فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بێ‌خەبەر

کات 12/01/1403 115 بازدید

بێ‌خەبەر

دوێشەو لە تەنیشت پەنجەرەکەدا خەوتبووم… نا، راکشابووم و لە سەقفەکەم دەڕوانی. هەوا گەرم بوو. بۆیە تایەکی پەنجەرەکە لەسەر پشت بوو. نازانم کاتژمێر چەند بوو، هەر ئەوەندەم زانی دەستێک لە تا کراوەکەوە هاتە ژوورەوە و بە چەقۆیەکی تیژ، لەو چەقۆیانەی وا قەسابەکەی رووبەڕووی ئیدارەی کوژاندنەوەی ئاگر بۆ سەربڕینی مەڕ و لەت و پەتکردنی لەکاتی فرۆشتنی بەکاری دەبرد، گوێیەکی بڕیم.

من نە ئازارم پێ گەیشت، نە ترسام، نە سەرم سوڕما، نە خوێنێک رژایە سەر دۆشەک و سەرینەکەم و نە دەستیشم بۆ لاجانگم برد؛ هەر ئەوەندەی لام کردەوە تا دەستەکە لەگەڵ گوێکەم لە هەمان تای کراوەوە وەدەرکەوتن و… ون بوون.

بەخۆم گوت رەنگە کەسێک لەمن زیاتر پێویستی بەو گوێیە بێ.

بۆ سبەی شەو لە هەمان شوێندا دیسان پاڵکەوتبوومەوە کە دیسان لەهەمان سات و چرکەدا، دیارە پێم وابێ، دەستەکە هاتەوە ژوورەوە. دەستی برد و بە هەمان چەقۆ چاوی چەپی دراوسێی هەمان گوێی بڕاومی هەڵکۆڵی و، لەگەڵ خۆی بردی. من کە وەک دوێشەو نە خوێنم لێ رژا، نە ئازارم پێگەیشت، نە سەرم سوڕما و نە ترسام بە چاوە ساخەکەم لێم رووانی هەتا لە پەنجەرەکەوە ون بوون.

بەخۆم گوت بێگومان کەسێک لەمن زیاتر پیویستی بەو چاوەیە.

بەو شێوەیە بۆ سبەی شەو دەستی دەستی چەپی بردم و، بۆ شەوی دوواتریشی قاچی چەپم. دیسان وەک دوێ شەو و پێرێ شەو بەخۆم گوت رەنگە کەسێک لەمن زیاتر پێویستی بەو دەست و قاچە بێ.

لەو رۆژەوە من بە لایەکی جەستەم کاروباری رۆژانەم بەڕێوە دەبەم. هەڵبەت مەپرسن کاروباری رۆژانەی من چییە لەبەر ئەوەی نازانم.

رۆژەکان تێدەپەڕن. هەست بە بێتاقەتی دەکەم. مەبەستم ئەوەیە بە بێتاقەتیی زیاتر.

بڕیاردەدەم لەم شەوەوە وەها بخەوم کە لای راستی جەستەم لە تەنیشت پەنجەرەکەوە بێ. بیری دەستەکە دەکەمەوە. بەخۆم دەڵێم بێگومان ئەمشەو پەیدا دەبێتەوە. بەهەمان شێوە تایەکی پەنجەرەکە کراوەیە. کات تێدەپەڕێ. کەس نایەت. بەخۆم دەڵێم پەلە مەکە، هەر دێت!

دەستەکە کاتژمێرێک درەنگتر دێتەوە. شەوی یەکەم گوێی راستم، شەوی دووهەم چاوی راستم، شەوی سێهەم و چوارم دەست و قاچی راستم لەگەڵ خۆی دەبا.

وەک هەمیشە بەخۆم دەڵێم رەنگە کەسێ لەوێ لە دەرەوە زیاتر لەمن پێویستی پێیان بێ.

بەڵام دەبینم کاروباری رۆژانەی من کە نازانم چین، بەڕێوە ناچن. لەبەر ئەوە، ئیستا لە جیاتی قاچەکانم دوو کۆتەرەم داناوە، لەجیاتی دەستەکانم دوو گۆچان، لەجیاتی گوێکانم دوو گوێز و لە جیاتی چاوەکانم دوو بادام.

بێ‌خەبەر

هەرچەند وەک جاران نا، بەڵام بەهەرحاڵ دەگوزەرێ!

کات تێدەپەڕێ و، دیسان بیری دەستەکە و چەقۆکە دەکەمەوە. لەهەمان شوێن دەخەومەوە بەتەمای هاتنەوەیان. بەخۆم دەڵێم کۆتەرە، گۆچان، گوێز و بادام هەر هیچ نین.

ئەو شەوەو شەوەکانی تر هەرچەند بەلای راست و چەپدا روو لە پەنجەرەکە دەخەوم، دەستەکە نایەتەوە. سەیرە! یەعنی لەدەرەوە کەس پێویستی بەمانە نیە؟

کات، چەندە؟ نازانم… تێدەپەڕێت. شەوێک کە بە بێ کۆتەرە، گۆچان، گوێز و بادام خەوتووم دەستەکە دێتەوە. شەوی یەکەم گوێم دەداتەوە، شەوی دووهەم چاو، شەوی سێهەم دەست و سەرئەنجام قاچم.

ئیستا من لەو شەوەوە  گوێم لە شتی وایە کە لەوانەیە سەرم بتەقێ،… چاوم لە شتی وایە لەوانەیە چاوەکانم دەرپەڕن،… دەستم لە شتی وا دەدرێ لەوانەیە دڵم راوەستێ و قاچیشم لە شتی وا هەڵدەکەوێ خەریکە گیانم دەردەچێ!

راستی لە دەرەوە چ خەبەرە!؟… کەسێک نیە بۆم باس بکا و بۆمی بگێڕێتەوە؟

کەس وەڵام ناداتەوە.

بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی دەستەکە و چەقۆکە دەمیشمیان لەگەڵ خۆیان ببردایە،… ئیستا ئاگام لە هەموو شتێ دەبوو.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *