شه‌ڕ رۆحی دیموکراسی ده‌مرێنێ
شه‌ڕ رۆحی دیموکراسی ده‌مرێنێ
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به دروستی بچینه نێو باسه‌که‌وه به پێویستی ئه‌زانم دوو وته‌زای شه‌ڕ و دیموکراسی بخوێنمه‌وه وراڤه‌یان بکه‌م. ئه‌وه‌ی راستی بێت هه‌ر کام له‌مانه وته‌زایه‌کی جیاواز و سه‌ربه‌خۆن و ناچنه‌وه سه‌ر یه‌ک ره‌گ و ریشه و سه‌ر به دوو ئه‌قلانییه‌تی جیاوازن و سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ت و شوناسی خۆیان هه‌یه.
ئه‌م دوو وته‌زایه مادام له دوو ئه‌قڵانییه‌تی جیاوازه‌وه هاتوون، به دوو گوتاری جیاوازیشه‌وه ده‌دوێن و خاوه‌ن دوو جیهانبینی دژبه‌یه‌کن. دوو جیهانبینی، که له ره‌وتی پراکتیزه‌بوونی خۆیاندا ئاڕاسته‌کانی کۆمه‌لگه ده‌گۆڕن و هه‌رکامه به جۆرێک سیستمی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی ئاراسته ده‌که‌ن. یه‌کێک له سه‌ره‌کیترینی ئه‌و جیاوازیانه‌ی که چه‌مکی دیموکراسی له چه‌مکی شه‌ڕ جیا ده‌کاته‌ه‌وه ، له شێوازی مامهڵهکردنیدایه له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیادا. واته دیموکراسی نه‌ک هه‌ر وه‌ک ئایدۆلۆژیایه‌ک پیناسه ناکرێ، به‌ڵکوو سنووری ئایدۆلۆژیاش تیئهپهڕینێ و باس له هاتنه‌گۆڕی سیستمێکی فراوان و هه‌مه چه‌شن ده‌کا. سیستمێک که وه‌ک زه‌رفێکی وافر سه‌رجه‌می مه‌یل و ئاڕاسته جیاوازه‌کان له خۆ ده‌گرێ. به‌لام شه‌ڕ سنووه‌کانی ئایدۆلۆژیا ده‌پارێزێ و جه‌خت له سه‌ر شوناسێکی تایبه‌ت ده‌کا. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که شه‌ڕ زاده‌ی ئایدۆلۆژیایه و وه‌ک جیهانبینیه‌کی پاوانخواز مامه‌ڵه له گه‌ڵ مه‌یله جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌کا. دیاره که باس له شه‌ڕ ده‌که‌ین، ته‌نیا مه‌به‌ستمان رووداوی شه‌ڕ نییه وه‌ک واقیعێک، به‌ڵکوو مه‌به‌ست عه‌قڵانییه‌تی شه‌ڕخوازه .
چه‌مک یان وته‌زای دیموکراسی و سه‌رجه‌می ئه‌و زاراوانه‌ی که به “کراسی”1 کۆتای‌یان دێت، له وشه‌ی کۆنی کراتووسهوه وه‌رگیراون که مانای ده‌سه‌ڵات یان قانوون ده‌به‌خشن. واته راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به خودی چه‌مکی ده‌سه‌لاته‌وه هه‌یه. زاراوه‌ی دیموکراسی ئه‌گه‌رچی ریشه‌ی یونانی هه‌یه، به‌لام به شێوه‌ی جۆراوجۆر راڤه کراوه و مۆدێل و سه‌رمه‌شقی جیاوازی بۆ دیاری کراوه. کرۆکی سه‌رجه‌می ئه‌و مۆدێل و ته‌فسیرانه له یه‌ک شت‌دا وه‌ک یه‌کن، ئه‌ویش شێوازی به‌شداری خه‌ڵکه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. پێوسته بزانین که وشه‌ی “دمۆس” له دیموکراسیی یونانی کۆندا مانای هه‌موو خه‌ڵکی نه‌ده‌به‌خشی، به‌ڵکوو زۆرینه‌ی خه‌لک یان خه‌ڵکی هه‌ژار و ره‌ش و رووتی کۆمه‌ڵگا و ژنانی له رووی ده‌رفه‌تی سیاسی بۆ به‌شداری له کاروباری وڵات له چینی زانا و ئه‌ریستۆکراته‌کان جیا ده‌کرده‌وه. هه‌رچونێک بێت دموکراسی ئه‌و سیستمه سیاسییه‌ی خسته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی که له چاو باقی سیستمه‌کانی سه‌رده‌می خۆی و له چاو هه‌موو سیستمه‌کانی سه‌رده‌می ئێستاشدا باشترین و سهکهوتووترین سیستمه که توانیبێتی وه‌لامده‌ری خواسته دیموکراتیکه‌کانی کۆمه‌لانی خه‌لک بێت.
له پشت بیرۆکه‌ی دیموکراسییه‌وه ئه‌ندێشه‌ی کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی جیاواز ئاماده‌گییان هه‌یه که هه‌رکامه به چه‌شنێک دیموکراسییان ته‌فسیر کردووه.
جۆن لۆک یه‌کێک له‌و بیرمه‌ندانه‌یه که له ته‌فسیری دیموکراسیدا جه‌خت له سه‌ر عه‌داڵه‌تی سیاسی ده‌کا. لۆک وه‌ک تیۆریسییه‌نێکی په‌یمانی کۆمه‌لایه‌تی بڕوای وایه که ده‌وڵه‌ت ده‌بێ له ره‌فتاری سیاسی خۆیدا ره‌زامه‌ندی ئه‌و خه‌لکه به ده‌ست بێنێ که به سه‌ریاندا حکومه‌ت ده‌کا، واته ده‌وله‌ت ده‌بێ پارێزه‌ری مافه‌کانی هاوولاتییان بێت و ژیان و ئازادی و خاوه‌ندارێتییان بپارێزێت. هه‌روه‌ها تۆماس جهفرسۆن که بیرمه‌ندێکی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئامریکاییه و له راستیشدا شۆڕشی 1776ی ئامریکا پشتی به ئه‌ندێشه‌ی بیرمه‌ندانی وه‌ک ئه‌و به‌ستبوو. له قانوونی ئه‌ساسی ئه‌مریکای 1787 دا که کاریگه‌ری له ئه‌ندێشه‌کانی ئه‌وه‌وه وه‌رگرتبوو،مافی ده‌نگدان به هه‌موو چین و توێژه‌کان ره‌وا نه‌بینرابوو، به‌لکوو ته‌نیا مۆڵکداره نێرینه‌کان ئه‌و مافه‌یان هه‌بوو، واته به ته‌عبیرێک ده‌کرێ بڵێین که دیمواسییهکی باوکسالارانه‌ی پیاده ده‌کرد. به‌لام دیسانیش دیموکراتیترین سیستمی سیاسی سه‌رده‌می خۆی بوو. شۆڕشی فه‌ره‌نسه 1789 بیرۆکه‌یه‌کی رادیکالانهتری هێنایه کایه که ئیلهامی له ئه‌ندێشه‌کانی ژان ژاک رۆسۆ وه‌رگرتبوو و به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه ده‌روێشت که حکومه‌ت نوێنگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی بێت .
به‌م شیوه‌یه دیموکراسی مێژوویه‌کی دروست کردووه و له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وه‌ک دیارده‌یه‌کی جیهانی سه‌یر کرا و له دوای کۆتایهاتنی شه‌ڕی سارد و له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانی به‌ره‌ی رۆژهه‌لات، بوو به گوتاری زاڵی سیاسی له کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا و له گه‌ڵ مانیفێستی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی گه‌لان و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌لایه‌تیدا که‌وته یه‌ک خانه‌وه.
ئاندرۆ هێوود2 ده‌ڵێ “ناکرێ حاشا له‌و راستییه بکه‌ین که دیموکراسی له رووی تیئۆرییه‌وه ساده و نزیکه ده‌سته، به‌لام له کاتی پراکتیزه‌کردنیدا گه‌لێک کێشه و پرسیاری ئاڵۆز سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن” . لێره‌دا یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی که به رای من پرسیارێکی جه‌وهه‌رییه، ئه‌وه‌یه که ئاخۆ دیموکراسی له چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێکدا ده‌توانێ پراکتیزه بکرێ؟ ئهگهرتهعبیرێکی گشتی له چه‌مکی دیموکراسی ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک بتوانن له دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسیی خۆیاندا به‌شداری بکه‌ن، یان به واتایهکیتر رێگه به خه‌ڵک بدرێ که ئازادانه ده‌نگی خۆیان بخه‌نه سندووقه‌کانه‌وه و تریبوونی سیاسی خۆیان هه‌بێت، که‌واته ده‌بێت ئاکامی ئه‌و ده‌نگدانه ئازادانه‌ش – هه‌رچییه‌ک بێت – وه‌ک ده‌ره‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیک قبووڵ بکرێ. به‌لام تاقیکردنه‌وه‌کان ئه‌و لۆژیکه ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. راسته دیموکراسی مانای به‌شداری خه‌لکه له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، به‌لام دیموکراسی زیاتر له هه‌لومه‌رجیکدا ده‌توانێ گه‌شه بکا که مه‌یلی گشتی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و سکۆلاریزم و ئازادیخوازی بێت. مافی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی خه‌ڵک له نێو به‌ستێنێکی نه‌ریتیدا ئه‌و ره‌وته سیاسیانه ده‌گه‌ینێته ده‌سه‌لات که بڕوایان به دیموکراسی و گوتاری دیموکراتیک نییه. بۆ وێنه ده‌توانین ئاماژه به هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران، تورکیا، ئهلجهزایروپاکستان بکه‌ین که له ناو دڵی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌وه نادیموکراترین هێزه‌کان به ده‌سه‌لات گه‌یشتوون. له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئێران‌دا لانی که‌م ده‌توانین به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت بکه‌ین که ئالترناتیڤه‌کان نادیموکراتیک و داسه‌پاو بوون. به‌لام له هه‌موو ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا کۆمه‌ڵێک پێگه‌ی به‌هێزی وه‌ک مه‌زهه‌ب و ترادسیونی کۆمه‌لایه‌تی ده‌وریان گێڕاوه. که‌واته ده‌بێ ئه‌م پرسیاره له خۆمان بکه‌ین که کامه هیز و گروپانه ده‌بێت له کاروباری سیاسی‌دا به‌شداری بکه‌ن؟ له گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌دا پرسیارێکی دیکه‌ش دێته گۆڕێ، ئاخۆ تێگه‌یشتنی ئێمه له چه‌مکی خه‌ڵک چییه، ئێمه چۆن خه‌ڵک پێناسه ده‌که‌ین؟ وه‌لامدانه‌وه به‌م دوو پرسیاره هه‌لده‌گرم بۆ ته‌وه‌رێکی دیکه، به‌لام مه‌به‌ستی خۆم له هێنانه کایه‌ی ئه‌م پرسیارانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕینمه‌وه که ناتوانین دڵمان به سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیک خۆش بکه‌ین، به‌ڵام هیج حسابێک بۆ ئه‌و هیز و لایه‌نانه نه‌که‌ین که ئه‌گه‌ر له ناو پرۆسهیهکهدا سه‌ربکه‌ون، هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌باتی خه‌ڵک به فیڕۆ بده‌ن و کۆمه‌ڵگا تووشی قه‌یران و شه‌ڕی ناوخۆیی بکه‌ن، یان سیاسه‌تی پاوانخوازانه‌یان ولات به‌ره‌و شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ر ببات.
لێره‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم که شه‌ڕ ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می ره‌فتاری سیاسی هێزه شه‌ڕخوازه‌کانی ناوخۆی ولاته، ئه‌وه‌نده بۆ ملهوڕی هێزه ده‌ره‌کییه‌کان ناگه‌ڕێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌وه‌ری باسه‌که دوور نه‌که‌ومه‌وه، دێمه سه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی که ره‌نگه شه‌ڕ به دیموکراسییه‌وه ببه‌ستێته‌وه. که باس له پێوه‌ندی ده‌که‌ین تێگه‌یشتنی جۆراوجۆر له زه‌ینماندا دروست ده‌بێت. تۆ بلێی مه‌به‌ست له وشه‌ی پێوه‌ندی چی بێت؟ ئاخۆ پێوه‌ندی بریتییه له کارلێکی سایکۆلۆژی، سیاسی یان کو‌لتووریی نێوان شه‌ڕ و دیموکراسی؟ یان بریتییه له ململانێکی سه‌خت و هه‌مه لایه‌نه‌ی نێوان ئه‌و هێزانه‌ی که نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر یه‌ک له‌و دوو چه‌مکه ده‌که‌ن؟ به رای من ده‌کرێ مه‌به‌ست له وشه‌ی پێوه‌ندی هه‌ر یه‌ک له‌و ته‌عبیرانه بێت، یان له بنه‌ڕه‌تدا جه‌ختکردن بێت له سه‌ر ئه‌وه‌ی که جیهانی ئه‌مڕۆ به ته‌واوه‌تی خه‌ریکه به سه‌ر دوو به‌ره‌ی شه‌ڕ و دیموکراسیدا دابه‌ش ده‌بێت و ئێمه خۆمان له کام به‌ره‌دا ده‌بینینه‌وه؟
هه‌ر جۆرێک بێت من ته‌سه‌ور ئه‌که‌م ده‌کرێ شه‌ڕ له پێناو پاراستنی دیموکراسیدا بکرێ، به‌ڵام ناکرێ شه‌ڕ بکرێ به مکانیزمێک بۆ هاتنه کایه‌ی دیموکراسی. چونکه دیموکراسی له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نی مێژوویی‌دا نه‌هادینه ده‌بێ و پرۆسه‌ی رۆشنگه‌ریش له نێو ئه‌م پرۆسه میژووییه‌دا ده‌چێته پێش و تاکێکی وشیار و سکۆلار به‌رهه‌م دێنێ. که‌واته دیموکراسی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له وڵاتێک‌دا دامه‌زراوه‌کانی خۆی سه‌قامگیر بکا، پێویسته سه‌ره‌تا له زه‌ینی تاکه‌کان و کولتوور‌و عورفه کۆمه‌لایه‌تییدا قبوول بکرێ.
تیرۆریهکێک له تاکتیکه‌کانی شه‌ڕه و پێڕه‌وی له سایکۆلۆژیای شه‌ڕ ده‌کا و دژی رۆحی دیموکراسییه. به‌م پێیه من له نێوان گوتاری دیموکراسی و گوتاری شه‌ڕدا پیوه‌ندییه‌کی دیالکتیکی نابینم . به‌لام لاینگری شه‌ڕی دیموکراسیم دژی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی مه‌ترسین بۆ سه‌ر دیموکراسی.
کۆسار فه‌تتاحی
06.05.07
په‌راوێز:
1) مه‌به‌ست زاراوه‌کانی وه‌ک ئۆتۆکراسی؛ پلۆتۆکراسی و ئه‌ریستۆکراسی و هه‌تا دواییه.
2) نوسه‌ری کتێبی (دیموکراسی، فێمینیزم، سۆسیالیزم).Andrew HEYOOD
دیدگاهتان را بنویسید