فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەبەر بارانی ئەو شەوەدا

کات 03/01/1397 2,280 بازدید

ئەگەرچی لە دووای هێنان و بردنێکی زۆر، بیمە پووڵەکەی داوە و لەدەستی بنەماڵەی خاوەن مردووەکە رزگاری بووە، بەڵام هێشتا پێی وایە ئەم مردووەکەی ژێرنەخستووە و ئەوە مردووەکە خۆی بووە خۆی ژێر ماشینەکەی ئەم خستووە!

کە ئەمە دەڵێ، پێی پێدەکەنن!

هەڵبەت یەکەم جاریشە لە ژیانیدا (لە پەنجا ساڵ تەمەنی زیاترە)، پێکەنینی خەلکی پەرۆشی ناکا. راستییەکەی ئەوەیە قەت لە ژیانیدا ئەوەندە دڵنیا نەبووە. هیچ شتێکیش بە قەدەر دڵنیایی متمانە نابەخشێ. دەتوانی لە بەرامبەر دونیادا راوەستی.

دەڵێ ئاخر چۆن دەبێ لە هەمان شوێن دا، لە پاش سی ساڵ، کەسێک ژێربخەم کە ئەو کات ژێرم نەخست! مەبەستی رووداوێکی لەم چەشنەیە کە سی ساڵ لەوە پێش هەر لێرە لەم گوندەی نزیک شار روویدا. ئەو ساڵە لە کاتێکدا موسافیری پێبوو و بە ناو گوندەکەدا تێدەپەڕی، کتوپڕ زەلامێک هاتبووە بەر ماشینەکەی. ئەمیش چەندە خێرا و چەند بە چوست وچالاکی فەرمانەکەی وەرگێڕابوو و خۆی لە ژێرخستنی پاراستبوو. بگرە ئەو ساڵە ساڵی بوردوومانەکان بوو و ئەم گوندە پڕی خەڵکی. وەها قەرەباڵغ، نەبێتەوە. دەڵێ چۆن ئەو کات ژێرم نەخست و کەچی ئیستا دەبێ ژێری بخەم؟

پێی دەڵێن ئەو ساڵە، ئەو ساڵە بوو. دەڵێن ئەو ساڵە گەنج بووی و بەدەست و برد. دەڵێن ئەو ساڵە خەڵکیش لە ترسی بوردومان، وریاتر بوون! جگە لەوە ئەو ساڵە رۆژ بوو و دونیا رووناک، نە باران دەباری و نە کڕێوەی دەکرد!

بیردەکاتەوە راست دەکەن، ئەو ساڵە ئەم جەوان بوو و دونیا رووناک، بەڵام دیسان دڵنیایە کە ئەم ژێری نەخستووە و ئەوە مردووەکە خۆیەتی خۆی ژێر خستووە! بەئەنقەست، جا چ بە دەستی خۆی یان بە کەتنی کەسی تر.

لە ئیدارەی پۆلیس گوتبووی شەو درەنگان بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەی لە سەفەر دەهاتنەوە، نەخۆش بوو بردبووی بۆ تاران، دونیا تاریک و بە لێزمە دەباری، گڵۆپی ماشینەکە بە جوانی کاری دەکرد، کێشەیان نەبوو، چونکە ناو گوندیش بوو سورعەتی ماشینەکەی کەم کردبووەوە، گوندیش سەحرایەکی بەرەهوت، کەس بەدەرەوە نەبوو، دوو ریز دووکانەکەی ئەم براوبەری جادەکە هەموویان داخرابوون، تەنیا باران بوو و تاریکی و گوند،… لەگەڵ چراکانیشی. هیچی تر. تا کتوپڕ زرمەیەک لە تەنیشتەوە رایدەچڵەکێنێ، وەک بڵێی یەکێک لە دووکانەکان بە سەرسەریدا رووخابێ، یان سەیارەیەک لە تەنیشتەوە لێی دابێ، زۆر خێرا تورمزی گرتووە، رێک کەمێک لەو لاترەوە لەسەر جادەکە راوەستاوە، هەر باشیش بووە چەپی نەکردووە، چاوتان رۆژی ناخۆش و رەش نەبینێ،… کە هاتمە دەر چی ببینم؟ پەیکەری پیاوێک لەبەر باران، پیاوێکی پیر، راکشاو، چوارتاق،.. لە بەر بارانی ئەو شەوەدا. تەڕ تەڕ.

پۆلیس هەموو شتێکی نوسیبووەوە. نە پێیان گوت درۆدەکەی و نە گوتیان راست دەکەی. بەڵام خەڵکی… ئای ی ی لە خەڵکی!

کاکە بۆ درۆ دەکەی؟ ئیتر پێش دێ! پیاو کە خاوەن ماشین بوو و خێراتر لەو خێراییەی رۆیشت وا خودا و سروشت پێیان بەخشیوە، خەڵکیش بەژێرەوە دەکا. مەگەر هەر بە قاچەکانی خۆت بە رێگایشدا بڕۆی جاری وایە خۆت بە خەڵکی دا ناکێشی؟ ئەیچۆن کە وات کردووە! کاکە، عەیب نیە،… نیە کە نیە. ئاخر چۆن دەکرێ پیاوێکی پیر لە تەنیشتەوە خۆی بە ماشینێکدا بکوتێ کە لانیکەم بە سورعەتی پەنجا و شەست دەڕوا؟ ها؟ شتی وا چۆن دەبێ،… پیاوێکی ئاوا بە تەمەن و گۆچان بەدەست و نەخۆش! مەگەر پیاوی گەنج بە پەنجا و شەست دەڕوا تا پیریکی تڕۆ بتوانێ،… ها؟

دەی منیش هەر ئەوە دەڵێم. پیرەپیاوێکی وا بۆ لە شەوێکی ئاوا وەیشوومەدا بەدەرەوە بووە؟ ئەسڵەن چۆن توانیوویەتی رێگا بکا؟ چۆن چۆنی توانیوویەتی لە تەنیشتەوە خۆی بە ماشینەکەی مندا بکوتێ؟… ها؟… چۆن چۆنی؟

سەری لێ بادەدەن و دەڵێن کە حەزی لێیە رووداوەکە لەو سەرەوە بە پێچەوانەی ئەقڵەوە بخوێنێتەوە. دەڵێن ئاساییە، چونکە هیچ شتێک وەک مردن نیە.

چەند مانگی خایاند. هێنان و بەرەیەکی زۆر. شکایەت و هەڕەشەی ماڵە مردوو. گریان و شین و شەپۆڕی سەیری ژنەکانیان کاتێک چوو بۆ سەردانیان. ئەوە هەر هیچ کاتی خۆی لەسەرەخۆشی هەر روویان نەدایێ و تەنیا لەبەر خەڵک و حەیای خۆیان بوو پڕشەقیان نەکرد. لە کاتی سەردانەکەیش دیارییەکان هیچ یارمەتییەکیان نەدا و دڵی خاوەن مردووی نەرم نەکرد. بگرە کاتی خواحافیزی چەند جوێن و تەوسیشیان هەروا لەبەرەوە بارکرد و زۆر ناموحتەرەمانە بەڕێیان کرد. ئیتر لەوە گەڕێ لە ماڵەوە، لای خۆیشی ژنەکەی هەر دەگریا و بە خۆی دا دەکێشا و وێنەی تەرمی بەر بارانی ئەو شەوەی قەت لەبەر چاودا ون نەدەبوو.

زەمەن چەند قورس دەگوزەرا.

لە پۆلیس دەپرسێ داخۆ پیاوەکە دیمەنسی نەبووە. داخۆ لە ماڵەوە کێشەی نەبووە و منداڵەکانی رێزیان لێگرتووە. داخۆ ئەو شەوە دەریان نەکردووە. داخۆ، داخۆ…،… وەڵام ‘نا’یە. تەرمەکەی بەر باران کێشەی لەم چەشنەی نەبووە. ئەگەرچی ئەم دڵنیایە کێشەیەکی هەر هەبووە. ئەگینا پیاوێکی لەو تەمەنەدا و بەو شەوە و لەو هەوایەدا بۆ لە دەرەوە بووە! ئاخر بۆ دەبێ لە لاتەنیشتەوە خۆی بە سەیارەکەی ئەمدا بکوتێ؟ ئەویش بەو خێراییە. کێشەیەکی نهێنی، کە ئەو شەوە لەناو تەرمەکەدا لەگەڵ تەرمەکە لە ژێر باران بە بێدەنگی راکشا و، دوواتر هەر لەگەڵ تەرمەکە نێژرا،… بۆ هەمیشە.

بنەماڵەی مردووکەیش یەکجار نەناسراون. نە ئەم کەسیان لێ دەناسێ و نە کەسیش دەناسێ بیانناسێ. دڵنیایە گەر تەنیا بیتوانیایە لەگەڵ کەسێک قسە بکا کە ئەوان دەناسێ، ئەوا رەگ و ریشەی کارەساتەکەی ئەو شەوەی لە بنی بنەوە دەردێنا. ئەوسا پیشانی وڵاتی دەدا و دەیسەلماند پیاوکوژ نیە. دەیسەلماند کە تەنیا بە رێکەوت یاخود پلانێکی نامەردانە و ناجوامێرانە کراوە بە پیاوکوژ.

مردووەکە خاوەن سێ کوڕە. تەمەنیان لە چلەکاندان. هەر لە یەکەم رۆژەوە ئەگەرچی خۆیان گیڤ کردەوە، بەڵام زۆری لێ نەدەهاتنە پێشەوە. زۆرتر بە تەرمەکە، ناشتنی، سەرقەبران و بە سەرەخۆشییەوە سەرقاڵ بوون. هەروەها بە جوێنیش. یەکجار دەم ناسڵامەت بوون. کە کارەکە گەیشتە لای حکومەت و پۆلیس و ئەوسا ئیدارەی بیمە، ئاگای لێبوو سەرێکیان هەموو رۆژێ لای ئیدارە جۆربەجۆرەکان بوو. شکایەت و شکایەت کاری، وازیان نەدەهێنا.

چاوەکانی دەقونجێنێ و هەوڵدەدا دیمەنی ئەو شەوە سەرلەنوێ بهێنێتەوە بەر چاوی. هەموو شتێ دادەڕێژێتەوە. بەڵام هەموو شتێ دیسان وەک هەمان دیمەنی ئەو شەوە خۆی دەنوێنێتەوە. نە هیچ شتێک کەم و نە هیچ شتێک زیاد. بگرە چەندین و چەندین جاری تریش لە ژنەکەی دەپرسێتەوە. بەڵکو ئەو شتێکی بینیبێ کە ئەم نەیبینیوە. بەڵام بێسوودە. ژنەکەی بەدەم گریانەوە هەر هەمان شت دەگێڕێتەوە. هەمان رووداوە. ئاخر چۆن وادەبێ! لای هەردووکیان هەموو دیمەنەکە بریتییە لە تاریکایی، گڵۆپی سەیارەکە، باران و پاشان زرمەکە،… زرمە ترسناکەکە لە غەیبەوە.

ــــــــــــــ

کە بیمە دووسەد میلیۆنەکەیان دا بە بنەماڵەی خاوەن مردووەکە و ئەمیش لای خۆیەوە زیاتر لە دە میلیۆن تمەنی تری سەرف کرد، کاتێک لەمێژبوو ماشینەکەی فرۆشتبوو و بڕیاری دابوو جارێکی تر چییە قەت ئۆتۆمبیل نەکرێتەوە، رۆژێک بە رێکەوت لە شەقام بە تووش کوڕە گەورەکەیانەوە دەبێ. رۆژێکی پاییزیی. هەردووکیان لە جادەکە دەپەڕینەوە. نیگایان لە نیگای یەکتر چەقی. رێک لەناوەڕاستی جادەکەدا. ئەم بە پەرۆشی و بە شەرمەوە لێی رووانی. نیگای وەیلان بوو. نەیدەزانی چی بکا، داخۆ سڵاو بکا، خۆی لێ گێل بکا یاخود دیسان داوای لێبوردنیان لێ بکاتەوە. لەم بیرانەدا بوو کە بینی ئەوەی بەرامبەری بە بزەیەکەوە لێی دەڕوانێ، بزەیەک کە لە گۆشەی لێوەکانییەوە دەستی پێدەکرد و هەتا گۆشەی چاوەکانی دەکشا. بزەیەک وەک خودی خۆشبەختی.

لە ناوەڕاستی جادەکە شەتڵ بوو! ئەگەرچی قسەکەی خۆی سەلمابوو، بەڵام باوەری نەدەکرد. ئاخر چۆن شتی وادەبێ؟

بۆقی ماشینێک لەناکاو رایچڵەکاند. لە جیی خۆی شێتانە هەڵبەزییەوە. لای کردەوە و لە پشت سەری خۆی رووانی. هەمان ماشینی خۆی. ماشینی شەوی تەرمەکە! بەو کەسانەوەی لە پشت شووشە لێڵەکەدا دیانە سپییەکانیان بە ئاستەم دەدرەوشانەوە. رۆژگار لە مێژە ناجوامێرانە پێدەکەنێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە >  لەبەر بارانی ئەو شەوەدا

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *