فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەربازی نیشتمان

کات 10/02/1403 75 بازدید

سەربازی نیشتمان

ئەو رۆژە هەرسێکیانم پێکەوە، پێش نیوەڕۆ لەبازاڕ بینیبوو. شان بە شان بە شەقامدا دادەگەڕان و لەگەڵ یەک قسەیان دەکرد.

عەسری هەمان رۆژی هاوینی ساڵی شەست و شەش لە ماڵەوە بووم. لەگەڵ ئەوەی شەڕ تەواو نەببوو، بەڵام ماوەیەک بوو دەنگی فڕۆکە و بۆمباران و شتی لەم بابەتە شار و ناوچەکەی نەدەهەژاند. ئەمە ببووە هۆی ئەوەی ئەو دووانیوەڕۆیە هەستێکی خۆشم هەبێ. هەستێک وەک ساڵەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕ.

بە ژێرکراس و ژێرشەڵوارییەوە پاڵ کەوتبووم و، وەنەوزم دەدا کە لەناکاو گوێم لە ژاوەژاوێک لە ناو کۆڵانەوە بوو. سەرەتا گوێم نەدایە، بەڵام پاش ماوەیەک تێگەیشتم کە شتێک قەوماوە. بگرە شتێکی گرینگیش. دەنگی وڕەوڕی ماشین و هەڵاتن و دەرگاکوتان و ڕاکەڕاکە جووڵاندمی. چوومە بەر پەنجەرەکە. بینیم ناو کۆڵان پڕە لە چەکدار، هەروەها یەک دوو دانەیەک ماشینی سەربازیش لەم سەراوسەری کۆڵان راوەستابوون. بەو چەکدارە وریا و زیتانەوە هەموو شوێنێکیان لەژێر چاوەدێریدا بوو. ویستم تای پەنجەرەکە بکەمەوە کە دایکم دەنگی دام یاڵلا هەڵێ خۆت بشارەوە، سەربازگیرییە!

بەڵام بچوومایە بۆ کوێ. گەر بهاتنایە ژوورەوە، دۆزینەوەم ئاسان بوو. تەنیا شوێنێک زەینم بۆی چوو، ژێرخانی قەدیمیی مانگاکان بوو. ئەو ژێرخانەی ئیستا پڕی کەل و پەل و چیلکە و چەوێڵ و ئارد و پنە و تیرۆک و شتی لەم بابەتە بوو. ژێرخانێکی بێ گڵۆپ، بە پەنجەرەیەکی یەکجار بچووکەوە کە کاتی هەویرشێلان، دایکم بە چرا لەنتەر روونی دەکردەوە.

هەڵاتم بۆ ئەوێ، بەڵام پاش کەمێک دانیشتن لەناو تاریکایی و لەپشت ئەو کەل و پەلانەی کە بەجوانی نەمدەزانی چین، پاش هەڵمژینی بۆنێکی غەریبی دەیان ساڵە کە تێکەڵێک بوو لە شێ، تاریکی و ئەو شمەکانەی وا کەس نازانێ بۆ هەمیشە لەوێ پاڵ کەوتبوون، بەو ئاکامە گەیشتم کە بچمەوە دەرەوە. من هەمیشە لەو ژێرخانە هەستێکی زۆر ناخۆش رووی تێدەکردم. هەمیشە هەستمدەکرد لەو سەری، لە قووڵ قووڵاییەکانیدا هەندێ سێبەری نادیار دەژیان کە ئێمەیان دەبینی، بەبێ ئەوەی ئێمە بتوانین بیانبینین.

لە کۆڵانەوە هەروا دەنگی هەراهەرا و زرم و کوت دەهات. دەنگی قیژەقیژ و گرمەی سامناکی ماتۆڕی سەیارە، نەڕەی دەنگدان و میلهێنانەوە و هەڕەشە و پاڕانەوە.

لەجیاتی ژێرخان، ئەمجارە بەپەلە روومکردە بانیژێکەی پشتەوە. لەوێ ژوورێکی لێبوو کە کۆن منی تیا لەدایک ببووم. لانکە قەدیمییەکەی من پاشی ئەو هەموو ساڵە لەوێ مابوو. بێ نازی هیچ چەشنە راژەندن و دەستی گەرمی دایک و خەونووچکەی کۆرپەیەک. نازانم بۆ، بەڵام هەستم کرد لەوێ لەو هۆدەیە نامدۆزنەوە. لەوێ شتێک هەیە کە کوێریان دەکا. وەک ئەو تیشکەی سەر سەری مریەمی دایکی مسیح لە تەویلە بەناوبانگەکە لەکاتی لەدایکبوونی کوڕەکەیدا. پێم وابێ شوانەکانی ئەو کاتەی سارای بەیتەلەحم ئیستایش راخووشانی ئەستێرە گەشەکەیان بەناو ئاسمانی تاریکی ئەو شەودا لەبیرماوە.

ژاوەژاو بەردەوام بوو. دەستم بە بێشکەکەوە گرت و، لە کاتێکدا نیگام لەسەر دەرگاکە بوودەستم کرد بە راژەنینی. کات تێدەپەڕی. سەرئەنجام دەنگ نەما. کە هاتمە خوارەوە دایکم گوتی ئۆخەی بە ملی شکاویان رۆیشتن!

بەڵام سێ نەفەریان گرتبوو. سێ سەربازی فیرار. من دەمناسین. هەر ئەوانەی وا پێش نیوەڕۆ بە تووشیانەوە ببووم. هاوگەڕەکی خۆمان بوون. هەرسێکیان لە من گەورەتر بوون. یەکیان ساڵێک، دووهەمیان دوو ساڵ و سێهەمیان سێ ساڵ. ئەمەم کەمێک بەلاوە سەیربوو. وەک بڵێی کەسێک گاڵتەی لەگەڵ دەکردم.

ئەو شەوە لەماڵەوە مامم گوتی شوکر وادیارە ئاخرو ئۆخریانە، قەت ئاوا بەرنەببوونە ناو کووچە و کۆڵان و خۆ بەزۆر بە ماڵاندا کردن. گوتی وادیارە ئیتر کەس شەڕیان بۆ ناکا و، بەزۆرە ملی کوڕی خەڵکی راپێچی بەرەکان دەکەن.

من ئەو شەوە خۆم وەک پاڵەوانێک دەهاتە بەرچاو. ئاخر چەکدارەکان خۆیان بە ژێرخانی مانگاکاندا کردبوو، بەڵام ژوورەکەی سەر بانیژەکە نا. من دەرباز ببووم. بە ئیستایشەوە نازانم بۆ نەهاتنە سەرەوە. لەو ژوورەدا تەنیا شوێنێک کە من دەمتوانی خۆم لەپشتی حەشاربدەم، لانکەکە بوو.

ماوەیەک دوواتر بیستم ئەو سێ نەفەرەی لە کۆڵانی ئێمە بردبوویانن، کاتێک دەگەنە خوڕرەم ئاباد، یان باشتر وایە بڵێم بەدەم رێگاوە هەتا ئەوێ، هەمان رۆژ سێ بەڵای جۆراوجۆریان بەسەردا دێ.

یەکەمیان کە زۆر رقی لەشەڕ دەبێ و، حەزناکا بە هیچ کلۆجێ ببێ بە سەرباز و بینێرن بۆ بەرەکانی شەڕ، لە کاتی لادانی ئۆتۆبووسەکەیاندا لە رێستورانێکی سەر رێگا بە دەرزییەک چاوێکی خۆی کوێردەکا. پێم وابێ چاوی چەپی دەبێ. ئاوی گلێنەکەی دەڕژێ و، چاوی سەرتاسەر دەبێ بە پەڵەیەکی سپی. دەستبەجێ دەچێتە لای بەرپرسەکەیان و لەکاتێکدا دەستێکی بە چاوییەوە گرتووە، دەڵێ لە ئاودەست قاچم هەڵخلیسکاوە و، سەرم دراوە بە ئاوێنەکەدا و پڕژەی وردە شووشە وای لێکردووم. ئەفسەرەکە باوەڕی پێدەکا. لەبەر پەلەپەل بێ، یان گێلی، ئیتر ناچێ بزانێ داخۆ ئاوێنەکە شکاوە یان نا. یان بیر لەوە ناکاتەوە کە ئاوێنەی هیچ ئاودەستێک ئەوەندە نزم نیە کاتێک کەسێک سەرەنگر بدا و بکەوێ، سەری بەری بکەوێ!

دووانەکەی تریش، کە دەگەنە شوێنێ مەبەست، هەمان رۆژ بە بۆمبارانی فڕۆکەکانی عێراق یەکیان لاقی راستی دەپەڕێ و، ئەوی دیکەیان دەستبەجێ لەجێدا دەکوژرێ.

سەربازی نیشتمان

جا با ئەمجارە لە دووا دانەیانەوە دەست پێبکەینەوە!

ئەوی کوژرا، بنەماڵەکەی دەبنە بنەماڵە شەهید و، دوواتر لەلایەن حکومەتەوە بڕە پارەیەکی مانگانەیان بۆ دەبڕنەوە. ئەوەی وا لاقی پەڕی، دەبێ بە کەم ئەندام و ئەویش وەک قارەمانێکی زیندوو مانگانە شتێکی دەدەنێ.

ئەوەی یەکەمیش، وا چاوی خۆی کوێرکردبوو، بەختی دەبێ و بەر بۆمبارانەکە ناکەوێ، بەڵام سەربازیی پێناکەن و لەدووای ئەوەی دەینێرنە کۆمیسیۆنی پزیشکی، مەعافی دەکەن و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە،… یەعنی رێک بۆ کۆڵانەکەی ئێمە.

ئیستایش هەر سێکیان، نا ببورن هەر دووکیان هەر لەهەمان کۆڵاندا دەژین. ئەوەی وا لاقی پەڕیبوو قاچی دەستکردیان بۆ کردووە و، بەڵام بۆ ئیحتیاتی زیاتر گۆچانیش هەڵدەگرێ. بەتایبەت زستانان. چاوکوێرەکەیش چاویلکەی رەش لێدەدا و، لە بازاڕ شاگردی خەڵکە.

دایکم دەڵێ خودا ئاوایە، گەر ویستی دەتوانێ بەم شێوەیە بەڵا لە ئۆممەتی خۆی دووربخاتەوە!

هەرچەند من جاری وایە هەستدەکەم کە گەر ئەو رۆژە منیان بگرتایە و لەگەڵ خۆیان بیانبردمایە، نە لە بۆمبارانەکەدا هیچم لێ نەدەهات و نە چاوی خۆیشم کوێر دەکرد. پێش هەموو شتێ لەبەر ئەوەی کە قەرار نیە تەنانەت گەر شەڕیش بێ، هەموو کەس تیایا بکوژرێ. جگە لەوە من وەک کوێرەکە دژە شەڕ نەبووم. هەر ئەوەندەی ئەو رۆژە دایکم گوتی خۆت بشارەوە و، منیش خۆم شاردەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *