دێموکراسی به مه‌رجی شه‌ڕ یان شه‌ڕ به مه‌رجی دێموکراسی!
دێموکراسی به مه‌رجی شه‌ڕ یان شه‌ڕ به مه‌رجی دێموکراسی!
مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌و بابه‌ته شرۆڤه‌کردنی چه‌مکه‌کانی” دیموکراسی‌و شه‌ڕ” ه که له سه‌رده‌می گلوبالیزمو هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا وه‌کوو بابهتیهلێکی گرنگ‌و هه‌ستیار بووه‌ته جێگای لێکوڵینه‌وه‌ی پسپۆران‌و شاره‌زایانی بواری زانستی سیاسی.
من له‌و بابه‌ته‌مدا هه‌وڵده‌ده‌م به پشتبه‌ستن به کۆمه‌ڵێک فاکتی زانستی‌و ئه‌کادیمی ئانالیزی ئه‌و پرسیارهرانهی سه‌ره‌وه بکه‌م. هه‌رچه‌ند تاکوو هه‌نووکه به هه‌زران کتێب، نووسراوه‌و نامیلکه له‌مه‌ڕ ئه‌و وتهزانهی سه‌ره‌وه چاپ‌و بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام بێگومان تاکوو ئێستاش هه‌ردووکی ئه‌و چه‌مکانه جێگای خوێندنه‌وه‌و شیکاری زیاترن‌و ده‌کرێ مرۆڤ روانینی تازه و توکمهتری هه‌بێ له ئاست کارکردو ناوه‌رۆکی دێموکراسی‌و شه‌ڕ وه‌کوو دوو ئیلیمنتی پێکه‌وه‌گرێدراو و له هه‌مان کاتیش‌دا ناته‌با له گه‌ڵ یه‌کتردا.
چه‌مکی دێموکراسی:
دێموکراسی وه‌کوو هه‌ر ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی فیکری، هیچ کات زاده‌ی ئیده‌یه‌کی ڕه‌ها یان موتله‌ق نه‌بووه. له لایه‌کی دیکه‌وه دێموکراسی چه‌مکێکی رێژه‌ییه. واته شتێک نیه که کۆمه‌ڵگایه‌ک سه‌داسه‌د هه‌یبێ، یان کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه هیچی نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت وڵاتێک ده‌توانێ بانگه‌شه‌ی دێموکرات بوون بکات که حکومه‌ته‌که‌ی له رێگای ململانی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرتبێ.
جیرمی بینتهام، بیرمه‌ندی یاساناسی به‌ریتانیایی پێ وایه که یه‌کێک له گرنگترین فاکته‌ره‌کانی پارێزگاری له دێموکراسی ئه‌وه‌یه که، حکومه‌ت ڕه‌چاوی ئه‌سڵی به‌رابه‌ری له هه‌ڵبژاردندا بکات. واته به‌پێی ئه‌و ئه‌سڵه حکومه‌ت پێویسته رێز له هه‌موو کهمایهتیهکانو بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌کان بگرێت.
له یه‌کێ له نومایشنامهکانی ئوریپید، یه‌ک له ئاتێنهکان ده‌ڵێ:
“لای ئێمه سامان نابێته هۆی پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی، بیرورای هه‌ژارانیش هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه”.
ئه‌سلێکی دیکه که له دێموکراسی‌دا گرنگه مه‌سه‌ڵه‌ی پلۆرالیزمه، واته ئه‌سڵی قبوڵکردنی بیرورای جیاواز و هه‌روه‌ها ههلسۆکهوتی شارستانی له گه‌ڵ ململانێ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کۆمه‌ڵدا. رێزگرتن له چووکه‌ترین ده‌نگ له کۆمه‌ڵدا ده‌بێته هۆی پارێزگاری راسته‌قینه له بناغه‌کانی خودی دێموکراسی. به مانایه‌کی شه‌فافتر، دێموکراسی زامنی پاراستنی ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤه که ئه‌مه ده‌بێته هۆی راکێشانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و مهدهنیهتو ده‌سه‌ڵاتی شایسته سالاری که خودی خه‌ڵک دینامیزمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن.
مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی بیری دێموکراسی:
بیری دێموکراسی بۆ یه‌که‌مجار له سه‌ده‌کانی چوار‌و پێنجی زاینی له ئاتێن شکڵی کڵاسیکی گرت.
ئه‌وه بوو له سه‌ده‌ی پێنجه‌م به‌ملاوه، هه‌موو تاکێکی ئاتێنی له پارلمان‌دا بوونه خاوه‌نی مافی بهرابهرو یه‌کسان له ده‌نگدان له‌مه‌ڕ یاسا‌و سیاسه‌ته‌کانی په‌یوه‌ندیدار به کۆمه‌ڵه‌وه.
ده‌کرێ بڵێن که ئه‌مه به یه‌که‌مین ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی دیمۆکراسی له مێژوودا ناوزه‌د کراوه.
ئه‌گه‌ر چی تا نیزیکه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاوایی خاوه‌نی سیسته‌می پارلمانی بوون، به‌و حاڵه‌ش پاوانخوازیی ده‌سه‌ڵاتی پێوه دیاربوو، واته ئه‌و ئه‌سڵه‌ی که سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌لاتی سیاسی ده‌بوایه جه‌ماوه‌ر بووایه و زاده‌ی شۆرشی فه‌رانسه بوو، که‌چی دوچاری جۆرێک له جۆره‌کانی پاوانخوازی ببوو.
له لایه‌کی دیکه‌وه به پێ لێکۆلینه‌وه تازه‌کانی شاره‌زایانی بواری زانستی سیاسی، ته‌نیا له سه‌ده‌ی ئێستادایه که سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له وڵاتانی رۆژئاوایی‌دا، مافی ده‌نگدانی بهرانبهرو وه‌ک یه‌کیان هه‌یه.
ڕۆسۆ بیرمه‌ندی سیاسی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ئاوا تاریفی دێمۆکراسی ده‌کات:
” له سیسته‌مه پارلمانیهکاندا ته‌نیا له کاتی هه‌ڵبژاردندا، له ئازادی که‌ڵک وهردهگرنو پاشان ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ هه‌ڵکه‌وتی به‌ستراوه‌یی و په‌یڕه‌وی له‌و جۆره یاسایانه، جگه له کۆیله‌تی شتێکی باشتر نیه”.
ڕۆسۆ به‌و ڕه‌خنانه‌ی له سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له رۆژئاوادا له‌و زه‌مانه‌دا گرتوویه‌تی، په‌رده‌ی له سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌ته هه‌ڵماڵی که، ده‌سه‌ڵاته‌کانی دێموکراسی رۆژئاوایی زیاتر ده‌ستور و بڕیاردان به سه‌ر خه‌ڵکه‌وه جێبه‌جێ ده‌که‌ن، تاکوو هه‌وڵدان به مه‌به‌ستی دیمۆکراتیزه‌کردنی دهسهڵاتو به‌شدار کردنی خه‌ڵک وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی له به‌رێوبردنی پرۆسه‌ی دێموکراسی‌دا.
چه‌مکی شه‌ڕ:
شه‌ڕ وه‌کوو وته‌زایه‌کی به‌رانبه‌ر دێموکراسی و ئاشتی ده‌توانێ خاوه‌نێ چ په‌یامێک بێ، یان داخوا هه‌موو شه‌رێک ڕه‌وایه یان هه‌موو جۆره شه‌رێک ده‌چێته خانه‌ی “ده‌ستدرێژیی سه‌ربازییه‌وه”. به گشتی ئایا هیچ شه‌رێک توانیوویه‌تی ببێته هێزی رزگاریده‌ری مرۆڤه‌کان له سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌کاندا؟
له راستیدا چه‌مکی شه‌ڕ، له رووی زانستی سیاسییه‌وه زیاتر گوزارشت له ته‌جاوزی سه‌ربازی ده‌کات که له ناو کۆمه‌ڵێک پرسیاری هه‌ستیاردا ده‌خولێته‌وه که په‌یوه‌ندییه‌کی زۆری به باری سایکۆلۆژی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌یه.
چه‌مکی شهر له گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌کاندا ئاڵۆگۆری به سه‌ردا هاتووه‌و ته‌نانه‌ت زۆر جار شه‌ڕ وه‌کوو که‌ره‌سته‌یه‌ک به مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به کێشه‌کان که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه. بۆ وێنه له دوای شه‌ری سارد له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا، نه‌خشه‌ی جیهان له ژێر ناوی بانگه‌شه بۆ دێموکراسی گۆرانی قوڵی به سه‌ردا هات، که بوو به هۆی گۆرینی هاوسهنگیو مهعادڵاته سیاسه‌کانی جیهان.
ئێستا وڵاته زلهێزه‌کانی جیهان و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا وه‌کوو تاکه جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵات له جیهاندا، له شه‌ڕ وه‌کو ئێلمنتێکی کارساز بۆ مه‌به‌ستی هیومهنیتی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێت.
شه‌ڕی ئێستای جیهان به سه‌رپه‌ره‌شتی ئه‌مریکا ته‌نیا شه‌ڕێک نیه له ژێر بیانوی دێموکراسی‌دا هه‌وڵی بۆ بدرێت، به‌ڵکوو دوای کاره‌ساته‌که‌ی 11ی سیپتامبری ،2001 ئه‌مریکا پرۆژه‌ی به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ “تیرۆریزمی جیهانی” داهێناو وه‌کوو مانیفستێکی نوێ له سیسته‌می جیهانیدا بانگه‌شه‌ی بۆ کرد.
پاش دوو شه‌ڕی جیهانی و پاش شه‌ڕی سارد، شه‌ڕی دژی تیرۆریزمی وه‌کوو پرۆژه‌یه‌کی ئه‌مریکایی و هه‌روه‌ها وه‌کوو فنومنتێکی کۆمه‌ڵگا بووه‌ته چه‌مکێکی گرنگ که زۆربه‌ی لێکۆلینهوهرانو پسپۆرانی فه‌لسه‌فه‌و سیاسه‌تی ناچارکردووه که خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌تریان هه‌بێ له باره‌ی وته‌زاکانی شه‌ڕ.
هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌و راستیه‌مان له بیر بچێ که که شه‌ڕ ده‌توانێ خاوه‌نی دوو پێناسه‌ی جیاواز بێت. یه‌که‌م شه‌ڕی ڕه‌وا، دووه‌م شه‌ری ناڕه‌وا. شه‌ڕی ڕه‌وا ئه‌و شه‌ڕه‌یه که زۆر وڵات له پێناوی به‌رگری کردن له خۆ که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. ئه‌م بنه‌مایه، په‌یره‌وی ده‌کات له په‌یماننامه و ستروکتوره په‌سه‌ندکراوه‌کانی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له پێناوی پاریزگاری له خۆ کردن به پێی هه‌ندێک مه‌رجی یاسایی و قبوڵکراو. به پێی بنه‌ماکانی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له پێوه‌ندی له گه‌ڵ شه‌ڕدا، هه‌موو جۆره شه‌رێک مه‌حکوومه، جگه له‌و شه‌ڕه‌ی نه‌بێ که وڵاتێک یان لایه‌نێک له پێناوی پاراستنی بوونی خۆیدا که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێت.
بۆ وێنه هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئه‌فقانستان له ساڵی2001 دا، له روانگه‌ی رێکخراوی نهتهوهیهگرتووهکانهوه، جۆرێک داکۆکی له خۆکردن بوو به‌رانبه‌ر به هێرشی تیرۆریستی تالیبان‌و رێکخراوی ئه‌لقاعیده به دژی ئه‌مریکا. به‌ڵام شتی جێگای سه‌ر سوڕمان ئه‌وه‌یه که بۆچی تاکوو ئێستا شه‌ڕی چیچان، فه‌له‌ستین، تامیله‌کانی سریلانکاو خه‌باتی کورده‌کانی ژێر ده‌ستی تورکیا ، له روانگه‌ی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه وه‌کوو مافی داکۆکی له خۆ کردن په‌سه‌ند ناکرێت؟!
له لایه‌کی دیکه‌وه شه‌ڕی ناڕه‌وا ئه‌و شه‌ڕه‌یه که وڵاتێک به بیانوی گه‌یشتن به هه‌ندێک به‌رژه‌وندی کاتی‌و درێژخایه‌ن هێرش ده‌کاته سه‌ر وڵاتێک که له باری لوژیستیکیهوه یان خود له باری ژئوپولۆتیکهوه پتهنسیلی به‌رگری له خۆکردنی نیه. که دواتر نێوی چه‌ند دانه له‌و شه‌ڕانه ئاماژه پێ ده‌کرێت.
ئایا ئه‌مریکا ئێستا که بانگه‌شه‌ی دیمۆکراتیزه‌کردنی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست ده‌کات، شه‌ڕی ئه‌و له پێناوی سڕینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توتالیتاریه، یاخود دابین کردنی سیسته‌مێکی دێمۆکراتیکه؟
چونکه زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی ئێستا زیاتر له پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وندییه‌کانی وڵاتانی زلهێزدایه تاکوو هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی ریفۆرم له ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناگهلیدا.
کورد‌و دیموکراسی:
به بڕوای من کورد وێڕای باس‌و خواستی زۆری له سه‌ر دێموکراسی، تاکوو هه‌نووکه نه‌یتوانیوه به جیدی خۆی له قه‌ره‌ی دێموکراسی بدات. ئه‌وه به‌و مانایه‌یه که کورد نه‌یتوانیوه له سه‌ر بنه‌مای لێکوڵینه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌و زانستیانه، چه‌مکی دێموکراسی بخوێنێته‌وه. به‌ڵکوو پتر وه‌کو دژکرده‌وه‌یه‌ک له به‌رانبه‌ر رووداوه‌کاندا خۆی ده‌رخستووه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئێمه وه‌کوو کورد هێشتا نه‌بووینه‌ته خاوه‌نی بۆچوونێکی ڕه‌خنه‌گرانه له سه‌ر دێموکراسی. هه‌روه‌کوو پێشتر باسمانکرد، دێموکراسی چه‌مکێکه که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به کۆمه‌ڵگای مهدهنیو مافی هاووڵاتییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه نه‌ک نه‌بووینه‌ته خاوه‌نی ڕاڤه‌یه‌کی خودی له سه‌ر دێمۆکراسی، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت تا ئێستاش نه‌مانتوانیوه له شه‌ڕ وه‌کوو که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به سیسته‌می خودی و گه‌لی که‌ڵک وه‌ربگرین. ئه‌وه‌تا ده‌بینین له سه‌رده‌می ئێستا کورد وه‌کو کارتێکی سیاسی به ده‌ستی ئه‌مریکاوه‌یه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریکی که‌متر له شه‌ڕه‌کاندا بکوژرێت. ئه‌گینا ئه‌مریکا تاکوو ئێستا ئاماده نه‌بووه ته‌عه‌هودێکی ئه‌خڵاقی به‌رانبه‌ر به کورد دروست بکات. واته ئه‌مریکا له گرتنه‌به‌ری شه‌ڕ به مه‌به‌ستی هیومهنیتی، هیچ پرنسیپێکی ئه‌خڵاقی و فه‌لسه‌فی نیه به‌رانبه‌ر به کورد وه‌کوو یه‌کێک له قوربانیه‌کانی شه‌ڕ.
له کۆتایدا به مه‌به‌ستی توکمهکردن بابه‌ته‌که‌م، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به نێوی کۆمه‌ڵێک له‌و شه‌ڕانه بکه‌م که بوون به هۆی کوشتنی ملیونها مرۆڤی سیڤیل‌و بێ تاوان له جێهاندا.
حشمه‌ت خوسره‌وی
به‌رچاوترین شه‌ڕه‌کانی جیهان له نێوان ساڵه‌کانی 2003- 1914
شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی 1914
هیروشیماو ناکازاکی 1945
شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی 1945
شه‌ڕ ڤیتنام
شه‌ڕی که‌نداو یان عێراق 1991
شه‌ڕی ئه‌فقانستان 2001
شه‌ڕی عێڕاق‌و رووخانی حکومه‌تی سه‌دام 2003
سه‌رچاوه‌کان:
Orättfärdiga krig / Karin Aggestam 2004
لاپه‌ڕه‌کانی: 9،12،17،69،72،87.
Krig och fred / Kim Gabrielson 2003
لاپه‌ڕه‌کانی: 9،14،23،87.
دێموکراسی چیه؟ نووسینی: دێڤید بیتهام و کێڤین بویل. وه‌رگێرانی له فارسییه‌وه: که‌ریم حسامی 2000. لاپه‌ڕه‌کانی: 17،18،19،23.
دیدگاهتان را بنویسید