تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دابڕان له بیری میتولۆژی1 له یۆنانی کۆندا کامانه‌ن؟
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دابڕان له بیری میتولۆژی1 له یۆنانی کۆندا کامانه‌ن؟ فیلسوفه‌کان له‌م بواره‌دا له گه‌ڵ چ کێشه‌گه‌لێک رووبه‌ڕوو بوون؟
1ـ له ده‌وروبه‌ری ساڵی 600 ی پێش زایینه‌وه به‌ره به‌ره بیرمه‌ندان و لێکۆڵه‌وه‌ران له ناوچه یۆنانی زبانه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ وێنه خودی یۆنان، که‌ناره‌کانی ئاسیای بچوک و کۆڵۆنیه‌کانی یۆنان له باشوری ئیتالیا. ئه‌م بیرمه‌ند و لێکۆڵهوهرانه که دواتر ناوی فیلسوفیان لێ‌نرا، زیاتر له هه‌ر شتێکی دیکه سه‌رقاڵی هۆ یاخود هۆیه‌کان له سروشتدا بوون. واته ئه‌و هۆیانه‌ی که ده‌یانتوانی بنه‌مای رووداو‌و و دیارده‌کانی ناو سروشت بخه‌نه روو و ده‌ست نیشانیان بکه‌ن. ئه‌وان به شوێن هۆکاره سروشتییه‌کاندا ده‌گه‌ڕان و له راستیدا وازیان له هۆکاره بانسروشتیهکانی وه‌ک خودا و میتولۆژیا هێنابوو. شیکردنه‌وه‌کانیان پشت ئه‌ستور بوو به شته هه‌ستپێکراوه‌کان، واته ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤ ده‌یتوانی له رێگای هه‌سته‌کانه‌وه په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ به‌رقه‌رار بکا. شایانی گوتنه که زۆربه‌ی فیلسوفه‌کان ته‌نیا به فه‌لسه‌فه‌وه سه‌رقاڵ نه‌بوون، به‌ڵکو ماتماتیک، ئه‌ستێره‌ناسی و سروشتناسی بواره‌کانی دیکه‌ی کار و ماندوو بوونی وان بوون. له راستیدا تا سه‌ده‌ی 18 به هه‌ر چه‌شنه زانست و سروشت ـ زانیارییه‌ک2 ده‌گوترا فه‌لسه‌فه‌ی سروشت. بۆ وێنه ده‌توانین ئاماژه به جوڵه ـ یاسای نیۆتۆن بکه‌ین که پێی ده‌گوترا فه‌لسه‌فه‌ی سروشت.
فیلسوفه‌کانی پێش سوفیسته‌کان به دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کییه‌وه سه‌رقاڵ بوون: 1ـ کێشه‌ی “بن مه‌تریاڵ”3 واته ئه‌و مه‌تریاڵه‌ی که هه‌موو مه‌تریاڵه‌کانی دیکه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. 2ـ کێشه‌ی جوڵه و گۆڕان.
کێشه‌ی بن مه‌تڕیاڵ: ئایا مه‌تریالێکی سه‌ره‌کی هه‌یه که هه‌موو مه‌تریاله‌کانی دیکه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتبێ؟ ئه‌مڕۆکه ئه‌م پرسیاره به‌م شێوه‌یه ئاراسته ده‌کرێ: ئایا له بنه‌ڕه‌تدا شتێک هه‌بووه که شته‌کانی دی به‌رهه‌می گه‌شه‌ی ئه‌و شته بنه‌ڕه‌تییه بن؟ داخۆ ده‌توانین یه‌ک یان چه‌ند بن مه‌تریالێک ده‌ستنیشان بکه‌ین که مه‌تریاله‌کانی دی له‌وانه‌وه پێک هاتبن؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا “تالس” یه‌که‌مین فه‌یله‌سوفی جیهان ده‌ڵێ که ئاو بنمهتریاله و هێراکلیتیش ده‌ڵێ ئاگر.
کێشه‌ی گۆڕان و جوله‌ش دوو پرسیار له خۆ ده‌گرێ: ئایا جوڵه و گۆڕان راسته‌قینه‌ن؟ چ جۆره شتێک ده‌گۆڕدرێ و چ جۆره شتێک ناگۆڕدرێ؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا سێ بیر‌و ڕای سه‌ره‌کی هه‌یه: 1) فه‌یله‌سوفی ئیلیایی پارمهنیدێس ده‌ڵێ که هیچ شتێک ناگؤڕدرێ. 2) هێراکلیت ده‌ڵێ که هه‌موو شتێک له گۆڕاندایه. 3) ئه‌تۆمیسته‌کان ده‌ڵێن ئه‌تۆم که پێکهێنه‌ری شته‌کانن ناگۆڕدرێن، به‌ڵام شته‌کان که له ئه‌تۆم پێک هاتوون، ده‌گۆڕدرێن.
ده‌بێ بڵێین که پلاتۆن وه‌ک پارمهنیدێس بیری ده‌کرده‌وه‌و ئه‌ره‌ستوش وه‌ک هێراکلیت. پلاتۆن ده‌یگوت که ته‌نیا “ئایدیا” راسته‌قینه و نه‌گۆڕه و، ئه‌ره‌ستۆش ده‌یگوت ئه‌م جیهانه‌ی ئێمه له رێگای هه‌سته‌کانمانه‌وه په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌گرین، راسته‌قینه‌یه و به‌رده‌وام له گۆڕاندایه.
پارمهنیدێس وه‌ک وتمان ده‌ڵێ گۆڕان نامومکینه. دهلیلیشی ئه‌وه‌یه که هیچ شتێک ناتوانێ له شتێکه‌وه بێته بوون که بوونی نیه، یان هه‌ر شتێک که بوونی هه‌یه ناتوانێت ببێ به هیچ. زێنۆن که قوتابیی پارمهنیدێس بوو به هێنانه گۆڕی کۆمه‌ڵێک پارادۆکس له بابه‌ت ئه‌م وته‌زایه ده‌یویست ئه‌وه نیشان بدات که گۆڕان واتایه‌کی بێ مانایه.
هێراکلیت دوو بۆچوون ده‌هێنێته ئاراوه: 1) شته‌کان له جیهانی هه‌ستپێکراو و مهتریالیدا به‌رده‌وام له گۆڕاندان. 2) به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین گۆڕان بسه‌لمێنین ده‌بێ کۆمه‌ڵێک پێوه‌ر، وته‌زا و تاریفی دیاریکراو هه‌بن که بۆ خۆیان نه‌گۆڕ بن. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا مرۆ ده‌توانێ سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌ی ئه‌ره‌ستو بدات که ده‌ڵێ جیهانی هه‌ستپێکراو له گۆڕاندایه، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی نه‌گۆڕیش هه‌ن.
ئه‌تۆمیسته‌کان ده‌ڵێن کاتێک ئێمه شتێک به سه‌رخۆیدا دابه‌ش بکه‌ین، سه‌رئه‌نجام ده‌گه‌ینه شوێنێک که ئیدی ناتوانین له‌وه زیاتر ئه‌و شته دابه‌ش بکه‌ین. ئه‌وان ده‌یانگوت که ئه‌م توخمه هه‌ره بچوک و نه‌گۆڕه ناوی “ئه‌تۆم”ه و له راستیدا هه‌موو شته‌کانی جیهان له‌وان پێکهاتوون. هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌تۆمه‌کان له‌وه زیاتر دابه‌ش ناکرێن ئه‌وه‌یه که وه‌ها له مادده تۆکمه و تێئاخنراون، که چیدی ده‌رفه‌تی دابه‌شبوون ناده‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌تۆمه‌کان به هۆی بچوکیی لهرادهبهدهریانهوه هه‌ست پێناکرێن، به‌ڵام به عه‌قڵ ده‌رکیان پێده‌کرێ. ئه‌وه‌ی که شته ههستپێکراوهکانیش جۆراوجۆرهن، هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه که له ئه‌تۆمی جۆراوجۆر پێکهاتوون. له راستیدا ئه‌تۆمه‌کان ده‌توانن فۆڕم و قه‌واره‌ی جۆراوجۆریان هه‌بێ، هه‌روه‌ها کێش و جوڵه‌ی جۆراوجۆریش.
به پێی بۆچوونی ئهتومیستهکان، جیهان له ئهتومهکان پێکهاتووه. هه‌رچی له سروشتدا رووده‌دات ئاکامی لێکگرێدان و لێکپچڕانی ئهتومهکانه. ئهتومهکان به شێوه‌ی میکانیکی له سه‌ر یه‌ک کاریگه‌رییان هه‌یه. به وه‌ها بۆچوونێک ده‌گوترێ “تێگه‌یشتنی میکانیکیانه‌ی سروشت”. به گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه جیهان وه‌ک ماشین کارده‌کا. واقعییه‌ت جگه له تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌تۆمه‌کان شتێکی دیکه نیه. هه‌ربۆیه واقعییه‌ت بێ ره‌نگ، بۆن، تام، ده‌نگ و گه‌رمایه.
وه‌رگێڕانی له نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
1ـ mytologisk tenkning
2 ـ naturviten
3ـ urstoff
سه‌رچاوه:
Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og vitenskapshistorie…av Anfinn Stigen
Cappelen Akademisk Forlag
دیدگاهتان را بنویسید