فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەفەری دووبارە

کات 18/01/1403 95 بازدید

جادە بێکۆتا بوو و، تەنیا یەک ماشین لە وێستگە راوەستابوو. هەموو دەیانویست سواربن. نازانم ماشینەکە چەندە گەورە بوو و، جێی چەند کەس دەبووەوە… دە کەس، پەنجا، سەد، یاخود هەزار…

لەوەی بەردەمی خۆم پرسی دەکرێ جێگایەکیش بۆ من بگری؟ لای کردەوە، بە ناوچاوێکی تاڵ لێمی رووانی و، گوتی ئاخرکەسی و دەتەوێ یەکەمین بی!؟ بڕۆ خوا بازاڕت با!

نازانم چۆنی دەیزانی من دوواکەس بووم. راوەستان لە ریزی هەرە دوواوە بە مانای ئاخرکەس بوون نیە. لە شووشەی ماشینەکەم رووانی. ئەوانەی وا سوار ببوون، چەند دڵخۆش بوون و چەند بە بەزەیی و هەر لەو کاتەدا هەستی خۆ بە زل زانینەوە لە ئێمەیان دەڕوانی.

جارێکی تر بەوەی پێش خۆمەوە گوت تکایە دەتوانێ جێگایەکیش بۆ من بگری؟ ئەمجارە هەر لایشی لێ نەکردمەوە. وەک بڵێی کەسێک بەناوی من هەر لە دونیایشدا بوونی نەبێ. بەڵام من لەوە قیرسیچمەتر بووم کە رێگا بێ کۆتاییەکە، ماشینەکە و ئەوەی بەردەمم بۆی دەچوون. من بڕیارم دابوو هەر چۆنێک بێ سوار ئەو ئوتوبووسە سەیرو سەمەرەیە ببم کەوا بەڵێن بوو بەرەو ئەو سەفەرە بێکۆتاییە بڕوا.

بۆیە بەوەی پێشەوەم گوت من لەوە پێش بەرەو ئەم سەفەرە چووم. گوتم تا کۆتایی ئەو رێگا بێکۆتاییە چووم. کابرا بە سەرسووڕمانەوە لای کردەوە، لێمی رووانییەوە و ئەوجا دایە وەها قاقای پێکەنینێ نەبێتەوە. راست و نەوی دەبووەوە، بە ئەژنۆی خۆیدا دەکێشا و لە کاتێکدا تف و لیک بە لێو و لەچەکیدا دەهاتە خوار بە هەناسەبڕکێ هاواری کرد کە گوێتان لێیە خەڵکینە ئەم کابرایە دەڵێ لەوە پێش بەم رێگایەدا رۆیشتووە… ها ها ها… دەڵێ لەوە پێش ئەم سەفەرەی تەواو کردووە… ها ها ها…

خەڵکەکە لایان کردەوە و، بە تەعەجوبەوە لەمنیان رووانی. من بە بێ ئەوەی خۆم تێکبدەم گوتم ئەرێ… ئەرێ من گەیشتوومەتە ئەو سەری رێگا… ئیستایش دەمەوێ جارێکی تر پیایا بچمەوە، یەعنی بگەمەوە کۆتایی رێگای بێکۆتا!

یەک گوتی مەگەر دەکرێ پیاو بگاتە کۆتایی رێگایەکی بێکۆتایی و بتوانێ بگەڕێتەوە!؟ یەکی تر گوتی مەگەر پیاو دەگاتە رێگای بێکۆتایی تا بتوانێ سەرلەنوێ بگەڕێتەوە!؟

ئەوجا هەر هەموو پێکەوە دەستیان کرد بە پێکەنین. دونیا لەبەر دەنگی پێکەنین وەها تەژی ببوو کە گوێت لە هیچ دەنگێکی تر نەدەبوو.

هاوارم کرد دەتوانن لە شۆفیرەکە بپرسن، ئەو دەمناسێتەوە، بەو ناونیشانە کاتێک دەگەیتە کۆتایی حەزدەکەی بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتا، ئەرێ لێی پرسن… دەمناسێتەوە.

بەڵام لەبەر پێکەنین هەر گوێیان لە من نەبوو. بەخۆم گوت ئەمە تایبەتمەندیی ئەوانەیە وا هیشتا بەڕێ نەکەوتوون.

سەرئەنجام پێکەنین تەواوبوو. ماتۆڕی ماشینەکە وەک هەمیشە تڕەتڕی دەهات، دووکەڵی چڕ و بۆنی ناخۆشی ئێگزۆزەکەی دونیای داگرتبوو. جەماعەتێ دەکۆکین و کۆمەڵێکی تر هەڵتروشکابوون بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن. شۆفیرەکە کە بێ روخسار بوو و کاتێک لای دەکردەوە هەر جارەی بە قەڵەمێک روخسارێکی جیاوازیان بۆ دەکێشا، جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند. بەڵام سەیر ئەوە بوو کە بەپێچەوانەی شۆفیری هەموو گاراژەکانی دونیا دەنگی لێوە نەدەهات. پێم وابێ هی ئەوە بوو کە دەیزانی ئێمە هەموومان ناچار بووین تەنیا سوار سەیارەکەی ئەو بین.

لەپڕ بیری فێڵێک کەوتمەوە. هاوارم کرد گەر بێڵن سواربم ئەوا وەسفی رێگا و کۆتاییەکەیتان بۆ دەگێڕمەوە. رێک وەک ئەو گایدانەی وا بە دەم توریستەکانەوەن. پوڵ و پارەیش وەرناگرم. تەنیا ئەوەندەی من بتوانم جارێکی تر سوار ببمەوە!

ئەمجارە نەک کەس گوێی لێدەگرتم و، نە کەسیش لای بۆ دەکردمەوە. هەر جارەی شۆفیرەکە کاتێک لە منی دەڕوانی ئەوەی وا روخساری بۆ دەکێشایەوە، دوو چاوی پڕ لە پێکەنینی بۆ دەکرد کە دەڵێی یەکەم جارە لە ژیانیدا قسەی خۆش و نوکتەی گوێ لێدەبوو.

بەخۆم گوت من سەرئەنجام هەر سوار دەبمەوە… یەعنی دەبێ سوار ببمەوە! رێگا بۆ پێوان و مرۆڤیش بۆ کۆتایی دروست بووە.

سەرئەنجام سواربووم و رێک لە کورسییەک لە تەنیشت شۆفیرەکە جێم بووەوە. شۆفیرەکە بەو روخسارە کێشراوەی کە پرسیاری لەسەر بوو گوتی ئەوەتەی من هەم و بەم رێگادا دێم و دەڕۆم تەنیا تۆ توانیووتە بۆ جارێکی تر بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتای رێ، لەوە دەچێ ژنەکەت سێوەکەی دەرخوارد دابێتی. ئەوسا لە سەر روخساری بێ روخساری کەسێک جووتێک لێوی بەبزەی بۆ کێشا.

کتوپڕ هاتەوە بیرم من ئادەمم. هاتەوە بیرم ژنەکەم بەسەر قاچی خودادا کەوتبوو کە بیبەخشێ و، منیش بۆ ئەوەی دووانەکەوم خێرا سوار ماشینەکە ببووم و رۆیشتبووم.

ماشینەکە بەڕێکەوت. هەموو دایانە گۆرانی و چەپڵەرێزان و هەرایەک نەبێتەوە. جەماعەتێک هەستابوونە سەرپێ و سەرەڕای جێی تەنگ و ناخۆشی ناو ماشینەکە شێتانە سەمایان دەکرد.

دونیا پڕ ببوو لە تڕەتڕ.

لەو ناوەدا تەنیا شۆفیرکە و من بێدەنگ بووین. ئەو بە روخساری بێ روخساری لە جادە بێکۆتاکەی دەڕوانی و، من لە دیمەنی خێرای تەنیشتم کە هەر جارەی شتێکی سەیروسەمەرەی ئاشنا تیایا روویدەدا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەفەری دووبارە
تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *