داری دێمۆکراسی به خوێن پاراو ناکرێ
داری دێمۆکراسی به خوێن پاراو ناکرێ
پێوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و دێمۆکراسی
کاتێ پرسی شه‌ڕ دێته گۆڕێ، کوتومت هزری مرۆڤ به‌ره‌و شووناسێک راگوێز ده‌کا که پێوه‌ندی هه‌یه به توندوتیژی، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته، واته توندوتیژی، به‌شێکه له چه‌مکی گشتی شه‌ڕ. کاتێ ئاوڕ له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کانی مێژوو ده‌ده‌ینه‌وه ده‌بینین که پێ به پێی قۆناغه‌کانی مێژوو، شه‌ڕ له گه‌ڵ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا هاتووه تا به ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا و بگره ئه‌م بابه‌ته ره‌نگه به‌شێکی گرینگ بێ له کردار و کاردانه‌وه‌کانی مرۆڤ له سه‌رده‌مانی دواتریشدا. به‌ڵام له گشت قۆناغه جیاوازه‌کانی مێژوودا شه‌ڕ هه‌میشه یه‌کێک بووه له تاکتیکه‌کانی مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست. ئه‌م دۆخه که مرۆڤ هه‌ڵده‌ستێ به ته‌داره‌کی شه‌ڕ، ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵی هۆکاری تایبه‌ت که پێوه‌ندیان هه‌یه به بابه‌تی سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و ئامانج و مه‌به‌ستانه‌ی که له قۆناغێک له مێژوویدا بۆی گرینگ بووه و حه‌ولی بۆ داوه. نکۆڵی لی ناکرێ که به‌شێکی به‌رچاو له ئامانجه‌کانی مرۆڤ له زۆنگه‌ی حه‌ولێکی ئیمپریالیسمی یان کۆلۆنیدا بووه و، هه‌ر له‌م زۆنگهیشهوه شه‌ڕ سیمای توندوتیژی خۆی ده‌رخستووه.
لایه‌نێکی دیکه که پێوه‌ندی ده‌درێته‌وه به شه‌ڕ، جیاوازی یان به واتایه‌کی دیکه بیری جیاوازه. ئه‌م فاکته هه‌ڵگری شرۆڤه‌یه‌کی تایبه‌ته له زۆنگه‌ی هاوکێشه‌دا. له هه‌ر کۆمه‌ل یان کۆمه‌ڵگا یان ده‌سته و هه‌رچییه‌ک که پێوه‌ندی هه‌یه به پرسی کۆمه‌ڵ، بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز به چه‌شنێک راگه‌یاندنی شه‌ڕه. شه‌ڕ بۆ داکۆکی کردن له بیری نوێ، شه‌ڕ بۆ کۆمهڵگیر بوونی هزر یان کولتورێک که هه‌ڵگری بیری نوێ- خه‌باتی بۆ ده‌کا، شه‌ڕ له پێناو خۆڕاگرتوویی و، شه‌ڕ له پێناو نکۆڵی کردن له سووننه‌ته جهببرگهراییهکانی نه‌ریت و کۆمه‌ڵ و… به گشتی ئه‌م دۆخه هه‌رده‌م له ته‌قه‌لایه‌کی به‌رده‌وامدایه تا به ئه‌و کاته‌ی مه‌رجه‌کانی بیری نوێ له کۆمه‌ڵگادا جێگای شیاوی خۆی پێده‌درێ.
چه‌مکی شه‌ڕ ته‌نانه‌ت له واتاکانی فه‌لسه‌فه‌شدا به هه‌ند گیراوه و ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێ به بینینی “نیچه” له هه‌مبه‌ر ئه‌م وته‌زایه ده‌بینین که شه‌ڕ جێگایه‌کی دیکه ده‌بینێته‌وه له گشت ئه‌و پارامێترانه‌ی که په‌یوه‌ستن به ژیان و چه‌مکی “خود”. نیچه گرینگییه‌کی تایبه‌ت ده‌دا به چه‌مکی شه‌ڕ و له سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته راوه‌ستاوه که ژیان شه‌ڕێکی نه‌پساوه‌یه و مادام مرۆڤ ئاره‌زووی حزوور بکا له‌م مه‌یدانه‌دا پێویسته شه‌ڕکه‌رێکی به‌توانا بێ. ئه‌م قه‌ناعه‌ته پێوه‌ندیشی هه‌یه به توێژینه‌وه‌کانی داروین له هه‌مبه‌ر بابه‌تی بایۆلۆژی و وته‌زا به ناوبانگه‌که‌ی ” مانه‌وه” (راز بقا). به‌لام که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ له روانگه‌ی عه‌قڵییه‌تی نێچهوه هه‌ڵگری راڤه‌یه‌کی جیاوازه و، ئه‌م که‌ره‌سه‌یه قه‌تعه‌ن که‌ره‌سه‌یه‌کی عه‌قڵانییه چوونکه توندوتیژی به‌س دوورنمایه‌کی تایبه‌ته له چه‌مکی گشتی شه‌ڕ. مهوقوولهی شه‌ڕ قه‌تعه‌ن له توندوتیژیدا کورت ناکرێته‌وه‌و، به‌ڵکه شه‌ڕ دیوێکی دیکه‌شی هه‌یه که له خۆیدا ده‌شێ که‌ره‌سه‌یه‌ک بێ بۆ به‌ر گرتن له توند و تیژی.
ئه‌گه‌ر له‌م گۆشه نیگایه‌وه له دوای پێوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و دێمۆکراسی بگه‌ڕێین، پێویست ده‌کا به خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه سه‌باره‌ت به ماهیه‌تی مێتۆدیکی ئه‌م دوو بابه‌ته. ئه‌م دوانه دوو فاکتی زۆر جیاوازن له زۆنگه‌ی ستراتێژیکدا. دێمۆکراسی سیسته‌مێکی به‌رێوه‌به‌رییه که مه‌جال ده‌ره‌خسێنێ بۆ گشت بواره‌کانی ژیان، به واتایه‌کی دیکه مکانیزمێهکه بۆ پێکه‌وه‌ژیان و پێکه‌وه‌بوون سه‌ره‌ڕای جیاوازی. ئه‌م سیسته‌مه ئامانجێکی تێکنۆکراتانهیه که له کۆمه‌ڵێ چالاکی هه‌ڵبژاردندا و به دوور له هه‌رچه‌شنه توندوتیژییه‌ک شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات له لایه‌نێکه‌وه به‌ره‌و لایه‌نێکی دیکه راده‌گوێزێ و، ئه‌ساسه‌ن تواناییه عه‌قلانییه‌کان له‌م بواره‌دا پتر مه‌حه‌کن. به‌ڵام شه‌ڕ له راستیدا ئامانج نییه و به‌ڵکه که‌ره‌سه‌یه. به‌ڵام داخوا ئه‌م که‌ره‌سه‌یه تا به چه‌نده مرۆڤ نێزیک ده‌کاته‌وه له ئامانج؟ یان به واتایه‌کی دیکه بێجگه له شه‌ڕ هیچ که‌ره‌سه‌یه‌کی دیکه به‌دی ده‌کرێ بۆ وه‌دی هاتنی ئامانجه‌کانی مرۆڤ؟ بێ گۆمان وڵامی هه‌ردوو پرسیاره‌کان روون و ئاشکران ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین به‌و راڤه‌یه له شه‌ڕ که پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که تاک بیر ده‌کاته‌وه و ئه‌م بیرکردنه‌وه‌شی له پارالێری رایگشتیدا نییه، ئه‌مه له خۆیدا راگه‌یاندنی شه‌ڕه. به واتایه‌کی دیکه هه‌موو بزاڤه دێمۆکراتییه‌کان له ململانه‌یه‌کی به‌رده‌وام دان بۆ خه‌بات له پێناو مه‌رجه دێمۆکراتیکهکانیان و بگره هه‌ر له‌م پێناوه‌دا تووشی سه‌رکوت و ئه‌شکه‌نجه ده‌بن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگیشیان له به‌رده‌مدایه، باشه ئه‌م دۆخه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ نییه ده‌شێ به چی مه‌زنده بکرێ؟ چه‌مکی شه‌ڕ پانتایه‌کی به‌رفراوانه بۆ حه‌وله نه‌پساوه‌کانی مرۆڤ. هه‌ر ئه‌وه‌ندی که شه‌ڕ بۆ وه‌دی هێنانی ئامانج پێویسته هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئامانج گرینگه. دوور له وینا کردنی چه‌مکی شه‌ڕ هاتنه‌دی مه‌به‌سته حه‌یاتییه‌کانی مرۆڤ له واقع دووره (لانی که‌م له‌م سه‌رده‌مه‌دا).
به‌رله‌وه‌ی بچمه سه‌ر مه‌به‌ستی گشتی له‌هه‌مبه‌ر پێوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و دێمۆکراسی به پێویستی ده‌زانم ئاوڕێکی زۆر تیژتێپه‌ڕ بدرێته‌وه له دێمۆکراسی. دیمۆکراسی خاوه‌نی چه‌مکێکی بهرفهرهوانه و له هه‌مان کاتدا خاوه‌نی مێژوویه‌کی دورو درێژیشه. به بێ سوودی نابینم ئه‌گه‌ر وه‌ک هه‌میشه سه‌رنج بدرێ به واتا و مێژووی ئه‌م وته‌زایه که له مێژه مرۆڤ له پراکتیزه کردنیدا ده‌سته‌وه‌سانه- مه‌به‌ست له‌و چه‌مکه بابهتییهیه که دێمۆکراسی هه‌ڵگریه‌تی. ئه‌م وشه‌یه له وته‌زایه‌کی یۆنانی هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه که دێمۆکراسی کردوه به ناوێکی ته‌واوکه‌ر که بریتییه له دوو وشه‌ی دێموس (گه‌ل) و کراتوس (حکومه‌ت)، و له بنه‌ره‌تدا به مانای سیسته‌مێکی سیاسییه که له‌ودا حکوومه‌ت له رێگای گه‌له‌وه به‌رێوه ده‌چێ. وه‌ک تێبینییه‌کی مێژوویی پێویسته ئاماژه به‌وه بدرێ که ئه‌م شێوازه له حکومه‌ت کردن، له بنه‌ڕه‌تدا ستاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو له پاشا و ئه‌شرافه‌کان و راگوێستنی ده‌سه‌ڵات بوو بۆ نوخبه (که به بۆچوونێک ره‌نگه مه‌به‌ستی “گه‌ل” هه‌مان نوخبه بێت)، نابێ له بیری بکه‌ین که له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌جالی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که شهرعییهتتی ده‌دا به ده‌سه‌ڵاتی موناریشی، له لاوازی‌دا بوو.
به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان هومێد ده‌کرێ تا ره‌وتی دێمۆکراسی له چه‌می سه‌ره‌کی خۆی نێزیک بکرێته‌وه، واته هه‌مان واتای حکوومه‌تی گه‌ل. ئه‌وه‌یکه ئه‌م ره‌وته لهبهرچێ هێشتا له پراکتیزه کردنی چه‌مکی دێمۆکراسیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، پرسیارێکی بابه‌تیانه‌یه که پێوه‌ندی هه‌یه به کۆمه‌ڵێ پارادۆکس که له مه‌یدانی شرۆڤه کردنی ئه‌م بابه‌تدا ده‌ر ده‌که‌وێ، ئه‌م پرسه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ پرسیاری بنچینه‌یین که پێوه‌ندی ده‌درێته‌وه به چه‌مکی “حکومه‌ت”، ” گه‌ل”و “که‌ره‌سه‌ی پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل”. له‌م میانه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێ مودێلی دێمۆکراسی هاتونه‌ته گۆڕێ که برتین له سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند حزبی، سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی کردنی تاکه حیزب و، دێمۆکراسی راسته‌خۆ (دمکراسی مشارکتی). ئه‌م سێ مۆدێله له دێمۆکراسی دیار ترین مۆدێلێکن که به وته‌یه‌ک ده‌شێ بگوترێ ته‌رحێکی گشتییه له مۆدێله‌کانی دێمۆکراسی.
ئه‌گه‌ر وه‌ک پێناسه‌یه‌ک قه‌ناعه‌ت بێنین به‌م شرۆڤه‌یه له چه‌مکی دێمۆکراسی که له سه‌رێدا هاته به‌ر باس، به پێویستی ده‌زانم ئه‌گه‌ر زۆر به کورتیش بێ سه‌رنج بدرێ به که‌ره‌سه‌ی دامه‌زرانی دێمۆکراسی. دیاره وه‌ک تێبینییه‌ک من وشه‌ی دامه‌زران به وته‌زایه‌کی گونجاو نازانم بۆ دێمۆکراسی و بگره به گشتی گرفتم هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌م وته‌زایه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا زۆر باوه. ئه‌ساسه‌ن دێمۆکراسی دانامه‌زرێ به‌ڵکوو نیهادینه ده‌کرێ. کاتێ باس له وشه‌ی نه‌هادینه کردنی دێمۆکراسی دێته گۆڕێ، گرینگی که‌ره‌سه ماددییه‌کانی دێمۆکراسی زه‌ق ده‌بێته‌وه بۆ نه‌هادینه کردن. بێگوومان ئه‌م که‌ره‌سانه له پرۆژه‌یه‌کی زه‌مه‌نیدا دروست ده‌بن که گرینگییه‌کی حه‌یاتی هه‌یه به ئاسایش و ئازادی. واته ئاسایش و ئازادی، مه‌جال ده‌ره‌خسێنن بۆ پرۆسه‌ی به نیهادینه کردنی دێمۆکراسی که ئه‌م که‌ره‌سه ماددییانهش بریتین له کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوه و نیهادی مه‌ده‌نی که له سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دێمۆکراسیدا کارتێکه‌ری به‌رچاویان ده‌بێ و راسته‌وخۆ که‌شێکی دێمۆکراتیک دابین ده‌که‌ن بۆ بونیادنانی سیسته‌مێک که تاک پێوه‌ند بداته‌وه به سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ری له کۆمه‌ڵگادا. هه‌تا دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و یاساییه‌کان و پرسی راگه‌یاندن بهرفهرهوانتر بن وێنای دێمۆکراسی شه‌فافتر و بابه‌تیتر ده‌بێ. به‌ڵام کاتێ سه‌رنج ده‌ده‌ین به وشه‌ی دامه‌زران ده‌بینین ئه‌م وشه‌ییه له باری راڤهییهوه هه‌ڵگری بارێکی جهببری یان به واتایه‌کی دیکه داسه‌پاندنه.
به‌ڵام پێوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و دێمۆکراسی، به‌و جوره‌ی له میانه‌ی بابه‌ته‌که‌دا ئاماژه‌ی پێدرا، ئه‌م دوانه پێوه‌ندیان به یه‌که‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له روانگه‌ی راڤه‌ی نیچه‌وه سه‌یر بکرێ. واته شه‌ڕ کردن له پێناو ئه‌ندیشه‌دا و به‌ره‌نگار بوونه‌وه له حاند ده‌سه‌ڵاته داسه‌پاوه‌کان که به‌شێکی مێژوویین له نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. به‌راستی ئه‌گه‌ر ره‌وتی دێمۆکراسی‌خوازی له شه‌ڕێکی به‌رده‌وامدا نه‌بێ له دژی ئه‌م هێزانه‌ی به‌رامبه‌ر، په‌ره‌دانی پرۆسه‌ی دێمۆکراتیک مه‌جالی ده‌بێ؟ بێگومان نا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له شه‌ڕ ئه‌م روداوانه‌ی هه‌نووکه‌یه – به‌تایبه‌ت پرۆژه‌ی دێمۆکراسیزاسیۆنی رۆژ هه‌ڵاتی ناوه‌راست- زۆر به کورتی و به هه‌ڵوێسته‌وه راده‌گه‌یه‌نم که ئه‌م پێوه‌ندییه به ته‌واوی نا ئاساییه. ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی نێڤیندا رووده‌دا توندوتیژییه – نه‌ک شه‌ڕ له پێناو دێمۆکراسیدا. هه‌تا ئێستا مێژوو نه‌یتوانیوه مۆدێلێکی کامڵ له توندوتیژی هه‌بێ بۆ دێمۆکراسی و ئه‌م پلانه‌ی ئێستا له به‌رده‌م رووداوه‌کانی په‌یوه‌ست به رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندایه، هێشتا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و ته‌نانه‌ت نیشانه‌کانیشی ئه‌م راستییه تاڵه‌مان پێ راده‌گه‌یه‌نێ که له درێژخایه‌نیشدا سه‌رکه‌وتوو نابێ. دێمۆکراسی به چه‌شنێک، به‌شێکه له کولتوری کۆمه‌ڵایه‌تی. کاتێ باس له کولتور ده‌کرێ به‌رز بوونه‌وه‌ی نیازی ئه‌م به‌ها گشتییه له ناخی کۆمه‌ڵگایه‌کدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که دێمۆکراسی ده‌کا به نه‌ریتێک بۆ پرنسیبه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و نیهاده مافپه‌روه‌رییه‌کان و هه‌روه‌ها میکانیزمه‌کانی به‌رێوه به‌ری. گرینگی ئه‌م پرۆسه‌یش له‌و کاتانه‌دا ده‌ر ده‌که‌وه‌ێ که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بتوانن خۆیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا ببینه‌وه که په‌یوه‌سته به پرسی سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ری و به واتایه‌کی دیکه ئاستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌رز بێته‌وه تا خۆی له نامۆییدا نه‌بینێته‌وه له‌هه‌مبه‌ر سیسته‌می سیاسی و به‌رێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگاکه‌یدا و ده‌رک به‌وه بکات که به‌رژه‌وه‌ندی تاک له مساوه‌مه کردن له حاند به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ و ئه‌م ئاسته‌ش به مهکانیزمێک به‌رهه‌م دێت که گشت تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا بخاته به‌رده‌م پێوه‌ندییه‌کی لۆژیکی و، راسته‌وخۆ به‌شداریان بکا له پرۆسه‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن که له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگادا مه‌رجه‌کانی بۆ ئاماده کراوه، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که ده‌نگ و رای تاک تا چ ئاستێک شوێن دانه‌ره له ئایه‌نده‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا. ئه‌م فاکته مسوه‌گه‌ر نابێ مادامه‌کی پارسه‌نگی ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵگادا نه‌شکێ و ده‌سه‌ڵات به قه‌ناعه‌تێکی پۆلۆرالیزمی (له بواره‌کانی ئائینی و نه‌ته‌وه‌یی و حیزبییه‌وه) مه‌یدان نه‌کاته‌وه بۆ دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان و ده‌زگا سینفی و سه‌ندیکاییه‌کان که به ئه‌زموون ده‌ر که‌وتووه ئه‌م نیهادانه گرینگ‌ترین پێگه‌یه‌کن بۆ چالاک کردنی تاک و هه‌ر له‌م رێگایه‌شه‌وه ئیراده‌ی کۆمه‌ڵه هاوچه‌شنه‌کان له سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگادا ده‌ست ده‌دات. بێگومان ئه‌م تێبینییه له زۆنگه‌ی دێمۆکراسی پێویستی هه‌یه به به‌رهه‌م هێنانی چینی مامناوه‌ندی و بردنه سه‌ری راده‌ی هوشیاری جه‌ماوه‌ر و به‌ستێنێک بۆ راهێنانی ئه‌م نه‌ریته.
به‌ڵام داخوا شه‌ڕ (به واتای توندوتیژی) له تاقه‌تیدا هه‌یه ئه‌م میکانیزمه به‌رهه‌م بێنێ؟ بێگومان ئه‌نجامی گشت شه‌ڕێک، وێرانی و قه‌یرانی ئابوری و تێکچوونی بونیاده سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگاو نوشستی بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کانی به‌دوادا دێ و ته‌نانه‌ت ئه‌م هێزانه‌ش ناچار ده‌کا به پاشه‌کشه کردن له حاند هێزه شه‌ڕکه‌ره‌کان. ئه‌م ئه‌کسیۆنه ئه‌نجامی دێمۆکراسی لێ ناکه‌وێته‌وه و بگره هه‌ر لایه‌ن یان حیزب و تاقمێک بێده‌نگی رابگرێ له حاست لۆژیکی شه‌ڕ (توندوتیژی)، ئه‌ساسه‌ن ده‌لاله‌ت ده‌کا له ماکی ئۆپۆرتۆنیست بوونی ئه‌و لایه‌نانه و به گشتی ئاستی تێگێشتن و قه‌ناعه‌تی ئه‌وان پیشان ده‌دات له‌هه‌مبه‌ر ده‌رکێکی رووکه‌شییانه سه‌باره‌ت به چه‌مکی دێمۆکراسی: که هه‌مان ده‌رکه گشتییه‌کانی (عه‌وامانه) دێمۆکراسییه که قه‌ناعه‌تی هه‌یه به ریزکردنی جه‌ماوه‌ره له پشت سندوقه‌کانی ده‌نگدان یان به واتایه‌کی دیکه دیکتاتۆری ده‌نگ. ژان ژاک رۆسۆ له سه‌رده‌می شۆرشی فهرانسدا وته‌یه‌کی به‌ناوبانگی هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر دێمۆکراسی، ئه‌و راده‌گه‌یه‌نێ که “داری دێمۆکراسی به خوێن پاراو ناکرێ!” پێم وایه ئه‌م په‌یامه‌ی رۆسۆ رونترین په‌یامێک بێ بۆ ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌تان.
به سپاسه‌وه
06.04.2007
رزگار ئه‌مین نه‌ژاد
دیدگاهتان را بنویسید