که‌لتووری عه‌شیره‌یی… که‌لتوری عه‌قڵانی
که‌لتووری عه‌شیره‌یی… که‌لتوری عه‌قڵانی
”خوێندنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای کوردی
ئاشکرایه مێژووی کوردستان ته‌نیا مێژویه‌کی سیاسی نییه، هه‌ر له ره‌هه‌ندی هاودژییه سیاسیه‌کانه‌وه گه‌لێک کاراکتێری دیکه خۆیان ده‌نوێنن که هه‌م بنه‌مای هاودژییه سیاسیهکاننو هه‌م ته‌واوکه‌ریان، بۆ وێنه له کۆمه‌ڵگاو مێژووی کوردستاندا بواری که‌لتوری ده‌بینرێ که وه‌ک کاراکتێرێک هه‌م نوێنه‌ری چلۆنایه‌تی هاودژییه سیاسیه‌کانه‌و هه‌م بوارێکه که ئه‌م هاودژییانه لێیه‌وه گوزه‌ر ده‌که‌ن، که‌واته ناسینی بواری که‌لتوری هه‌م یارمه‌تیده‌ری خوێندنه‌وه‌ی مێژووی سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌و هه‌م تا ئاستێکی زۆر داهاتووی ئه‌م ململانێیه پێشان ده‌دات. بواری که‌لتوری ئاماده‌یی روحی کوردی بۆ گۆڕانکارییه‌کان نیشان ده‌دات، ده‌ری ده‌خات که مرۆڤی کورد‌و کۆمه‌ڵگاکه‌ی تا چه‌ند به‌ره‌و پیری جیهانی نوێ دهچنو تا چه‌ند به جیهانی کۆنه‌وه چه‌سپاون.
که‌لتور ئه‌گه‌رچی ره‌گه‌زێکی سهرخانیه، به‌ڵام یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌وه‌یه که بۆ وێنه له‌چاو گۆڕانه ئابوورییه‌کان دره‌نگتر گۆرانی به‌سه‌ردا دێت‌و دره‌نگتر ده‌توانێ وه‌ک بوونێکی مه‌عنه‌وی چوارچێوه‌ی خۆی جێ بێڵێ. بێ هۆ نییه که هه‌موو شۆڕشه‌کان له قۆناغێکدا بیر له ته‌کانێکی فهرههنگیو که‌لتوری ده‌که‌نه‌وه، چۆنکه سه‌ره‌ڕای ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ر بۆ گۆڕانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، مه‌رج نییه ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ گۆڕانی که‌لتور به شێوه‌ی هاوچه‌شن‌و پێویست له‌گه‌ڵ گۆڕانی سیاسی.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانی رۆژهه‌ڵات ئه‌وه بووه که هه‌میشه له دوای شۆڕش بیر له گۆڕانی که‌لتوری کراوه‌ته‌وه، واته گۆڕانی که‌لتوری پڕۆژه‌یه‌کی وه‌ها بووه که له سه‌ره‌وه‌ڕا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
هۆکاره‌کانی ئه‌م دیارده‌یه بۆ زۆر شت ده‌گه‌ڕێنه‌وه، وه‌ک سیسته‌می دیکتاتۆری درێژخایهنو نه‌بوونی بنه‌ماکانی دیمۆکراسی‌و… له‌م حاڵه‌ته‌دا جه‌ماوه‌ر به‌هۆی زههختی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری قورسایی ژیان‌و گیروگرفته‌کانی رۆژانه ده‌ست ده‌ده‌نه راپه‌ڕین، خه‌ونی راپه‌ڕیوان بریتییه له ده‌سته‌به‌ر کردنی ژیانێکی به‌دوور له ژیانی رابردوو، به‌ڵام دواتر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نوێ پاش ململانێیه‌کی دژواری سه‌قامگیربوون، شتێکی ئه‌وتۆ به‌دیاری ناهێنێ، سیسته‌می نوێ سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنه‌کانی، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان که‌لتور دیکتاتۆرییه‌کی نوێ داده‌مه‌زرێنێ که هیچ شتێک له واقیعی ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ناگۆڕێ.
پرسیار ئه‌وه‌یه چۆنه به‌بێ گۆڕانی بنه‌مای که‌لتووری ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی بگۆڕێ؟ بێگومان بڕیاری خه‌ڵک بۆ شۆڕش خۆی له‌خۆیدا گۆڕانێکی کهلتوریشه، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه، گۆڕانێکی درێژخایه‌ن نییه، واته مه‌رج نییه گۆڕانێک بێ که له گۆڕانی سیاسیه‌وه خۆبه‌خۆ به‌ره‌و گۆڕانی بنه‌ما ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بچێت. لێره‌دا ئه‌م بیره به مێشک دادێ که ئه‌گه‌رچی گۆڕانی سیاسی، گۆڕانێکی ئینسانه‌کانه ”چونکه له رێگه‌ی جموجۆڵی مرۆڤه‌کانه‌وه به ئه‌نجام ده‌گا”، به‌ڵام وا دێته به‌رچاو که زۆرتر بارودۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆچوونی تاک تاکی مرۆڤه‌کانه، که واته لێره‌دا شۆڕش ده‌کرێ بڕیارێکی ده‌ره‌کی بێت له پێناوی سڕینه‌وه‌ی زه‌ختێکی ده‌ره‌کی، جا مه‌رج نییه حه‌تم بڕیارێکی ناووهکیش بێت له پێناوی سڕینه‌وه‌ی له‌مپه‌ره ناوه‌کییه‌کان.
ئاشکرایه ئه‌م حاڵه‌ته له وڵاته دواکه‌وتووه‌کان گه‌لێک به‌رچاوتره، چونکه وابه‌سته‌یی لایه‌نی ئابووری‌و سیاسی ئه‌م وڵاتانه به جیهانی ده‌ره‌وه، جۆرێک له بڕیاری ده‌ره‌کی دروست کردووه که تا ئاستێکی زۆر خودی گۆڕانه نێوخۆییه‌کانیشی خستۆته ژێر رکێفی خۆیه‌وه.
گۆڕانی که‌لتوری یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی گۆڕانی راسته‌قینه‌یه، کۆمه‌ڵگایه‌کی که خاوه‌نی ره‌وتی گۆڕانێکی سروشتیه، له پێش گۆڕانی سیاسی، وه‌رچه‌رخانێک له کهلتوریشدا له‌خۆی ده‌نوێنێ، ئه‌مه زۆرتر خۆی له پانتایی کاری نوخبه‌ی رۆشنبیردا ده‌نوێنێ، کارێکی وه‌ها که هه‌موو کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پرسیاره نوێیه‌کان پاڵ پیوهدهنێ، گۆڕانی که‌لتوری پێش ئه‌وه‌ی بڕیارێک بێ له سه‌ره‌وه، ره‌هه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. ئه‌م ره‌هه‌نده کۆمه‌ڵایتیه‌یه که له ئه‌نجامی خۆیدا سه‌ره‌وه‌ش به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌یه‌نێ که له ره‌وتی گۆڕاندا به‌شداری بکا، یان خود نه‌یکا.
ئه‌م پێشه‌کییه کورته به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات که داخۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تا چه‌ند هه‌ڵگری گۆڕانی که‌لتووریه له ناخی خۆیدا؟ داخۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردی چ له پێش‌و چ له دوای ده‌سه‌ڵات بیری له گۆڕانی که‌لتوری کردۆته‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر گۆڕانی که‌لتووری خه‌ونێکی پێش ده‌سه‌ڵات نه‌بێ، ده‌توانێ ببێ به خه‌ونی پاش ده‌سه‌ڵات؟
بزووتنه‌وه‌ی کوردی خۆبه‌خۆ ده‌توانێ پێک هێنه‌ری گۆڕانی که‌لتوری بێت، چونکه گۆڕانی که‌لتوری لای کورد له‌م ساته‌وه‌خته مێژووییه‌یدا زۆرتر گۆڕانێکه که خۆی له به‌دیار خستن‌و سه‌لماندنی بوونی کورددا ده‌بینێته‌وه. کاتێک زمان‌و جل‌و بهرگو داب‌و نهریتو… ده‌یانه‌وی جێگای ئه‌و سیمایه بگرنه‌وه که ئه‌وانی بزر کردووه، بێگومان ئه‌مه گۆڕانێکی که‌لتوریه. به‌خشینی سیماکانی کوردی به کۆمه‌ڵگایه‌ک که ئه‌م سیمایانه‌ی لێ ئه‌ستێندراوه‌ته‌وه، بریتییه له جێگیر کردنی که‌لتوورێکی دی. به‌ڵام ئه‌مه که‌لتورێکه که له رابردوودا دهژیو خه‌سڵه‌تی مۆدێڕنی که‌لتور پێک ناهێنێ که واته لێره‌دا پارادۆکسێک له خه‌ونی گۆڕانی که‌لتوردا هه‌یه: له‌م حاڵه‌ته‌دا کورد که‌لتوری دهرهکیو سه‌پێندراو لا دهباتو که‌لتوری خۆی جێ‌نشین ده‌کا، ئه‌مه گۆڕان له که‌لتوری خوددا نییه، به‌ڵکوو سه‌لماندنی که‌لتوری خوده. هه‌ر له‌م کاته‌دا بێ ئه‌م جێ نشینییه کۆمه‌ڵگای کوردی ناتوانێ ره‌وتی ئاسایی خۆی به‌ره‌و گۆڕانی که‌لتوری به شێوه‌ی مۆدێرن به‌ڕێوه ببات. سه‌لماندنی که‌لتوری خود له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێکه به‌ره‌و پێش، هه‌ر له‌و کاته‌دا به مانای سه‌قامگیرکردنی هه‌موو ئه‌و دیارده نێگهتیڤانهشه که ئه‌م که‌لتوره هه‌ڵگریه‌تی. سه‌قامگیرکردنی ئه‌م که‌لتوره بریتیه له سه‌قامگیر کردنی که‌لتورێک که ره‌گی له جیهانی نامۆدێڕندا هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا وه‌ک هه‌ر که‌لتوورێکی دی هه‌ڵگری تواناییه‌کانی به‌ره‌وپێش چوونیشه.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که‌مان زیاتر شیبکه‌ینه‌وه با له بۆچوونێکه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین: ده‌کرێ به‌گوێره‌ی راستیه‌کان بڵێین که: (له که‌لتوری کۆمهڵایهتیو سیاسی… دا له‌گه‌ڵ دوو که‌لتوور به‌ره‌وڕووین: ئاکارێک که شاری و سه‌نعه‌تی‌و عه‌قڵانیه‌و ئاکارێک که پێکهاته‌یه‌کی عهشیرهتیو لادێیو ته‌قلیدیانه‌ی هه‌یه)1 ئاشکرایه که‌لتووری شاری‌و سه‌نعه‌تی‌و عه‌قڵانی به هاتنه گۆڕی شار‌و شۆڕشه سه‌نعه‌تییه‌کان سهرههڵدهداو که‌لتوری عهشیرهتیو لادێیو ته‌قلیدیانه هی پێش شارنشینی‌و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌نعه‌ته. که واته به‌م پێیه به چاوخشاندنێک به مێژووی کوردستان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌که‌وێت که که‌لتووری نوێ لای ئێمه که‌لتوورێکه که هێشتا مێژوومان داگیر ناکاو به پێچه‌وانه‌وه که‌لتوری کۆن مه‌ودایه‌کی یه‌کجار فراوان داگیر ده‌کا (هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێته‌وه که به قه‌د ئه‌وه‌ی هۆکاره بازرگانی‌و سیاسیه‌کان له‌سه‌ر هه‌ڵدانی شاره‌کانی کوردستان ده‌وریان هه‌بووه، هۆکاره پیشه‌ییه‌کان ده‌وریان نه‌بووه. ئێمه ناتوانین باس له شۆڕشی سه‌نعه‌تی له مێژووی خۆماندا بکه‌ین) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که نه‌فسی سه‌رهه‌ڵدانی شاره‌کان به مانای ماڵئاوایی یه‌کجاره‌کی له که‌لتووری عه‌شیره‌تی نه‌بووه‌و بگره شار شوێنێکی دیکه‌ی پاراستنی ئه‌م دیارده‌یه بووه (به‌هۆی سیاسی جۆراوجۆر ــ وه‌ک دروستکردنی هێزی چه‌کداری عه‌شایر له هه‌ندێک شوێنی کوردستاندا، واته شار له سازدانه‌وه‌ی سه‌ر لهنوێیدا ده‌وری هه‌بووه).
که‌لتووری عه‌شیره‌تی ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م سێ بنه‌مایه بناسینه‌وه: (خزم گه‌رایی، روحی جهنگاوهریو حه‌ز کردن به شه‌ڕ، گهشهپیدانو پاراستنی عه‌شیره له رێگای ده‌ست درێژیی‌و راوورووتهوه)4، له خزمگهراییدا عه‌شیره‌ت بۆ دابه‌شکردنی دهسهڵاتهکانو به‌رپرسیاریه‌تییه‌کان ته‌ئکید له‌سه‌ر خزمان ده‌کات، جه‌نگاوه‌ری ته‌نیا رێگای پاراستنی خوده‌و هێرش بردنیش ته‌نیا ستراتیژی پاراستنی خووده له داهاتوودا.
که‌لتووری عه‌شیره‌تی وه‌ک که‌لتوورێکی گشتگیری مه‌ودایه‌کی به‌رفراوان له مێژوومان، بوارێکی گرنگی سه‌رهه‌ڵدانی که‌لتووری سیاسی بووه، واته ئه‌م که‌لتووره به‌رده‌وام ئه‌و زه‌مینه‌یه بووه که جۆری که‌لتووری سیاسی دیاری کردووه. هه‌ڵبه‌ت جۆری سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و جۆری پێکهاته‌که‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به که‌لتووره‌وه، چونکه که‌لتوور خۆی ئه‌نجامی بارودۆخی ماددیی کۆمه‌ڵگایه، واته ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا له رووی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌و له رووی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌م هێنانه‌وه له چ ئاستێکدایه.
پیناسه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و که‌لتووره سیاسیه‌ی که له‌ناو که‌لتوری عه‌شیره‌ییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه ئه‌مانه‌ن: (که‌لتووری سڕینه‌وه‌ی ره‌قیبه‌کان، سپاردنی شوێنه گرنگه‌کان به ئه‌فرادی لێنه‌هاتووه، که‌ڵک وه‌رگرتن له سه‌رکوت به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر کردنی کێبهرکێو دژایه‌تییه‌کان، پایه‌و پله‌دان به که‌سه نزیکه‌کان، ئه‌گه‌ر چی خاوه‌ن بیر‌و باوه‌ڕیش نه‌بن، شه‌ڕ کردن له دژی که‌سه لێهاتووه‌کان، بزر بوونی پێشبڕکێ، هه‌ڵبژاردنی که‌سه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای خزمایه‌تی، مل که‌چ بوون‌و گوێ ڕایهڵییان، تاکگه‌رایی به شێوه‌ی ره‌ها، ره‌چاونه‌کردنی یاسا، راوه‌ستاویی تاکه‌که‌س، دزی‌و تاڵان‌و بڕۆ، نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی پیشه‌و…) “2”
هه‌روه‌ک له‌م پێناسه سه‌ره‌کییانه‌وه ده‌رده‌که‌وێ، دیالۆگ‌و ئۆرگانه جهماوهرییهکانو یاسا‌و بزۆزیی شوێنی تاکه‌که‌س بزرن. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌م که‌لتوره سیاسیه راوه‌ستاوه که له هه‌ناوی که‌لتوری عه‌قڵانییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بریتیین له: (ده‌رچوون له غه‌ریزه‌و ئاکاره غهریزیهکانو به‌کارهێنانی ئه‌و ئاکارانه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستدلال‌و تێگه‌یشتن له یه‌کتر راوه‌ستاون، عه‌قلانیه‌تی که‌لتوری، خزمایهتیو تهمهنو پله‌و پایه نه‌فی ده‌کاته‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای خزمایهتیو هاوڕێیه‌تی سیاسی‌و بوروکراسیانه دیارده‌کان لێک ناداته‌وه) “3”.
وه‌ک ئاشکرایه ئه‌م دوو که‌لتووره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که دوو که‌لتووری دژ به‌یه‌کن، به‌ڵام له پرۆسه‌یه‌کی نهفیکهرانهی مێژوویی‌دا به شوێن یه‌کدا دێن: که‌لتووری عه‌شیره‌یی له باری زه‌مه‌نیه‌وه پێش که‌لتوری شاری دهکهوێو له باری کۆمه‌ڵایه‌تی ــ ئابووریییه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی پێش سه‌رمایه‌داری راوه‌ستاوه. ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که تێیدا زه‌وی سامانی سه‌ره‌کییه، ئاژه‌ڵداری رۆڵی گرنگ دهبینێو په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن‌و عێل دامهزراونو سیسته‌می په‌تریاکی سه‌رتابه‌ری کۆمه‌ڵی گرتووه‌ته‌وه. که‌لتووری شاریش له‌سه‌ر بنه‌مای سیسته‌می ئابووری_ کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رمایه‌داری دامه‌زراوه. سیسته‌مێک که تێیدا زه‌وی و ئاژه‌ڵداری وه‌ک فاکته‌ری سه‌ره‌کی سامان بزر دهبنو دابه‌ش بوونی کار گه‌شه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌خۆیه‌وه دهبینێو ئاڵۆزیی ژیانی نوێ داوای پرۆگرامێکی ئاڵۆزتر‌و به‌رزتری رێکخستن ده‌کا. رێکخستنی به‌رز، عه‌قڵانیه‌تێکی نوێ دێنێته ئاراوه، عه‌قڵانییه‌تێکی وا که تێیدا په‌یوه‌ندیی خوێنییه‌کان بزر دهبنو له ئه‌نجامدا به‌هۆی هاتنه ئارای کۆمه‌ڵگای مهدهنیو ئاستێکی به‌رزی پێشکه‌وتن، که‌لتووری عه‌شیره‌یی شوێن بزر ده‌بێ.
نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ که نه‌فی که‌لتووری عه‌شیره‌یی، پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه، واته مه‌رج نییه کت‌وپڕ ئه‌م گۆڕانه روو بدات، ئه‌م ره‌وته پێی به‌پێ دامه‌زراندنی بنه‌ما مادییهکانو چونه سه‌ری ئاستی وشیاری جه‌ماوه‌ر خۆی سه‌قامگیر ده‌کا. که واته ده‌کرێ هه‌م له شاردا دیارده‌کانی که‌لتوری عه‌شیره‌یی خۆیان بنوێنن، هه‌م له که‌لتوری عه‌شیره‌دا سه‌ره‌تاکانی که‌لتوری نوێ خۆی به دیار بخا.
***
له‌م چه‌ندین ده ساڵه‌ی دواییدا که شارنشینی له کوردستاندا گرنگی سه‌ره‌کی په‌یدا کردووه‌و گوند شوێنی بۆ شارنشینی چۆڵ کرد، بێگومان به‌ره‌وڕووی گۆڕانێکی گرنگ بووینه‌ته‌وه، چونکه ئه‌مه خۆی له خۆیدا لانی که‌م به مانای لاواز بوونی کولتووری گوندنشینی بوو که له ناو جه‌رگه‌ی که‌لتووری عه‌شیره‌یی دا ده‌ژیا، به‌ڵام داخۆ شارنشینی لای ئێمه به مانا مۆدێرنه‌که‌ی ته‌عبیری لێ کراوه؟ داخۆ شارنشینی مۆدێرن لای ئێمه پرۆژه‌یه‌کی پاش شۆڕشی سه‌نعه‌تیه؟ ئاشکرایه شارنشینی له کوردستان به‌م پرۆژه‌یه‌دا تیپه‌ڕ نابێ، ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوو نه ئه‌زموونی شۆڕشه پیشه‌ییه‌کانمان کردووه‌و نه به‌رده‌وام سیمای شاره‌کانمان به‌هۆی پرۆگرامه نوێیه‌کانی سه‌ر به مۆدێڕنیزاسیۆنهوه گۆڕانیان به‌سه‌ر داهاتووه. شاره‌کانی کوردستان زۆرتر ئاکامی ئه‌و گۆڕانه ناکامڵو تێکده‌رانه‌ن که حکوومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان ره‌چاویان کردوون ”وه‌ک شۆڕشی سپی له زه‌مانی شادا” ئه‌م به‌ناو شۆڕشانه پێکهاته‌ی گوندنشینی تێکدا و ئابووری گوندی به‌ره‌و قه‌یران برد‌و له ره‌هه‌ندێکی ئازادسازیی هێزی کاردا خه‌ڵکی به‌ره‌و شاره‌کان راپێچدا، ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که شاره‌کان زیاد بکهنو گه‌شه بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی له رووی چلۆنایه‌تییه‌وه سیمای شاره مۆدێڕنه‌کان وه‌ربگرن. که واته شار له سیسته‌مێکی سه‌رمایه‌داری وابه‌سته‌دا سه‌ری هه‌ڵدا که نه‌یده‌توانی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شار له ناو سیسته‌مێکی سه‌رمایه‌داریی مۆنۆپۆلدا هه‌یبێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا هێزی کاری ئازادکراوی کورد نه‌یتوانی له خودی شاره‌کانی کوردستانیش کار په‌یدا بکاو هه‌ر بۆیه رووی کرده شاره سه‌ره‌کییه‌کانی ئێران ”ئه‌مه له کاتێکدابوو که ئه‌م شارانه‌ش هه‌ر خاوه‌ن ئه‌م خه‌سڵه‌ته بوون، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ پرۆژه ئابوورییه‌کانی ژێر سه‌یتره‌ی سیسته‌می جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌م شوێنانه‌دا جێگیر کرابوون. جا خه‌ڵکی کوردستان له کاتێکدا له رابردوو به رواڵه‌ت دابڕابوون، نه‌یانده‌توانی ببن به خاوه‌نی کاراکتێره‌کانی که‌لتووری ئێستا. چونکه له بنه‌ڕه‌تدا که‌لتوورێکی وا پێک نه‌هاتبوو. مرۆڤی کورد له‌ناو رابردوویه‌کی پیرو بێمهرگو ئێستایه‌کی نه‌هاتوودا راوه‌ستا بوو، له‌م حاڵه‌ته‌دا نه به‌ته‌واوی خاوه‌ن که‌لتووری دوێکه ”عه‌شیره‌یی” بوو و نه خاوه‌ن که‌لتووری شارنشینی ”عه‌قڵانی”. دیارده‌یه‌کی وا ده‌بووه هۆی ئه‌وه که شاره‌کان ببنه شوێنی تێک وروکانی ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌ست به هیچ ناسنامه‌یه‌کی جێگیر نه‌که‌ن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌یویست پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تی دیکه بسڕێته‌وه که ئه‌ویش کوردبوون بوو.
شاره‌کان ده‌بوون به گوندی گه‌وره. پرۆسه‌ی ”گوند به‌ره‌و شار” پرۆسه‌یه‌کی فیزیکی‌و جه‌سته‌یی بوو، به‌ڵام پرۆسه‌ی ”شار به‌ره‌و گوند” پرۆسه‌یه‌کی مهعنهویو که‌لتووری بوو. واته له‌م حاڵه‌ته‌دا له شاره‌کانی کوردستان زۆرتر که‌لتووری عه‌شیره‌یی باو بوو. جگه له چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و چه‌ند نوخبه‌یه‌کی رۆشنبیر‌و خوێنده‌وار ”که ئه‌وانیش سه‌ر به‌م بنه‌ماڵانه بوون” زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵک هه‌ر ئه‌و گوندییه‌ی جاران بوون که ئێستا ئیئتر تاکو ته‌را لێره‌و له‌وێ شاره گه‌وره‌کانیشیان بینیبوو. ئه‌مانه‌ش له‌باری کهسایهتیو ده‌روونناسیه‌وه نه‌خوێنده‌واری فارسی زان بوون که تا راده‌یه‌کی زۆر که‌وتبوونه ژێر کاریگه‌ری فه‌رهه‌نگی فارسه‌وه. ئه‌مانه ئاسانترو زووتر ماڵئاواییان له که‌لتووری گوند کرد، به‌ڵام هێشتا ره‌وتی پرولتاریزه کردنی ئه‌وان به مانای وه‌رگرتنی که‌لتوری شارنشینی نه‌بوو، به‌چه‌ند هۆ: یه‌که‌م شاره گه‌وره‌کانیش هه‌ر هه‌مان بارودۆخیان هه‌بوو به هه‌ندێک جیاوازییه‌وه، دووهه‌م، ئه‌مانه په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ زێدی خۆیان مابوو ”زستانان ده‌گه‌ڕانه‌وه”.
داخۆ که‌سایه‌تی نێوان دوو که‌لتوور ده‌بێ چلۆن بێ؟ بێگومان که‌سێکی وا وه‌ک فه‌رد بوونی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا وه‌ک زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات خاوه‌ن که‌سایه‌تیه‌کی بزره، ره‌نگه ئه‌مه یه‌کێک له هۆکاره گرنگه‌کانی سه‌رهه‌ڵنه‌دانی که‌سایه‌تی کوردی بێت که ئێستاش به به‌هێزیی خۆی ماوه‌ته‌وه، چونکه شارنشینی له کوردستان ئێستاش له‌گه‌لێک له کاراکتێره جیهانییه‌کان به‌دووره. که‌سێکی وا له بارودۆخی نوێی ژیانیدا ”به دوور له گوند” ئێستاش زۆر ئاسان ده‌توانێ به‌ره‌و سڕینه‌وه‌ی فیزیکی‌و جه‌سته‌یی نه‌یاره‌که‌ی مل بدا‌و زۆر خۆی خۆش بووێو ئه‌سڵه‌ن بڕوای به یاسا‌و پێوه‌ره‌کانی په‌یوه‌ندی نه‌بێت، که‌سێکی وا زۆر ئاسان ده‌توانێ بکوژێو بکوژرێو ئاسان جڵه‌و بۆ غه‌ریزه سه‌رکوت کراهوکانی شل بکا. که‌سێکی وا زۆر ئاسان هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌سه‌ر بێ متمانه‌یی به که‌سانی دی داده‌ڕێژێ‌و له‌و کاته‌دا که زۆر دۆسته ده‌توانێ دوژمنێکی سه‌رسه‌ختیش بێت.
کاتێک له نێوان دوو که‌لتووردا راوه‌ستاوی، بێگومان فه‌رد زۆرتر که‌لتوری دوێنێکهیه تا ئه‌وه‌ی که‌لتووری بزرو ناکامڵی ئێستا بێت. چونکه رابردوو بوونێکی ئاماده‌یه‌و ده‌کرێ له بزربوونی که‌لتووری داهاتوودا خۆی بکا به که‌لتووری ئێستاش. به‌ڵام هه‌روه‌ک گوتمان ئه‌م که‌لتووره ناتوانێ هه‌ر هه‌مان که‌لتووری جاران بێت. بێ ناسنامه‌یی ئه‌ویش ده‌گڕێته‌وه. که‌لتوری عه‌شیره‌یی جاران ئیتر له ئێستادا سیما ده‌گۆڕێ. ده‌کرێ بۆ وێنه فه‌رد هه‌ر هه‌مان دینداری ده‌مارگرژی جاران بێت‌و که‌چی نه خاوه‌ن زهویو نه خاوه‌ن ئاژه‌ڵیش بێت، به‌ڵکو ده‌کرێ بازرگانێکی سووخۆر بێت. ده‌کرێ فه‌رد هه‌مان شوکرانهبژێرهکهی جاران بێت‌و که چی ئێستا رهشاییهکی بۆنی مه‌زرا گرتوو نه‌بێت، به‌ڵکو کرێکارێکی زێراب بێت. بێناسنامه‌یی وای لێده‌کات که قورس‌تر له جاران به هه‌ندێک دیارده‌ی کۆنه‌وه بچه‌سپێ. ته‌نانه‌ت له ئه‌نجامیشدا وای لێ بێت تیۆریزه‌ی بکا.
راوه‌ستان له نێوان دوو که‌لتووردا، خه‌سڵه‌تی راگوزاری بوون به بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌خشێ، ئه‌مه له کاتێکدایه که کۆمه‌ڵگای کوردی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی سه‌لماندی خوددا رووبه‌ڕوویه. واته بوونێکی راگوزاری له باری که‌لتوورییه‌وه ده‌یه‌وێ که‌سایه‌تی خۆی وه‌ک مرۆڤێکی کورد بچه‌سپێنێ. ئاشکرایه بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وا ناتوانێ له پێناسه‌ی عهشیهرهییهوه خۆی بسه‌لمێنێ، هه‌رچه‌نده رێگاکانی ئه‌م خۆ سه‌لماندنه تا ئاستێکی زۆر ره‌گی له ره‌گه‌زه عه‌شیره‌ییه‌کاندا هه‌یه‌و، ئه‌وه‌ی که پێی ده‌گوترێ عه‌قڵانییه‌تی که‌لتووری تێیدا نییه.
بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردی ئه‌گه‌ر خۆی به‌ره‌و ئه‌م عهقڵڵانیهته که‌لتوورییه په‌لکێش نه‌کا، ناتوانێ خۆی بسه‌لمێنێ (هه‌روه‌ک له‌وه‌پێش ئاماژه‌مان پێ‌کرد مه‌به‌ست له‌م عهقڵانیهتیه بریتییه له: دوورکه‌وتنه‌وه له غه‌ریزه‌و ئاکاره غهریزییهکانو ره‌چاوکردنی ئاکاری ئیستدلالیانهو رێکخراوو رێک‌و پێک کراو له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی یه‌کتری…).
دیاره رۆیشتن به‌ره‌و ئه‌م داخوازییه ته‌نیا ویستێکی ئیراده‌گه‌رایانه نییه. ئه‌مجۆره عه‌قڵانیه‌ته مادییه‌تی پێویستی خۆی ده‌وێ وه‌ک بنه‌ماکانی سهرههڵدانو گه‌شه‌کردنی، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانیشی به ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م بنه‌مایه، چونکه ئه‌م بنه‌مایه‌ش کاتێک حوزووری خۆی نیشان ده‌دا که مرۆڤه‌کان له ههڵسو که‌وته‌کانی خۆیاندا ئه‌م پێویستیه نیشان بده‌ن. گرنگترین خشته‌ی پێشانده‌ری سه‌رهه‌ڵدانی که‌لتووری عه‌قڵانی له پانتایی سیاسه‌تدا ئه‌وه‌یه که تا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌دا جێی بووبێته‌وه. به ئاوڕدانه‌وه له جۆری میکانیزمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی کوردیان تێدا ده‌ژی، ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له که‌لتووری عه‌قڵانیی له‌م چه‌شنه به‌دوورن. کۆمه‌ڵگای کوردیش وه‌ک به‌شێکی ده‌ست به‌سه‌رداگیراو مه‌جاله‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م که‌لتووره‌ی لێ ئه‌ستێندراوه، لێره‌وه ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی دیکه ئاڵۆزیی ئه‌و خه‌باته ده‌رده‌که‌وێ که به‌ره‌و سه‌لماندنی بوونی کوردی ده‌چێ. واته ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که ناکرێ له‌م شانۆیه ئاڵۆزه‌دا به که‌لتوری کۆنه‌وه بچینه شه‌ڕه‌که. شه‌ڕه‌که داخوازێ سه‌لماندنی بوون به‌شێوه‌ی مؤدێرن بێ. ئه‌م شێوه مۆدێرنه‌ش ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌وێ که کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ناو خۆیداو له په‌یوه‌ندی هێزه‌کانی ناوخۆیدا ره‌چاوی ئه‌و ئاکاره ئیستدلالیانهی کردبێت‌و فێری ئه‌وه بووبێت که له یه‌کتری تێبگه‌ن.
***
مێژووی ئێمه مێژووی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی عهشیرهکانو بنه‌ماڵه ئایینییه‌کانه. هه‌موومان ئاگامان له ئیماراتهکانو حکومته گچکه ناوچه‌ییه‌کانی کوردان هه‌یه. عه‌شیره‌کان له‌ژێر سه‌یته‌ره‌ی ئیمپراتۆره‌کانی ناوچه‌دا ژیاون‌و سه‌ره‌ڕای وه‌فادارییان بۆ زلهێزه‌کان خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی رێژه‌یی خۆشیان بوونه. له پێناوی سڕینه‌وه‌ی یه‌کتردا کاریان کردووه‌و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌م مێژووه، گۆڕه‌پانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌یه که ئه‌م عه‌شیرانه رێکی ده‌خه‌ن له پێناوی داخوازییه‌کی فراوانتر له ئاسۆیه‌کی عه‌شیره‌تگه‌ری.
پێم وابێ جوڵانه‌وه‌ی شێخ مه‌حموود دواترینو به‌ربڵاوترین جوڵانه‌وه‌ی گرنگی عه‌شیره‌تگه‌ریی ئایینی بێت که له پیناوی حکومه‌تێکی کوردی‌دا کاری کردبێت، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی شێخ مه‌حموود، جووڵانه‌وه‌یه‌که به پشت به‌ستن به که‌لتووری عه‌شیره‌ییه‌وه ده‌چێته پشت ئه‌م داخوازییهوه، هه‌ر بۆیه ئه‌م که‌لتوره عاجزو ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بێت له خوێندنه‌وه‌ی پێشبینیکردنی ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و هه‌ر له‌و کاته‌دا ئاسان ده‌که‌وێته نێو گه‌مه‌ی تورک‌و ئینگلیزه‌وه (وه‌ک چۆن ئینگلیزیه‌کان له که‌رکووک پاشه‌کشه‌یان کرد، شێخ مه‌حموود دیسان رووی کرده‌وه تورکانو دڵیان دایه‌وه، دواتریش دیسان به هاتنه‌وه‌ی ئینگلیزه‌کان نامه‌ی بۆ به‌ڕێ کردنه‌وه) هه‌روه‌ها ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بێت له ئاستی پێکهێنانی پێکهاته‌یه‌کی دائیرهییو به‌ڕیوه‌به‌ری سه‌رده‌میانه‌و لانی که‌م تا راده‌یه‌ک باش‌دا. وه‌ک چۆن ره‌فیق حیلمی ده‌ڵێت: (شێخ مه‌حموود دوای ئه‌وه که بوو به حوکمداری کوردستان، که‌وته وهستاوێکی گرنگه‌وه، له کاروباری حکومه‌تدا که‌م ته‌جره‌به‌و له مه‌یدانی سیاسه‌تدا بێکه‌س بوو. ئازایی‌و بێ‌ترس و که‌مته‌رخه‌می خۆشی له‌و هۆیانه بوون که به هه‌ڵه‌ی به‌رن. له‌به‌ر ئه‌مه ئه‌ستێره‌ی به‌ختی زوو رووی کرده کزی. چونکه شوێنێک که له هه‌ڵسووڕاندنی کاروباری عه‌شایری دا له‌سه‌ری رۆیشتبوو بۆ ته‌گبیرو رای ئیشی حکومه‌ته به‌که‌ڵک نه‌ئه‌هات. ئه‌وانه‌ی که ئه‌یانتوانی له حوکمدار نزیک بنه‌وه له‌م بابه‌ته بوون: دهسو پێوه‌ندی نهفامو نه‌خوێنده‌وار، ده‌وروپشتی چاو برسی و دوای تاڵان که‌وتوو، نۆکه‌ری خه‌نجه‌ر له پشت‌و عه‌شایری تفه‌نگ له‌شان. هه‌رچه‌ند له به‌غداوه هه‌تا له ”تورکیا”وه هه‌ندێ له زابته کورده‌کان هاتبوونه سلێمانی‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ندێ خوێنه‌واری باش‌و نیشتمان په‌روه‌ر له‌وێ بوون‌و ئه‌یانویست که ده‌س له ناو ده‌س تێبکۆشنو یارمه‌تی حوکمدار بده‌ن به‌ڵام رێکه‌وتنی تاقمی ده‌وروپشتی حوکمدارو ئه‌مانه‌ی تر نهئهگونجاو تاقمی یه‌که‌م له به‌ینی حوکمدارو تاقمی دووهه‌مدا له خه‌نجه‌رو ده‌مانچه دیوارێکی دروست کردبوو، ئه‌گه‌ر حوکمدار خۆی بیویستایه، ئه‌م دیواره‌ی ئهروخاندو له زابتهکانو منه‌وه‌ره‌کان نزیک ئه‌که‌وته‌وه… ”گرێیه‌کی ده‌رونی” که به‌رامبه‌ر به زابتو منه‌وه‌ر په‌یای کردبوو… به‌رهه‌ڵستی ئه‌وه‌بوو که شه‌قێک له دیواری خه‌نجه‌رو ده‌مانچه‌که هه‌ڵداو بیڕووخێنێو خۆی بگه‌یه‌نێته خوێنه‌واره باشه‌کان) ”4”.
له ئه‌م قسانه‌دا ئاماژه به دوو دیارده‌ی سه‌ره‌کی ده‌کرێ له پێکهاته‌ی ناوخۆییدا: یه‌که‌م رۆڵی تاکو دووهه‌م رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی. لێره‌دا رۆڵی تاک له خودی شێخ مه‌حمووددا خڕ ده‌کرێته‌وه‌و رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی له بونیادی عه‌شیره‌تگه‌ریدا. ره‌فیق حلمی به ئاشکرا و به جوانی ئه‌و واقعییه‌ته تێده‌گا که بنه‌مای عه‌شیره‌تگه‌ری حکومه‌تی سه‌رده‌می نوێی لێ دروست نابێ، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا رۆڵی گرنگتر ده‌دا به تاکو پێی وایه که ئه‌گه‌ر شێخ مه‌حموو ویستبای ده‌یتوانی ئه‌و گرێ مێژووییه بکاته‌وه (وا دیاره په‌یوه‌ندی باشی خۆی له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموود ئه‌م ته‌سه‌وره‌ی تیدا دروست کردبێ) لای ره‌فیق حلمی په‌یوه‌ندی نێوان ”سه‌رکرده‌و خوێنده‌واران‌و توێژی سه‌ربازی نوێ” ده‌یتوانی ده‌سپێکی سازکردنی چاخێکی نوێ بێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌و هۆکاری سه‌رهه‌ڵنه‌دانی ئه‌م دیارده‌یه بۆ گرێیه‌کی ده‌روونی خودی شێخ مه‌حموود ده‌گێڕێته‌وه*. که واته لێره‌وه به رای ره‌فیق حلمی ده‌رکردن یا خود ده‌رنه‌کردنی بڕیاری پێویست نه له وشیاری نهتهوهییو سیاسییه‌وه، به‌ڵکو له سایکۆلۆژیهتێکی سه‌رکوت کراوه‌وه‌یه. هه‌ر خودی ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خا که شێخ مه‌حموود له بنه‌ڕه‌تدا نه‌یده‌توانی بڕیاری وا بدات، چونکه ئه‌گه‌ر خاوه‌ن وشیاریی نهتهوهییو سه‌رده‌میانه بوایه گرێیه‌کی وا رۆڵی سه‌ره‌کی تێدا نه‌ده‌گێڕا. که واته کێشه‌ی کورد ته‌نیا قه‌یرانی سه‌رکردایه‌تیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نییه، به‌ڵکو قه‌یرانی ره‌وتێکی چالاکی وشیاریی نه‌ته‌وه‌ییه که تێیدا له ئه‌نجامدا سه‌رکرده‌ی پێویست دێته ئاراوه.
شتێکی گرنگی دیکه که له‌م نێوه‌دا خۆی ده‌نواند ئه‌وه بوو که سوپای شێخ مه‌حموود له بنه‌ڕه‌تدا سوپایه‌کی عه‌شیره‌یی بوو. سوپای عهشیرهییش سوپایه‌کی به به‌رنامه‌و به دیسپلینهو رێک‌و پێک نییه که به‌گوێره‌ی سیسته‌مێکی به‌هێز له‌یه‌ک شوێنه‌وه بڕیاری بۆ ده‌ربکرێ، به‌ڵکو سوپایه‌کی وا بێ دیسپلین‌و بێبهرنامهیهو یه‌کێک له‌و ئامانجه سه‌ره‌کیانه‌ی که کۆیان ده‌کاته‌وه تاڵان‌و بڕۆیه. ئه‌مه له کاتێکدایه که سازدانی سوپایه‌کی به‌به‌رنامه‌و رێک‌و پێک یه‌کێک له پێداویستییه‌کانی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخوازانه بووه ”له کوردستانی ئێران تاڵان کردنی شاری مههابداو ده‌وره‌به‌ری له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سمکۆوه نزیکترین ئه‌زموونن”.
ره‌فیق حلمی دیسان ده‌ڵێ: (”حوکمداری کوردستان”یش به‌پێی هه‌وا ئه‌چوو به‌ڕێوه. به رۆژ له‌گه‌ڵ تاقمێک نۆکه‌رو ده‌سته‌ودایه‌ره رووی ئه‌کرده ده‌شتی ”کانێسکان”و به سه‌یرو گاڵته‌و گه‌په‌وه رای ئه‌بوارد. به‌هیوای ئه‌وه بوو که ”کات” تا سه‌ر به‌م چه‌شنه بچێت به‌ێوه. خوا به قودره‌تی خۆی کوردستانی گه‌وره‌ی بۆ دروست بکاو ئه‌ویش ”تاج”ی حوکمدارێتی بنێته سه‌ر ”سه‌ر”!)5.
ئه‌مه له کاتێکدایه که:
(میجه‌ر نوئیل بۆ رێکخستنی شاره‌کانی تر‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی نفوزی شێخ مه‌حموود تا ”ره‌واندز” چوو، بۆ یه‌کخستنی ئه‌م شارانه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سلێمانی ”کوردستان” ته‌قه‌لایه‌کی زۆری دا، به‌ڵام که گه‌ڕایه‌وه سلێمانی ”شێخ مه‌حموود”ی له وێنه‌یه‌کی تازه‌دا هاته به‌رچاو وای بۆ ده‌رکه‌وت که له هه‌وایه‌کی تر دایه‌و خه‌ریکه له رێ لا ئه‌دا) ”6”.
که واته به‌پێی ئه‌م بۆچوونانه ده‌رئه‌که‌وێ که حوکمدار رائهبوێرێو موسته‌شاری ئینگلیزییه که سه‌ریکی رێکخستن‌و سازدانی حوکمهتیهکهیهتی!؟ کاره‌ساته‌که ئه‌و کات جوانتر ده‌رده‌که‌وێ که سه‌رۆکی عه‌شیره‌ته‌کانی کوردستانی ئێرانیش مه‌یلی یه‌کخستنی کوردستانی عێراق‌و ئێرانیان هه‌بووه.
ئینگلیزه‌کان ئه‌و کات له دژی دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی نه‌بوونه، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی گوێ رایهڵیان ده‌ویست، ده‌سه‌ڵاتێکی وا که ته‌واوکه‌ری پرۆژهلانی ئه‌وان بێت له کاتی جه‌نگی یه‌که‌می جیهاندا له‌م ناوچه‌یه‌دا. ده‌سه‌ڵاتێکی وا له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه زهبتو ره‌بتی پیویستی گه‌ره‌ک بوو. به‌ڵام له ته‌بیاتی ”شێخ مه‌حموود” ده‌گه‌ن که: (… زۆر به ته‌نگ دژواره‌وه نییه‌و هه‌ر بۆیه هاوکێشه‌که له ناوچه‌که‌دا ئاڵۆزتر ده‌کا، بهتایبههت که به‌شێکی کوردستان ”وه‌ک که‌رکووکو خانه‌قین‌و…” له‌گه‌ڵ شێخ دا نین.
شته‌که دیسان لێره‌دا ناگیرسێته‌وه. کۆمه‌ڵگای کوردیش وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه خاوه‌ن هاودژییه نێوخۆییه‌کانی خۆیه‌تی. شێخ مه‌حموود وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینی له هاودژییدایه له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تی جاف و هه‌مه‌وه‌ند. دیسان له ململانێ دایه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ”تجار”و ئاغاکان. (ده‌سته‌ی ”تجار”و ئاغاکان دوژمنی ئه‌م خانه‌واده‌یه بوون‌و له ژیره‌وه ”شیر”یان لێ ئه‌سوون)”8”. ئه‌م ململانێیه به ئاسانی له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ. لێره‌وه که‌لتووری عه‌شیره‌یی ئئیتر درێژه به‌و ڕێگاو مێتۆده ده‌دا که پشتاوپشت بۆی ماوه‌ته‌وه. ئه‌و هاودژییه‌ی له نێو هێره‌می ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌یی کوردی‌دا هه‌یه، یه‌کێک له پشته‌کانی داڕماندنهوهی پرۆسه‌ی رێکخستن‌و یه‌کخستنی ده‌سه‌ڵاتی کوردییه. هاودژیهکانی نێو ئه‌م هێڕمه یه‌کێک له سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی خیانه‌ت له‌مێژووی ئێمه‌دایه. خیانه‌تێک که خۆی ده‌هاوێته نێو بیرهوهرییهکانمانهوهو هه‌ر بۆیه بوونی به درێژایی زه‌مه‌ن ده‌بێته هۆی ئاسایی بوونه‌وه‌ی. جا مێژوویه‌ک که ئاوا ئاسان روانیبێتیه خیانه‌ت، چلۆن پێی ده‌کرێ که داهاتوویه‌کی به‌دوور له خیانه‌ت بێنێته پێش چاوی خۆی؟ مێژوویه‌ک تییدا قاره‌مانی سهرهکیو رزگاریده‌ری سه‌ره‌کی له‌وه‌پێش شه‌ڕکه‌رێکی گرنگی فڵانه‌و فیساره زلهێز بووبێت، ده‌شێ چلۆن بیری نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی کامڵ تێیدا له‌دایک بێ؟
***
به‌ڵام چ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان که‌لتوری عهشیرهتیگهریو سه‌رده‌می ئێستادا هه‌یه؟ وه‌ک پێشتر باسمان کرد گوتمان مرۆڤی کورد له نێوان دوو که‌لتوری عهشیرهتیو که‌لتوری شاردا راوه‌ستاوه، نه ئه‌میانه‌و نه ئه‌ویان، چونکه شار وه‌ک پێویستیێیهکی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌یی لای ئێمه نه‌هاتووته گۆڕێ. شای ئیمه، شاری پاشکۆی پرۆژه پیشه‌سازییه ناکامڵه‌کانی ناوه‌نده‌کانی حوکمڕانییهو، هه‌ر بۆیه خۆسازدانه‌وه‌ی کهلتورهکهشی به‌شێوه‌یه‌کی ناکامڵه.
هه‌ڵبه‌ت مه‌رج نییه ئه‌م قه‌یرانه، قه‌یرانێکی چه‌ق به‌ستوو بێت، به‌ڵکوو ده‌کرێ قه‌یرانێکی کراوه بێت واته رووه‌و پێشکهوتنو خۆ چاره‌کردن. ده‌کرێ به‌گوێره‌ی به‌ره‌وپێش چوونی ژیانی شارنشینی‌و هاتنه ئارای به‌ره‌به‌ره‌ی پیداویستیه‌کانی ئه‌م جۆره ژیانه، ئاراسته‌یه‌ک به‌ره‌و جێگیر کردنی که‌لتوری عه‌قڵانی بێته گۆڕێ.
بێگومان مرۆڤی کوردی نیشته‌جێ له‌شار به حوکمی گۆڕانی جوگرافیای ژیانی‌و هاتنه ناو په‌یوه‌ندیگه‌لێکی دیکه‌وه له بواری ئاکار‌و پۆشاک‌و خێرایی پتری په‌یوه‌ندییه‌کانی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. به‌ڵام خودی ئه‌م گۆڕانه هێشتا به مانای ئه‌وه نییه که که‌لتووری سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای که‌لتووری عه‌شیره‌تیی لای دابێت. ته‌نانه‌ت خودی گۆڕانی لاوه‌کی له بواری ئاکار‌و پۆشاک‌و خێرایی پتری په‌یوه‌ندییه‌کان به مانای سڕینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی باوکسالاری نییه که په‌یوه‌ندی زاڵی نێو بنه‌ماڵه‌و دامه‌زراوه‌کانو سیسته‌می ده‌سه‌ڵاته.له ههلو مه‌رجی ئێستای کوردستاندا ”کوردستانی ئێران” له رێگای ده‌ست نیشان کردنی جۆری سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌وه ”واته ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی” ده‌توانین ده‌ست نیشانی ئه‌وه‌ش بکه‌ین که که‌لتووری سیاسی له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای عه‌شیره‌یی‌و پێش مۆدێڕن راوه‌ستاوه، ئه‌گه‌رچی له ئێران ده‌وڵه‌تی میللی دروست بووه‌و ئه‌و بنه‌ما ئابووریانه‌ش سه‌ریان هه‌ڵداوه که نهفیکهری په‌یوه‌ندییه‌کانی عه‌شیره‌یین. بۆ وێنه ده‌توانین بڵێین:
_ باوکسالاری‌و پیاوسالاری پیناسه‌یه‌کی سه‌ره‌کی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاته له جمهوری ئیسلامی‌دا.
_ فه‌قیھ له جیاتی ”خان” دانیشتووه‌و هه‌مان دهسهڵاتو ته‌راتێنی ”خانی” هه‌یه ته‌نانه‌ت بگره زۆر زیاتریش.
_ ئه‌رته‌ش و سوپا وه‌ک بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتن.
_ ئیستیبدادێکی تاقه‌ت پڕووکێن زاڵه که به‌ر به هه‌ر چه‌شنه بزوزیهکی تاکو پێشبڕکێی مهعقوولو… ده‌گرێ.
_ تاکه‌کان مافیان نه‌پارێزراوه‌و زۆر ئاسان هه‌موو مافێکیان پێشێل ده‌کرێ.
_ ئاڵ‌و گۆڕ پێکردنی ده‌سه‌ڵات له رێگای ده‌نگدانه‌وه بزره.
_ ”به‌رژه‌وه‌ندی گشتی” وه‌ک وته‌زایه‌کی گرنگ که له رێگای ئاستێکی وشیارییه‌وه پێکهاتبێ بزره (هه‌ڵبه‌ت ”به‌رژه‌وه‌ندی گشتی” وته‌زایه‌کی بگۆڕه‌و ده‌کرێ به‌گوێره‌ی بارودۆخ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت. له که‌لتووری عه‌شیره‌یی دا ”به‌رژه‌وه‌ندی گشتی” ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بێ ته‌نیا یه‌ک مانا وه‌رده‌گرێ).
کوردستانی ئێران وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی په‌راوێزی ده‌سه‌ڵات ”وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌ک که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نییه‌و له‌ژێر رکێفی ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کیدایه” له بارودۆخێکی وادا ده‌ژی، واته مرۆڤی کورد مرۆڤێکی بێناسنامه‌ی که‌لتوورییه ”یان به واتایه‌کی دی مرۆڤێکی تێکهڵو پێکه‌ڵی که‌لتوورییه” که که‌لتوورێکی سیاسی به‌سه‌ریدا حوکم ده‌کا که ره‌گی له که‌لتووری عه‌شیره‌ییدا هه‌یه. خودی ئه‌و که‌لتووره زاڵه سیاسیه له‌مپه‌ری سه‌ره‌کی بووه له گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیانه‌ی که‌لتووری شێواوی مرۆڤی کورددا.
هه‌ڵبه‌ت که‌لتووری سیاسی زاڵ به‌سه‌ر ئێران‌و کوردستاندا ته‌نیا له رابردووی خۆی که‌ڵک وه‌رناگرێ. واته ته‌نیا پشت ئه‌ستوور به مێژووی دوور‌و درێژی بوونی خۆی نییه، به‌ڵکو له هێندێک دیارده‌و تایبه‌تمه‌ندی که‌لتووری عه‌شیره‌یی له خودی کۆمه‌ڵگا که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. بۆ وێنه له دین وه‌ک کۆڵه‌که‌یه‌کی دێرینی ئه‌م که‌لتووره، دین ده‌توانێ پارێزه‌رێکی به‌هێزی باوکسالاری‌و زهبروزهنگو سایکۆلۆژیه‌تی ئیستبدادی بێت‌و بوارێکی له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی بڕه‌خسێنێ.
کورد چونکه خۆی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه له کوردستانی ئێران‌دا، ناتوانین پێناسه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بکه‌ین، به‌ڵام ده‌کرێ به‌گوێره‌ی جۆری که‌لتووری زاڵ‌و جۆری که‌لتووری زاڵی سیاسی‌و هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی پێکهاته‌ی یابووری_ کۆمهڵایهتییهکهیو مێژووی ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌که‌ی به هه‌ندێک ئه‌نجام بگه‌ین.
بزربوونی که‌لتوور ”یا خود شێوواوی که‌لتور” له کوردستانی ئێران، ده‌بێته هۆی لاوازیی پرۆسه‌ی دروستکردنی که‌لتوری عه‌قڵانی. هه‌رچه‌نده شارنشینی وه‌ک شێوه‌ی ژیانی زاڵ‌و نه‌زمی شارنشینی وه‌ک پێویستییه‌کی ئه‌م جۆره ژیانه بنه‌ماکانی سه‌رهه‌ڵدانی گواستنه‌وه‌ن به‌ره‌و که‌لتووری مۆدێڕن، به‌ڵام ئه‌مه خۆ به‌خۆ به مانای پێکهاتنی ره‌وتێکی دڵخواز نییه، چونکه گه‌شه‌ی بنه‌ما ئابوورییه‌کان تێیدا لاوازه‌و کۆمه‌ڵگا هێشتا سیسته‌مێکی داخراوه. واته کراوه‌یی له ژیانی سیاسی‌دا نابینرێ‌و تاک رهههندییهک زاڵه.
هه‌روه‌ها که‌لتوری سیاسی زاڵ، که‌لتوورێکی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌شیره‌ییه که له سه‌ره‌وه‌ڕا به‌گوێره‌ی پلان‌و سیسته‌مێکی کۆنینه هه‌موو پرۆسه سروشتیه‌کانی گۆڕان ده‌خاته ته‌نگانه‌وه‌و به‌ریان پێده‌گرێ. ئه‌مه ده‌توانێ کاریگه‌رییه‌کی وێرانکه‌رانه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر ئاماده‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی.
پێکهاته‌ی ئابووری ــ کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستانی ئێران خۆی له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام به‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه که به‌شی پیشه‌یی یه‌کجار تییدا لاوازه‌و له به‌رانبه‌ردا به‌شی بازرگانی تێیدا به‌هێز. ئه‌مه له خؤیدا وابه‌سته‌ییه‌کی دروست کردووه. هه‌روه‌ک ده‌شزانین به‌شی بازرگانی به‌دووره له که‌لتووری مۆدێرنی پیشهییو له بواری که‌لتوردا چه‌ق به‌ستووه. له پێکهاته‌یه‌کی وادا ره‌گه‌زه کۆنییهکانی که‌لتوور ده‌توانن چاک ببنه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ گرنگی په‌یدا بکه‌نه‌وه (بۆ وێنه له به‌رچاومانه که چلۆن دین‌و پێکهاته‌ی سووننه‌تیی بنه‌ماڵه‌و باوکسالاری هه‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه‌و هه‌م له‌لایه‌ن پێکهاته‌یه‌کی ئابووری_ کۆمه‌ڵایه‌تی واوه بره‌وی پێ ده‌درێ).
نزیکترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی له کوردستانی ئێران، کۆماری مه‌هاباده، کۆمار هه‌رچه‌ند له ته‌مه‌نی که‌می خۆیدا هه‌ندێک ته‌قه‌للای به‌ره‌و پێکهێنانی پێناسه مۆدێرنه‌کاندا، به‌ڵام هه‌روه‌ک ده‌زانین، به حوکمی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وسای کوردستان عه‌شایر کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی پاراستنه‌که‌ی بوون.
(له راستیدا هیزی سه‌ره‌کی حکومتی کوردستان هێزه ئیله‌کان بوو به سه‌رکردایه‌تی گه‌وره‌کانی خۆیان، لاپه‌ره 174 حکومتی کوردستان، کورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتیدا _نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین). جگه له‌مه خودی پێکهاته‌ی حکومه‌تی کوردستان شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی عهشیرهتو پیاوه ئایینی‌و ده‌ست رۆیشتووه‌کان بوو. ده‌توانین بڵێین زه‌رووره‌تێکی میللی له گۆڕێ‌دا بوو، به‌ڵام به حوکمی پێکهاته‌ی کوردستان ئه‌م زه‌رووره‌ته ره‌گی له که‌لتووری عه‌شیره‌ییدا بوو. پێکهاتنی حزبی دێمۆکرات‌و پێش ئه‌ویش کۆمه‌ڵه‌ی ”ژ.ک” له فۆڕمدا جێهێشتنی جیهانی کۆن بوو، به‌ڵام له نێوه‌رۆک‌و بنه‌ماکاندا به‌ته‌واوی جێهێشتنی رابردوو نه‌بوو. بۆ نموونه له‌بیرمان نه‌چێ که له مه‌رامنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ”ژ.ک”دا هاتووه: (کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک له‌سه‌ر چوار کۆڵه‌که‌ی ئیسلامه‌تی، کوردایه‌تی، مه‌ده‌نییه‌ت، سوڵح‌و ئاشتیخوازی داندراوه‌و هه‌موو قانوون‌و نیزامه‌کانی له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی موقه‌ده‌سی ئیسلام ته‌تبیق ئهکرێو ئینجا ئه‌خرێته کار ”لاپه‌ری 68”) “9”.
ئه‌مه جگه له‌مه که شێواوییه‌که له کهلتوورداو جگه له‌وه که جێگرکردنی که‌لتووری عه‌شیره‌ییه له که‌لتووری سیاسی‌دا، هه‌ر له‌و کاته‌دا سڕینه‌وه‌ی سیماکانی ئه‌م ”مه‌ده‌نییه‌ت”هیه که خودی مه‌رامنامه‌که به‌سی لێده‌کات.
یان له‌و مه‌رامنامه‌ی حزبی دیموکرات‌دا که له ساڵی 1324دا بڵاو کراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خاڵی باشی تێدایه، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ: (ره‌خنه‌ی هه‌ره گه‌وره که له به‌رنامه‌که گیراوه: باس نه‌کردنی هیچ جۆره چاره‌یه‌ک بوو بۆ گیروگرفتی دژواری پێوه‌ندی زهویدارهکانو جوتیارانی بێزهوی. ”لاپه‌ره 10”) ”10”.
ئه‌مه ئه‌وه پیشان ده‌دات که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی له سهرهخانهکاندا ئیش ده‌کاو نایه‌وێ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی دواکهوتووییو راوه‌ستاوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. واته ئه‌و بنه‌مایه‌ی که ده‌یتوانی پێکهاته‌ی حکومهتو هیزی چه‌کداری کوردی بگۆڕێ‌و به‌م شێوه‌یه‌ی حکوومه‌تی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی له‌رزۆکی وه‌ک چاوچاوێنهی سه‌رۆک عهشیرهتهکانو عه‌شیره‌ته‌کان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی رانه‌وه‌ستاوه.
چه‌ند سه‌یره! له حاڵه‌تێکی وادا له کاتێکا ئاڵای کوردستان له ئاهه‌نگێکدا به‌ره‌و ئاسمان ده‌کشێ، له وتارێکدا ده‌گوترێ:
(گه‌وره‌کان! ئه‌ی گه‌لی به‌شه‌ڕه‌ف! خوشهویستانو راوه‌ستاوان! کرێکار‌و فه‌لاح و سهپانو پاڵه‌ی کوردی به‌نرخ! ”لاپه‌ره 174”) ”11”.
وه‌ک بڵێی کرێکار‌و فه‌لاح ده‌بێ ته‌نیا به‌خشێنه‌ری رۆمانتیزمێکی شۆڕشگێڕانه بن بۆ کاته دژوار‌و پرمهترسییهکان.
ئێستاش له‌م ساته وه‌خته‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورددا له کوردستانی ئێران له نێو ئۆپۆزیسیۆندا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و که‌لتووره سیاسیه ده‌بینینه‌وه که ره‌گیان له که‌لتووری عه‌شیره‌ییدا هه‌یه. وه‌ک: که‌لتوری سڕینه‌وه‌ی ره‌قیبه‌کان، که‌ڵک وه‌رگرتن له سه‌رکوت به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی کێشهکانو دژایه‌تییه‌کان، راوه‌ستاوی ”عدم تحرک” تاکه‌که‌س. هه‌ڵبه‌ت مه‌رج نییه ئه‌م دیارده‌یه به یه‌ک شێوه‌و به‌یه‌ک ئاست بڵاو بووبێته‌وه. جۆری هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م دیارده‌یه ده‌گۆڕێ.
بێگومان ئه‌م دیارده‌یه پێش له هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندیی به پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. چ تاک چ هه‌ر سیسته‌مێکی کۆ که له کۆمه‌ڵگادایه ناتوانێ که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واو سهربهخۆو دابڕاو له کۆمه‌ڵ بێت. که واته پێش له هه‌ر شتێک گۆڕانی ئه‌م سیسته‌مه به‌نده به پێکهاته‌ی گشتیی کۆمه‌ڵگاوه. له پێکهاته‌یه‌کی گشتی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که‌لتووری سیاسی عه‌قڵانی پێک بێت، ده‌بێ پێکهاته‌یه‌کی سیاسی عه‌قلانی پێک بێت. به حوکمی زه‌رووره‌تێکی وا ئۆپۆزیسیۆنێک که باس له دیموکراسی ده‌کا هێشتا دووره له ته‌تبیق کردنی دیموکراسی. هه‌روه‌ها هێشتا بوونی بزووتنه‌وه‌ی کوردی خۆبه‌خۆ ناتوانێ پێکهێنه‌ری گۆڕانی که‌لتووری بێت. به‌تایبه‌ت که ئێستا کێشه‌ی کورد زیاتر خۆی له به دیارخستنو سه‌لماندی بوونی کوردی‌دا ده‌بینێته‌وه. که‌لتووری عه‌شیره‌یی کاتێک گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت که کۆمه‌ڵگای کوردی له کوردستانی ئێران خاون ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی کراوه بێت. ئه‌و کراوه‌ییه‌ش له ئێستاوه ره‌چاو کرابێت. کراوه‌یی سیاسیش گه‌لێک به‌دووره له‌و بۆچوونه‌ی که حزبێک ده‌بێ وه‌ک ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی ره‌چاو بکرێ‌و له لایه‌ن حزبهکانو گروپ‌و کۆڕوکۆمهڵگانی دیکه‌وه دانی پێدا بنرێ، جا ئه‌وجا ده‌کرێ ئیزنی چالاکی‌و هه‌ڵسوڕانیان هه‌بێت. کراوه‌یی سیاسی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌نگدانی خه‌ڵک، بڕوا هێنان به ئاڵوگۆرێ ده‌سه‌ڵاته له نێوان ناوه‌نده سیاسیه جۆربه جۆره‌کاندا. کراوه‌یی سیاسی پاشه‌کشه‌کردنی هیزه چه‌کداره‌کانه بۆ سنووره‌کانی تایبه‌ت به چالاکی خۆیان‌و دوور که‌وتنه‌وه‌یان له پنته مه‌ده‌نیه‌کان.
هه‌روه‌ها پێکهاتنی که‌لتووری سیاسی عه‌قڵانی به‌نده به گۆڕانی که‌لتووری عه‌شیره‌ییه‌وه. وا دێته به‌رچاو که له ئێران‌دا پاراستنی که‌لتووری سایسی عه‌شیره‌یی زۆرتر بڕیارێکی سیاسیه‌و له سه‌ره‌وه‌ڕا ره‌چاو ده‌کرێ. ئه‌گینا پاراستنی ده‌با به گوێره‌ی گۆڕانی بنه‌ما ئابوورییهکانو بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ره‌به‌ره که‌لتووری سیاسی عه‌شیره‌یی جێی پێ له‌ق کرابا. بۆ وێنه هاتنه سه‌ر کاری جمهوری ئیسلامی به مانای سه‌قامگیربوونی زیاتری که‌لتووری سیاسی عه‌شیره‌یی بوو له ده‌سه‌ڵاتدا. هه‌ر بۆیه لێره‌وه به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین که خودی عه‌قڵانی کردنی که‌لتوور له ئێران‌دا هێشتا پرۆسه‌یه‌کی پێویستی نه‌بووه، واته نه‌گه‌یشتۆته ئاستێکی وا که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بخاته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه‌ی. جا له ئێستاوه پێویستیی چالاکبوونه‌وه‌ی که‌لتووری عه‌قڵانی ده‌رده‌که‌وێ ”واته ئه‌و نه‌ریته عهقڵانیهی که ئێستا هه‌یه”.
نه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ون بوونی ئه‌منییه‌تی گیانی‌و سیاسی‌و شوغڵیو ته‌نانه‌ت فیکری، کارێکی وای کردووه که خودی ئه‌و حیزب‌و گروپ‌و کۆمه‌ڵانه‌ی که ئامانجیان پێکهێنانی خه‌ونه دێرینه‌کانی مرۆڤه، زۆر جار له‌و کاراکتێره‌وه حه‌ره‌که‌ت بکه‌ن که پێش له هه‌ر شتێک بوونیان ده‌پارێزرێ. هه‌روه‌ک ده‌شزانین نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت گه‌شه به پێکهاته‌ی عه‌شیره‌یی ده‌دا. نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت وه‌ک کاراکتێرێک هه‌موو کۆمه‌ڵ به پنتهکانیهوه ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی سلبی خۆیه‌وه. که واته نابێ له‌بیرمان بچێ که شه‌ڕی ئه‌منییه‌ت‌و شه‌ڕی مانه‌وه خۆبه‌خۆ ده‌توانێ توانا زاتییه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ره‌و پێکهێنانی ژیانی باشتر لاواز بکا. لێره‌دا به ئاشکرا ئه‌وه ده‌بینین که سه‌ره‌ڕای له‌نێوچوونی پێکهاته‌ی ئابووری ــ کۆمه‌ڵایه‌تی عه‌شیره‌یی، کاراکتێره‌کانی عه‌شیره له دیارده سهرخانییهکانهوه ده‌ڕژێته‌وه نێو کۆمه‌ڵ. لێره‌وه جه‌بری مانه‌وه خۆی ده‌سه‌پێنێ. له حاڵه‌تێکی وادا سایکۆلۆژییهتێک له کۆمه‌ڵگادا سه‌رهه‌ڵده‌دا که ئه‌ویش ره‌گی له گوتاری مانه‌وه‌دا هه‌یه. ئیتر ده‌شێ هه‌ر شتێک مانه‌وه بسه‌لمێنێ خۆبه‌خۆ جێگای ره‌زامه‌ندیی هه‌مووان بێت. لێره‌وه ده‌شێ جۆری ململانێیه سیاسیه‌کان وه‌هایان لێ بێت که خودی سیاسیه‌کانیش بێ‌زیان لێ بێته‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا وه‌ک جه‌برێک، وه‌ک دیارده‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو له‌گه‌ڵیا رادێن، به‌ڵام مه‌ترسیه‌که له‌وه دایه که ئه‌م حاڵه‌ته ده‌توانێ دوای زه‌مه‌نێکی دوور‌و درێژ ببێ به تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئاسایی. ئیتر له‌م کاته‌وه جگه له سیسته‌می دهسهڵاتو جگه له کۆمه‌ڵگا، خودی به‌رهه‌ڵستکارانیش ده‌بن به یه‌کێک له پنته‌کانی پارێزه‌ری ئه‌م دیارده‌یه، لێره‌وه ئیتر خه‌ونه بێگه‌رده‌کان گه‌ردیان لێ ده‌نیشێ، ئیتر له‌نێو به‌رهه‌ڵستکاراندا هه‌م پاشه‌کشه‌کان ده‌ست پێده‌کاو هه‌م دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشگێڕانی دڵ ره‌ق سه‌رهه‌ڵده‌دا. له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا که گوتاری مانه‌وه‌ی به‌سه‌ردا زاڵه داهاتوو ده‌بێ به هی ئه‌وه‌ی که له‌وانی دیکه زۆرتر ده‌ربه‌ستی مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی له رێگای توندوتیژییه‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان خه‌ونێکی خۆشه، به‌ڵام له‌بیریان ده‌چێ که جۆری مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر داهاتووشیان ته‌ئسیر داده‌نێ.
ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ که داخۆ هه‌ر بزووتنهوهیکو هه‌ر چالاکییه‌کی سیاسی له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که که‌لتووری سیاسی عه‌شیره‌یی به‌سه‌ردا زاڵه، به ناچار ده‌بێ سه‌ره‌تا له گوتاری مانه‌وه‌وه ده‌ست پێ بکا! داخۆ ئه‌گه‌ر له ره‌هه‌ندی گوتاری مانه‌وه‌وه تێنه‌په‌ڕێ ده‌توانێ دیارده‌یه‌ک به نێوی خه‌باتی سیاسی شارستانیانه سه‌قامگیر بکا؟
ره‌وتی مێژوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، چاوه‌ڕوانی لێدوانێکی تیورێکی نابێت. واته پێش له هه‌ر شتێک به‌ناچار ئه‌و بزوتنه‌وانه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن که له چوارچێوه‌ی که‌لتووری سیاسی عهشیرهییداو به خه‌ونی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م چوارچێوه‌یه دێنه نیو مه‌یدانه‌وه. مێژوو پێش هه‌ر شتێکی دیکه وه‌ڵامی پراکتیکی پێیه نه‌ک وه‌ڵامی تیۆریکی. هه‌موو ره‌وتێک له چوارچێوه‌ی خۆیدا دژی خۆی دروست ده‌کا. بێگومان مهحدوودییهتی بارودۆخی مێژووی ئیزنی ئه‌وه نادا بزووتنه‌وه یا خود حزبێک به که‌یفی خۆی ئه‌و ههلو مه‌رجه مێژووییه تێپه‌ڕێنێ. به‌ڵام مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه که کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام ته‌سلیمی وه‌ڵامه پراکتیکییه‌کان ببێته‌وه. واته له‌و پانتاییانه‌دا کار بکا که بۆ هه‌میشه جیا کرابێتنه‌وه له تیۆر‌و له بیر کردنه‌وه.
مێژووی کوردستان مێژووی بزووتنه‌وه‌ی پراکتیکییه. له پاڵ ئه‌م بزووتنه‌وه پراکتیکیانهدا نه تیۆر‌و نه مه‌عریفه‌کان شکڵ دهگرنو نه سیاسه‌تێکی ستراتیژیکی. ئه‌زموونه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی دیکه له چوارچێوه‌ی تیۆریکی گشتگیر‌و شمولیدا خڕ ناکرێنه‌وه. له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆرانه‌ش بوونیان هه‌بێت، تیۆرێکی حزبی‌و رێکخراوهیینو هه‌ڵیان نه‌داوه‌ته بوارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی. واته له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه خوێندنه‌وه‌یه‌کی سهرتاپاگیریان بۆ نه‌کراوه. ئه‌مه بوه‌ته هۆی ئه‌وه که رووحی تیۆرێکی له‌نێو ئێمه‌دا بزر بێت. که مێژوویش له تیۆردا خڕوچڕ نه‌کرایه‌وه، ئێمه له‌گه‌ڵ دیمه‌نێکی پچڕپچڕو لێکترازاوه‌ی رابردوو رووبه‌ڕووین. ئه‌م حاڵه‌ته یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌لتوری سیاسی عه‌شیره‌ییه. که‌لتووری سیاسی عه‌شیره‌یی رابردووی ته‌ژییه له پیاوه مه‌زنه‌کان. زۆرتر رابردوو له پیاوه مه‌زنه‌کاندا ده‌ناسێته‌وه، له‌م که‌لتووره‌دا تیۆری خوێندنه‌وه‌ی رابردوو بزره.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی تیۆری حزبی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه ئه‌وه‌یه که چونکه که‌لتووری عه‌شیره‌یی که‌لتووری زاڵه، به‌ناچار ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی ته‌سلیمی نه‌بێته‌وه، ئه‌وا له شوێنه بنه‌ڕه‌تیه‌کاندا ته‌سلیمی ده‌بێته‌وه. واته دوای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیش له زۆرینه‌ی خۆیدا هه‌مان رێگای که‌لتووری سیاسی عه‌شیره‌یی ده‌گرێته‌وه به‌ر. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیتر خۆی خیانه‌ت له خۆی ده‌کا. خیانه‌ته ده‌کاو ئه‌وسا نیسبه‌تی ده‌دا به بارودۆخ‌و وه‌زعی ناوچه‌ییه‌وه. وه‌ک بڵێی بۆ هه‌میشه ئێمه مه‌حکوومی ئه‌و بارودۆخه دهرهکیهین که به‌رده‌وام بڕیارمان له‌سه‌ر ده‌دا. لێره‌دا وێنه‌ی شۆڕشێگڕێکمان دێته به‌رچاو که ده‌سته‌وه‌ستانه له ئاست گۆڕینی کۆمه‌ڵگا. ئیتر لێره‌دا ئه‌و بۆچوونه له‌نێو کۆمه‌ڵگادا سه‌ر هه‌ڵده‌دا که مێژوو ته‌نیا بریتییه له گۆڕانی ده‌سه‌ڵاته‌کان بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانی چلۆنایه‌تی له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێته گۆڕێ. ئه‌مه ته‌ئسیر لهسههر یاده‌وه‌ری مێژووی داده‌نێ. مێژوو ده‌بێ به پانتایی سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ونه نه‌زۆکه‌کان. لێره‌وه رێبواری شۆڕشگێڕ ده‌بێ به عارفێکی زه‌مینی که ته‌نیا خۆی بهرۆیشتنهوه پیناسه ده‌کا، بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌نجام گه‌یشتنێک له گۆڕێ‌دا بێت. چه‌نده‌ش ئه‌م حاڵه‌ته مه‌ترسیداره، چونکه له ئه‌نجامدا خه‌ونه شۆڕشگێڕییه‌کان پاشه‌کشه ده‌که‌ن بۆ چوارچێوه‌ی نوخبهکانو، جه‌ماوه‌ر ته‌نیا خۆی له هه‌ڵکردندا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که به بزه‌یه‌کی تاڵه‌وه ده‌ڕوانێته مرۆڤ نائاساییه‌کانی تنیشتیو ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که به ناچار ههڵدهچێو به‌گژ بارودۆخدا ده‌چێته‌وه هێشتا قه‌ناعه‌تی به‌و خه‌ونانه نییه. وه‌ک بڵێی مێژوو ده‌که‌وێته نێو جه‌غزێکی بێپایانی دووپات بوونه‌وه‌وه.
***
دوا په‌نجه‌ره
له‌سه‌ر دێڕی ئه‌م وتاره‌دا ئێمه که‌لتووری عهشیرهییمان له که‌لتوری عه‌قڵانی جودا کردۆته‌وه. واته ده‌کرێ که‌لتووری عه‌شیره‌یی ”که‌لتوورێکی ناعه‌قڵانی بێت” به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له باسه‌که‌دا وردتر بین ده‌بێ بڵێین که که‌لتووری عه‌شیره‌یی خاوه‌ن عه‌قڵانیه‌تی خۆیه‌تی، عه‌قڵانیه‌تێک که جودای ده‌کاته‌وه له عه‌قڵانیه‌تی مۆدێرن. مۆرای ده‌ڵێ: (له‌سه‌رده‌می سه‌ده‌کانی نێوه‌راستدا نه‌ریتی عه‌قلانی له راستیدا نه‌ریتێکی ”عه‌قڵانی ــ باوه‌ڕی”بوو، له‌م نه‌ریته‌دا تێگه‌یشتنی عه‌قڵانی خۆی له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی مه‌سیحیدا دهگونجانو ئه‌وه‌ی راستی بێت له حاڵه‌تی سه‌لماندنی مه‌سیحیه‌تدا نرخ‌و پایه‌ی به‌ده‌ست ئه‌هێنا. لێره‌وه، له نه‌ریتی له‌م چه‌شنه‌دا، عه‌قڵ رێگای به خۆی نه‌ئه‌دا به ده‌ره‌نجامی بێ باوه‌ڕی بگات، له‌م رێگایه‌وه خیانه‌ت له خۆی بکات) ”12”.
له‌م قسانه ئه‌مه ده‌رده‌که‌وێ که زۆر پێش سه‌رده‌می مۆدێرن، له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا عه‌قڵانیه‌تێک به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه له گۆڕێ‌دا بووه. که‌واته به‌و پێیه‌ی عه‌قڵ دیاره‌یه‌کی مرۆڤانه‌یه، ده‌کرێ له هه‌موو ئه‌و چاخانه‌دا که مرۆڤ به‌پێی پره‌نسیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ژیاوه، خاوه‌ن عه‌قڵانیه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی بووبێت.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانین باس له عه‌قڵی که‌لتووری عه‌شیره‌یی بکه‌ین. واته عه‌قڵێک که خۆی له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پاراستن‌و هێشتنه‌وه‌ی نه‌ریتی عهشیرهیدا ده‌بینێته‌وه. عه‌قڵێکی وا نامۆدێرنه. عه‌قڵی که‌لتوری عه‌شیره‌یی به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌دوور له تۆتمو ره‌گه‌زه‌کانی ئایینی عه‌شیره ناتوانێ بێته گۆڕێ‌و هه‌ر بۆیه به‌ستراوه‌و که‌م مه‌ودایه، ئه‌گه‌ر له وشه‌کانی ”مۆرای” که‌ڵک وه‌ربگرین ده‌بێ بڵێین: که ئه‌م عه‌قڵه ناتوانێ خیانه‌ت به خۆی بکات، هه‌روه‌ک چۆن خیانه‌ت سه‌باره‌ت به نه‌ریتی عه‌قڵانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست کاتێک روویدا که: (مۆدێڕنێته، قه‌ڵه‌مڕه‌وی عهقڵو باوه‌ڕی له‌یه‌ک جودا کردووه) ”13”. خیانه‌تیش سه‌باره‌ت به عه‌قڵی که‌لتووری عه‌شیره‌یی کاتێک روو ده‌دا که مۆدێڕنیته وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی به‌رفراوانی ئابووری‌و کۆمهڵایهتیو که‌لتووری خۆی به کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا بکا.
به‌ڵام کاره‌ساته‌که له‌وه‌دایه که له جیهانی پێشکه‌وتوودا ئێستا خودی مۆدێرنیته‌ش له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی ره‌خنه‌یه‌کی به‌رفراواندایه. هه‌روه‌ک چۆن (مۆدێرنیته ره‌خنه‌ی له نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگا کۆنه‌کان دهگرتو ده‌یگوت ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه عه‌قڵانی نین‌و بێ‌ئاگان له ئازادی‌و رۆحی داهێنه‌رانه‌ی مرۆڤ‌و به‌هایه‌ک بۆ تاکانه‌یی عه‌قڵی زانستی ــ ره‌خنه‌یی دانانێن‌و… به‌ڵام ره‌خنه‌گرانی مۆدێرنێته کۆمه‌ڵگای مؤدێڕنیش هه‌ر به‌م خه‌سڵه‌تانه‌وه ده‌ناسن) ”14”.
که واته کۆمه‌ڵگای کوردی وه‌ک قۆناغی خۆی ”جۆری پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی” گیرۆده‌ی ره‌خنه‌ی مۆدێڕنه که ئاراسته‌ی پێکهاته‌یه‌کی کهلتووریو کۆمه‌ڵایه‌تی پێش مۆدێرنی ده‌کا. جا داخۆ خه‌ونی مۆدێرنیزاسیۆن بۆ ئێمه خه‌ونێکی دره‌نگ وه‌خت نییه؟
فه‌ڕۆخ نیعمه‌تپوور
په‌ڕاوێز:
”1” اطلاعات سیاسی _ اقتصادی ژماره ”136_135”.
”2” اطلاعات سیاسی _ اقتصادی ژماره ”136_135”.
”3” اطلاعات سیاسی _ اقتصادی ژماره ”136_135”.
”4” یادداشت رفیق حلمی.
”5” یادداشت رفیق حلمی.
”6” یادداشت رفیق حلمی.
”7” یادداشت رفیق حلمی.
”8” یادداشت رفیق حلمی.
”9” حکومههتی کوردستان، کورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتیدا _ نه‌وشیروان مستهفائهمین.
”10” حکومههتی کوردستان، کورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتیدا _ نه‌وشیروان مستهفائهمین.
”11” حکومههتی کوردستان، کورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتیدا _ نه‌وشیروان مستهفائهمین.
”12” سه‌رده‌م ژماره ”3”
”13” سه‌رده‌م ژماره ”3”.
”14” سه‌رده‌م ژماره ”3” وتاری پاش مۆدێرنێتی.
· باوک‌و برای شێخ مه‌حموود له موسڵ ده‌کووژرێن.. له کوژرانی ئه‌واندا توێژی سه‌ربازیی نوێ ده‌ستیان هه‌بووه.
· * ره‌نگه ره‌فیق حلمی یه‌که‌مین رۆشنبیری کورد بێت که له راڤه‌یه‌کی مێژوویی‌دا خۆدی کۆمه‌ڵگای کوردی به به‌رپرسی یه‌که‌م داده‌نێت له ئاست کاره‌ساتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، ره‌نگه ئه‌م تێڕوانینه‌ی له به‌شێکی دابۆ ره‌خنه‌ی هونهریو ئه‌ده‌بی بگه‌ڕێته‌وه که ره‌فیق حلمی له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا داهێنه‌ری بوو.
ئەم وتارە لە گۆڤاری “قەڵەم ژمارە یەک 1” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید