بوومەلێڵ
بوومەلێڵ
کە لەشەڕ گەڕایەوە بۆماڵەوە، جگە لەو نامەیەی کە لە سندووقی پۆستەکەدا بوو و لە دایک و باوکییەوە بۆی بە جێمابوو، کەسی لە ماڵەوە نەبینیبوو. نامەکەی کردەوە. بە خەتێکی خۆش نووسرابوو “کوڕی خۆشەویستمان ئیستا کە تۆ ئەم نامەیە دەکەیتەوە لەمێژە ئێمە لە ژیاندا نەماوین. شەڕ ئەوەندەی خایاند کە نەیهێشت ئێمە بە یەک بگەینەوە. هەڵبەت هەر تەمەنی شەڕ نەبوو، دەبێ تەمەنی ئێمەیش هۆکارێکی تر بێ. بەهەرحاڵ گەر هات و تۆیش رزگارت بوو و گەڕایتەوە، ئەوا لە رێگای ئەم نامەیەوە دەزانی ئێمە چیمان بەسەر هاتووە. ماڵەکە وەک خۆی بۆ تۆ بەجێ ماوە. ئێمەیش لە گۆڕستانە هەمیشەییەکەی گوند نێژراوین. گەر تاقەتت بوو و شەڕ ئەوەندەی ماندوو و ئەوەندەی دڵڕەق نەکردووی، دەتوانی سەردانمان بکەی. بێگومان ئێمە جگە لە مشتێ خۆڵ چیتر نین. گرینگیش نیە. هەر ئەوەندەی تۆ بە ساخی و سەلامەتی بگەڕێتەوە، بۆ ئێمە هەموو شتێکە. دایک و باوکی هەمیشە چاو لە رێگات…” ئەوسا لە ژێرەکەیدا ناوی هەر دووکیان بە خەتێکی ناخۆش واژۆ کرابوو.
نامەکەی چەند جار خوێندەوە. خستییە گیرفانییەوە و، لەکاتێکدا دەرگاکەی بە زەحمەت بۆ کرایەوە چووە ژوورەوە. سەرتاسەری ئەشیا و شمەکی ناو خانووەکە توێژاڵێک تۆزی لێ نیشتبوو. وێنە قەدیمییەکانی دایک و باوکی بەسەر دیوارەکەوە وەک ساڵی ساڵان هەڵواسرابوون. بێدەنگییەکی سەیر زاڵ بوو. لەسەر کورسییە تۆزاوییەکە، لەپاش ئەوەی جانتاکەی فڕێدایە سەر عەرزەکە، دانیشت. چەندە،… نازانێ. لە هیچ شوێنێکەوە دەنگی هیچ ئاژەڵێک نەدەهات. نە مانگاکانیان، نە وڵاخەکەیان، نە کەڵەشێر و مریشکەکان و نە… . باخچەکەیش ئەوەندە بێ خزمەت مابووەوە کە چیتر لە باخچە نەدەچوو. ببووەوە بە بەشێک لە سروشتی دەرەوە.
لەخۆی پرسی راستی چەند ساڵە نەهاتووەتەوە؟… داخۆ چەندە لە شەڕدا بووە؟ هەرچی کرد هیچی نەهاتەوە بیر. ساڵێک، دوو، سێ… یان رەنگە دەیان ساڵ!؟ هاتەوە بیری کە لەوێ زۆر کەس چیتر رۆژەکانیان نەدەژمارد.
بێگومان شتێک هەڵە بوو. لەجیاتی ئەوەی ئەم بمرێ، دایک و باوکی مردبوون! بۆیە بەو ئاکامە هەمیشەییە گەیشتەوە کە مردن هەندێ جار هیچ پێوەندی بە جۆری رووداوەکانەوە نیە. دیسان چاوێکی تری بە ژوورەکەدا گێڕا. باشە لەم خانووەدا بە تەنیا چ بکا؟
خۆر داچوو و، کەم کەم دونیا تاریک هەڵگەڕا. ژوورەکە لە دەرەوە زووتر تاریک بوو. لە پەنجەرەکەوە چاوی لە دووا تیشکی خۆر کرد، کە وەک زمانی پشیلە ئەو رۆژە بۆ دوواجار ئاسمانی رۆژئاوای لستەوە.
نازانێ چەندە هەر ئاوا مایەوە. داخۆ شەڕ باشتر نەبوو؟ بیری کردەوە رەنگە! بەخۆی گوت ئەمشەو لێرە دەمێنمەوە و، سبەی بۆ هەمیشە دەڕۆم. وەک بڵێی بەم بیرەی خۆی رازی بێ، زیاتر خۆی کۆکردەوە. کورسییەکە لەژێر قورسایی جەستەیدا کەمێک گەڕا و جیڕەی بەناو ژوورەکەدا بڵاو بووەوە.
خەو بردبوویەوە، یان خەیاڵ نازانێ، بەڵام کتوپڕ بە دەنگی شتێک سەرنجی تیژ بووەوە. چاوەکانی هەڵێنا.
لەناو تاریکیی نووتەکی ژوورەکەدا شتێک دەجووڵا! لەوە گوزەرابوو کە بەدەنگی ناو تاریکی بترسێ. تەنیا ئەوەندەی کە وریاتر لەهەر کاتێکی تر دەبووەوە. وریایەکی ئارام کە بۆی گرینگ نەبوو چ دەقەوما. شەڕ ئەمەی فێر کردبوو. ورد لە دەورووبەری خۆی رووانی. جەستە لەناو تاریکیدا، لە تاریکی تاریکترە. بۆیە دڵنیا بوو سەرئەنجام دەتوانێ بیبینێ. بەڵام دەنگەکە بەردەوام بوو بە بێ ئەوەی خۆی بنوێنێ. بە گوێرەی ئەزموون دەیزانی کە جاری وایە تەنیایی لەگەڵ خۆی وەهم دێنێ. بۆیە چاوەکانی نووقاندەوە و، خۆی دایەوە دەستی خەیاڵ، یان رەنگە خەو. تەحەمولی خۆی لە لا سەیر بوو. ماندوو و شەکەت بێ ئەوەی قومێک ئاو بخۆاتەوە، یاخود پاروویەک نان بخاتە ناو زارییەوە کەچی بە چەندین کاتژمێر بە بێ جووڵە لەسەر کورسییەکە دانیشتبوو.
کتوپڕ دەنگەکە هاتەوە. نا، ئەمجارە زانی کە بەڕاستی دەنگە،… دەنگی کەسێک. کەمێک راست بووەوە و، وردتر لە چوار دەوری خۆی رووانییەوە. دیسان هیچی وای نەبینی سەرنجی رابکێشێ. دەنگەکە لە دەنگی پێ نەدەچوو،… لە جەستەیەکی قورسی دەکرد کە چیتر حەزی لێ نەبوو لەسەر قاچەکانی راوەستێ. وەک بڵێی دەیەویست تەنیا بە هەنگاوەکانی بڕوا بە بێ قاچەکانی! ئەو هەنگاوانەی ئەوەندە ئاشنای رێگاکان بوون کە جگە لە خۆیان پێویستیان بە کەسی دیکە نەبوو. بزەیەکی هاتێ. سەرێکی بادا.
ئارام دیسان پاڵی دایەوە. وەک بڵێی شتێکی ئاشنا رووی دەدا. شتێک کە زۆر جاری دیکەیش بە درێژایی ئەم ساڵە بێ کۆتاییانە روویان دابوو. هەر چەند هیچی وای لەبیر نەمابوو. ئەو بە دونیای سێبەرەکان راهاتبوو. هاتەوە بیری جارێکیان هاوڕێیەکی سوێندی خواردبوو ئەوەی لەبەرەکان ژیابێ، دەبێ بە بوومەلێڵ و بۆ هەمیشە بە نیشتمان نامۆ دەبێ.
بە خۆی گوت هەر کەسێ بێ با ببێ!
لە دەرەوە، درەختەکان لە بێدەنگی شەودا بەجوانی چرپەیان دەهاتە گوێ.
لەم کاتەدا بینی سێبەری رەشتری جانتاکەی لە تەنیشتیدا بەرز بووەوە و، بەرەو درگاکە بەڕێ کەوت. کەسێک یان کەسەکە، ئەوەی وا بە دەستییەوە گرتبووی، دەرگاکەی کردەوە. جانتاکە راوەستا. وەک بڵێی کەسەکە لەناو دەرگاکەدا سووکە وەستانێکی بۆ کردبوو. بە خۆی گوت دیسان دووا نیگا! ئەو دووا نیگایانەی کە ئەم دیسان ساڵانی ساڵ بە بێ ئەژمار لەگەڵیان ژیابوو. لە بەستێنی رووناکتری دەرەوەدا، رێک لەسەر سنووری ئەوێ و ئێرە لە جانتا ئاشناکەی ساڵانی ساڵی خۆی رووانییەوە. دڵنیایە یەکەم جارە بێ خۆی دەڕوا. بەڵام راستی، ئەوە کێیە دەیبا؟… ئەوە کێیە لەگەڵی دەڕوا؟
جانتاکە جووڵا. لە پێ پلیکانەکان چووە خوارەوە و، لە بەستێنی شەودا بەرە بەرە لەکاتێکدا هەڵبە دابەزی بوو لە چاو ون بوو. تا چاو کاری دەکرد تاریکی بوو و تاریکی.
بەیانی دەبێ چی بکا؟ ئەها، بێگومان یەکەمین کاری سەردانی گۆڕستان دەبێ. ئەو کات دەبێ قۆلی هیممەتی لێ هەڵماڵێ و، لە سبەینەوە خانووەکە بکاتەوە بە ماڵەکەی جاران.
خۆشحاڵ لەوەی ئەمجارە هەنگاوەکانی و جانتاکەی بە بێ قاچەکانی رۆیشتوون، بزەیەکی نوقمی تاریکیی دێتێ. هەستی خۆشی لە ماڵەوە بوون، وەک هەڵمێکی پەمەیی کە تەنیا خۆی دەیبینێ، لەپاش زەمەنێکی بێکۆتایی تەواوی جەستەی دەگرێتە خۆ. زیاتر خۆی گرمۆڵە دەکا. وەک منداڵێکی ناو رەحەم کە تەنیا بە ریخۆڵەیەکەوە بە ژیان بەندە، لە بۆشایی تەنگ و تاریک و سوورباوی دەور و بەریدا سووکە جووڵەیەکی بۆ دەکا.
شەو پڕدەبێتەوە لە دەنگە ئاشناکانی ساڵان.
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید