شه‌ڕ و دیموکراسی، دوو ئاراسته‌ی ته‌واو جیاواز یا خود لێکدراو؟
شه‌ڕ و دیموکراسی، دوو ئاراسته‌ی ته‌واو جیاواز یا خود لێکدراو؟
پێوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و دێمۆکراسی
شه‌ڕ و دیموکراسی دوو جه‌مسه‌ری ههودایهکن، یا خود دوو هه‌ودای لێک جیاواز؟ تا چه‌ند توانای لێکدان و لێک هاوپێچکردنی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره یاخود ئه‌م دوو هه‌ودایه هه‌یه؟ تا چه‌ند ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌یه که له شه‌ڕه‌وه دیموکراسی دروست بێت، یا خود له دیموکراسییه‌وه شه‌ڕ؟ یاوه‌کوو هه‌ردووکیان پێکه‌وه دێن؟
ئه‌م پرسیارانه وه‌ک له ناخ و رواڵه‌تیاندا ده‌رده‌که‌وێ، به‌ره‌و سێ ئاراسته‌مان ده‌به‌ن:
1 ـ شه‌ڕ => دیموکراسی
2 ـ دیموکراسی => شه‌ڕ
3) شه‌ڕ <=> دیموکراسی
له ئاراسته‌کانی 1 و 2 دا، په‌یوه‌ندییه‌که یه‌ک لایه‌نه‌یه و، له ئاراسته‌ی سێهه‌مدا، دوولایه‌نه. هه‌روه‌ها له ئاراسته‌ی یه‌که‌م و دووهه‌مدا له گه‌ڵ دوو مانای ته‌واو دژ به یه‌ک و ناته‌با رووبه‌رووین، به‌و مانایه که ئه‌نجامه‌کانی 1 و 2 به هۆی ئه‌وه‌وه که له یه‌که‌میاندا شه‌ڕ سه‌رچاوه‌یه و له دووهه‌میاندا دیموکراسی، ته‌واو ناته‌با ده‌که‌ونه‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م سێ ئاراسته‌یه، پێویسته که له پێشدا پێناسه‌یه‌کی دوو وشه‌ی شه‌ڕ و دیمۆکراسی بکه‌ین.
شه‌ڕ: لنین شه‌ڕ به درێژه‌ی سیاسه‌ت ده‌زانێ، واته له شوێنێکدا که سیاسه‌ت له رێگای ئامرازه ئاساییه‌کانی خۆیه‌وه ناچێته پێشه‌وه و چیدی ناتوانێ رێ بکا، به ناچار شه‌ڕ سهرههڵدهات. ئیدی له‌مه به‌دوا له‌م مه‌یدانه‌دایه که ده‌بێ کێشه‌کان یه‌کاڵا بکرێنه‌وه. هه‌ندێک بیرمه‌ندی دیکه سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ به ئاکامی نه‌مانی زمانی دیالۆگ و لاوازبوونی عه‌قڵانیه‌ت پێناسه ده‌که‌ن و پێیان وایه که شه‌ڕ خراپترین ئامرازی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانه. “جان نارڤهسۆن”Jan Narveson یش، ده‌ڵێ که شه‌ڕ بریتیه له جه‌نگی نێوان سوپاکان به مه‌به‌ستی داگیرکردنی وڵاتان، یا خود لانیکه‌م جه‌نگی نێوان ئه‌و گروپانه‌ی که ده‌یانه‌وێ کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تێک به‌ده‌سته‌وه بگرن.1
سه‌ره‌ڕای پێناسه جۆربه‌جۆره‌کان و جیاوازیی بۆچوون له‌مه‌ڕ پێناسه‌کردنی شه‌ڕ، له یه‌ک شت‌دا ده‌کرێ هه‌موویان خاڵێ هاوبه‌شیان هه‌بێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که شه‌ڕ بریتیه له به‌کارهێنانی زه‌بر و زه‌نگ و توند و تیژی، که تێیدا کوشتن و وێرانی روو ده‌ده‌ن و ئاکامه‌که‌ی به شکانی لایه‌نێک یا خود لاوازبوونی هه‌ر دوو لا کۆتایی دێت. زمانی شه‌ڕ، زمانی سڕینه‌وه‌ی لایه‌نێکه، که هه‌ڵبه‌ت هه‌ر دوو لایه‌نی شه‌ڕکه‌ر ههڵگریین.
دیموکراسی: فیلسوفی سیاسی “برایان باڕی” Brian Barry له پێناسه‌یه‌کدا سه‌باره‌ت به‌م چه‌مکه ده‌ڵێ: “من وا تێده‌گه‌م که شێوازی دیموکراسی بریتیه له میتۆدێک که تێیدا نێوه‌ڕۆکی یاسا و بڕیاره‌کانی دی دیاری ده‌کرێن. به جۆرێک که له‌م یاسا و بڕیارانه‌دا خواستی هاووڵاتی و بڕیار، له پێوه‌ندیه‌کی تۆکمه‌دان. هه‌روه‌ها له دیموکراسیدا هاووڵاتیان به قه‌د یه‌ک قورساییان هه‌یه.2
“حسێن به‌شیریه” له پێناسه‌یه‌کی دیمۆکراسیدا که چڕکراوه‌ی بیرمه‌ندانی دیکه‌یه ده‌ڵێ که توخمه‌کانی پێکهێنه‌ری دیموکراسی بریتین له: “به‌رابه‌ریی هاووڵاتیان له ماڤ و سیاسه‌تدا، ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، ده‌سه‌ڵاتداران له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه دێنه سه‌ر حوکم، لێک جیا بوونی سێ به‌شی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه، پلۆرالیزمی به‌ها و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به‌شداری کردنی به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵ له بڕیاره سیاسیه‌کاندا، ده‌رفه‌تی به یاسایی کردن له هه‌موو بواره‌کاندا به گوێره‌ی ده‌نگی گه‌ل و به بێ خۆبه‌ستنه‌وه به ترادسیۆنه کۆنه‌کان، بڕوا به عه‌قڵی تاک له دیاریکردنی شێوه‌ی ژیانی خۆی، مل که‌ج بوونی ده‌سه‌ڵات له ئاست یاسا و… .” 3
یه‌که‌م ئه‌نجام که ده‌توانین له‌م پێناسانه وه‌ریان بگرین ئه‌وه‌یه که له نێوان ئه‌م پێناسهیانهدا توخمی هاوبه‌ش نابیندرێ. واته هیچ کام له له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م دوو چه‌مکه (شه‌ڕ و دیموکراسی) وه‌ک یه‌ک نین. له راستیدا دوو چه‌مکی به ته‌واوی لێک جیاوازن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که ئه‌م لێک جیاوازییه، بۆچی لێک جیاوازییه‌کی پاسیڤه نه‌ک ئه‌کتیڤ، باشتر وایه که وردتر بچینه ناو باسه‌که‌وه.(مه‌به‌ست له جیاوازیی پاسیف ئه‌وه‌یه که ئه‌م دوو چه‌مکه هیچ توخمێک پێکه‌وه‌یان نابه‌ستێته‌وه و، مه‌به‌ست له جیاوازیی ئهکتیفیش ئه‌وه‌یه که پێکه‌وه گرێ دراون.)
ئاراسته‌ی یه‌که‌م: شه‌ڕ => دیموکراسی ـ ئه‌م ئاراسته‌یه ئه‌وه پیشان ده‌دا که شه‌ڕ خوڵقێنه‌ری دیموکراسیه. شه‌ڕ دایکه و دیموکراسی کۆرپه! هه‌ڵگرانی ئه‌م بۆچوونه ده‌ڵێن له وڵاتێک‌دا که له رێگای ئاساییه‌وه ده‌رفه‌تی جوڵه‌ی سیاسی و تێکۆشان نیه، له‌بارترین رێگای به‌ربه‌ره‌کانێ، شه‌ڕ و به گژداچوونه‌وه‌ی توند و تیژانهیه. به شه‌ڕ ده‌کرێ دیکتاتۆر لابچێ و ئیدی رێگا بۆ دامه‌زراندنی دیموکراسی خۆش بکرێ. ئاکامی به کرده‌وه‌ی وه‌ها بۆچوونێک ئه‌وه‌یه که هێزی دیموکراسی خواز ده‌ست ده‌داته سازکردنی گروپی چه‌کداری، یا خود دنه‌دانی وڵاتانی دی بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی سه‌ربازی. لێک جیاوازیی دوو چه‌مکی شه‌ڕ و دیموکراسی لێره‌دا حاڵه‌تی ئه‌کتیڤی هه‌یه.
به‌ڵام دوو گرفتی سه‌ره‌کی له وه‌ها بۆچوونێکدا هه‌یه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که گروپی دیموکراسی خواز خۆی ده‌بێته هێزێکی میلیتاری، وه ده‌شزانین که چه‌نده گروپی چه‌کداری ده‌کرێ له گه‌ڵ پرنسیپه مه‌ده‌نی و دیموکراسیه‌کاندا ته‌با بێت! دووهه‌م ئه‌وه‌ی که ته‌نها دیکتاتۆری به سه‌ره‌کیترین به‌ربه‌ستی دیموکراسی ده‌زانێ، ئه‌ویش دیکتاتۆرییه‌ک که ته‌نیا له ده‌وڵه‌تدا کورت کراوه‌ته‌وه. له‌م بۆچوونه‌دا کۆمه‌ڵگا به به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت ده‌زانرێ، نه‌ک ده‌وڵه‌ت به به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگا. بۆیه ئۆتۆماتیکی پێی وایه که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری لاچوو، ئه‌وا ئیدی خۆبه‌خۆ رێگا بۆ دامه‌زراندنی دیموکراسی ئاوه‌ڵایه. پارادۆکسی ئه‌م بۆچوونه له‌وێدایه که نایه‌وێ ئاکامه‌کانی شه‌ڕ که تێکچوونی شیرازه مه‌ده‌نی، ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، ببینێ. ئه‌م روانینه تاک رهههندیانهیه و دیموکراسی نه‌ک وه‌ک پرۆسه‌یه‌ک له هه‌موو بواره‌کاندا، که له ئه‌نجامدا ئاراسته‌ی پنتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌کرێ، به‌ڵکوو وه‌ک ئاراسته‌یه‌ک ده‌بینێ که له پنتی ده‌سه‌ڵاته‌وه ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌کرێ.
ئاراسته‌ی دووهه‌م: دیموکراس => شه‌ڕ ـ له‌م ئاراسته‌یه‌دا دیموکراسی ده‌بێ به خوڵقێنه‌ری شه‌ڕ. دیموکراسی دایکه و شه‌ڕ کۆرپه! له‌م ئاراسته‌یه‌شدا لێک جیاوازیی نێوان ئه‌م دوو چه‌مکه حاڵه‌تی ئه‌کتیڤی هه‌یه. واته یه‌کێک خوڵقێنه‌ری ئه‌وی دیکه‌یه. ئه‌زموونه‌کان ئه‌وه پیشان ده‌ده‌ن که له سیسته‌می دیموکراتیکدا ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ یا نیه، یاخود یه‌کجار که‌مه. بۆیه به‌م پێیه زۆر که‌س له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که دیموکراسی ناتوانێ خوڵقێنه‌ری شه‌ڕ بێت. بۆ وێنه له سکاندیناڤیا که تێیدا دموکراسی زاڵه، شه‌ڕ به هیچ جۆرێک شێوازی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان نیه. به‌ڵام ئه‌مه بریتیه نییه له هه‌موو بابه‌ته‌که. گه‌لێک هۆکاری دیکه هه‌ن که ده‌توانن کار بکه‌نه سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه. بۆ وێنه له هیندستان که وڵاتێکی دیموکراتیکه شه‌ڕ له نێوان جودائی خوازانی که‌شمیر له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی هیندستان هه‌یه. یا خود له ئیسپانیا یان تا ئه‌م دواییانه له ئیرله‌ندای باکوور. هۆکاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش ده‌توانێ ئه‌وه بێت که جودائی خوازان مه‌به‌ستیان نه‌ک دابین کردنی سیسته‌می دیموکراسی، به‌ڵکو چێ‌کردنی کردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه. جا له حاڵه‌تێکی وادا بوونی دیموکراسیش ناتوانێ به‌رگری له شه‌ڕ بکا.
نموونه‌ی دیکه هه‌ن که نیشانی ده‌ده‌ن که ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک ده‌توانێ شه‌ڕ له شوێنی دیکه هه‌ڵگیرسێنێ. بۆ وێنه هێرشه‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا بۆ سه‌ر ڤیتنام و له‌م دوواییانه‌دا بۆ سه‌ر عێراق. کانت ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی که ئاشتی له نێوان ده‌وڵه‌ته‌کاندا پارێزراو بێت، پێویسته که له سه‌ر بنه‌مای کۆماری واته دیموکراتیک دامه‌زرابن.4 به‌م پێیه هه‌تا وڵاتی نادیموکراتیک مابن، ئه‌وا ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه ناتوانێ ئه‌و راستیه بشارێته‌وه که ده‌وڵه‌تی دیموکرات خۆی ده‌توانی هه‌ڵگیرسێنه‌ری شه‌ڕ بێت، به تایبه‌ت که ده‌توانێ له رێگای خه‌ڵه‌تاندنی گه‌له‌وه بیرورای ناوخۆیشی بۆ ئاماده بکات (وه‌ک ئه‌وه‌ی نیوکانهکانی ئامریکا له گه‌ل گه‌لی ئامریکا پیش هێرش بۆ سه‌ر عێراق کردیان).
ئه‌وه‌ی که خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م ئاراسته‌یه له گه‌ڵ ئاراسته‌ی یه‌که‌م پێک ده‌هێنێت ئه‌وه‌یه که هه‌ر دووکیان خوازیاری پێک هێنانی دیموکراسین. شه‌ڕ، له رێگای شه‌ڕه‌وه ده‌یه‌وێ دیموکراسی ساز بکات و دیموکراسی ده‌یه‌وێ له رێگای شه‌ڕه‌وه، دیموکراسی ساز بکات. پارادوکسی هه‌ردووکیشیان له‌وه‌دایه که به پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌سته‌که‌یان، بنه‌ماکانی دیکه‌ی پێویست بۆ سازدانی دیموکراسی ده‌کوژن.
که‌واته ده‌توانین بڵێین که دیموکراسی ده‌توانێ لانیکه‌م له ده‌ره‌وه‌ی خۆی خوڵقێنه‌ری شه‌ڕ بێت، به‌ڵام شه‌ڕ ناتوانێ خوڵقێنه‌ری دیموکراسی بێت.
ئاراسته‌ی سێهه‌م: شه‌ڕ <=> دیموکراسی ـ له‌م ئاراسته‌یه‌دا سه‌ره‌تا و کۆتاییمان نیه. هه‌ردوو چه‌مک ده‌توانن هه‌م له پله‌ی یه‌که‌مدا بێن و هه‌م له پله‌ی دووهه‌مدا. له په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه و دیالیکتیدان. جێگۆڕکێ ده‌که‌ن. به پێی بارودۆخ یه‌کیان گرنگی پتر په‌یدا ده‌کا و ئه‌وی دی ده‌خاته ژێر سێبه‌ری خۆیه‌وه. ده‌توانن له عه‌ینی جیاوازیدا ببن به یه‌کتر! بۆ نموونه هێزی شه‌ڕکه‌ر ده‌توانێ خۆ به نوێنه‌ر و نمادی دیموکراسی بزانێ (وه‌ک گروپی چه‌کدار)، یاخود هێزی دیموکرات خۆی به نوێنه‌ر و نمادی شه‌ڕ یان هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ بزانێ (وه‌ک ده‌وڵه‌تی بوش). لێره‌دا ئیتر ئه‌م دوو چه‌مکه لێک جیاواز نین تا وه‌کوو بتوانن جیاوازێکی ئه‌کتیڤ بن. به‌ڵکوو ده‌بن به یه‌ک. یه‌که‌یه‌کی ئه‌کتیڤ!
لێک جیاوازیی ئه‌کتیڤ یا خود پاسیف؟
له هه‌ر سێ ئاراسته‌که‌دا نیشانمان دا که ده‌کرێ مرۆ له سێ به‌ستێنی خه‌یاڵیی و گریمانه‌یی جۆراۆجۆردا ئه‌وه فۆرموله بکا که په‌یوه‌ندیی نێوان شه‌ڕ و دیموکراسی جیاوازییه‌کی ئه‌کتیڤ بێت. واته یه‌کیان ببێته هۆی ئه‌وی دیکه. یاخود واوه‌تر له جیاوازیی ئه‌کتیف ببنه یه‌ک، وه‌ک له حاڵه‌تی سێهه‌مدا وه‌سفمان کرد. به‌ڵام وه‌ک بینیمان نه له پێناسه‌کانی ئه‌م دوو چه‌مکه‌دا و نه راستیه‌کانی رۆژانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، توخم یا دیارده‌یه‌ک نیه که جیاوازییه‌کی ئه‌کتیڤ له نێوانیاندا دیاری بکا. به‌ڵکوو ته‌نیا ئه‌م دوو چه‌مکه ده‌توانن دوو جیاوازی پاسیف بن. واته به بێ هیچ کارتێکردنی وه‌ها که یه‌کیان له ئه‌نجامدا خوڵقێنه‌ری ئه‌وی دیکه بێت یا خود وه‌ک یه‌ک بن.
شه‌ڕ و دیموکراسی له راستیدا په‌یوه‌ندێکی جیاوازی پاسیفیان هه‌یه. پاساودانه‌وه‌ی شه‌ڕ به دیموکراسی یاخود دیموکراسی به شه‌ڕ، پاساودانهوهیهکی له بنه‌ڕه‌ته‌وه ناته‌واوه. شه‌ڕ ده‌توانێ ئازادی بێنێ، به‌ڵام ناتوانێ دیموکراسی بێنێ.
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
30.04.2007
1)Matters of life and death, Edited by Tom Regan, لاپه‌ڕه‌ی 143
2) Samfunn og Vitenskap, Av: Fredrik E. Carl E.G. Ragnvald K. Raino M. لاپه‌ڕه‌ی 354 (سه‌رچاوه‌ی نۆروێژی)
3) تاریخ اندیشههای سیاسی در قرن بیستم ـ لیبرالیسم و محافظه‌کاری، حسین بشیریه، لاپه‌ڕه‌ی 22
4) Matters of life and death, Edited by Tom Regan, لاپه‌ڕه‌ی 147
ئەم وتارە لە گۆڤاری “قەڵەم ژمارە شەش 6” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید