فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کانیباڵ

کات 29/01/1403 65 بازدید

کانیباڵ

ئەمڕۆ لە پاش زستانێکی دوورو درێژی سارد و یەکجار بەفراوی، هەتاو لە ئاسمانی ساماڵدا دەدرەوشێتەوە. هەڵبەت گەرم نیە. کزەبایەکی دێ و بەگوێرەی کەشناسی، هەوای هەشت دەرەجەی سەرووی سفر وەک چوار دەرەجە هەست پێدەکرێ. بەخۆم دەڵێم هەر باشە. کە لەگەڵ مانگی فوریە هەڵیدەسەنگێنم، دەبینم هێشتا پانزە تا سی دەرەجە فەرقی هەیە.

بەخۆم دەڵێم ئۆخەی گوزەرا!

کەنداوی ئۆسلۆ لە باڵکۆنەکەمەوە شین دەکاتەوە. گوێ هەڵدەخەم. لەگەڵ ئەوەی بەهار ملی پێوەناوە، بەڵام گەڕەک خامۆشە. بە خۆم دەڵێم هەی نۆروێژی بێدەنگ! نۆروێژی بێ چپە و خشپە!

لە ئاسمان، بەرز بەرز فڕۆکەیەکی ناتۆ کە دەڵێن خەریکی وێنەگرتن و کۆنتڕۆڵی سنورەکانی وڵاتانی ئەندامە، دەسوڕێتەوە. هێڵێکی سپی بە شوێن خۆیدا جێدێڵێ. دەنگی هێشتا نەگەیشتووەتە لای من. بەخۆم دەڵێم بێگومان رووسیا ئاگای لێیە.

نازانم بۆ، بەڵام هەر لەخۆوە خەیاڵێک لە مێشکم دەدا. بە خۆم دەڵێم چی دەبوو ئیستا “کانیباڵ”ێک دراوسێم بووایە! لەو مرۆڤخۆرانەی وا ‘دانیەل فۆ’ لە رۆمانە بەناوبانگەکەیدا ‘رابینسۆن کرۆزوە’ باسیان لێدەکا. ئەوانەی مرۆڤ دەکوژن، لە ئاوی کوڵاودا وەک مریشک دەیکوڵێنن و، بە حەزێکی زۆرەوە دەیخۆن.

لەم خەیاڵانەدام کە دەنگی فڕۆکەکەی ناتۆ دەگاتە لام. چ گرمەگرمێکیەتی! سەر بەرزدەکەمەوە و، جارێکی تر لێی دەڕوانمەوە. ئەمجارە زیاتر هێڵە سپییەکەی وا لێی جێدەمێنێ، دەبینم تا خۆی. بەرەو باکوور دەفڕێ. بەخۆم دەڵێم رێک بەپێچەوانەی ئەو شوێنەی وا رابینسۆن کرۆزوە لێی دەژیا.

بێگومان کانیباڵی دراوسێم رەش‌پێست یان وەک دەڵێن رەنگین پێست دەبوو. وەک من دووانیوەڕۆیان لەپاش زستانێکی دوورو درێژ و یەکجار ساردی باکووری گۆی زەوی دەهات و، لەسەر باڵکۆنەکەی روو بە کەنداوی ئۆسلۆ دادەنیشت. وەک من سەیری فڕۆکەکەی دەکرد و خەیاڵی شەڕی رووسیا و رۆژئاوا دەیبردەوە. جاروبارە لای دەکردەوە و، بەگۆشەی چاو لێمی دەڕووانی. بیردەکەمەوە هەر لەو کاتەدا لە ژوورەوە لە ئاشپەزخانەکەیدا رانی مرۆڤێک خەریکە لەسەر ئاگر دەکوڵێ و، دراوسێکەم چاوەڕووانە پێبگات و کاتێک بەرەبەرە دونیا روو لەتاریکی دەکا، دەچێتە ژوورەوە و دەیخوا. گوێم لە ناڵەناڵی کوڵانە. کانیباڵی دراوسێم ژن و منداڵی نیە. وەک هەموو ئەو گەنجانەی روویان کردووەتە ئۆرووپا، حەزدەکا سەڵت بێ بۆ ئەوەی لە گەڵ زۆرترین ژمارەی ژنانی ئەم وڵاتە لە پێوەندی و لە رابوواردندا بێ. بێگومان جگە لەو توانا رەگەزیە جیاوازەی هەیەتی، بەهۆی خواردنی گۆشتی مرۆڤەوە، لە کاتی جووتبوون لەگەڵ ئافرەتاندا لە هەموو پیاوە نۆروێژییەکان، بگرە ئێمە و مانانیش بەهێزترە.

لە باخچەکەی خوارەوە، کە تەنیا بیست مترێک لەمن دوورە، ئاگام لێیە پیرێژنێکی نۆروێژی خەریکی باخچەکەیەتی. ئامادەی دەکا بۆ ساڵی نوێ. پیرێژنەکە جارجارە سەری بەرزدەکاتەوە و، لە لای ئێمە دەڕوانێ. دەزانم زیاتر نیگای دەچێتە سەر کانیباڵی دراوسێم. ئەفریقا و ئامریکای لاتین زیاتر بۆ ئەوان سەرنجڕاکێشترە تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەخۆم دەڵێم رەنگە لەبەر ئەوەی ئێمە کانیباڵمان نیە! ئیتر خەیاڵم بۆ ئیسلام ناچێ. ئەوسا بیری ئەو کچە سوور و سپی و چاو شینانە دەکەمەوە کە لە ناو شار دەست لەناو دەستی رەشێکی ئافریقایی دەڕۆیشتن و، بۆ ساتێک بزە لە دەمی هیچ کامیان دوور نەدەکەوتەوە.

کانیباڵی دراوسێم چەپۆقێکی سوورپێستیانە دەنێ بە لێوییەوە و، بە لەزێکی زۆرەوە هەڵیدەمژێ. با، چڕە دووکەڵەی بەرەو باڵکۆنەکەی من دێنێ. من دەکۆکم. کانیباڵەکە بزەیەک دەکا و، بەسەر دەڵێ ببوورە تاوانی با بوو نەک من. منیش لە ترسی ئەوەی بۆ سبەی شەو من نەخوا بە دەنگی بەرز هاواردەکەم “تکایە، خوایش دەکەم!”

کانیباڵ

ئەو کەشتییەی وا ناوی ‘کۆلۆرلاین’ە و، لە نێوان ئۆسلۆ و دانمارکدا لەهاتووچۆدایە، خەریکە دەگەڕێتەوە. سپی و شین دەخشێ. حەزدەکەم لە دراوسێکەم بپرسم داخۆ قەت بەم کەشتییە سەفەری دانمارکی کردووە،… کە ئەو دەستبەجێ وڵام دەداتەوە ئەگەر خواردنی منیان هەبایە بۆ نا!

قومێکی تر لەبیرەکەم دەدەم و، بەخۆم دەڵێم بۆ نا، ئەویش مافی ژیانی هەیە و لە وڵاتێکی دیمۆکراتدا دەبێ دەنگی ئەویش ببیسترێ. بەم تێفکرینەی خۆم ئەو گرژییەی کە ساتێک لەوە پێش رژابووە دەروونمەوە و کەمێک بێ ئۆقرەی کردبووم، لێم دوور دەکەوێتەوە… فەرەحانییەک رووم تێدەکا. بیرەکەم حەوادەدەم و، پێی دەڵێم بە خۆشیت! ئەویش گلاسێکی سوور کە پێم وایە شەرابە بەرزدەکاتەوە و، دەڵێ بە خۆشی!

شەراب!؟

ببێ و نەبێ، بە من چی!

ئەمجا دەنگی فڕۆکەیەکی تر دێ. پیرێژنەکە چەند گوڵدانی ریزکردووە. کاکی کانیباڵ هەڵدەستێ و، دەچێتە ژوورەوە. چەپۆقەکەی بە کۆتایی گەیشتووە و، گلاسەکەیشی سپی سپی لەوێ لەسەر مێزە گچکەکە کەوتووە.

ئیتر دەنگی هیچ ناڵەناڵێک نایەت.

دەڵێم نا تاوان نیە. بێگومان ئەوانەی دەخوا وا نازانن ژیان بکەن. ئەوانەی وا دروستکراون بۆ ئەوەی بخورێن. وەک چۆن ئەوانەی وا دروستکراون بۆ شەڕ و بۆ ئەوی بکوژرێن. بە خۆم دەڵێم دەوڵەتی دیمۆکرات و ئازادیخوازی نۆروێژیش ئەمە دەزانێ.

هەتاو بەرەبەرە دادەچێ. سێبەرەکان دەکشێن. ئاسمان، تەمێک رەنگە شینەکەی لەگەڵ خۆی دەبا. گوڵدانەکانیش دەبن بە تارمایی و، بە سێبەر.

دیسان دەنگی ناڵەناڵ بەرزدەبێتەوە.

بەخۆم دەڵێم بەخوا مرۆڤ سەیرە، بە مردنیش وازناهێنێ!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *