فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

قاچاخچی

کات 19/02/1403 55 بازدید

قاچاخچی

باوکی تا پۆلی پێنج پێی خوێند، ئیتر لە قوتابخانە هێنایە دەرەوە و کەرێکی بۆ کڕی و لەسەر سنوور کاسبی پێدەکرد. باوکی دەیگوت قەدیم باوکی (یەعنی باوەگەورەی ئەم)، لە زەمانی شادا کە قاچاخچییەتی یەکجار دژوار بوو، بەم رێگایەوە بووە و ئیتر کوڕەکەی خۆی بۆ نا. گوتبووی بەتایبەت ئیستاکە کە لەمێژە شەڕی ئێران و ئێراقیش تەواو بووە و لەو دیو راپەڕین کراوە و کورد بۆخۆی خاوەن دەسەڵاتە. گوتبووی ئیتر بەعسی لێنەماوە تا خەڵکی بەر دەسترێژی چەک و فیشەک بدا، یاخود بیانگرێ و لە زیندانی ئەبوغرێب بێ سەروشوێنیان بکا، یان لە کۆپتەرەوە بەریان بداتەوە و هەپروون بە هەپروونیان بکا. بۆیە زۆر متمانە بەخۆ و بە رووسوورییەوە لە کاتێکدا دەنگی هەتا دەهات بەرز و بەرزتر دەکردەوە، گوتی وەک دەڵێن خوێندن هەر ئەوەندە باشە کە حسێب و کتێبی مەعامەلەی خۆتی پێ بکەی و کەس نەتوانێ کڵاوت سەربکا،… ئەوەندە کە وەک من و باوکم جارو بارە پیاوی خوێڕی مافمان لوول نەدا.

شیروان بەم تەرکە تەحسیلە زۆرەملییە نەک تەنیا سەغڵەت بوو، بەڵکو زۆر خەفەتیشی لێدەخوارد. بەس چاری نەبوو،… دەبا ملی بدایە دەست قەدەر.

هەمیشە لە سەر سنوور لەو شوێنەوە دەپەڕینەوە. دۆڵێک کە چەمێکی پێدادەڕۆیشت و، لە شوێنێکدا بوواری دەدا و ئیتر کاروان ئاودیو دەبوو. کێشەی ئەو شوێنە ئەوەبوو کە پایگایەکی سەربازی بەسەرەوە بوو، بۆیە کاروان ناچار بوو هەموو جارێ باجی خۆی بۆ پەڕینەوە بدا. ئەگەرچی زۆر جار سەرەڕای دانی باجیش، پایگاکە بۆ قایمکاری تەقەی لەخۆڕای بە ئاسمان یاخود بەناو چەمەکەدا دەکرد بۆ ئەوەی حکومەت پێی وانەبێ کە هیچ خەبەر و باسێک نیە و، کەس لە سنوور بەشێوەی قاچاخ ناپەڕێتەوە. بگرە جاری وابوو خەڵکیشیان دەگرت و دەکوشت، بەم شێوەیە پەڕینەوە لە دۆڵەکە هەمیشە دەبووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کاروانچییەکاندا.

ئەو چەند رۆژە بارانێکی باش باریبوو و، دونیا تەڕ و پاراو وەک مرواری دەدرەوشایەوە. هەور وەک فەرشێکی خۆڵەمێشی، ئەگەرچی ئیتر نەدەباری، سەرتاسەری ئاسمانی بەرزبەرز داپۆشیبوو. کاروان قەراربوو شەو رێ‌بکا. هەوا لە ساردی دەدا. باوکی شیروان بە یارمەتی کوڕەکەی باری لە کەرە نا و، دووای ئەوەی گوریس و قەیاسی لێ تووند کرد، پاڵتۆ کۆنەکەی دایە دەستی شیروان و بەڕێی کرد بۆ ناو ریزی کاروان کە لە خوارووی دێ راوەستابوو و چاوەڕوانی باقی کاروانچییەکانی دەکرد.

کە گەیشتنە چەمەکەی سەر سنوور، دونیا تەواو تاریک ببوو. جێ جێ ئاسمان کونی تێ ببوو و، ئەستێرەکان چاوشارکێیان دەکرد. کۆتایی بەهار بوو. بایەکی سارد دۆڵەکەی داگرتبوو. وەک دەگوترا پارە درابوو بە فەرماندەی پایگا و، ئیتر دەیانتوانی بێ خەم لە بوارە هەمیشەییەکە بدەن و، بپەڕنەوە. کەرەی شیروان بچووک بە هەنکە هەنک لەناو بارگین و هێسترەکاندا لە دوواوە رێی دەکرد. شیروان تووڕە لەوەی باوکی لەجیاتی بارگینێکی پشت پان و بەهێز، کەرێکی بۆ کڕیبوو بە دارەکەی دەستی جاروبارە نەقیزەیەکی لە پاشەڵی کەرە دەسرەواند، بۆ ئەوەی پێ بە پێی ئەوانی دی رێ بکەن و دووانەکەون.

هەمیشە کاتێک دەگەیشتنە چەمەکە، بێدەنگییەک کاروانی دادەگرت. تەنانەت وڵاغەکانیش، بە گوێرەی عادەتێکی لەمێژینە پڕمە و پشمەی جارانیان نەدەما. هەر ئەوەندەی لە بوارەکە دەپەڕینەوە و بە لارێکەی ئەو دیودا سەردەکەوتن، ئیتر زۆر خێرا دۆخەکە وەک جارانی لێدەهاتەوە. بگرە گاڵتە و گەپ و پێکەنین و جگەرە کێشانیش دەستی پێدەکردەوە. یەکێک لەو شتانەی لای شیروان ئەم دیو و ئەو دیوی چەمەکەی لێک جیادەکردەوە، ئەمە بوو.

هێستری پێشڕەو لە قەراغ ئاوەکە راوەستا. دۆڵەکە لە هەمیشە تاریکتر دەینواند. سێبەری تاریک و تۆخی پایگاکە بەسەر باسکەکەوە دیاربوو. گوتیان ئاو کەمێک زۆرەو دەبێ بە کاوەخۆ و سەرنجەوە لە چەمەکە بدەن. گوتیان لە وڵاخەکان دوور نەکەونەوە و، دەستێکیان بە پاڵوو و سەرپاڵوو یاخود تەنگەوە بێ. شیروان، وەک ئەوانی تر، کەمێک باری کەرەکەی توند و تۆڵ کردەوە و، لەدووای ئەوەی دەرەلینگی تا سەر ران بۆ هەڵدایەوە و گۆرەوی و پێڵاوی بۆ داکەند و لە بنی بارەکەی خنی، لە ئاوی چەمەکە و لە پایگاکەی رووانی. خوڕەی ئاو دونیای داگرتبوو. خۆشی و هەڵچوونێکی لاواز رژایە دەروونییەوە.

کاروان بەڕێ کەوتەوە. ئاگای لێبوو هەندێ کەس بۆ پەڕینەوە سواری هێسترەکانیان ببوون. ئەم دوواکەس بوو.. کەرە سەرەتا کەمێ دڕدۆنگ بوو. مڵ و مۆیەکی کرد و ئەوسا بە ئەسپایی و سەرنجەوە یەکەم هەنگاوی هەڵێنا. ئەم بەدووایەوە لە ئاوەکەی دا. بەخۆی گوت ئاو زۆر نییە و، پێویست ناکا دەستم بە کورتانەکەیەوە بێ.

هێشتا چەن هەنگاوێک نەڕۆیشتبوون کە هەستی بە لرفاوی ئاوەکە کرد. نا، ئاو زۆر بوو. وادیاربوو بەراستی بارانێکی زۆر باریبوو. بەتایبەت لە کوێستان… لە شاخە دوورەدەستەکان. شیروان چەند جارێکی تر بێرەدا هاتبوو. بەلام وەها نا بە تەواوی لەگەڵ بووارەکە ئاشنا بێ. بە ئەزموونی کەمی خۆی دەیزانی کە بنی چەم هەمیشە وەک خۆی نامێنێتەوە. هەنگاو هەڵێنان بەسەر بەردە لووسەکانی بن چەمەکدا ئاسان نەبوو. بۆیە دەستی برد و، تەنگەی گوێدرێژەکەی گرت. ئاوەکە لەو شوێنانەیدا وا خوڕ بوو و شەپۆلانی دەدا، دەدرەوشایەوە و رێگای رووناک دەکردەوە. بەرینایی چەمەکە زۆر نەبوو. رەنگە ئەوپەڕەکەی سی میترێک. هەندێ لە وڵاغەکان گەیشتبوونە ئەوبەر. هێشتا پێنج شەش میترێک دوور نەکەوتبووەوە کە کەرەکەی لەتری دا و پاش کەمێک هەوڵدان بۆ خۆ راگرتنەوە، پاشەڵی نیشتە ناو ئاوەکە.

شیروان لە ترسی ئەوەی بارەکەی نەخووسێ و، زایە نەبێ دەستوبرد لە دوواوە پڕی دایە پاڵووەکە و لەکاتێکدا بە هرچی هێزییەوە تەکانی لێدەدا تا یارمەتی هەستانەوەی بداتێ تینی دایە خۆی. جووڵان زەحمەت بوو، قورسیی بارەکەی لەوەدا نەبوو. کەرە چەند جارێک هەوڵیدایەوە، بەڵام بێسوود ملی دایەوە و، بە بێدەنگی لە جێی خۆی مایەوە. ئاو بەلرفە خۆی بەناو بارەکەدا دەکرد و هەتا نیوەی نوقمی ئاو ببوو. شیروان کە هەتا شان و ملی تەڕتەڕ ببوو، هەروا تەکانی لەخۆی دەدا و داماوانە هاواری لە کاروانچییەکان دەکرد کە فریای کەون و یارمەتی بدەن. ئەگەرچی بارەکە جوان جوان بە دڵقی ئەستوور پێچرابوو، بەڵام نەدەبا ئەوەندە لە ئاوەکەدا بمێنێتەوە. لەم کەین و بەینەدا ئەوەی وا لە پێشییەوە بوو، ئاوڕی دایەوە. ئەویش دڕدۆنگ لەنێوان ئەوەی داخۆ بارگینەکەی خۆی جێ بێڵێ یان نا، سەیری ئەوەی پێشەوەی کرد. شیروان هەروا داماوانە لەکاتێکدا هێزی دەدایە خۆی، لێی دەڕوانی. نەیدەزانی لەو کاتەدا چاوەکانی بە تیشکی خوڕەی ئاوەکە دەدرەوشایەوە و، ئەمە سەرنجی کاروانچییەکەی پێشەوەی خۆی راکێشابوو.

 لەم بێن و بەرەیەدا بوو کە لە پایگاکەوە نوورئەفکەنێکیان بە ئاسماندا کرد. رێک بەسەر سەری ئەواندا کەمێک بەلای راستدا کەمێک خوارتر. دونیا روون روون بووەوە. بوو بە رۆژی رووناک. شیروان لەبەر خۆیەوە گوتی کاک رەحمانی حەمەی تاقەت پیاوێکی زیرەکە، حەتمەن بە پایگاکەی گوتووە لە کاتی وادا گڵۆپیان بۆ هەڵبکەن! بزەیەکی هاتێ. هەر لەم کاتەدا ریزێک فیشەکی گڕاوی بە سەر سەریاندا تەقێندرا و، بەرەو ئەو بەری چەمەکە شوێنێکیان پێکا. تەزوویەکی سارد بە پشتی شیرواندا گەڕا. کاروانچییەکەی پێشەوە کە خەریک بوو بەدەم ئەمەوە دەهات، گەڕایەوە و چووەوە لای بارگینەکەی خۆی. نە تیشکی روونی نوورئەفکەنەکە و، نە دەنگی تەقە کەرەی نەبزواند. هەروا بێ خەم و لەکاتێکدا سکی بەهۆی هەناسەی قورس و پەیتاپەیتاوە شێتانە بەرز و نەوی دەبووەوە، لەشوێنی خۆی داماوانە چەقیبوو.

شیروان خووساو و ماندوو لە دووا هێزی خۆی دانەوی،… بەڵام چ بێسوود بوو. باوکی هەمیشە پیاوێکی بەتەمەع بوو. کەری دەکڕی و، باری هێستری لێ دەنا. دەیگوت کەس بەقەدەر من جەماعەتی کەر ناناسێ، هەتا لێی بنێی باشتر دەڕوا. چەند ریز تەقەی تر دۆڵەکەی هەژاند. دونیا تاریک ببووەوە. ئەمجارە فیشەکەکان گڕاوی نەبوون. شیروان بە پێچەوانەی تەقەی یەکەم گوێی لە دەنگی ویزەویز و وێکەوتنیان لەناو چەمەکەدا بوو. دەنگی خوڕەی ئاوی بەلێزمەی بەهاریش، ونی نەدەکردن.

قاچاخچی

کاروانچییەکان رۆیشتبوون. شیروان بێ راوەستان و بێ هەدادان، هەر تەکانی لە خۆی دەدا. پاڵووی بن کلکی کەرەکە تەواو لەبن پاشەڵی کەرە چەقیبوو. بە ئەزموونی خۆی دەیزانی کە ژانی بەریەک کەوتنی بن پاڵوو و بنی کلک، کەر دەجووڵێنێ. بەڵام کەرە هەر عەینی خەیاڵی نەبوو.

شیروان وازی نەدەهێنا. هەچە دەی… هەچە!… هەچە یاڵڵا هەچە!… نرکەی دەهاتێ و ئەمانەی هەر دەگوتەوەو دەگوتەوە! لەم کاتەدا دوو لە کاروانچییەکان پەیدا بوونەوە. شیروان لە کاتێکدا نەیدەزانی داخۆ ئاوی چەمەکەیە یاخود فرمێسکی خۆی وا لە چاوانی بەردەبنەوە، بە هومێدەوە لێیانی رووانی.

گەیشتنە سەری. بەپەلەپەڵ هەوڵیان دا کەرە هەستێننەوە. تا یەکیان کتوپڕ هاواری کرد راوەستن دەست راگرن،… تۆپیوە! کەرە ملی لارببووەوە. بە لمبۆزییەوە هێڵێکی سوور و گەرم دادەگەڕا و ئاوێتەی ئاوی چەمەکە دەبوو.

هەڵبەت کەس ئەمەی نەدەبینی.

ساڵانی دوواتر، رەنگە شیروان بیری لەمە کردبێتەوە کە ئەگەر رەحمانی حەمەی تاقەت کەمێک پووڵی زیاتری بە پایگاکە بدایە، ئەوا نوورئەفکەنێکی تریان هەڵدەدا و ئەویش هەموو دیمەنەکەی بەجوانی دەبینی و هیچی لێ نەدەبوارد… ئا، بێگومان بۆ ئەویش، وەک شەو، دیمەنی رووداوەکە دەبووە ئەوەی وا بوو!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *