەر کەرکوک بوو. گۆرانی پاپی کوردی دونیای تەنیبوو. رۆژێکی خۆشی بەهاری بە هەموو جوانییەکانییەوە. سەوزایی، گوڵی رەنگاوڕەنگ، ئاسمانی شین و گەش، خوڕەی ئاوی زوڵاڵی چەم و ئەو باڵندانەی کە من پێم وایە هیچیان لەشەڕ نەدەزانی.

کتوپڕ زۆر پێیان سەرسام بووم. بەخۆم گوت من بۆ نا. ئەوسا شەڕم لەبیرچووەوە. چیتر لە دوورەوە گوێم لە دەنگی تۆپەکان نەمابوو. ئیتر گوێم بۆ ئاسمان بۆ پەیدابوونی لەنەکاوی فڕۆکەیەکی شەڕکەر شل نەدەکرد. هەموو شتێک لەناکاو وەک ساڵانی ساڵ لەوە پێشی لێهاتبوو. بە خۆم گوت مرۆڤ دەکرێ تەنیا لە بیر و خەیاڵیدا بژی. بۆ نا!

بەشیوێکدا داگەڕام. بۆنی گژوگیا مەستی کردبووم. شێی چیمەن لەئامێزی گرتم. نازانم چۆن بوو کتوپڕ دوو باڵم دەرکرد و، دەستم کرد بە فڕین. ئەم چڵ نا ئەو چڵ، ئەم گوڵ نا ئەو گوڵ، ئەم بەرد نا ئەو بەرد. کە ماندوو دەبووم بە دەندووکم باڵەکانم دەپشکنی. خاوێنم دەکردنەوە. کە بێتاقەت دەبووم گۆرانیم دەچڕی، تەنیا بۆ ئەوەی ئەوانی تر ئاگادار بکەمەوە منیش هەم. لەسەر جۆبارێک کەمێک ئاوم خواردەوە. لە ترسی واشەیەک کە بە قووڵایی ئاسمانەوە شێتانە دەفڕی، خۆم دایە بن لقی درەختێک. گوێم لە ترپەی دڵی خۆم بوو. هەر لەو کاتەدا مێشوولەیەکم راوکرد و قوتمدا کە بە تەنیشتمدا تێدەپەڕی. سروشت کتوپڕ ئەوەندە لەبەر چاومدا پان و بەرین بووەوە کە هەستم دەکرد قەت ناتوانم بگەمە ئەو شاخەی وا لە دوورەوە بەو چکە بەفرەی وا بە سەر سەرییەوە بوو، دەدرەوشایەوە.

زەمەن بەقەدەر پێموابێ وەرزێک تێپەڕی و، هەتاو بە ئاسماندا داگەڕا و دۆڵەکە بەرەبەرە بوو بە سێبەر. بیرم کەوتەوە هێلانەم نیە. ترس و دڵەڕاوکێ رووی تێکردم. بەڵام زۆر گرینگ نەبوو. شەو لەناو کۆمەڵێک لق و گەڵای چڕدا هەڵنیشتم و، خۆم حەشاردا. نیوە شەو بە دەنگەدەنگ خەبەرم بووەوە. بنیادەمەکان وەک هەمیشە هاوار هاواریان بوو و، دەرو دەشتیان هێنابووە سەرسەری خۆیان! گوێم لێبوو بانگی کەسێکیان دەکرد. ناوێکی ئاشنا: “هۆ هومێد… هۆ هومێد! لە کوێی؟ تکایە گەر گوێت لێمانە جواب بدەرەوە!… هۆ هومێد!…”

خوایە ناوەکە چەند ئاشنا بوو! بەخۆم گوت دیسان وەک هەمیشە نزیکترین کەسەکانی خۆیانیان لەدەست داوە بە بێ ئەوەی بتوانن کارێک بکەن. هەتاو نیوەشەو دەنگەدەنگەکە بەردەوام بوو. بەخۆم گوت مەگەر ئەوان نازانن کە لێرە لەناو سروشتدا هەر ئەوان نین دەژین؟ مەگەر ئەوان لایان وایە هەر کاتێک پێیان خۆش بوو دەتوانن بیکەنە قیڕەقیڕ! بێزار لەم دۆخە سەرم خستەوە بن باڵم.

بەیانی، تاریک و روون خەبەرم بووەوە. بە خۆم گوت وەرزێکی تری ژیان. یەکەم دەندووکم لە جۆبارەکە نەدابوو کە گوێم لە گرمەگرمێکی سەیر بوو لە دوورەوە،… گوێم لە وژەیەکی ترسناک بوو لە ئاسمانەوە. خوایە ئەم دەنگانە چەند ئاشنا بوون بۆم! راستی لە کوێ ئەمانەم بیستبوو؟… هەرچی تێفکرام بێسوود بوو. دەستم کردەوە بە ئاوخواردن و، هەر جارەیش هەر لەخۆوە زوو زوو سەرم بەرزدەکردەوە و لە ئاسمانی سەر سەرم دەڕوانی.

بە شوێن راوی ئەو وەرزەوە بووم کە گرمەگرم و وژەوژەکە زۆرو زۆرتر دەبوون. وازیان نەدەهێنا. بینیم بە پێچەوانەی وەرزی دوێنێ هیچ واشەیەک بەئاسمانەوە نەمابوو. گۆشتخۆرەکان سەری خۆیان هەڵگرتبوو. ئاسمان چۆڵ چۆڵ! ئاە، ئەو وەرزەم چەند بە دژواری لێ تێپەڕبوو! دەنگەدەنگە ئاشناکان چەند ژیانیان لێ تێکدابووم.

هەر چۆنێک بوو ئەو وەرزەیش تێپەڕی. شەو چوومەوە هەمان شوێن. ئەگەرچی شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم هەڵە دەکەی. نیوە شەو بوو کە دیسان گوێم لە هاوارهاواری مرۆڤەکان بووەوە. ئەمجارە ئومێد ئومێدیان نەدەکرد. ئەمجارە هات و هاوارێکی بێ مانا و بێ سەرەوبەرە بوو. بەخۆم گوت دیسان سەریان لێ شێواوەو، نازانن چی بکەن.

خەو بردمییەوە. وەک بڵێی بە ژیانی نوێی خۆم بەباشی عادەتم گرتبوو. سبەی کە خەبەرم بووەوە، بینیم لە ژێر درەختەکەدا خەوتووم و رادیۆکە بە تەنیشتمەوە لەسەر ئیستگەی کەرکووکە و، خەریکی بڵاوکردنەوەی گۆرانی پاپی کوردییە. بەپەلە هەستام. خوایە من لێرە چی دەکەم؟ لەکەیەوە لێرەم؟ بۆ شەو لێرە ماومەتەوە؟

بەبێ ئەوەی بزانم چ خەبەرە، بەپەلە هەستام، خۆم تەکاند، رادیۆکەم هەڵگرت و سەیرێکی دەورووبەری خۆم کرد و بەڕێ کەوتم. دەبوو بچوومایەتەوە بۆ گوند. بێ خەبەر لەوەی دوو شەو لێرە مابوومەوە، لەبەر خۆمەوە گوتم دڵنیام دوێشەو هەموو نیگەرانم بوون. ئاە، چ کارێکی خراپم کردووە. بێگومان بەهار و گۆرانی منیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەوسا هاتەوە بیرم کە شەڕە. ئەوسا هەستم کرد کە من… کە من… ئاە لە دوێنێوە شتێک قەومابوو کە نەمدەزانی چییە. وەک بڵێی من لە دوێنێوە هەموو شتێک، بەتایبەت شەڕم لەبیر چووبووەوە. بەخۆم گوت نا هیچ نیە، تەنیا ئەوەندەی لێرە لەناو باوەشی سروشت باش خەوت لێکەوتووە.

بەرەو گوند رۆیشتم. بەپەلە. لەدوورە هەستم کرد شتێک قەوماوە، شتێک وەک خۆی نەمابوو. گوند دووکەڵی لێهەڵدەستا. چرپە لە هیچ شوێنێکەوە نەدەهات. لەسەر جادە لە دوورەوە بینیم بەدەیان ماشین و زیلی سەربازی کەوتبوون و سووتابوون.

ناو دەمم تامی مێشوولەی دەدا و، لە چاوەکانمدا جارجارە واشەیەک دەسووڕایەوە. بەخۆم گوت هیچ نیە، هەر ئەوەندەی هەوڵبدە لەبیرت بێ کە لە کوێ دەژی. راستی لە کوێ دەژیام. خەیاڵم جاروبارە دەچووە سەر باڵندەیەکی بچووک. رادیۆکە ریقنەیەکی بەسەرە بوو.

ئەرێ دەزانم شەڕە، بەڵام کام شەڕ؟ راستی من لە چ سەردەمێکدا دەژیم؟ شەڕی یەک، دوو یان…؟ نازانم. بەلام گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە بگەمەوە ئاوایی و بگەمەوە ئەو ریزە ماشینە سەربازییە. لەوێ مرۆڤەکان هەموو شتێکم بۆ روون دەکەنەوە. یەعنی دەبێ بۆم روون بکەنەوە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *