دیالکتیکی نێوان دوورکه‌وتنه‌وه و به‌رده‌وام بینین، مه‌نتقی پرۆسه‌ی فه‌لسه‌فیه
دیالکتیکی نێوان دوورکه‌وتنه‌وه و به‌رده‌وام بینین، مه‌نتقی پرۆسه‌ی فه‌لسه‌فیه
چاوپێکەوتنی رەخنەی چاو‌دێر لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: فه‌لسه‌فه چییه؟ تێزی فه‌لسه‌فه چییه؟ فه‌یله‌سوف کێیه؟ ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌م سێ چه‌مکه به وردی بدوێن؟
ـ پرسیاره‌کان وه‌ک هه‌موو پرسیارێکی فه‌لسه‌فی هه‌م کۆنن و هه‌م نوێ، هه‌م کلاسیکین و هه‌م هاوچه‌رخ. ئه‌مه‌ش له زاتی پرسیاری فه‌لسه‌فییه‌وه دێت. چونکه پرسیاری فه‌لسه‌فی ره‌گی له میتافیزیادا هه‌یه و ئه‌مه ئیدی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که به‌رده‌وام له سه‌ر مێزی لێکۆڵینه‌وه‌و راڤه‌دا بن. به‌رده‌وام خۆیان به سه‌ر خوێنه‌ر و فه‌یله‌سووفدا بسهپێننهوهو داوای به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه. ئه‌مه به جۆرێک مرۆڤ وه‌ڕه‌ز ده‌کا. چونکه هه‌ست ده‌که‌ی به‌رده‌وام بۆ خاڵی ده‌ستپێک ده‌گه‌ڕێیته‌وه. به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێ که فه‌لسه‌فه به جۆرێک خول خواردنه‌وه‌شه له بازنه‌ی پرسیار و وه‌ڵامه ئه‌به‌دییه‌کاندا. ره‌نگه هه‌ر به‌م پێیه هیچ زانستێک به قه‌ده‌ر زانستی فه‌لسه‌فی حه‌زی به‌وه نه‌بێ که خوێنه‌ری خۆی به‌ره‌و رابردووی خۆی په‌ل کێش کاته‌وه، له هه‌مان کاتدا که به‌ره‌و هه‌نووکه و داهاتووش رایدهچڵهکێنێ و پاڵی پێوه ده‌نێ. هه‌ر بۆیه به ڕای من هیچ زانستێک به قه‌ده‌ر فه‌لسه‌فه خاوه‌ن مێژوو نیه و حه‌زی به‌وه نیه که خوێنه‌ر به‌ره‌و تێکسته کۆنه‌کان راپێچ بکات. ده‌ڵێم راپێچ، چونکه حه‌زی فه‌لسه‌فه بۆ رابردوو، جۆرێک دیکتاتۆریهتیشی تێدایه. گه‌ر ئینسان حه‌زی به فه‌لسه‌فه بێت، سه‌یر ده‌که‌ی که مێژووی فه‌لسه‌فه به تهحهکومهوه بانگت لێده‌کا و ناچارت ده‌کا به‌سه‌ری بکه‌یته‌وه. جاری وایه له‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌دا ده‌بینی که بۆ وێنه لای ئیفلاتون ده‌مێنیته‌وه‌و و حه‌ز ناکه‌ی ئیدی جێی بهێڵی. ئیفلاتون ده‌تگرێ. دیلت ده‌کا. ده‌ڵێی وه‌ک زه‌مانی کۆن له ئاکادێمیهکهی دانیشتوویت و وه‌ک قوتابییه‌ک، مه‌حوی گوته‌کانی ئه‌وی. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئیفلاتون ته‌نیا ناتکا به قوتابییه‌کی گوێ رایه‌ڵ، به‌ڵکوو دهشتکا به ئه‌ره‌ستو. یه‌عنی له خۆیت دوورده‌خاته‌وه. داوات لێده‌کا که سه‌ربه‌خۆ بیت و سه‌ربه‌خۆ بیر بکه‌یته‌وه. ئیدی تێده‌گه‌ی که ده‌بێ وه‌ک سوقرات (پاڵه‌وانی سه‌ره‌کیی ده‌قه گفتوگۆییه‌کانی ئیفلاتون) له رێگای پرسیاره‌وه هه‌م خوێنه‌رانت بخه‌یته ناو بازنه‌ی تێفکرین و بیرکردنه‌وه‌وه و، هه‌م خۆیشت زیاتر ملکه‌چی یاسا و رێساکانی بیرکردنه‌وه بکه‌یت. به واتایه‌کی دی فه‌لسه‌فه له مانای گشتی خۆیدا له لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌کانی پێش خۆیدا ناتوانێ سنووردار بکرێ. ئه‌وه‌ی که فیلسووفێک له‌وه پێش چی گوتووه به مانای سنووردار کردنی بیر و بۆچوونه‌کانی فیلسووفه‌کانی ئیستا و ئه‌ورۆکه نیه.
گه‌ر بمه‌وێ به وێنه‌یه‌ک ئه‌م بۆچوونه وێنا بکه‌م، ده‌بێ بڵێم که بۆ وێنه ئیفلاتون وه‌ک په‌یکه‌رێکی هه‌ره گه‌وره‌ی لێدێت که له ناو ده‌ریادا له ته‌م و مژ ئاڵاوه‌و تۆیش که له ناو پاپۆڕێکدا شه‌پۆله‌کان ناچار به دوورخستنه‌وه‌ت ده‌که‌ن، هه‌تا دوور ده‌که‌ویته‌وه، گه‌وره‌یی ئه‌م په‌یکه‌ره‌ت لێ ون نابێت و جارجاره له ناو مژی رابردوودا دیسان و دیسان ده‌یبینیته‌وه، یاخود ده‌بێ بیبینیته‌وه! هه‌تا زه‌مه‌ن و مه‌وداش فراوانتر و دوورتر ده‌که‌ونه‌وه، په‌یکه‌ره‌که گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر خۆی له پشت مژه‌وه ده‌نوێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌رله‌وکاته‌دا به گوێره‌ی مه‌نتقی فه‌لسه‌فه تۆ لێی دوورده‌که‌ویته‌وه. دیالکتیکی نێوان دوورکه‌وتنه‌وه و به‌رده‌وام بینین، مه‌نتقی پرۆسه‌ی فه‌لسه‌فیه.
پرسیارگه‌لێکی له‌م چه‌شنه “ئه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه چیه؟” ناچارمان ده‌که‌ن که به پێی عورف هه‌م بۆ وه‌ڵامه کۆنه‌کان بگه‌ڕێین و هه‌م بۆ وه‌ڵامه هاوچه‌رخه‌کان و، هه‌م وه‌ک هۆگری فه‌لسه‌فه، گه‌ر مرۆڤ جورئه‌تی کرد بۆچوون و پێناسه‌ی خۆیشی (گه‌ر هه‌یبێت) بڵێ و بیخاته به‌رده‌ست.
ده‌کرێ به دوو شێوه وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه چییه بدرێته‌وه: یه‌که‌م به شێوه‌ی وه‌سفی واته به ریز کردنی ئه‌و پرسیارانه‌ی که فه‌یله‌سووفه‌کان به شوێن وه‌ڵامه‌کانیاندا عه‌وداڵ بوون و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که له‌م پێناوه‌دا دایان، وه دووهه‌م به شێوه‌ی نۆرماتیڤی، واته ئه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه ده‌بێ چ ئه‌رکێکی هه‌بێ. لێره‌دا من بۆ وه‌ڵامدانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامێکی نۆرماتیڤی بده‌مه‌وه، که ئه‌مه‌ش ده‌کرێ خۆی له‌م پێناسانه‌دا ببینێته‌وه. “لاش سڤنسێن” که نووسه‌رێکی نۆروێژییه به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ: “فه‌لسه‌فاندن بریتیه له‌وه‌ی که که‌سێک تێگه‌یشتنی خۆی بخاته خانه‌ی گه‌مه‌وه. فه‌لسه‌فه ته‌نیا بریتی نیه له‌وه‌ی که‌سێک ته‌نیا به شوێن عه‌قڵ یان حیکمهتێکهوه بێت که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ودایه، به‌ڵکو هه‌ر له‌و کاته‌دا بریتیه له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ش که نایانزانێ. هه‌روه‌ها به مانای پرسیار له خۆکردنه سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی که مرۆڤ پێی وایه ده‌یانزانێ. سه‌رئه‌نجام رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی که بۆخۆی کێیه و چییه.” فه‌لسه‌فه یان فیلۆسۆفیا که واژه‌یه‌کی یۆنانییه وه‌ک ده‌زانین به مانای خۆشه‌ویستییه بۆ عه‌قڵ و زانیاری. به‌ڵام ئه‌م خۆشه‌ویستییه ته‌نیا ده‌ستپێکه، واته وه‌ک خۆهه‌ڵدانه ناو دهریایهکهوهیه که بێ سنووره و بێ بن! ئه‌م بێ سنووری و بێ بنیهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ سنووری و بێ بنیی تواناکانی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ده‌کرێ مرۆڤ پێیانه‌وه سه‌رقاڵ بێت. به پێچه‌وانه‌ی زانسته پۆزیتیڤیهکان که له سه‌ر شته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ سه‌قامگیرن، فه‌لسه‌فه زۆرتر له سه‌ر توانای گه‌مه‌ی فیکریی مرۆڤ راوه‌ستاوه. که ئه‌م گه‌مه فیکریه‌ش خۆی له پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی وه‌ک ئه‌وه‌ی که “بوون چییه” ده‌بینێته‌وه. ئه‌رکی فه‌لسه‌فه، هێنانه گۆڕی ئه‌و پرسیاره بنه‌ڕه‌تی و ئابستراکت و “حه‌قیقه‌ت ـ عه‌وداڵ” انهیهیه که به‌شێکی گرنگن له ژیان و بوونی بوونه‌وه‌رێک به ناوی ئینسان. سوقرات له یه‌کێک له ریسالهکانی ئیفلاتوندا ده‌ڵێ مه‌به‌ست ئه‌وه نیه که چ جۆرهگهلێک زانست په‌یدا ده‌بن، به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که بزانین خودی زانست چییه. که‌واته به گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی سوقرات ده‌بێ بڵێین که فه‌لسه‌فه له شته تاک و دابڕاوه‌کان ناکۆڵێته‌وه، به‌ڵکو چه‌شنه زانستێکه که ئاراسته‌ی پرسیاره گشتیه‌کان ده‌کرێته‌وه. بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که “شت چیه؟” یان “هه‌ست چیه؟”. هه‌ڵبه‌ت ده‌کرێ فیلسووفێک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه پشت به ئاکامه زانستیه‌کانیش ببه‌ستێ، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا سهرچاهوهیهکی گرنگی لێکۆڵینه‌وه له‌م پرسیارانه، خودی ئه‌و میتۆد و نههجهیه که فه‌لسه‌فه هه‌ڵگریه‌تی. فه‌لسه‌فه رێبازی خۆی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه هه‌یه، که ئه‌م وه‌ڵام دانه‌وه‌یه وه‌ک پرسیاره‌کان گشتیه. جا هه‌ر به‌م پێیه ئه‌وه‌ی که بۆ وێنه “ماتماتیک چیه؟” ده‌کرێ وه‌ڵامی فه‌لسه‌فیشی هه‌بێ.
وه‌ک ده‌زانین له زه‌مانی یۆنان‌دا ده‌یانگوت که فه‌لسه‌فه دایکی زانسته‌کانه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا فیلسووف به که‌سێک ده‌گوترا که له هه‌موو زانسته‌کان ئاگادار بێت. به‌ڵام تا مێژوو به‌ره‌و پێش رۆیشت به هۆی زیاد کردن و په‌ل و پۆ هاویشتنی زانستهکانی وه‌ک ماتماتیک و سروشت ناسی و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته، به‌ره به‌ره فه‌لسه‌فه و زانسته‌کان به‌ره‌و لێک‌دابڕان رۆیشتن. هه‌ندێک بیرمه‌ند له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ته‌نانه‌ت بیریان له‌وه ده‌کرده‌وه که ئیدی ئه‌رکی فه‌لسه‌فه ته‌واو بووه‌و ده‌بێ به ته‌واوی رێ بۆ زانست چۆڵ بکات. به‌ڵام زه‌مه‌ن به بارێکی دیکه‌دا رۆیشت و ئه‌م بیره‌ی په‌سه‌ند نه‌کرد. لێره‌دا پێویست ناکا ئاوڕ له‌م باسه بده‌ینه‌وه، به‌لام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی خۆی ئه‌و شوێنه‌یه که فه‌لسه‌فه ته‌راتێنی تێدا ده‌کا و زۆر ئیزن بۆ وێنه به زانست و ئه‌ده‌ب له‌م به‌شه‌دا نادا.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به شێوه‌ی نۆرماتیڤی وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌ینه‌وه که فه‌لسه‌فه چییه، له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێکی یه‌کجار زۆری وه‌ڵام ده‌توانین رووبه‌روو بین که هه‌موو فیلسووفه‌کان به درێژایی مێژوو به جۆرێک پێیه‌وه سه‌رقاڵ بوون. به‌ڵام لێره‌دا وه‌ک دوا پێناسه قسه‌یه‌ک له پیتاگوراس ده‌هێنمه‌وه که ده‌ڵێ مرۆڤه‌کان زۆرتر سه‌رقاڵی مه‌به‌سته رۆژانه‌کان و ئه‌و شتانه‌ن وا به‌رده‌وامیی ژیانی رۆژانه دابین ده‌که‌ن، به‌ڵام فیلسووف عه‌وداڵی حه‌قیقه‌ته. که له درێژه‌ی ئه‌م وته‌یه‌ی پیتاگوراس دا ده‌توانین بڵێین که فه‌لسه‌فه، زانستی حه‌قیقه‌ته.
هه‌روه‌ها پرسیار کراوه که فیلسووف کێیه.من له وه‌ڵامی پرسیاری “فه‌لسه‌فه چیه؟” به جۆرێک وه‌ڵامی ئه‌م به‌شه‌شم داوه‌ته‌وه. بۆ وێنه له پێناسه‌که‌ی پیتاگوراس دا. به‌ڵام واباشه که که‌مێک زیاتر وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه.
فه‌لسه‌فه له یۆنانی کۆندا ئه‌و کات دێته‌وه ئاراوه که ئێمه شاهیدی پهڕینهوهین له قۆناغی میتۆس به‌ره‌و لۆگۆس. واته له قۆناغێکه‌وه که تێیدا مرۆڤ زیاتر له میتۆس واته ئوستوره و دین و ئه‌فسانه‌کان که‌ڵکی وه‌رده‌گرت بۆ ته‌عبیر له جیهان، به‌ره‌و قۆناغی لۆگۆس که تێیدا عه‌قڵ ئیدی رۆڵی سه‌رکی تێدا ده‌گێڕێ. که مه‌به‌ستیش له ئه‌قڵ بریتیه له گه‌ڕانه‌وه بۆ توانا ده‌روونییه‌کانی مرۆڤ به چێ‌کردنی ئه‌و سیستمه یه‌کانگیره فیکریانه‌ی که هۆکاره‌کان له‌م دنیایه‌دا ده‌یه‌وێ ببنینێتهوه، نه‌ک له هۆکاره بانسروشتییهکاندا. هه‌ر لێره‌وه ئه‌و فیلسووفه سروشتیانه‌ی (فیلسوفان طبیعی یا طبیعت گرا) دێنه ئاراوه که بۆ وێنه هۆکاری یه‌که‌می دنیا له بوونه سروشتیه‌کاندا ده‌بیننه‌وه. بۆ وێنه تالس ده‌ڵێ هه‌موو شتێک له ئاوه‌و سه‌رچاوه‌ی گرتووه (هه‌ڵبه‌ت ده‌قی ئه‌م فیلسووفانه له به‌ر ده‌ستدا نین و زیاتر له رێگای “ئه‌ره‌ستوو”ه‌وه‌یه که ئێمه له گه‌ڵ بۆچوونه‌کانیان ئاشنا ده‌بین). گه‌ڕانه‌وه بۆ هۆکاره سروشتیه‌کان وه‌ک یه‌که‌م هۆکاره‌کان و به سیسته‌م کردنیان، یه‌که‌مین هه‌وڵه‌کانی مرۆڤن بۆ خوڵقاندنی فه‌لسه‌فه. لێره‌وه‌یه که گواستنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره و مه‌زن روو ده‌دات. جا ده‌توانین بڵێین که فیلسووف ئه‌و که‌سه‌یه که بۆ ئه‌قڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و واز له هۆکاره بان ئه‌قڵییه‌کانی وه‌ک میتۆس و دین و ئه‌فسانه ده‌هێنێ. ره‌نگه لێره‌دا که‌سانێک ره‌خنه‌مان لێ بگرن که وانیه! چونکه له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا فیلسووفی وه‌ک “ئه‌کویناس” مان هه‌یه که سیستمه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی له سه‌ر خودا راوه‌ستاوه‌و ئیدی ئه‌مه ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێمه ره‌د ده‌کاته‌وه. له وه‌ڵام دا ده‌بێ بڵێم که فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌کویناس زیاتر وه‌ک تیۆلۆژی سه‌یری ده‌کرێ و ئه‌و شته‌ی که له فه‌لسه‌فه‌ی نزیک ده‌کاته‌وه هه‌مان به سیسته‌م بوونه‌که‌یه‌تی. وه‌ک ده‌شزانین دواتر لێکترازانێک له نێوان فه‌لسه‌فه و تیۆلۆژیدا دروست ده‌بێ که یه‌کێک له جودابوونه‌وه گرنگه‌کانی ناو زانسته له مێژوودا. که‌واته فیلسووف، که‌سێکی ئه‌قڵ باوه‌ڕه که ده‌توانێ بۆ ته‌عبیر له جیهان سیسته‌م و ئارگیومێنت چێ بکات. فیلسووف ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌توانێ گه‌مه‌ی فیکری له سه‌ر بنه‌مای راڤه‌یه‌کی گشتیی ماناکان له رێگای سیسته‌مێکی داڕێژراوه‌وه، بکات. سیسته‌مێک که یه‌کانگیره و هه‌موو به‌شه‌کانی ده‌توانن به جۆرێک ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بن. بۆ وێنه هیگل و کانت خاوه‌نی وه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌کن.
به‌ڵام تێزی فه‌لسه‌فی چیه؟ تێز به مانای بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه دێت، بابه‌تێک که پێشنیار ده‌کرێ (بۆ وێنه له لایه‌ن فیلسووفهوه) بۆ ئه‌وه‌ی قسه و باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێ (که هه‌ڵبه‌ت فیلسووفی پێشکه‌شکه‌ری تێز، بۆ خۆیشی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ش پێشکه‌ش ده‌کا). جا تێزی فه‌لسه‌فیش ئه‌و تێزه یاخود بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌یه که له روانگه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه دێته گۆڕێ و به شێوه‌ی فه‌لسه‌فی لێی دهکۆڵدریتهوه. واته پرسیاری فه‌لسه‌فیه و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به شێوه‌ی فه‌لسه‌فی. تێز ئیدیعایه‌کی زانستی یاخود گوته‌یه‌که که هه‌ڵگری بیرێکی بنه‌ڕه‌تییه. یان ئه‌گه‌ر به ته‌عبیری هیگلیانه بیڵێین، تێز بریتیه له قۆناغی یه‌که‌می پرۆسه‌ی “تێز ـ ئانتی تێز ـ سه‌نتێز” که تێیدا تێز ئیدیعایه‌که که ته‌رح ده‌کرێ، ئانتی تێز، ئارگیومێنتی دژی تێزه و سه‌رئه‌نجام سه‌نتێز بریتیه له ئاکام و نه‌تیجه، که به شێوه‌ی سروشتی سه‌نتێز هه‌ڵگری هه‌م تێزه و هه‌م ئانتی تێز، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هیچ کامێکیشیان نیه!
ـ ئایا کورد تێزی فه‌لسه‌فی هه‌یه؟ ئایا بوونی تێزی فه‌لسه‌فی چ کاریگهریو بایه‌خێکی له‌واقعی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه؟ ئایا بوونی فه‌لسه‌فه چه‌ند ده‌توانێت هاوکێشه‌ی گرفته‌کان بگۆڕێت؟ ئایا ئێمه قه‌یرانێکمان هه‌یه به ناوی ناکارایی فه‌لسه‌فه‌وه؟
ـ ئه‌و کاتانه‌ی له هه‌ولێر ده‌ژیام، جارێکیان له گه‌ڵ به‌ڕێز “ئازاد صبحی” پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد. له بیرم دێت که قسه‌یه‌کی جوانی کرد. گوتی ئێمه بیرمه‌ندمان نیه، به‌ڵام بیرکهرهوهمان هه‌یه! هه‌ڵبه‌ت نازانم تا چه‌نده توانیومه ئه‌مانه‌تی راگواستنی قسه‌که‌ی بڕێزیان بپارێزم، به‌ڵام به هه‌رحاڵ له په‌یامی گوته‌که‌ی شکم نیه. جا ئه‌مه به کورتی واقعی ئێمه‌یه. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو مرۆڤێک بیرده‌کاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه بیرکردنه‌وه‌یه به گوێره‌ی پرنسیپ و یاسا و خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و ریشه‌دار. به خۆشیه‌وه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ئێمه مرۆڤی له‌م چه‌شنه‌مان هه‌یه و نووسینه‌کان و بۆچوونه‌کان شاهیدی ده‌رن.
بۆ ئه‌وه‌ی تێزی فه‌لسه‌فیمان هه‌بێ، ده‌بێ فیلسووفمان هه‌بێ. وه بۆ ئه‌وه‌ی فیلسووفمان هه‌بێ ده‌بێ تێزی فه‌لسه‌فیمان هه‌بێ. خودی هێنانه گۆڕی تێز ناتوانێ ببێ به تێزی فه‌لسه‌فی. چونکه به شوێن تێزدا ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه بێته ئاراوه.ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بتوانین تێزی فه‌لسه‌فیش بێنینه ئاراوه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا وه‌ڵامی فهلسهفیانهمان پێ نه‌بێت (واته وه‌ڵامێکی سیستماتیک که فیلسووف ئیدی ده‌توانی قسه‌ی خۆی بکا)، ئه‌وا کاره‌که یه‌کجار ناته‌واوه (مارکس خاوه‌ن تێزی ماتریالیزمی مێژووییه‌وه‌و نووسینی تێر و ته‌سه‌لیشی له‌م بواره‌دا هه‌یه). هه‌نووکه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌وڵ ده‌درێ که پرسیار، بابه‌ت یاخود تێزی فه‌لسه‌فیانه بێنه ئاراوه، که زۆرتر ره‌نگه خۆی له بواری تێزی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا ببینێهوه (به هۆی دۆخی سیاسیه‌وه). ئه‌م پرسیارانه ده‌بنه تێز چونکه له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ته‌رح ده‌کرێن، نه‌ک ئه‌وه‌ی چونکه له پانتایی فه‌لسه‌فه به گشتی ته‌رح بکرێن. ئه‌مه‌ش هۆی هه‌یه. هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه که له جیهانێکدا که ئه‌و هه‌موو فیلسووفهی تێدا بووه و تێدایه و ئه‌و هه‌موو پرسیاره ی تێدا ته‌رح کراوه و ته‌رح ده‌کرێ، به راستی دژواره که بتوانرێ پرسیاری وه‌ها له رۆشنبیری کوردییه‌وه بێته ئاراوه که نوێ بن. بۆ ته‌رحی پرسیاری نوێ ئێمه پێویستیمان به‌وه هه‌یه که له پرۆسه‌ی پرسیاره‌کانی فیلسووفه جیهانیه‌کاندا بین و ئاگامان لێیان بێت و هه‌زمیان بکه‌ین و ئه‌وجار له سه‌ر بنه‌مای وان، پرسیاری دیکه چێ بکه‌ین. که به رای من به راستی زه‌حمه‌ته. جگه له‌مه فه‌لسه‌فه له ناوماندا یه‌کجار گه‌نجه و پێم وابێ له باری زه‌مه‌نیشه‌وه (چه‌ندایه‌تییه‌وه) هێشتا ئه‌و رابردوویهمان نیه که بتوانین بکه‌وینه دۆخێکی له‌م چه‌شنه‌وه. بۆ گه‌یشتن به دۆخێکی وه‌ها کۆمه‌ڵێک مه‌رج و پایه پێویستن که ده‌بێ حوزوریان هه‌بێ. بۆ وێنه وه‌رگێرانی فه‌لسه‌فه‌ی جیهانی بۆ سه‌ر زمانی کوردی، زاڵبوون به سه‌ر زمانه زیندووه جیهانیه‌کاندا، پێوه‌ندیی تۆکمه له گه‌ڵ ناوه‌نده ئاکادێمییه‌کان، لێکۆڵه‌ری باشی فیلسووفه جیهانییه‌کان، سه‌رهه‌ڵدانی به‌ره‌یه‌کی هۆگری جیددی فه‌لسه‌فه، هه‌بوونی ناوه‌نده‌کانی باس و لێکۆڵینه‌وه‌و راڤه و ره‌نگه چه‌نده‌ها مه‌رجی دیکه‌ش.
هه‌ر خوێنه‌رێکی جیددی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، له کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی فه‌لسه‌فیدا بێگومان ده‌یان پرسیار له مێشکیدا ده‌وروژێ. چونکه زۆر ساده په‌ی به هه‌ژاری و نه‌گبه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆی ده‌با و ئه‌مه ده‌یشڵه‌ژێنێ. به‌ڵام ئه‌م پرسیارانه هێشتا سه‌ره‌تان. وه چونکه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی باوکسالار، پرسیار قه‌ده‌غه بووه‌و ئیستاش تا راده‌یه‌کی زۆر هه‌یه، پێمان وایه که ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌مانوروژێنن یه‌کجار گرنگ و هه‌ر به‌و پێیه یه‌کجار نوێن. به‌ڵام له واقیعدا وانیه! به‌س له هه‌مان کاتدا ده‌ستپێکێکی گرنگیشن. من زۆر جار وا تێده‌گه‌م که ره‌نگه جارێکه پێویستیمان به تێز به مانا باوه‌که‌ی نه‌بێ. خوێندنه‌وه‌ی فیلسووفه‌کان و له‌به‌ریا خوێنده‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای خۆمان (له به‌ر تیشکی ئه‌م خوێندنه‌وه‌دا کۆمه‌ڵێک تێز سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن که ته‌نیا له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای کوردی پێناسه ده‌کرێن)، کارێکی یه‌کجار گرنگ و دژواره که ره‌نگه جارێکه بۆ ئێمه به‌س بێت. چونکه کۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌قریبه‌ن به هه‌مان ئه‌و قۆناغانه‌دا ده‌بێ گوزه‌ربکات که کۆمه‌ڵگاکانی دی کردوویانه و هه‌ر بۆیه بیری وان ده‌توانێ گه‌لێک رێگا نیشانده‌ر بێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان تێپه‌ڕ کرد ئه‌وکات بتوانرێ به‌ره به‌ره بیرمهندیشمان تێدا هه‌ڵکه‌وێت. له راستیدا سه‌رهه‌ڵدانی بیرمه‌ند ره‌وتێکی یه‌کجار دژواره و پێی ده‌وێ.
ئه‌وه‌ی که ئایا تێزی فه‌لسه‌فی چ کاریگه‌رییه‌ک و بایه‌خێکی له سه‌ر واقعی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، ده‌بێ بڵێم تێز ئه‌گه‌ر وه‌ک مانا هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌که‌ی سه‌یر بکه‌ین (ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیزنه‌مان هه‌بێت) ئه‌وا ئه‌و پرسیارانه‌ی که له لایه‌ن رۆشنبیرانی ئێمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن (وه‌ک ئاکامێکی سروشتیی خوێندنه‌وه‌یه‌کی قوڵ) ده‌توانن رۆڵی گرنگیان له وروژاندنی بیر‌و رای گشتی و دۆخه‌که‌دا هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاریگه‌رییه راسته‌وخۆ نیه، به تایبه‌ت له وڵاتێک‌دا که هێشتا پرینسیپه‌کانی ژیانێکی ئاسایی و مه‌ده‌نیان تێدا به‌رچاو نیه و پرۆسه‌ی خوێندن به توش بریندارییه‌وه هاتووه. واته په‌یوه‌ندی نێوان نوخبه و جه‌ماوه‌ر و کاریگه‌ریی نوخبه له سه‌ر ده‌سه‌لات به توش کێشه‌وه بووه. بێگومان بوونی ره‌وتی به هێزی رۆشنبیری و فه‌لسه‌فی ده‌توانێ یه‌کێک له هۆکاره گرنگه‌کانی پیشانده‌ری خودوشیاری کۆمه‌ڵگه بێت، خودوشیارییهک که سریمه‌ی راسته‌وخۆی له سه‌ر دۆخی مه‌ده‌نی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ. به‌لام به داخه‌وه هه‌رێمی کوردستان له‌م دۆخه هێشتا دووره، زۆر ساده چونکه هێشتا تێزی فه‌لسه‌فی بۆ وێنه تێدا نیه یاخود له مانا سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیدا لاوازه. ره‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی خۆیدا زۆر چالاک نیه، له‌مه‌وه بێت. ئه‌گه‌ر چاوێک به وڵاتانی پێشکه‌وتووی دنیادا بخشێنین، ده‌بینین که زۆربه‌یان له بواری هه‌بوونی بیرمه‌نددا ده‌وڵه‌مه‌ندن. ئاڵمان، فه‌رانسه، ئامریکا، ئیتالیا بۆ وێنه. یان گۆڕانه مه‌زنه‌کان له‌و شوێنانه روو ده‌ده‌ن که بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی تێدایه، بۆ وێنه چین و روسیا. هیندستانیش سه‌ره‌ڕای هه‌ژاریی به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵکه‌که‌ی خاوه‌نی دیمۆکراسیه، ره‌نگه به‌و هۆیه‌وه که وڵاتی چه‌ندین بیری مه‌زنه. ئێران سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، خاوه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نی ئاوا به‌هێزه، چونکه سترۆکتۆرێکی رۆشنبیری به هێزی تێدایه و ریشه‌ی له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه.
من گومانم له‌وه هه‌یه که فه‌لسه‌فه بتوانێ هاوکێشه‌ی گرفته‌کان بگۆڕێ به بێ حوزوری فاکته‌ره‌کانی دیکه. هه‌میشه شه‌رت نیه که بۆ گۆڕینی هاوکیشه‌کان، فه‌لسه‌فه حوزوری هه‌بێت (بۆ وێنه سه‌یری ئه‌فغانستان بکه، تاڵبان رۆیشت به بێ حوزوری فه‌لسه‌فه!)، به تایبه‌ت له دنیای ئه‌مڕۆدا که فاکته‌ری ده‌ره‌کی له هه‌ندێک شوێن له رێگای چه‌کدارییه‌وه ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌بینێ. یان دبینی به هۆی زه‌ختی هێزی سه‌رکوت و زه‌بری نێوخۆییه‌وه وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه که راحه‌ت هه‌موو شتێک کۆنتڕۆل ده‌کا. ئه‌مه‌ش ره‌نگه له وڵاتانی ئێمه‌ش دا به جۆریک راست بێت. له راستیدا حوزوری فه‌لسه‌فه بۆ گۆڕان، حوزورێکی درێژخایه‌نه له رێگای زه‌ینه‌وه. فه‌لسه‌فه هی نوخبه‌یه و هه‌ربۆیه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن سریمه بێت، ده‌بێت توێژێکی فراوانی چاکی خوێنده‌وار له وڵات‌دا هه‌بێت. ئه‌م کاریگه‌ریه‌ش جاری وایه وه‌ک شۆرشی فه‌رانسه ده‌کرێ رادیکاڵانه بێت و جاری واشه ده‌کرێ رفورمیستیانه بێت. یانی فه‌لسه‌فه جاری وایه دڵڕه‌قه و جاری وایه نه‌رم له باری کاریگه‌ریی سیاسیی خۆیه‌وه. به‌ڵام واپێده‌چێ که فه‌لسه‌فه له ده‌ورانی ئه‌مڕۆدا زیاتر له باری سیاسییه‌وه به هۆی کاریگه‌ریی پۆست مۆدێرنیسمهوه مه‌یلی به‌ره‌و رفورمیسمه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له قه‌یرانی ناکارایی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌بێت که فه‌لسه‌فه له باری ئهبستمۆلۆژییهوه ئیدی ناتوانێ پێشکه‌شکه‌ری زانست و راڤه بێت و هه‌ربۆیه خه‌ڵک حه‌زیان پێی نیه، ده‌بێ بڵێم که وانیه. ئه‌مرۆکه هه‌وڵ ده‌درێ که فه‌لسه‌فه ببه‌نه ناو قوتابخانه‌وه‌و هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه مندال فێری فه‌لسه‌فه و بیرکردنه‌وه به شێوه‌ی فه‌لسه‌فیانه بکه‌ن. چونکه هه‌ست ده‌که‌ن که مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به جۆرێک له بیرکردنه‌وه بنه‌مایی و بنه‌ڕه‌تییه‌کان دابڕاوه‌و ته‌ک لایه‌نی بووه‌ته‌وه. وه فه‌لسه‌فه ئه‌و شوێنه‌یه که ئه‌و گشتیهته پێویسته به مرۆڤ ده‌دا و هارمۆنیه‌ک له نێوان به‌شه‌ر و ده‌روبه‌ریدا دروست ده‌کا. فه‌لسه‌فه یارمه‌تی ده‌دا به میتۆد و ره‌وت و زانستێک که پێی ده‌گوترێ میتاکۆگنیتیسم، واته زانیاری له سه‌ر زانیاریه‌کانی خۆت. ئه‌مه رێک ئه‌و خاڵه‌یه که پێت ده‌ڵێ تۆ له کوێ راوه‌ستاویت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت ده‌داتێ که په‌یوه‌ندێکی ره‌خنه ئامێز له گه‌ڵ خۆتدا به‌رقه‌رار بکه‌یت و بۆشاییه‌کانی مه‌عریفی خۆت پڕ بکه‌یته‌وه.
ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستت له ناکارایی فه‌لسه‌فی، دووری فه‌لسه‌فه‌یه له واقیعی ژیانی خه‌ڵک و ره‌وتی گۆڕانه‌کان له هه‌رێمی کوردستاندا، ده‌بێ بڵێم که ئه‌مه راسته و واقعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئێمه ئیستا زیاتر له هه‌ر کاتێکی دی پێویستمان به فه‌لسه‌فه‌یه، که‌چی دوورین لێی و ره‌نگه رقیشمان لێی بێت. چه‌مکگه‌لی وه‌ک دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ، پارلمانتاریسم و ئازادی، ره‌گیان له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه و به بێ تێگه‌یشتنێکی فه‌لسه‌فی لێیان مه‌حاڵه که ده‌رکێکی دروستمان لێیان هه‌بێت. ئه‌مانه ته‌نیا مانایه‌کی سیاسی رووت نین وه‌ک ره‌نگه زۆربه‌ی ئێمه لێی واتێگهیشتووین. یانی هه‌ر گۆڕانێکی سیاسی ره‌گی له فه‌لسه‌فه‌شدا هه‌یه، جا داماو ئه‌و که‌سانه‌ی یان ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که له‌م ره‌گه بێ به‌رین.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: ڕۆشنبیری کورد به شیعر ده‌ستی پێ کردووه، له چه‌ندین نووسیندا باس له بوونی فه‌لسه‌فه ده‌کرێت له شیعردا، به واتای له ڕێگه‌ی شیعره‌وه له فه‌لسه‌فه‌دا کارمانکردووه، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه، نووسینی فه‌لسه‌فه گه‌ر له ڕێگه‌ی شیعره‌وه بێت ڕێگه‌ی به‌له‌دایکبوونی فه‌یله‌سوف وفه‌لسه‌فه داوه؟ یا به پێچه‌وانه‌وه؟ ئایا چه‌ند شیعر ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌ی بینیوه؟ ده‌توانێت ئه‌و ڕۆڵه ببینێت؟ یان نووسینی شیعری فه‌لسه‌فی چه‌ند له نووسینی فه‌لسه‌فه‌ی رووت له‌خوارتره؟
ـ من بۆخۆم بڕوام وایه که شیعر ناتوانێ شکڵی ده‌ربڕینی فه‌لسه‌فه بێت. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه بریتیه له سیستمێکی فکری بۆ راڤه، که پرسیاره گشتیه‌کان ده‌خاته به‌ر لێکۆڵینه‌وه، سیستمێک که له‌ودا له رێگای “نثر” ه‌وه نه‌ک له رێگای داڕشتنی وێنه‌ییه‌وه (که ئه‌مه کاری شیعره) به‌رهه‌می خۆی پێشکه‌ش ده‌کا، ئه‌وا گه‌لێک دووره له به‌رهه‌می شیعری. شیعر، له گه‌ڵ وێنه سه‌روکاری هه‌یه، به‌ڵام فه‌لسه‌فه له گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه و ئارگیومێنت. چ له باری فۆڕم و چ له باری ناوه‌ڕۆکه‌وه ئه‌م دووانه گه‌لێک جیاوازیان هه‌یه. به‌ڵێ ده‌کرێ هه‌ندێک بیر و ناوه‌ڕۆک و رسته‌ی فه‌لسه‌فی له شیعردا خۆی نیشان بدات، هه‌ر وه‌ک چۆن جاری وایه فیلسووف له وێنه بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ (بۆ وێنه ئیفلاتون) به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه که شیعر، فه‌لسه‌فه‌یه. له بیرمان نه‌چێ که ته‌نانه‌ت له جیهانی پۆلین کردنی نووسینیش دا جیاوازی هه‌یه له نێوان زانست و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بییاتدا. که‌واته ئیش کردن له رێگه‌ی شیعره‌وه له فه‌لسه‌فه‌دا، ته‌نیا تهعاروفێکه و به‌س. خۆدزینه‌وه‌یه و نه‌زانینه له ناوه‌ڕۆکی فه‌لسه‌فه. واباشه مرۆڤ دانیشێ و به‌رهه‌مێکی کانت و شیعرێکی بۆ وێنه گۆران بخوێنێته‌وه، یان ته‌نانه‌ت شێعرێکی خه‌یام که گه‌لێک له فه‌لسه‌فه نزیکه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چه‌نده‌یان فه‌رقه. هه‌ڵبه‌ت نابێ له بیری بکه‌ین که له نێوان ئه‌م سێ لقه‌دا خزمایه‌تیش هه‌یه.
هه‌موو مرۆڤێک له‌م دونیایه‌دا به جۆرێک له جۆره‌کان به پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کانه‌وه سه‌رقاڵه. بۆ وێنه هه‌موومان ره‌نگه به جۆرێک بیرمان له وجوودی مه‌رگ کردبێته‌وه‌و له خۆمانمان پرسیبێ که مه‌رگ چییه. یاخود به پرسیاره وجوودیهکانهوه (ئیگزیستیانسیالیسم) سه‌رقاڵ بووینه (ئه‌وه‌ی که بوون چیه و مه‌به‌ست له ژیانکردن چیه). جا هه‌ر گه‌رای ئه‌م پرسیارانه له شیعریشدا ده‌ڕوێ و ده‌توانێ په‌ل و پۆ بهاوێ، به‌ڵام به‌مه ئیدی نابێ به فه‌لسه‌فه. هه‌ربۆیه ناتوانین بڵێین که شیعر ده‌توانێ ئۆتۆماتیکی ببێ به رێگایه‌ک بۆ له دایکبوونی فه‌لسه‌فه. به رای من ئه‌وه خودی هه‌بوونی ئه‌م پرسیاره ئهزهلیانهیه که ده‌بێته هۆی له دایک بوونی فه‌لسه‌فه (هه‌ڵبه‌ت له پاڵ هۆکاره‌کانی دیکه‌دا). کورد یه‌کێک له‌و گه‌لانه‌یه که شیعر یه‌کجار تێیدا باوه. جا ئه‌گه‌ر به‌م پێیه بایه، ده‌بوایه هه‌تا ئیستا لانیکه‌م چه‌ندین فیلسووفمان هه‌با! به‌لام نه‌ک نیمانه، به‌ڵکو هه‌ست ده‌که‌ی که شێعر بووه‌ته خۆره‌ی سه‌ری. شیعر به هه‌سته‌وه پتر به‌ستراوه‌ته‌وه‌و فه‌لسه‌فه به ئه‌قڵه‌وه. شیعر به‌رهه‌مێکه که به شێوه‌یه‌کی باو کاتێکی یه‌کجار نابا، به‌ڵام فه‌لسه‌فه پرۆژه‌ی چه‌ندین و چه‌ندین ساڵه‌ی بیر و خوێندنه‌وه‌و نووسینی به‌رده‌وام و تاقه‌ت پڕوکێنه.
به رای من فه‌لسه‌فه ده‌توانێ رێگایه‌ک بێت بۆ له دایکبوونی شێعر. له‌م کاته‌دا ئیتر بیره فه‌لسه‌فییه‌کان به‌رگی هونه‌ر له‌به‌ر ده‌که‌ن و له رێگای وێنه‌وه خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. گه‌لێک شاعیر هه‌ن که له ژێر کاریگه‌ریی فیلسووفه‌کان دا بوون و دواتر ئه‌م سریمهیهیان کردووه به شێعر.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: هه‌ندێک نووسه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که زمانی کوردی مه‌ودای نووسینی فه‌لسه‌فه‌ی تێدا نابێته‌وه. ئایا زمانی کوردی، ئه‌و زمانه‌یه که بتوانین بۆ نووسینی فه‌لسه‌فی به‌کاریبهێنین؟ ئه‌و نووسینه فه‌لسه‌فیانه‌ی هه‌نوکه ده‌بینرێت چه‌ند گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستییه که زمانی کوردی ده‌توانێت بۆ نووسینی فه‌لسه‌فی به‌کاربهێنرێت؟ ئایا هیچ کاتێک زمان ڕێگری ده‌کات بۆ له دایکبوونی فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوف؟
ـ هه‌موو زمانێک مادام زمانه و کۆمه‌ڵێکی به‌رچاوی خه‌ڵک قسه‌ی پێ ده‌که‌ن، بێ گومان مه‌ودا و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی هه‌یه که ببێ به زمانی فه‌لسه‌فه‌یش. هه‌موو زمانێک شیعری پێ ده‌نووسرێ و قسه‌ی نه‌سته‌قی هه‌یه و بێژه‌رانی موناقشه و راگۆرینهوهی پێده‌که‌ن. که‌واته بنه‌ماکان هه‌ن و ئاماده و حازرن. نووسه‌رێکی پێداگۆک ده‌ڵێ که تێگه‌یشتن له پێش زمانه‌وه دێت. گه‌ر باوه‌ڕمان به‌م گوته‌یه هه‌بێ، که‌واته ده‌بێ بڵێم که زه‌ینی هه‌موو مرۆڤه‌کان وه‌ک یه‌ک وایه و تێگه‌یشتن پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبداته زمان له‌وێ حوزوری هه‌یه. جا گه‌ر تێگه‌یشتن هه‌بوو، ئه‌وا زمانیشی به شوێندا دێت. جا به‌م پێیه مرۆڤ و زمانی کوردیش له‌م مه‌نتقه به‌هره‌مه‌نده و له‌م باره‌یه‌وه که‌م و کوڕیمان نیه. به‌ڵام له قۆناغی دوواییدا ده‌مێنێته‌وه کارکردن له سه‌ر زمان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامده‌ری پرۆسه‌ی تێگه‌یشتن بێت. له‌م قۆناغه‌دا ئیدی زمان و تێگه‌یشتن ده‌که‌ونه کارتێکه‌ری دوولایه‌نه و دیالکتیکی له سه‌ر یه‌کتر و ئیتر پرۆسه‌که گه‌لێک ئاڵۆز ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام گرفتێک که بۆ زمانی کوردی هه‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌م زمانه گه‌لێک له ده‌رفه‌ته مێژووییه‌کانی له ده‌ست داوه بۆ چێ‌کردنی زمانی فه‌لسه‌فی. له ئه‌ورووپا بۆ وێنه کاتێک سه‌یری زمانی نۆروێژی ده‌که‌ی، ده‌بینی که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکێکی که‌م له چاو وڵاتانی دی قسه‌ی پێ ده‌که‌ن و مێژوویه‌کی زۆر دوور‌و درێژی له باری سه‌ربه‌خۆیی زمانی خۆیه‌وه نیه، به‌ڵام وه‌ها راهێنراوه که ده‌بینی له هه‌موو به‌شه جیاجیاکانی زانست‌دا فۆرم و وشه و ده‌سته‌واژه‌ی سه‌قامگیری خۆی هه‌یه و هه‌ر بۆیه زمانه‌که تا ئاستێکی به‌رچاو وه‌ڵامده‌ره (هه‌ڵبه‌ت لێره‌یش ئه‌و نووسه‌رانه هه‌ن که ده‌ڵێن بۆ وێنه زمانی نۆروێژی له چاو زمانی ئاڵمانی زه‌رفییه‌تی ده‌ربڕینی ماناکانی که‌متره). زمانی کوردی چونکه فیلسووفی نیه و مێژووی له فه‌لسه‌فه‌دا نیه، که‌واته له بواری فه‌لسه‌فه‌دا رانه‌هێنراوه. ئیدی جاری وایه هه‌ستیش ده‌که‌ی که کات گه‌لێک تێپه‌ڕیوه‌و ده‌رفه‌تێک نه‌ماوه. که‌سانێکی دیکه‌ش هه‌ن بۆ وێنه داریوش ئاشوری که فیلسووفێکی فارس زمانی ئێرانیه، پێی وایه که هه‌ندێک زمان زه‌رفییه‌تی چێ‌کردنی ده‌سته‌واژه‌کانی به پێی مه‌نتقی زمانه‌که له چاو زمانه‌کانی دی راحهتتره. جا هه‌ربۆیه ده‌ربڕینی فه‌لسه‌فی له‌م جۆره زمانانه‌دا ئاسانتره (ئه‌و پێی وایه فارسی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی زۆر تێدا نیه، به‌ڵام زمانه ئه‌ورووپیه‌کان هه‌یانه) جا ره‌نگه ئه‌م مه‌نتقه به جۆرێکیش زمانی کوردی بگرێته‌وه که له زمانی فارسی نزیکه. وه‌ک ده‌زانین فه‌لسه‌فه، زانستێکه که پێویستیی به داهێنانی وشه و ده‌سته‌واژه له ناو دنیای مانادا هه‌یه و له راستیدا گه‌لێک له فیلسووفه‌کان، ئه‌وانه‌ی وا سیسته‌می نهزهرییان دروست کردووه، ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م جۆره داهێنانانه (کانت نموونهیهکیهتی). جگه له‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زمانێک، زمانی فه‌لسه‌فی بێت، ده‌بێ زمانی زانستیش بێت. هه‌روه‌ها زمانی ئه‌ده‌بییاتیش. هه‌موو ئه‌مانه له پانتاییه‌کدا ئیش ده‌که‌ن که پێکه‌وه توانای ده‌ربڕینی زمان له پرۆسه‌ی مێژوو و ئاڵ و گۆره کۆمهڵایهتییهکانداچێدهکهن.
که‌واته هیچ زمانێک ناتوانێ رێگری به‌رده‌م له دایکبوونی فیلسووف و فه‌لسه‌فه بێت. به پێچه‌وانه‌وه، به‌ستێنی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه و فیلسووفه.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: ئایا فه‌لسه‌فه چه‌ند ترس دروستکه‌ره، به‌و مانایه‌ی فه‌له‌سه‌فه هی نوخبه‌یه(قۆرخکردنی فه‌لسه‌فه بۆ نوخبه)هۆکارێک نیه بۆ له دایک نه‌بوونی فهیلهسوفو فه‌لسه‌فه؟ ترس له وه‌رگرتنی فه‌لسه‌فه‌وه هه‌تاوه‌کو مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵیدا به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه زۆر قورسه هه‌موکه‌س لێی تێناگات، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی که‌له‌کاتی گفتوگۆدا زۆرجار گوێمان لێده‌بێت، (فه‌لسه‌فه‌م به‌سه‌ردا لێمهده.یان خۆ فه‌لسه‌فه نیه لێی تێنه‌گه‌م) ئه‌م ده‌سته‌واژانه چی ده‌گه‌ێنێت، ئایا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئێمه‌ی کورد نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا مامه‌ڵه بکه‌ین؟
ـ فه‌لسه‌فه هه‌میشه هی نوخبه بووه. نوخبه، دایکی فه‌لسه‌فه‌یه. نوخبه، خوڵقێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌یه. که‌واته گه‌ر قۆرخکردنێک له ئارادا بێت ئه‌وا سروشتیه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه که له توانای جه‌ماوه‌ردا نیه که بتوانێ له فه‌لسه‌فه تێ‌بگا. هه‌موو شتێک په‌یوندیی به سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن و ئاستی تێگه‌یشتوویی و پێگه‌یشتوویی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. که‌واته ترسی جه‌ماوه‌ر له قورس بوونی فه‌لسه‌فه، یان ئه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه قۆرخی نوخبه‌یه، نابێته رێگر له به‌رده‌م له تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه. به‌ڵام ترسی نوخبه ده‌کرێ هۆکارێکی نگه‌تیڤ له ره‌وتی داهێنانی فه‌لسه‌فه‌دا بێت (واته ئه‌وه‌ی که به‌شێکی نوخبه له فه‌لسه‌فه بترسن). هه‌میشه ترسێک له فه‌لسه‌فه هه‌یه، چونکه گه‌لێک که‌س پێیان وایه که بیرکردنه‌وه له جیهانی نامومکیناته. ئه‌و جیهانه‌ی وا به‌رهه‌ست نیه و ته‌نیا ده‌بێ به یارمه‌تی عه‌قل و فه‌نتازیا بیگه‌یتێ. ئه‌مه‌ش سه‌یره! چونکه گه‌ر هه‌ر مرۆڤێک ئه‌وه بزانێ که به جۆرێک سه‌رقاڵی فه‌لسه‌فه‌یه، ئه‌وا ئیدی ئه‌م ترسه ده‌شکێ و فه‌لسه‌فه به‌رگی غه‌ریبی داده‌که‌نێ و ده‌بێ به ئاشنا. ئاشنایه‌کی یه‌کجار کۆن!
جگه له‌مه بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ئه‌م ترسه له ناو نوخبه و جه‌ماوه‌ردا، پێویستیمان به راهێنان و فێرکردنی فه‌لسه‌فه به منداڵ و قوتابیان هه‌یه. نه‌وه‌یه‌ک ده‌بێ له گه‌ڵ کلتوری فه‌لسه‌فه رابهێنرێ. ده‌بێ فێر بکرێین که ئه‌وه‌نده دیلی شته به‌رهه‌سته‌کان نه‌بین و که‌مێک ئابستراکت بیر بکه‌ینه‌وه. ده‌بێ فێربکرێین که هه‌ندێک خوێندنه‌وه زیارتی ده‌وێ و ده‌بێ کاتی بۆ ته‌رخان بکرێ. ده‌بێ فێرببین که به بێ ئه‌م خوێنده‌وه قوڵانه ئه‌گه‌ر ته‌واوی دنیاشمان بۆ بکه‌ن به پول و پاره، ئه‌وا کۆمه‌ڵگا ناگاته ئاست و راده‌ی ده‌سته‌واژه‌یه‌ک به ناوی پێشکه‌وتوویی و مودێرنیته و مودێرنیزاسیۆنهوه.
ره‌نگه هۆکارێکی تری ترس له فه‌لسه‌فه ئه‌وه بێت که فه‌لسه‌فه، مرۆڤ له کۆگراییهکی مل کهجانه راده‌پسکێنێ و فێری ده‌کا وه‌ک تاک بیربکاته‌وه‌و، وه‌ک تاک گومان له هه‌موو شتێک بکات بۆ گه‌یشتن به یه‌قینه‌کانی خۆی. جا ئه‌مه بۆ مرۆڤی ئێمه که دیلی کۆمه‌ڵگای ترادیسیۆنی و بیره ته‌قلیدیه‌کانه یه‌کجار دژواره. هه‌روه‌ها، ترس هێنه‌ریشه. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که دین و ترادیسیون ده‌وری وه‌ها سه‌رکی ده‌گێڕێ و به پێی مه‌نتقی خۆی داوای مل که‌ج بوونی مرۆڤ له ئاست هێزێکی میتافیزیکدا ده‌کا، زه‌حمه‌ته که بڕوا بوون به ئه‌قڵ به گوێره‌ی پێویست گه‌شه بکات. فه‌لسه‌فه خۆفڕێدانه بۆ ناو گومان کردن له حه‌قیقه‌ته باوه‌کان و گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌ته‌کانی دیکه‌دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نیه که هیچ چه‌شنه حه‌قیقه‌تێکی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی بوونی نیه (چونکه لانیکه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ئیفلاتون ئه‌مه‌مان فێرده‌کا)، به‌ڵام به‌و مانایه که جورئه‌تی پرسیارکردن و گومان کردن مه‌حفوز بێت و ببێته تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌قڵ. له بیرمان نه‌چێ که جاری وایه ئه‌م گومان و پرسیارکردنانه ده‌بێته هۆی به هێزبوونی پتری بڕوا به هه‌ندێک بایه‌خ. یانی وه‌ها نیه که هه‌میشه ببێته هۆی لاوازبوونی حه‌قیقه‌تێک.
به رای من دووانی له‌م چه‌شنه که کورد نایه‌وێ مامه‌له له گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا بکات، که‌مێک قورسه. چونکه ناکرێ به ناوی کورده‌وه که مه‌به‌ست هه‌موو خه‌ڵکی کورده، حه‌قیقه‌تێکی رێژه‌یی یاخود راستیه‌کی تاڵی ناو کۆمه‌ڵگاکه (ئه‌م جۆره دووانه زۆرتر له هه‌ڵوێستێکی رۆمانتیکییهوهیه که بروای به رۆحه گشتیه‌کانی بۆ وێنه وه‌ک رۆحی ئاڵمانی بوون هه‌یه)، بکه‌ین به حه‌قیقه‌تێکی موتله‌ق. جگه له‌مه توخمی ئیراده له‌م رسته‌یه‌دا گه‌لێک به‌رجه‌سته کراوه‌ته‌وه. مه‌یل به فه‌لسه‌فه ته‌نیا له ئیراده‌وه نایه‌ت. ئیراده به‌شێکی قهزیهکهیه. تۆمه‌ز گه‌ر ئیستا کورد ئیراده بکات که مامه‌ڵه له گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا بکات، ئیدی ده‌یکات و کت‌وپڕ شتێکی سه‌یر ده‌قه‌ومێ! له راستیدا له جیهانی واقعدا وه‌ها ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتوو شک نابرێ. مه‌یل به فه‌لسه‌فه پتر ئیراده‌یه‌کی فه‌ردی و تاکییه تا ئیراده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و میللی.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: ئازادی و دێمۆکراسی به‌شدارییه‌کی زیندوو ده‌کات بۆ بهرههمهێنانو نووسینی فه‌لسه‌فه، ئایا ئه‌و ئازادی‌و دێموکراسییه ڕهخنهلێگیراوهی له‌کوردستاندا بوونی هه‌یه، ڕێگره یان یاریده‌ده‌ره بۆ له‌دایکبوونی کتێبی فه‌لسه‌فی؟
ـ ئازادی و دیموکراسی ناتوانێ رێگری به‌رده‌م فه‌لسه‌فه بێت، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا فه‌لسه‌فه ته‌نیا له منداڵدانی ئازادی و دیمۆکراسییه‌وه نایته ده‌ر. فه‌لسه‌فه، پێویستیی به تاکێکی خه‌مخۆری بیره. پێویستیی به گه‌رانه‌وه‌یه بۆ ئه‌قڵ، بۆ لۆگۆس. چما هه‌ندێک لێکۆڵه‌ر له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که هۆکارێکی گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه له یۆنانی کۆندا، دیمۆکراسی و ئازادی بووه (دیمۆکراسی راسته‌وخۆ که ته‌نیا مرۆڤه ئازاده‌کانی گرتووه‌ته‌وه و، ئازادیش که ته‌نیا به ناکۆیلهکان به‌خشرابوو). به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه که ئازادی و دیمۆکراسی خۆبه‌خۆ ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه. به‌ڵام با بیر بکه‌ینه‌وه ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه تا چه‌نده ئازادی و دیمۆکراسیه و به پێوانه‌کانی ئازادی و دیمۆکراسی دێنه‌وه؟ ئازادی و دیمۆکراسی سیسته‌مه، نه‌ک ئانارشیزم. ئازادی ئه‌وه نیه که هه‌رچیت ویست بیکه‌ی، یان چه‌ند کسێک هه‌رچیان ویست بیکه‌ن، به‌ڵکو ئازادی له گه‌ڵ خۆیدا به‌رپرسیاره‌تی دێنێ، یاسا دێنێ. جا گومانم هه‌یه که تا چه‌نده ئێمه به‌رپرسیاره‌تی و یاسامان هه‌یه. دیمۆکراسیش گه‌ر نه‌توانێ ببێته هۆی جێگۆڕکێ له به‌شداران له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، گه‌ر نه‌توانێ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی چێبکا، بڕوا ناکه‌م زۆر له دیمۆکراسی بچێ. هه‌ڵبه‌ت دیکتاتۆریش نیه، به‌لام دیمۆکراسیش به مانا لانیکه‌م باوه‌که‌ی نیه. کۆمه‌ڵگایه‌کی ههڵپهساردهی نێوان ئازادی و دیمۆکراسی له لایه‌ک و دیکتاتۆری له لایه‌کی دیکه‌وه، بێ ناسنامه و بێ هه‌ویه‌ته. تاکه‌کانی، رابردوو و داهاتووی خۆیان له ده‌ست داوه. ئانارشیزمی ناسنامه به سه‌ریدا زاڵه. له‌وه‌ها دۆخێکیشدا فه‌لسه‌فه هرک هه‌موو پانتاییه‌کانی دی ده‌که‌وێته ناو دۆخێکی یه‌کجار دژواره‌وه.
هه‌ر وه‌ک گوتم زه‌حمه‌ته په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆ له نێوان فه‌لسه‌فه و دیمۆکراسی و ئازادی‌دا هه‌میشه په‌یدا بکه‌ین. به‌ڵام ئازادی و دیمۆکراسی دوو هۆکاری گرنگن. هه‌روه‌ها نابێ له بیری بکه‌ین که فه‌لسه‌فه بۆ خۆی له بنیاتنانی ئازادی و دیمۆکراسیدا ده‌وری گرنگ ده‌گێڕێ.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر/ ئایا فه‌لسه‌فه چه‌ند ده‌توانێت له خه‌م وگرفته گه‌وره‌کاندا چارهسهرببینێتهوه؟ ئایا نه‌بوونی فه‌یله‌سوف له‌ناو کوردا هۆکار نه‌بووه بۆ هاتنی ئه‌م هه‌موو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی… ؟ ئایا بوونی فه‌له‌سه‌فه چه‌ند ده‌توانێت، مرۆڤه‌کان ڕابهێنێتو ئه‌و باوه‌ڕه‌یان لادروستبکات که ڕێز له‌ئازادی یه‌کدی بگرنویهکدی ڕهدنهکهنهوه؟
ـ نازانم مه‌به‌ستتان له خه‌م و گرفته گه‌وره‌کان چیه، چونکه ده‌کرێ به گوێره‌ی بۆچوون بیرورای جیاواز سه‌باره‌ت به‌م خه‌م و گرفتانه هه‌بێت. بۆ وێنه خه‌م و گرفته وجوودییه‌کان که زۆرتر خه‌سڵه‌تی تاکیانهیان هه‌یه و له سه‌ر بیر و گرفتی “هه‌ڵبژاردن، له پیناوی ناسنامه‌ی خوددا” لای تاک ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، ده‌کرێ خه‌م و گرفتی گه‌وره بن. هه‌ر به‌و پێیه‌ش ده‌کرێ خه‌م و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک برسیه‌تی و شه‌ڕ، خه‌م و گرفتی گه‌وره بن. به‌ڵام چ مه‌به‌ست ئه‌م بێت و چ ئه‌وی دیان، له وه‌ڵامدا ده‌کرێ بڵێین که فه‌لسه‌فه به هۆی به‌ربڵاویی مهوزووعهکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆی، کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له سه‌ر ره‌وتی ئه‌م خه‌م و گرفتانه ده‌توانێ هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌م کاریگه‌رییه که کاریگه‌رییه‌که له رێگای خودوشیاری و خۆخوێندنه‌وه‌و چالاک کردنه‌وه‌ی زه‌ینه‌وه له رێگای راڤه‌یه‌کی هه‌مه‌کییه‌وه، له ناو ژێرخاندا ئیش ده‌کا و دوواتر ده‌توانێ به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌رکه‌وته‌ی هه‌بێ. بۆ وێنه فه‌لسه‌فه‌ی ئیگزیستیانسیالیستانهی کیرکه‌گارد که له سه‌ر پرسیاری مه‌به‌ست له بوون لای تاک و کێشه‌ی هه‌ڵبژاردن لای تاک چه‌ق ده‌به‌ستێ، بۆ مرۆڤ ده‌توانێ روونکه‌ره‌وه‌ی لایه‌نه بنه‌ره‌تییه‌کانی ئه‌م کێشه‌یه بێت و یارمه‌تیده‌رێکی گه‌وره بێت له پێناوی دیاری کردنی مه‌به‌ست له بوون لای تاک و هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی که “من” کێم. هه‌روه‌ها له باری کێشه و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، فه‌لسه‌فه (فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی) ده‌توانێ ده‌وری سه‌ره‌کی بگێڕێ. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به کۆمه‌ڵگاوه وه‌ک بابه‌تی باس و لێکۆڵینه‌وه مه‌شغوڵه و له پشت هه‌ر بیروباوه‌ڕێکی سیاسی و پارتێکی سیاسیییه‌وه، نه‌هجێکی فه‌لسه‌فی راوه‌ستاوه. واته ئه‌و نه‌هج و بۆچوونه‌ی که روانگه‌کانی ئه‌و لایه‌نه بۆ وێنه سه‌باره‌ت به مافه‌کان به‌یان ده‌کا. هه‌ر لێره‌وه ده‌توانین بڵێین که سه‌رکه‌وتنی هه‌ر بۆچوون و روانگه‌ی پارتێکی سیاسی گه‌لێک به‌وه‌شه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که تاچه‌ند ئه‌و پارته یان ئه‌و که‌سه ئاگاداریی سه‌باره‌ت به بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌کانی پشت هه‌ڵوێسته سیاسییه‌کانی خۆیه‌وه هه‌یه. که ئه‌م وشیارییه به رای من له لای ئێمه یه‌کجار لاوازه. یه‌کجار که‌من بۆ وێنه رێبه‌رانی پارته چه‌په‌کان که سه‌رمایه‌ی مارکسیان خوێندبێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که راسته‌کان ئاگاداریی باش و گونجاویان له سه‌ر بۆ وێنه لیبرالیزم هه‌بێ. پایبه‌ندبوونی لایه‌نێکی سیاسی به هه‌ڵوێسته راگه‌یه‌ندراوه‌کانی خۆیه‌وه، به راده‌ی وشیاری ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه سه‌باره‌ت به بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیشیه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. به راستی چه‌ند که‌س له رێبه‌رانی پارته‌کانی ئێمه ئاگاداری فه‌لسه‌فه‌ن و لێیان خوێندووه‌ته‌وه؟ خۆ ئێمه قه‌ت شاهیدی ئاماری له‌م چه‌شنه نه‌بووین تا قوڵایی کاره‌ساته‌کان لامان ده‌رکه‌ون. سیاسه‌ت لای ئێمه بهرهورووبوونهوهیهکی ساده‌ی فیزیکیه که ته‌نیا له توانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ره‌قیبدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئێمه هه‌میشه ده‌ڵێی له قۆناغی ئانتی تێزداین و قه‌ت ناگه‌ینه سه‌نتێز. شه‌ڕه‌کانمان دژوار و خوێناوی، به‌ڵام رووکه‌شیانه و بێ قوڵایین. رێک وه‌ک مرۆڤه‌کانمان. جا له‌وه‌ها شوێنێکدا بێ گومان ئاگاداری له فه‌لسه‌فه گه‌ر ده‌ست بدات، ده‌توانێ رۆڵێکی هه‌ره رادیکاڵانه و شۆڕشگێڕانه ببینێ.
بێ گومان یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی ئیمه غایب بوونی فه‌لسه‌فه و نه‌بوونی فیلسووفه. حوزوری فه‌لسه‌فه و فیلسووف به شێوه‌ی راسته‌وخۆ له کۆمه‌ڵگادا، ده‌توانێ کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌بێ له سه‌ر فه‌رهه‌نگ و که‌لتووری سیاسی. من لای خۆم ناتوانم وێنای شوڕشی فه‌رانسه به بێ رۆسۆ و مۆنتسکیو بکه‌م. شۆڕشی ئوکتۆبه‌ر به بێ پۆلخانۆڤ و لینین ته‌سه‌ور ناکرێ. له پاڵ هه‌ر حه‌ره‌که‌تێکی گه‌وره‌ی سیاسی‌دا ده‌بێ بیرمه‌ندانی گه‌وره و فه‌لسه‌فه رێ بکه‌ن. به بێ بوونی ئه‌مانه شتێک له نه‌فس و زاتی جووڵانه‌وه‌که‌دا ناته‌واوه. حوزوری فه‌لسه‌فه، حوزوری خودئاگایی زه‌ینه. حوزوری ئه‌قڵه. حوزوری زاڵبوونه به سه‌ر قۆناغه‌کانی پرۆسه‌یه‌کدا له گشتیه‌تی خۆیدا. ئاگاداری له فه‌لسه‌فه له گشتیه‌تی خۆیدا مرۆڤ به تۆلرانسه، واته ته‌حه‌ممول (هه‌رچه‌ند ئه‌مه ته‌رجه‌مه‌یه‌کی باشی ئه‌م وشه‌یه نیه) رادێنێ. له ناو باڵی ئاینیی شۆڕشی ئێران له ساڵی هه‌فتاد و نۆ، که‌سێکی وه‌ک ئایه‌توڵڵا موته‌هه‌ری ده‌بینرێ که چونکه فیلسووفه، هه‌وڵ ده‌دا ئازادیی بیروڕا (عقیده) له ناو حکوومه‌تی نوێ‌دا تیۆریزه بکا.
هه‌ڵبه‌ت به‌شێک له ئازادی، یه‌کتر رهدکردنهوهیه. به‌ڵام فه‌لسه‌فه له گشتیه‌تی خۆیدا فێرمان ده‌کا که ئه‌م رهدکردنهوهیه جه‌سته‌یی نه‌بێ، به‌ڵکوو له رێگای وشه‌وه بێت. له بیرمان نه‌چێت که له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا زۆربه‌ی نه‌هجه فه‌لسه‌فییه‌کان له گه‌ڵ یه‌کتر به شێوه‌یه‌کی تا راده‌یه‌ک ئانتاگۆنیستی ناته‌با و ناکۆکن. بۆ وێنه له بواری ئێتیک واته ئه‌خلاقدا هه‌ندێ فیلسووفی وه‌ک نیتچه و هۆبز له بنه‌ڕه‌ته‌وه مرۆڤ به ئێگویست له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هه‌ندێ فیلسووفی دیکه‌ی وه‌ک “کنود لۆگستروپ” باس له‌وه ده‌که‌ن که مرۆڤ به شێوه‌ی سروشتی خاوه‌ن بڕوا و متمانه‌یه به‌وی دی. واته مرۆڤ به شێوه‌ی سروشتی ئێگۆیست واته خۆگه‌را و خۆویست نیه. به‌ڵام نه نیتچه و نه کنود قسه‌کانیان له ئاستی موناقشهدا ده‌مێنێ و ناتوانێ هه‌ڵبداته شه‌ڕی جه‌سته‌یی. هه‌رچه‌ند ده‌بینین که دواتر بیروبۆچونه‌کانی فیلسووفه‌کان ئاکامی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ له کۆمه‌ڵگادا و هه‌ندێ ره‌وت ده‌چنه پشتیانه‌وه‌و ده‌یانکه‌نه تیۆر بۆ پاساودانه‌وه‌ی کرده‌وه سیاسیه‌کانی خۆیان. هه‌ر لێره‌وه به رای من غه‌درێک له فیلسووف ده‌کرێ. نیتچه ناتوانێ هۆکاری فاشیزم و هه‌ڵگری تاوانه‌کانی فاشیزم بێت له ولاتی ئاڵمانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا، چونکه هه‌ر ئیستا نیتچه بۆ وێنه له زانستگاکانی نۆروێژدا ده‌خوێندرێت، به بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ خوڵقێنه‌ری ره‌وتی فاشیستی بێت، یان مه‌ترسیدار بێت بۆسه‌ر کۆمه‌ڵگای نۆروێژی. نیتچه، لێره له فه‌زای دیمۆکراتیکی ناو کۆمه‌ڵگادا، له حوزوری فیلسووفه‌کانی دیکه‌دا ته‌نیا بۆچوونێکه و به‌س، نه زیاتر نه که‌متر. که‌واته گه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراتیکمان هه‌بێت، فیلسووفه‌کانیش تێیاندا ده‌که‌ونه پیشبڕکێیهکی وشه‌ییه‌وه، وه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن حیزبی سیاسیشه‌وه بکرێنه پاڵپشت، ئه‌وا پیشبڕکێی نێوان حیزبه‌کان له رێگای دیمۆکراسییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێ و ئیدی غه‌در له فیلسووف ناکرێ.
ـ ره‌خنه‌ی چاو‌دێر: پرسیاری دی زۆره له‌سه‌ر بوون‌و نه‌بوونی فهیلهسوفو تێزی فه‌لسه‌فه وفه‌لسه‌فه بکرێت، به‌ڵام هه‌ستده‌که‌م له شوێنێکی وه‌ک ئێره‌دا نابێت، له‌به‌رئه‌وه ده‌مه‌وێت پرسیاری کۆتا باسی ئه‌وه بکرێت، هه‌لومه‌رجی ئێستا چه‌ند له‌باره بۆ له‌دایکبوونی کتێبی فه‌لسه‌فی به زمانی کوردی؟ یان چه‌ند پێشهاتی له‌دایکبوونی فه‌له‌سه‌فه هه‌یه؟ چه‌ند ئه‌وانه‌ی هه‌نوکه له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا ده‌نووسن ده‌توانین به فه‌یله‌سوف بانگیان بکه‌ین؟ یان بوونی ئه‌م په‌رتوکه فه‌لسه‌فیانه که ئیستا له کتێبخانه‌کاندایه تا چه‌ند مژده‌ی له‌دایکبوونی فه‌یله‌سوفمان ده‌داتێ؟ ـ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ فیلسووف بێت، ده‌بێ شاره‌زایی به سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا هه‌بێت. که ئه‌م شاره‌زاییه‌ش خۆی له زانست له سه‌ر پێناسه و ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فه و هه‌روه‌ها ناسینی میژووی فه‌لسفه و سه‌رئه‌نجام پسپۆربوون له بوارێک‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه. هه‌موو ئه‌م ره‌وتانه‌ش ده‌بێ پشت ئه‌ستوور به زانستگا بن. گه‌ر که‌سێک ئه‌م شاره‌زاییانه‌ی هه‌بێت و بتوانێ موناقشه‌ی پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کان بکات، واته خاوه‌ن زه‌ینێکی راهێنراوی فه‌لسه‌فی بێت، ئه‌وا فیلسووفه. ره‌نگه پێویست نه‌کا هه‌موو فیلسووفێک به‌رهه‌م هینه‌ر بێت به‌و مانایه‌ی که بتوانێ سیسته‌می نه‌زه‌ری دروست بکات، به‌ڵام هه‌موو فیلسووفێک ده‌بێ توانای بیرکردنه‌وه‌ی یه‌کجار زۆری هه‌بێ و بتوانێ دهریانببڕێ. له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆشدا ئیدی هه‌بوونی وه‌ها شوێنێک پێویستیی به باکگراوندی ئاکادێمیک هه‌یه. من به هۆی ژیانی دووره‌وڵاتیم و سرقاڵیمهوه به داخه‌وه ئاگام له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان به زمانی کوردی نیه. به‌ڵام به گشتی ده‌توانم بڵێم که هۆی نه‌بوونی مێژوویه‌کی پیویست له بواری فه‌لسه‌فه‌دا، به هۆی له‌خواره‌وه‌بوونی ئاستی زانستیی زانستگاکان، به هۆی نه‌بوونی پێوه‌ندیی زه‌روور له گه‌ل زانستگاکانی دنیادا و مامه‌ڵه‌یه‌کی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نیی زانستی له گه‌ڵیاندا، به هۆی ئه‌وه‌وه که شاره‌زایه‌کی ئه‌وتۆی زمانمان له بواری فه‌لسه‌فه‌دا به سه‌ر زمانه زیندوو و گرینگه‌کانی دنیادا نیه، به هۆی هه‌ژاریی زمانی کوردی له بواری فه‌لسه‌فه‌دا، به هۆی له خواره‌وه بوونی ئاستی ده‌قی وه‌رگێڕدراوی فه‌لسه‌فی له زمانه‌کانی دیکه‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی و سه‌رئه‌نجام تازه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌وه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، هێشتا زووه باس له بوونی فیلسووف به مانا ئهوڕۆیهکهی لای ئێمه بکرێ. به‌لام به خۆشییه‌وه مه‌یل و حه‌ز و هه‌وڵێکی بێ وچان له ئارادایه که ئه‌مه جێگای دلخۆشییهکی گه‌وره‌یه. کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌یه که زه‌ین فێری بیرکردنه‌وه‌ی سیستماتیک ده‌کا. سیستماتیک بیرکردنه‌وه‌ش پێویستی به ژیانێکی سیستماتیک چ له لای تاک و چ له لای کۆمه‌ڵگادا ده‌کات. ئه‌مه‌یش به واتای پرۆسه‌یه له ناو ساڵیانی ساڵدا. نازانم بۆ زه‌ینی ئێمه‌ش که به شیعر بارهاتووه و هه‌ربۆیه زۆرتر هه‌ست ئامێز و کتوپڕییه تا چه‌ند ژیانێکی ئاوا سیستماتیک چ له بواری تاکه‌که‌سیدا و چ له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ستی داوه و ده‌ست ده‌دا. ده‌گێڕنه‌وه ده‌ڵێن “کانت” فیلسووفی ئاڵمانی، ئه‌وه‌نده له ژیانیدا سیستماتیک و به به‌رنامه بوو که کاتێک ده‌هاته ده‌ره‌وه بۆ پیاسه‌ی ئێواران، دراوسێکانیان ده‌یانزانی که رێک سه‌عاتی سێی دوانیوه‌ڕۆیه!
دیالکتیکی نێوان دوورکه‌وتنه‌وه و به‌رده‌وام بینین، مه‌نتقی پرۆسه‌ی فه‌لسه‌فیه
چاوپێکەوتنی رەخنەی چاو‌دێر لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید