هه‌موو شوێنێک، شوێنی ماسیه!
هه‌موو شوێنێک، شوێنی ماسیه!
سه‌مای ئاو له سه‌ر شووشه‌کان ده‌یگوت له ده‌ره‌وه، له‌و دیو شووشه نیوه تهماوییهکانهوه باران ده‌بارێ. ئاه باران! بۆ جارێکێش بێت چاوی هه‌ڵنه‌بڕی تا ئه‌و دیوی سه‌مای دڵۆپه‌کان بکه‌وێ و شایی باران له خه‌ڵوه‌تی حه‌وشه‌که‌ی پشته‌وه‌یان ببینێ. هه‌موو شتێک تێکچڕژاوی دڵۆپه‌کان و خه‌مڵین و لار و له‌نجه‌ی جۆباره گچکه‌کانی سه‌ر ته‌می شووشه‌کان بوو!
ساڵی په‌نجاو شه‌شه.ناوه‌ڕاستی پاییزێکی تووش. پاییزی ئه‌مساڵ به‌س به زمانی باران دووا! نه هه‌تاو بینرا و نه هه‌وره‌کانیش بۆ ساتێک له چپه که‌وتن. گه‌ڵا زه‌رد و پیره‌کان ته‌نیا به ده‌م بارانه‌وه و له گه‌ڵ باران نیشتنه سه‌ر زه‌وی.
دوای چه‌ندین رۆژ لێخوردبوونه‌وه له سه‌مای ئاو، تامه‌زرۆی بینینی ئاسمانی کرد. سه‌ما نه‌یده‌هێشت سه‌ر هه‌ڵبڕێ و له پشت په‌نجه‌ره‌کانه‌وه سه‌یری ئاسمان بکا. ده‌ستی برد بۆ بارانییه‌که‌ی و پێڵاوی هه‌ڵکێشا. دایکی ده‌نگی دا:
ـ بارانێکی به خوڕه، نه‌چیته ده‌ره‌وه، نه‌خۆش ده‌که‌وی!
پاسکیله‌که له ژێرخان چاوه‌روانی ده‌کرد. به ده‌م هه‌ڵکێشانی زیپی بارانیهکهیهوه، گوتی:
ـ باران کێی نه‌خۆش خستووه تا من نه‌خۆش بخات؟
ـ ده‌ره‌وه سارده، که ته‌ڕبووی نه‌خۆش ده‌که‌وی.
حه‌زی به سه‌مای دڵۆپه‌کان بوو له سه‌ر روخساری له سه‌ر جه‌سته‌ی، حه‌زی له پیاسه‌ی ناو گه‌ڵا بوو.
ـ خۆم گه‌رم داپۆشیوه، نه تهڕدهبم و نه سه‌رمام ده‌بێ… زوو دێمه‌وه.
رۆیشت. گوێی له دایکی بوو…
ـ لانیکه‌م پاسکیله‌که‌ت نه‌به‌ی، زۆریش دوور مه‌که‌وه‌ره‌وه!
چه‌ند مانگێک له کڕینی پاسکیله‌که تێنه‌ده‌په‌ڕی. پاسکیل، مه‌ودای کۆڵانه‌که‌ی پێبڕیبوو. ئه‌ودیوی سنووری کۆڵانه‌که‌ی خۆیانی کردبوو. رۆژانه که له قوتابخانه ده‌هاته‌وه، سواری ده‌بوو و ده‌گه‌ڕا. سه‌ره‌تا نه‌یده‌وێرا زۆر دوور که‌وێته‌وه. هه‌ر جاره و کۆڵانێک واوه‌تر… دواتر گه‌ڕه‌کێک. ئیستا ئیتر ده‌یزانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌ی ئه‌وبه‌ری شار چۆنه و چیه. له‌وێوه هه‌موو شار دیار بوو. له‌وێوه دنیا چه‌ند جوان بوو! ئه‌م چه‌ند به‌رز راده‌وه‌ستا و شاریش چه‌ند نزم راده‌کشا! ته‌نانه‌ت کێوه‌کانی ده‌ورووبه‌ری شاریش چه‌ند روونتر و به هه‌یبه‌تتر خۆیان ده‌نواند. ده‌ڵێی سینگی به سینگی وانه‌وه ده‌نا و لێکدهگرژان و مۆڕ ده‌بوونه‌وه.
حه‌زی له بینینی شاری نوقمی باران له گرده‌که‌وه بوو. ئارام ده‌رگای کرده‌وه. خۆی دایه ژێر گوێسوانه‌که. چ بارانێکی به لێزمه! کۆڵان چۆڵ بوو. که‌س رانهدهبرد. پلوسکهکانیش به گه‌روویان ئاوازی ئاویان ده‌چڕی.
سه‌ره‌تا باران ته‌گه‌ری پێشه‌وه‌ی پاسکیله‌که‌ی ته‌ڕ کرد، ئه‌وجار خۆی. که یه‌که‌م رکابی لێدا، گوێی له ده‌نگی خوساوی باڵهکوتهی که‌ڵه‌شێرێک بوو. لای نه‌کرده‌وه، به‌ڵام زانی ئه‌و که‌ڵه‌شێره خه‌ریکه به لاچاو تاقه رێبواری ناو کۆڵانه‌که به‌ڕێ ده‌کا. رۆیشت. کۆڵانی یه‌که‌م و دووهه‌می بڕی، گه‌یشته ریزه داره‌بی و دارچناره‌کانی کۆڵانی سێهه‌م، کۆڵانێکی ته‌ژی له گه‌ڵا. دابه‌زی و پاسکیل به ده‌سته‌وه ئارام به ناویاندا هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. هه‌وره‌تریشقه‌ی ده‌دا. دار ده‌له‌رزی و گه‌ڵا ده‌وه‌ری. چه‌ند بارانێکی به‌له‌زه‌ت! نه رێبوارێک دیار بوو و نه سرته و چپه‌یه‌ک له ماڵانه‌وه. ته‌نیا باران و ئه‌م، یان ئه‌م و باران!
به گوێی گچکه چۆمه‌که‌دا داگه‌ڕا. دره‌خته‌کان به جوانی مه‌ودای بینینی ئاوه‌که‌یان نه‌ده‌دا. ته‌نیا جارجاره لێره و له‌وێ له ناو لق و گه‌ڵاکانه‌وه کهف و کوڵی لێڵی ئاوه‌که‌ی ده‌بینی. ئاو ده‌ڕۆیشت و رێبوارانی گه‌ڵای له گه‌ڵ خۆی کۆڵکێش ده‌کرد. کت‌وپڕ له ناو لق و پۆپهکانهوه بزاوتنی شتێک سه‌رنجی راکێشا. راوه‌ستا. راما. شته‌که بۆ جارێکی تریش جووڵا. جووڵه‌که ده‌ڵێی سپی بوو. ره‌نگ سپی. بچێ، نه‌چێ! سه‌یرێکی ئهمسهراوسهری کۆڵانه‌که‌ی کرد. که‌س به ده‌ره‌وه نه‌بوو. پاسکیله‌که‌ی دانا و ئارام به‌ره‌و ناو داره‌کان رێی کرد. که نزیک که‌وته‌وه، جوڵه نه‌ما. بترسێ یان نه‌ترسێ؟ حه‌زی زانینی ئه‌ودیوی دیواری دره‌خته‌کانی کرد. ئاه، چ جه‌سته‌یه‌کی زه‌لام! ماسییه‌ک به قه‌ده‌ر زه‌لامێک! راوه‌ستا. زیاتر بچێته پێشه‌وه یان نا؟ ماسیه‌که چاوی لێکنابوو، به‌ڵام هه‌ستی کرد هه‌ناسه ده‌دا. نه گچکه چۆمێکی وا ماسی وای هه‌ڵده‌گرت و نه… خه‌ونیشی ده‌بینی. ههنگاوێکی دی نزیک که‌وته‌وه. کلکی ماسیه‌که ئارام جوڵا. ئه‌وسا چاوی هه‌ڵێنا. چاوێکی غه‌مگین و ته‌ڕ و گه‌ش. لێکرامان. کت‌وپڕ ده‌نگێک:
ـ رێگایه‌کی دوورم بڕیوه، ماندووم!
باوه‌ڕی نه‌کرد، به‌ڵام چه‌ند خێرا باوه‌ڕی گۆڕا.
ـ له کوێوه هاتووی، له ده‌ریاوه؟
ـ ئا، له ده‌ریاوه.
ـ ئاوی ئه‌م چۆمه ئه‌وه‌نده زۆر نیه تۆ هه‌ڵگرێ و بتهێنێ.
ـ له گه‌ڵ باران هاتووم.
ـ له گه‌ڵ باران؟
ـ له گه‌ڵ باران.
پێی سه‌یر بوو. وهکم بڵێی ماسیه‌که به‌مه‌ی زانیبێ. بۆیه گوتی:
ـ ئه‌مساڵ ئه‌وه‌نده باران ده‌بارێ که ماسیه‌کان ده‌توانن تێیدا هه‌ناسه بکێشن و سه‌فه‌ر بکه‌ن!
سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یری ئاسمانی کرد. ئه‌وسا بیری گچکهجۆگهکانی سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان که‌وته‌وه. سه‌یرێکی ئه‌م لاولای خۆی کرد.
ـ هه‌ر تۆی یان ماسی ترت له گه‌ڵدان؟
ماسییه‌که زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی لێداو گوتی:
ـ نازانی ماسیه گه‌وره‌کان به ته‌نیا سه‌فه‌ر ده‌که‌ن؟
بیری کرده‌وه گه‌ر قه‌رار بێ ماسیه گچکه‌کان له گه‌ڵ جۆگه‌ی باران بێن، شار پڕ ده‌بێ له ماسی. ماسیه‌که گوتی:
ـ خه‌فه‌ت مه‌خۆ، ماسیه گچکه‌کان جارێکه له گه‌ڵ باران سه‌فه‌ر ناکه‌ن.
ـ به‌ڵام گه‌ر وا بڕوا، ئه‌وانیش ده‌یکه‌ن، ئه‌وسا خوا ده‌زانێ چ ده‌قه‌ومێ. له پاییزه‌کانی دی ده‌ترسم!
ـ ئا، ره‌نگه له ساڵێکی تره‌وه مرۆ و ماسی پێکه‌وه بژین.
ـ ئا، ئه‌وجار ره‌نگه چۆن ئێوه له گه‌ڵ باران دێن، ئاوا ئێمه‌یش له گه‌ڵ باران بڕۆین.
بێده‌نگی. ماسیه‌که چاوی لێکنا. ئه‌م گوتی:
ـ دوای ئه‌وه‌ی باران ته‌واو بوو چ ده‌که‌ی؟
ـ نازانم، ره‌نگه به قه‌د ته‌مه‌نی باران بژیم.
ئه‌میش بیری کرده‌وه: ” ره‌نگه ئه‌و مرۆڤانه‌یش که له گه‌ڵ باران ده‌ڕۆن.” ئه‌وسا گوتی:
ـ ده‌مویست بچم بۆ ته‌پۆڵکه‌که‌ی ئه‌وبه‌ر شار، بۆ بینینی شاری نوقمی باران.
ـ ئا، بێگومان له‌وێوه باشتر چاوت به جۆگه و چۆمی باران ده‌که‌وێت.
شتێک له ده‌روونیدا تا ده‌هات پتر بێ ئۆقره‌ی ده‌کرد. دایکی گوتبووی زوو وه‌ره‌وه، هه‌ر ئه‌و کاتیش ئه‌م زانیبووی که باران ناهێڵێ. ماسیه‌که گوتی:
ـ ئیتر بڕۆ، من یان له گه‌ڵ ته‌واو بوونی باران لێره ده‌مرم، یان دیسان له گه‌ڵ باران سه‌فه‌ر ده‌که‌مه‌وه. خه‌می منت نه‌بێ. ئێستا ئیتر هه‌موو شوێنێک شوێنی ماسیه. بڕۆ!
که له دره‌خته‌کان هاته ده‌ره‌وه و سوار پاسکیله‌که‌ی بوو، هه‌ستی کرد شار زیاتر له هه‌ر کاتێکی دی بێده‌نگ و کپی بارانه. به په‌له رکابی لێدا و به‌ره‌و گرده‌که‌ی شار به‌ڕێ که‌وت. ماندوویی و ئاره‌قه و باران. قه‌ت ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی ئه‌و ته‌پۆڵکه‌یه نه‌بووبوو. گه‌یشت. پاسکیله‌که‌ی له شوێنێ راگرت. خۆی گه‌یانده قه‌راغ، ئه‌و شوێنه‌ی که حه‌زی فڕین یاخود ترس جه‌سته‌ی مرۆ لێورێژ ده‌کا. ئه‌وسا کت‌وپڕ وێنه‌یه‌کی بینی، وێنه‌یه‌ک که له ناو مژ و تۆزی باراندا بزر ده‌بوو و نه‌ده‌بوو، وێنه‌ی هه‌زاران مرۆڤ که له گه‌ڵ باران هه‌ڵده‌کشان و هه‌زاران ماسی که له گه‌ڵ باران داده‌کشان.
12.08.2007
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
ئەم چیرۆکە لەگۆڤاری رامان ژمارە 126 چاپ کراوە:هەموو شوێنێک شوێنی ماسییە
ئەم چیرۆکە لە کتێبی “خۆشترین رۆژی دنیا” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید