رۆژێک لەسەر کار
رۆژێک لەسەر کار
عومران لە هۆڵی دانیشتنەکە بە تەلەفۆنەکەی گۆرانیی پاکستانی گرتووە. دەنگی دەداتێ و، هاوکات لە کاتێکدا موبایلەکەی بەدەستەوەیە بە دانیشتنەوە دەست دەکا بە سەماکردن. عومران ئەمە عادەتییەتی. لەگەڵ ئەوەی تەمەنی لە هەفتا نزیک دەکەوێتەوە، بەڵام زۆر ئاوێتەی مۆسیقا و گۆرانییە. لە هەموو چەشنێکی، بەتایبەت پاکستانی و فارسی. لە فارسیشدا زۆرتر حەزی بە موعینە. جاروبار داوا لەمن دەکا بۆی تەرجەمە بکەمەوە. منیش دەیکەمەوە. عومران جاری وایە بە بێ ئەوەی گوێ بداتێ کە لەسەر کارە یان نا، هەڵدەستێ و لەکاتێکدا چاوەکانی دەقونجێنێ و هەر دوو باڵی وەک کۆتر دەکاتەوە، بە قاچە نە یەکجار ساغەکانی دەکەوێتە رەقسێکی سەیر و سەمەرە. گۆرانییەکان لەگەڵ ئەوەی شاد دەنوێنن، بەڵام جۆرێک لە غەمیان تێدایە. لەو گۆرانیانەن کە زۆرتر مرۆڤ دەخەنە بیرەوە تا سەما. لەوە دەچێ سەما بۆ ئەو بیانوویەکە بۆ بیرکردنەوە، یاخود شیوازێکە بۆ بیرکردنەوە.عومران جاری وایە باس لە کۆتاییەکان دەکا. من هەموو جارێک بە بێ ئەوەی وەڵامێ بدەمەوە، تەنیا گوێی لێدەگرم.
شەمۆ کە ئەویش هاوکارێکی دیکەمە، روو دەکاتە عومران و دەڵێ تۆ لانیکەم بیست ساڵی تر دەژی. عومران نە وەڵام دەداتەوە و، نە چاوەکانی هەڵدێنێ. نەخۆشەکانمان کە ئاوتیستن وەک هەمیشە بە سەر سوڕمانەوە لە دیمەنەکەی بەردەمیان دەڕوانن. دڵنیام کە نازانن چ باسە.
دەڵێم شەمۆ لێی گەڕێ. شەمۆ بزەیەکی دێتێ و، دەڵێ جا ئەم یەک دوو مانگە عومران لێرە نابێ چی بکەین، خۆ دڵمان دەتۆقێ!
شەمۆ راست دەکا. عومران سبەی دەچێ بۆ پاکستان، بۆ گوندەکەی خۆیان. ئەو گوندەی وەک بۆ خۆی زۆر جار باسی لێدەکا تیایا لە دایک بوو، باڵای کرد و گەلێک بیرەوەریشی لێی هەیە. کچەکەی شووی کردووە و، و بە تەمان لەجیاتی نۆروێژ لەوێ شایی بۆ بکەن. هەموو خزم و قەوم دەعوەت کراون. پێم وابێ چوار سەد پێنج سەد هەزار کڕۆنێک خەرجیان دەبێ. سبەی قەرارە بە لانیکەم بیست جانتاوە بگەڕێنەوە. شەمۆ دەڵێ ئەم رۆژانەی ئاخر، عومران زیاتر لەوەی خۆشحاڵ بێ، سترێسە، واتە لە دڵەڕاوکێدایە. عومرانیش دەڵێ راست دەکا.
رەنگە دڵەڕآوکێی ئەوەی کە شاییەکەیان چۆن تێدەپەڕێ، بەڵام من پێم وایە هەر ئەمە نیە. عومران چەند جارێک لای من گوتوویەتی هەر کاتێک دەگەڕێتەوە، نازانێ لەوێ لە گەڵ رابردوو چی بکا. منیش هەموو جارێک تەنیا لێی دەڕوانم.
شەمۆ، لەکاتێکدا عومران بە هۆی یەکێک لە ئاوتیستەکانەوە دەبێ واز لە سەماکەی بێنێ و بچێ بە دەمییەوە، دەرفەتێ دێنێ و دەڵێ لە سوید تەڵەی مشکم کڕیوە، دە دانەن! عومران و من لێی دەڕوانین. شەمۆ دەڵێ ئەمشەو توویان دەبڕم!
شەمۆ ئەو رۆژانەی وا دەبێ بەیانی زوو بێتەوە بۆ کار، ناڕواتەوە بۆ ماڵەوە. شوێنی کارەکەی ئێمە لە ناو دارستاندایە. چەند خانووی گەمارۆ دراو لە ناو دارستانەکانی باکووردا. چڕ و تەژی لە بەفر و… سارد. رێک دوو سەد سێ سەد میترێک لە دەرەوەی خانووەکان، رێک لە ناو درەختەکاندا ماڵێکی گچکەیان سازکردووە کە بە زمانی نۆورێژی پێی دەڵێن ‘لاڤۆ’. لە چادری سکیمووەکان یاخود سوورپێستەکان دەکا. هەڵبەت بە دار چێکراوە. نە ئاوی تیایە، نە کارەبا و نە ئاگر. شەمۆ وەک خۆی دەڵێ جل و بەرگی چاک لەبەر دەکا و، کیسە خەوێکی باشیشی پێیە. بە چرا لایتیش رووناکی دەکاتەوە. عومران کە دەنگی گۆرانییەکەی کەم کردووە، دەڵێ جا تەڵە مشک کوا لە شوێنی وادا یاریدەدەرە؟ شەمۆ دەڵێ دە دانەن، تێدەگەی دە دانە!… باوکیان دێنمە بەر چاویان!
بزەیەکم دێتێ. شەمۆ ماوەیەکە هاوسەرەکەی پشتی تێکردووەو، رۆیشتووە. نە جوابی تەلەفۆنی دەداتەوە و، نە بە هیچ جۆرێک لێ دەپرسێتەوە. وەک بڵێی هەر نەبووبێ. شەمۆ ئەوەی بۆ ژیانی ئاسایی مرۆڤێک پێویست بێ لە ناو ماشینەکەیدا هەیەتی. دەڵێم لە قەرەچی دەچی! پێدەکەنێ و، دەڵێ ئای کە گوتت!
عومران نەخۆشەکەی دادەمرکێنێتەوە و، دیسان دەست دەکاتەوە بە سەما. شەمۆ کە لە خۆ گێل کردنی عومران کەمێک دڵگرانە، دەست دەکاتەوە بە لابردنی قاپ و قاچەخاکان کە لەسەر سەکۆی ئاشپەزخانەکە کەڵەکە کراون. کتوپڕ عومران دەنگ هەڵدەبڕێ، روو دەکاتە من و، دەڵێ دەترسم نەگەمەوە رۆژە پڕ لە گاڵتە و گەپەکانمان. ئەوسا چاوەکانی دەقونجێنێتەوە و، بەردەوام دەبێ لە سەما. عومران سەرێک بادەدا و، بە زمانی کوردی بە من دەڵێ بەخوا پیری تەواو رووی تێکردووە. من کە حەزم بەم جۆرە ئاخاوتنە نیە، دیسان هیچ ناڵێم و تەنیا لە عومران دەڕوانم. من و ئەو تەنیا دە ساڵ فەرقمانە. هەمیشە بە من دەڵێ تۆ برا بچووک و من و برا گەورە. بزەیەکم دێتێ و، دەڵێم برای کافرت قەبووڵە؟ وەک دایکم کە هەمیشە دەیگوت تەنیا خوا دەزانێ کێ دەچێتە بەهەشت و کێ ناچێ و بە نوێژ کردن و نوێژ نەکردن نیە، ئەویش دەڵێ تەنیا خودا دەزانێ کێ بەڕاستی کافرە و کێ موسوڵمان، بە قسە و بەخۆهەڵکێشان نیە.
لە کاتژمێر دە کە نزیک دەکەوێنەوە، عومران خۆی دەپێچێتەوە. باوەشمان پیا دەکا و، دەڵێ تا دوو مانگی تر ماڵئاوا. دەڵێم بەهار دەگەڕێیتەوە. بە لەهجەی پاکستانیی خۆی دەڵێ ئینشاڵڵا بەهار دەگەڕێمەوە. پاڵتۆکەی لەبەر دەکا، کڵاوەکەی لەسەر دەنێ و، لە ئامێزم دەگرێ و… لەو دیو دەرگاکە ون دەبێ.
شەمۆیش هەر وەک ئەو، تەنیا بەو جیاوازییەوە کە پێش ئەوەی بڕوا تەڵەی مشکەکانم پیشان دەدا. دەڵێم مشکی دارستان وەک مشکی ناو ماڵ نیە، بە تەڵە چاریان ناکرێ. شەمۆ جانتا قورسەکەی هەڵدەگرێ و، ئەویش ئاودیوی دەرگاکە دەبێ. لە پەنجەرەکەوە ئاگام لێیە لە کوێرە رێگاکەی بەرەو دارستانەکە سێبەری جەستەی بەرە بەرە لە ناو تاریکایی بەفرامێزدا دەکاڵێتەوە.
رۆژێک لەسەر کار
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید