فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بەیانی تۆ دەمری!

کات 13/01/1394 1,905 بازدید

بەیانی تۆ دەمری!

لە راڕەوەکەوە گوزەران. هەموو ئەو دەرگا ئاسنینانەیان تێپەڕاند وا ئەو قەت نەیتوانیبوو زیندەوەرەکانی پشتەوەیان ببینێ. ئەوەی تەنیشتی، نیگابانێکی زەلامی ئەستوورەی باڵابەرز بوو کە دەیتوانی گایەک لە عەرز بدات. کە گەیشتنە ئەو سەری کۆریدۆرەکە، بە لای دەستی چەپدا بایان دا و لە بەر دەم یەکەم دەرگادا راوەستان. نیگابانەکە بە کلیلە ئەستوورەکانی دەرگاکەی کردەوە و ئەمی بە سووکە پاڵێک کردە ژوورەوە. پێش داخستنی دەرگاکە لە کاتێکدا راستەوخۆ، سارد سارد و بێ منەتانە لە ناو چاوانی دەڕوانی، وتی:

ـ “تۆ سبەی دەمری!”

ئەمەی گوت و دەرگاکەی قوفڵ دا و رۆیشت. راڕەوەکە دووای ماوەیەکی کورت تەواو ئارام هەڵگەڕا. دونیا لە چەشنێکی دیکە بوو.

“تۆ سبەی دەمری!” ئەم رستەیە بە ناو مێشکیدا جارێکی تر هات و رۆیشت. رستەکە لەوێ بوو، بەڵام بە بێ مانا. تەنیا وشە و بەس. یەک دوو جارێکی تر رستەکە لە داڵانی مێشکیدا دەنگی دایەوە، وەک کەوتنە خوارەوەی چەکۆچێک لە سەر زەویی رەق. لە دەنگ دانەوە بێ ئەژمارەکانی ئەم کەوتنە خوارەوەیەدا بوو کە کتوپڕ لە مانای رستەکە گەیشت. مردن! کەواتە مردن چاوەڕوانی دەکرد. ئەو رووداوەی بۆ ئەو خاڵی کۆتایی بوو.

 ئەگەرچی بە هەموو تەمەنی بەم راستیە تاڵە گەیشتبوو کە مردن چاوەڕوانیەتی، بەڵام ئەمجارە فەرقی هەبوو. ئەمڕۆ یان ئەمشەو کەسێک راستەوخۆ ئاگاداری کردبووەوە. کەسێک کە بۆ خۆیشی لە راستیدا مردن چاوەڕوانی بوو، بەڵام رەنگە نەک بەم زووانەو نەک بە هەواڵێکی راستەوخۆیشەوە. بیری مردن کە هەمیشە جگە لە ترس جۆرێک لە پووچی تێدا زیندوو دەکردەوە، ئەمشەو یان ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە هومێدێکی عەجایەبی تیا گەشاندەوە. وەک بڵێی تا سبەی دەیان ساڵی تر لە نێواندا بوو.

بەڵام راوەستە! ئەو گوتبووی سبەی. کەواتە ئیستا شەوە. ئەم لە مێژ بوو بە شەو و رۆژی نەدەزانی. لێرە تاریکایی و رووناکایی دەستکرد بوون. تەنیا گڵۆپێک دەیتوانی لە کەمتر لە چرکەیەکدا سنوورەکان دیاری بکا. لێرە لە مێژبوو لە جێگۆڕکێی ئارامی نێوان شەو و رۆژ بێ ئاگابوو. لەناکاو بە پریزێک دەبوو بە رۆژی دەستکرد، یان بە پێچەوانەوە دەبوو بە شەوی دەستکرد. لێرە لە هەڵچوون و داچوونی بە کاوەخۆی هەتاو هیچ خەبەرێک نەبوو. ئەم، ماوەیەک بوو خەمی سیمای یەکجار سپی هەڵگەڕاوی جەللادەکانی ناو ئەم ژێرزەمینیەیشی دەخوارد. ئەو سیمایانەی خوێن چی بوو تێیاندا نەدەگەڕا. سارد سارد وەک ئاسنی ناو کۆڵانی زستان.

جەللادەکە سەرئەنجام بە قسەکەی درکاندبووی ئیستا کەیە. چەند خۆش بوو! ئەوەی وا ماوەیەکی چاک بوو بە ئەنقەست لێیان شاردبووەوە، دەرکەوتبوو. بیری ئەوەی دەکرێ جەللادیش گەمژە بێت، خۆشییەکی لە دڵدا گەڕاند. جەللادێک کە هەمیشە هەوڵی دەدا نیشانی بدا زیرەکترین بوونەوەری هەموو جیهانە. بەڵام نا، راوەستە! دووایین هەواڵ هەمیشە ئەو هەواڵەیە کە جەللاد لە درکاندنی ناترسێ.

کەواتە ئیستا شەوە. چاوەکانی قونجاند و هەوڵی دا شەوی ئەمشەو بێنێتە ناو خەیاڵی خۆیەوە. وێنە، ئاسمانێکی ساماڵ بە ئەستێرەکانییەوە و، بە دەنگە کپ و ناپەیداکانییەوە. رەنگە بەو رێبوارانەیشەوە کە لێرە و لەوێ بە تاک و تەرا تێدەپەڕین. هەروەها بە خانووە سێبەرئاساکانیشەوە. چەند ئەم وێنەیە سیحراوی دەهاتە بەرچاوی. لێرەدا کتوپڕ بە زیرەکییەکی جەللاد گەیشت “لەخۆوە نیە لە دووای شەو، بە کاتی سەحەرێکی زۆر زوو، بە کاتی بوومە لێڵ دەکوژن.”

سەیری چواردیوارییەکەی دەوری خۆی کرد. گڵۆپە کزەکە و دەرگا قورسەکە. هەموو شتێک سپی سپی. سپییەکی لێک ئاڵاوی زەرد. کەواتە ئەو دەتوانێ تەواوی ئەمشەو بژی،… هەتا بەیانی. چ رستەیەکی رۆمانتیکی! چ زەمەنێکی پڕ مانا! ئەوەندە پڕ مانا، وەک تەمەنێک بە قەدەر تەمەنی مرۆڤێک. لە بیری دێ لەوە پێش بیری لەم حاڵەتە کردبووەوە. ئەو کاتانە پێی وابوو مرۆڤێکی لەم چەشنە دەبێ تا سبەی لە سەر پێ راوەستێ و گەردن کشاو، بە چاوە تروسکەدارەکانییەوە لە تەنیشت پەنجەرە بچکۆلەکە راوەستێ و لە کاتێدا سەیری ئاسمان و ئەستێرەکانی دەکا، دەبێ چاوەڕوانی سبەی بکا،… سبەیی پڕ لە حەماسەت و پڕ لە مانا. بەڵام شتێک لێرە هەڵە بوو. ژوورەکە بێ پەنجەرە بوو! لێرە شوێنێکی لێ نەبوو شان بیگاتێ و سەر، لێیەوە بگاتە شوێنە هەرە دوورەکان.

بە ناو ژوورەکەدا سوڕێک دەخوا. هەنگاوەکان خێرا دەگەنە کۆتایی رێگا. بەڵام گەر بەردەوام بێت ئەوا دەکرێ لە نێوان دوو خاڵی کۆتاییدا بێ ئەژمار رێگا هەبێ. یان گەر دەوربداتەوە ئەوا رێگا زیاتر درێژ و درێژتر دەبێتەوە! ئەم بەم لۆژیکە یەکجار ئاشنایە. سالەکان فێری کردوون،… ساڵەکان و دووپاتبوونەوەکان. زیاتر لە هەموو شتێک بێدەنگییەکانە مەوداکان بێ سنوور دەکا. کاتێک لە بێدەنگیدا هەنگاو هەڵدێنێ، هەر هەنگاوێک دەبێ بە هەڵگری قوڵاییەکی بێ بن. وەها، نوقم نوقمی دەکا.

خواردنەکەی بۆ دەکەنە ژوورەوە. خواردنەکانیشی وەک خۆی دێتە بەرچاو: یەخسیری چواردیوارییەکان. بۆن و تامەکان لە دووپاتبوونەوەیاندا چەند بێ مانا دەبن. رەنگە ئەوانیش بە شوێن پەنجەرەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لێیەوە خەیالەکانیان بۆ بێ سنوورەکان بەڕێ بکەن.

کەواتە سبەی دەمرێ! لای ئەو کە سبەی و سبەیەکان هەمیشە خاوەن و هەڵگری گەورەترین ماناکان بوون، ئیستا چەندە بێ مانا دەنوێنن. خەیاڵی بە جوانی دەچێتە سەر مردن. بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەنەخشێنێ. چ بکا بۆ ئەوەی ئەم دووا رووداوەی ژیان دەستەمۆ بکا و بیکا بە بەشێک لە پرۆژەی “بوون”. بیر لە هەموو مرۆڤەکان دەکاتەوە. ئەوانەی وا نەک لێرە، بەڵکوو لە دەرەوەیشن. بیر لە سەد ساڵی تر. ئەوەی کە هیچ کامیان و هیچ کاممان ئیدی لێرە نین. بێدەنگییەکی گۆڕستان ئاسا بۆ هەمووان، بەڵام بەردەوامی ژیان و مەرگ لە نەوەکانی تردا، ئەو نەوانەی دووای ئەوان و ئەمان دین. چ دڵدانەوەیەکی سەیر! کەواتە جیاوازییەکی ئەوتۆ نیە. کەواتە بۆ ئەوەی قورسترین خەمەکان و بیرەکان بتوانی بەڕێ بکەی، تەنیا بیر لە سەد ساڵی تر بکەوە.

دادەنیشێ. کەوچکێک لە خواردنەکەی دەدا. پارووە ساردەکە بە گەرووی ساردیدا بە کاوەخۆ دەچێتە خوارەوە. بە بێ هیچ تام و لەززەتێک. بیری قوتدانی هەواڵەکە لای خۆی دەکەوێتەوە. ئەم دەبێ رستەکە وەک ئەم پارووە قوت بدا. هەوالی سارد، جەستەی سارد ناتەزینێ. دیسان بزەکە رووی تێدەکاتەوە. بۆ یەکەم جار هەموو خواردنەکەی تەواو دەکا. تەنانەت بە زمان جوان جوان بنەکەیشی دەلێسێتەوە. قاپەکە دەڵێی بە وردی شۆردراوە. هەر وەک ئەو ساڵانەی دایکی دەیشۆردن.

سەیری دیوارەکان دەکاتەوە. کاتژمێرێکی لێ نیە بۆ ئەوەی بزانێ چەندە لە شەو رۆیشتووە و چەندەی بۆ سبەی ماوە. بیرکردنەوەکان وەک هەمیشە کات قوت دەدەن، بە بێ ژماردنیان. بەڵام داخۆ کات تەنیا ژمارەیە؟ ئەم بیرە دەیباتەوە بۆ ئەو ساڵانەی یەکەم جار ئەم پرسیارەی لە خۆی کردبوو و دوواتر لە وەڵامیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە بەڵێ کات لە بنەڕەتدا ژمارەیە. ئەو ژمارانەی هەر کەسە و بە رەنگی خۆی دەیکێشێتەوە. ئەو “کات” ەی وا ئیستا لێرە، تەنیا بووە بە رەش و سپی.

سبەی رەنگێکی تر چاوەڕوانیەتی. ئەمە دەیجوڵێنێ. هەڵدەستێتە سەرپێ. تا ئیستا بیری لەم بەشە نەکردبووەوە. ئەم کە پێی وابوو هەرکەسەو بۆ خۆی زەمەن رەنگ دەکا، هەنووکە دەبینێ کە دەکرێ کەسێک لە دەرەوەی تۆ بۆیشت رەنگ بکا. بەزەیی بە جەستەی خۆیدا دێتەوە کە بێ پرسی خۆی شێوازی بۆ دیاری دەکەن. دیاریکردنێکی ترسناک و بێ بەزەییانە. مەگەر ئەم تەنانەت خەونی خۆشیشی بۆ جەللادەکانی نەبینیبوو؟

گڵۆپە کزەکەی سەر سەری قەت ناکوژێتەوە. ئەم رقی لەو گڵۆپە زەرد و چڵکنەیە وا حسێبی زەمەنی لێ سەندبوو. تەنانەت بە درێژایی تەواوی ئەم ساڵانە بۆ جارێکیش بێت نەکوژابووەوە. لەوێ لە دەرەوە جاری وابوو بە چەند سەعات کارەبا دەبڕا. کەچی لێرە دەڵێی حسێبێکی ترە. وەک بڵێی کارەبای ئێرە لە شوێنێکی ترەوە دابین دەکرا. تەواو جیاواز. گەر لانیکەم بۆ چەند چرکەیەک بڕابا، رەنگە ئەم دەیتوانی وێنای جیهانێکی تر لەم چواردیوارییە دووپاتکراوەیەدا لە زەین و دەروونی خۆیدا بکا. لە ژێر گڵۆپەکەدا رادەوەستێ و لێی ورد دەبێتەوە. هەڵدەخاتەوە، بەڵکوو دەستی بیگاتێ. بەڵام نایگاتێ. لەناکاو بیرێک بە مێشکیدا دێت. بیرێک کە پێی سەیرە بۆچی بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە بە مێشکیدا نەهاتبوو. دەست دەداتە قاپە لێسراوەکە، هەڵیدەگرێ و بە هەرچی هێزی خۆیەتی بەرەو گڵۆپەکەی دەهاویژێ. لە یەکەم هەوڵیدا سەرکەوتوو دەبێ. گڵۆپەکە ورد ورد دەبێ. ژوورەکە دەبێ بە تاریکاییەکی موتڵەق. بە بێ ترس لە وردە شووشەکان، رێک لە سەر شوێنی خۆی چوارمیلکە دادەنیشێ. چاو، هیچ شوێنێک نابینێ. قاقای پێکەنینێکی خۆش هەموو جەستەی دەهێنێتە لەرزین. کەواتە ئەم دەتوانێ لە شەوێکی بە تەواوی مانادا شەو، چاوەڕوانی سبەی بکا. شتەکان گەڕاونەتەوە سەر باری سروشتیی خۆیان!

سەرئەنجام دەرگاکە دەکرێتەوە. جەللاد بە سەرسوڕمانەوە سەیری ژوورە تاریکەکە دەکا. رەنگە لای وایە کەسی تێدا نەماوە. بەڵام ئەو لەوێیە، هەر لە شوینی خۆی. بەو وردە شووشانەوە کە لە ژێر تیشکی رووناکایی هۆڵەکەدا بە دەورووبەرییەوە دەدرەوشێنەوە.ئارام رادبێ و وەدەر دەکەوێ. لە کاتێکدا چاوەکانی هێشتا بە رووناکایی کتوپڕی ناو راڕەوەکە رانەهاتوون، لە گەڵ نیگابانە بە قەڵافەتەکەی تەنیشتی هەنگاو هەلدەگرێ. هەموو شتێک چ لە دەرەوە و چ لە دەروونەوە چەند ساردە!

بۆ یەکەم جار حەزی دووانی هاوڕێکەی تەنیشتی دەیگرێ. بە بێ ئەوەی رووی تێ بکا، دەڵێ:

ـ “کەواتە من ئەمڕۆ دەمرم؟”

لە سەر وشەی “ئەمڕۆ” رادەوستێ و بە خەستی دەیڵێ. وەها کە “ڕ” ێکەی دەبێ بە لەرینەوەیەکی درێژخایەن. جەللادەکە هیچ ناڵێ. تەنیا بە لاچاو سەیرێکی دەکا.

ـ “دوێ شەو، دووای ساڵانی ساڵ، من بە راستی چاوەڕوانی سبەی بووم!”

لە سەر وشەی “دوێ شەو” یش رادەوستێ. دەنگی زوڵاڵ و ئاهەنگینە. دیسان بێدەنگیی جەللاد. دەگەنە ئەو سەری کۆریدۆرەکە. چەند دانە هۆڵی تریش تێدەپەڕێنن. لەوێوە دووا دەرگا دەکرێتەوە و دووای مەودایەکی درێژ بۆ یەکەم جار هەنگاو دەخاتە سەر زەویی دەرەوە. فێنکایی دەرەوە ئەمە دەڵێ. تەنانەت ئاسمانیش. بەڵام راوەستە! دونیا تاریک تاریکە. لە سپێدە ناچێ. ئەم کە هێشتا شێوازی ئاسمان و ئەستێرەکانی دەم بەیانی لە بیر ماوە، جوان هەست بە کاتی نیوەشەو دەکات. رادەوەستێ،… زۆر مەحکەم،… قورس. سەرهەڵدەبڕێ و پڕ بە گەرووی هاوار دەکا. ئەوەی کە ئەو بە راستی دەیەوێ سبەی بمرێ، نەک ئیستا. سبیەیەک کە دەکرێ هەموو شتێکی چاوەڕوان نەکراوی تێدا رووبدا،… هەموو شتێکی چاوەروان نەکراو.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > بەیانی تۆ دەمری

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *