هومێد یان ناهومێد بوون گرفتی کۆمه‌ڵگا نین. گرفتی کۆمه‌ڵگا “حه‌قیقه‌ت” ه.
هومێد یان ناهومێد بوون گرفتی کۆمه‌ڵگا نین. گرفتی کۆمه‌ڵگا “حه‌قیقه‌ت” ه.
وتووێژ له گه‌ڵ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ رزگار ئه‌مین نژاد
ئاماده کردنی فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
رزگار ئه‌مین نژاد، نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، خه‌ڵکێ شاری بانه له کوردستانی ئێرانه. له راستیدا کاک رزگار له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه به شێوه‌یه‌کی جیددی به وه‌رگێڕانی رۆمانی ناوداری نان و شه‌راب، وه‌ک ناوێکی دی له پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا خۆی به خوێنه‌رانی ناساند. حه‌وسه‌له و پشوودرێژییهک که له وه‌رگێڕاندا هه‌یبوو ئه‌و ئاکامه‌ی لێ که‌وته‌وه که دوای ماوه‌یه‌کی نه زۆر درێژ چاومان به دووهه‌مین به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوی که رۆمانی سه‌مفۆنیای مردووه‌کانیش بوو، بکه‌وێت. ئه‌م دوو رۆمانه ئه‌گه‌رچی زاده و به‌رهه‌می دوو که‌لتور و دوو ولاتی یه‌کجار جیا له یه‌کترن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری هاوچهشنییهکن که ناچارمان ده‌کا له سه‌ر رێ لابده‌ین و بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بێت له ژێر سێبه‌ری تاقه دره‌ختێکی ته‌نیا، ته‌ریک و له بیرهوهچووی قه‌راخ جاده‌یه‌کی غوربه‌ت، ئه‌و جورئه‌ته به خۆمان بده‌ین که که‌مێک لێوی وشکمان به ئاوی وشه ته‌ڕ بکه‌ینه‌وه.
****
ـ ده‌ستپێکردنی کاری ئه‌ده‌بیت به وه‌رگێڕانی رۆمانی “نان و شه‌راب “ه وه بوو. وه‌ک ده‌زانی “سیلونه” نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه یه‌کێک له دامهزرێنهارانی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا و خه‌باتکاری دژی فاشیسم بوو، نان و شه‌راب به جۆرێک بیوگرافی خه‌باتکارانه‌ی خودی نووسه‌ره. تۆش به شێکی به‌رچاوی ژیانت له‌م رێگایه‌دا به سه‌ر بردووه و ئه‌زمونی تاڵ و شیرینت له‌م بواره‌دا زۆره. به‌ڵام وه‌ک ده‌زانین سیلونه له‌م کتێبه‌یدا به دیدێکی دیکه‌وه ئاوڕ ده‌داته‌وه سه‌ر ژیانی خه‌باتکارانه‌ی، واته به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه له بابه‌ت فکر و بۆچوونی شۆڕشگێڕی. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن بوو ئه‌م دیده له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا سه‌رنجی راکێشایت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بده‌یته وه‌رگێڕانی، ئایا ده‌توانین بڵێین که به جۆرێک رۆح و ژیان و بۆچوونت له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیلونه یه‌کیان ده‌گرته‌وه، واته تۆش به جۆرێک به نه‌قدی نه‌ریتی شۆڕشگێڕی گهیشتبووی؟
و: بێ گومان وه‌رگێڕانی رۆمانی “نان و شه‌راب” بۆ سه‌ر زمانی کوردی یه‌که‌م ئه‌زمونی کاری وه‌رگێڕانم بوو. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م کاره‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کارتێکردنی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه وه‌ک رۆمانێکی سه‌رکه‌وتوو و له قۆناغی دووهه‌مدا نێزیک بوونی ره‌وتی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له ژیان و چالاکی شۆرشگێڕی من. به‌ڵێ راسته که منیش به‌شێکی به‌رچاو له ته‌مه‌نم له رێبازی شۆرشگێریدا به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام ئه‌زموونی من له گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه له یه‌ک خاڵی بنه‌ڕه‌تیدا جیاوازی به‌رچاوی هه‌بووه. “سیڵۆنه” کۆمۆنیست بووه و منیش خه‌باتکارێکی رێبازی میللی دێمۆکراتیک بووم. ئه‌م بابه‌ته له زۆنگه‌ی ئایدیالۆژیدا به دوو ئاقاری جیاوازدا گوزه‌ر ده‌که‌ن. دیاره له ئامانجدا سه‌رنجی هه‌ر دووکیان دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بووه، چ له گوتاری مافخوازانه‌ی مندا و چ له خه‌باتی چینایه‌تی نووسه‌ری “نان و شه‌راب”دا.
له‌م به‌ینه‌دا بابه‌تێکی بنچینه‌یی له گۆرێدایه که پێویسته نه‌که‌وێته پاوانی هیچ لایه‌نێکیان، ئه‌ویش ئاراسته کردنی په‌یام و ویستی جه‌ماوه‌رییه و رێکخستنی گشتی. شێواز و نه‌ریتی شۆرشگێڕانه‌ی منیش بێ گوومان کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی له ئه‌زمون و خه‌باتی کلاسیکی ره‌وتی چه‌پی پێوه دیار بووه، به‌ڵام “شۆرشگێری” تاکه ئاکسیۆنێک بوو بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆریه‌ت.
ئه‌مه به‌شێکی بابه‌ته‌که‌یه، به‌ڵام به‌شی هه‌ره گرینگی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ئاوردانه‌وه‌یه‌که له ره‌خنه‌یه‌کی بابه‌تیانه له هه‌مبه‌ر فکر و باکگراواندی ره‌وتی شۆرشگێری. نووسه‌ر له رۆمانه‌که‌یدا به نێو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌یدا رۆده‌چێت و به شرۆڤه‌یه‌کی سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسانه کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌خوێنێته‌وه و کاردانه‌وه‌ی ناکامی هه‌ڵوێسته شۆرشگێڕییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ده‌کاته‌وه.
ـ سیلونه له‌م رۆمانه‌دا به ئه‌زموونی ژیان و خه‌باتی خۆی له کاتی تێکۆشانی له حیزبی کۆمۆنیست دا ده‌چێته‌وه و وه‌ک ده‌زانین دواتر وه‌ک تێکۆشه‌ریکی سوسیال دمۆکرات درێژه به ژیانی سیاسی خۆی ده‌دا. بۆیه ده‌توانین بڵیین که ئه‌م کتێبه به جۆرێک نه‌قدی نه‌ریتی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمۆنیستیه، به بێ ئه‌وه‌ی که سیلونهی به‌م ئه‌نجامه گه‌یاندبێ که عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ئامانجێکی بێهوده‌یه. شه‌ڕی سیلونه له گه‌ڵ شێوازه نه‌ک ئامانج. جا ده‌توانین بڵێین که ئه‌مه به جۆرێک مۆدێلی به‌رچاوی تۆیشه له گه‌ڕانه‌وه‌ت به‌ره‌و نه‌ریتێکی دیکه؟ ئه‌گه‌ر وایه تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و نه‌ریته خۆی له چیا ده‌بینێته‌وه؟
و: سیڵۆنه له حیزبی کۆمۆنیست ده‌رکرا و، هۆکاره‌که‌شی به روونی دیاره. سرووشتییه که خوێندنه‌وه‌ی نوێی نووسه‌ر هاوده‌نگ نه‌بێ له‌گه‌ڵ رای گشتی حیزبه‌که‌ی، چوونکه بناغه گشتییه‌کانی حیزبه‌که‌ی له‌بنه‌ره‌تدا ناته‌بایی هه‌بووه له گه‌ڵ دیتنی نووسه‌ر. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی به سه‌ره‌تاکانی ده‌ست پێکردنی چالاکی “پێترۆ سپنا” ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که چۆن پاڵه‌وانی یه‌که‌می رۆمانه‌که به کۆمه‌ڵێ به‌ڵگه و ده‌فته‌ری پڕ له تیۆره‌وه ده‌خزێته نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی و هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه ده‌بینێ که واقعه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی تا به چه‌نده ناته‌بایی هه‌یه له‌گه‌ڵ تیۆره‌کانی نێو ده‌فته‌ره‌که‌ی. ئه‌و له نێزیکه‌وه هه‌ست به گه‌رمای خۆری راسته‌قێنه ده‌کات و هه‌ست به لێدانی دڵی مه‌زراکانی نییشتمانهکهی ده‌کات. “کافونهکانی” (جوتیاره‌کان) کۆمه‌ڵگاکه‌ی هه‌ر ئه‌و کافونانه نین که تاقمێ تیۆرناس و راڤهوانی ئایدئالۆژی باسیان ده‌که‌ن. له کۆمه‌ڵگادا “حه‌قیقه‌ت” هه‌ر ئه‌و شته‌یه که هه‌یه! واته تیۆر و واقع مه‌رج نییه که زۆر له یه‌کتر نیزیک بن مه‌به‌ست له تیۆرێکی داندراوانهیه. بێگومان ئه‌مه وا ناکات که که‌لێنێک بکه‌وێته نێو باوه‌ڕی قووڵی نووسه‌ر به دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر نیگه‌ران ده‌کات له تاکتیکی حیزب، له راستیدا مه‌قووله‌ی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیه که ده‌که‌وێته پشته‌وه‌ی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب. سیڵۆنه ئه‌م به‌شه‌ی به باشی بۆ روون ده‌بێته‌وه و حه‌ول ده‌دات له رۆمانه‌که‌یدا ره‌نگی بداته‌وه.
به‌ڵام با بێینه سه‌ر نه‌ریتی شۆرشگێڕی. پێویسته ئه‌م بابه‌ته ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی شێلگیرانه‌ی لێ بدرێته‌وه لانیکه‌م بۆ من و تۆ که هه‌ردووکمان به‌رهه‌می یه‌ک وه‌چه‌ی داماوین. من و تۆ باش له ئه‌ده‌بیاتی مه‌قووله‌ی شۆرشگێڕی ده‌گه‌ین، کاتێ ئاوڕ ده‌ده‌ینه‌وه بۆ رابردوویه‌کی پڕ له هه‌ڵوێست و فیداکاری. ئێمه به‌رهه‌می سه‌ده‌یه‌کی خه‌باتین بۆ دادپه‌روه‌ری، به‌ڵام له ره‌وتی ئه‌م چه‌رخه نامێهرهبانهدا دیتمان که چۆن گشت حه‌وله شۆرشگێڕییهکان ده‌ره‌نجامێکی دیکتاتۆریانه‌یان لێ ده‌که‌وته‌وه. ئه‌م بابه‌ته زۆر سه‌یر نه‌بوو، چوونکه له خوێندنه‌وه‌کانی دواییماندا به کۆمه‌ڵێک ئه‌نجام گه‌یشتین که ره‌گی سه‌ره‌کی ئه‌م ناکامڵبوونهی له نهخوێندنهوهیهکی ورد و بابه‌تیانه‌دا دیته‌وه به ناوی “کۆمه‌ڵگا و گشت پێکهاته بونیادنه‌ره‌کانی” و “تاک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه”. ئه‌م بابه‌تانه شرۆڤه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسیانه‌ی ده‌وێ که ره‌نگه له‌م دیمانه‌یه‌دا مه‌جالی شرۆڤه‌کردنی ئه‌م بابه‌تانه‌مان بۆ نه‌ره‌خسێ، به‌لام رێگه‌م بده ئه‌گه‌ر به کۆکراوهییش بووبێ کۆمه‌ڵێک سه‌رنج دیاری بکه‌م.
سه‌رتا ئاماژه ده‌ده‌م به مهوقوولهی “گۆڕان” که ئه‌م بابه‌ته به‌گشتی ماکی گشت هه‌ڵوێسته مێژووییه‌کانی مرۆڤه بۆ ده‌ربازبوون له سوننه‌ته جهبرگهراییهکانی مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی. بێگوومان ئایدۆلۆژی به‌ستێنێکی به‌هێز بووه بۆ شرۆڤه کردنی بناغه بنچینه‌ییه‌کانی پێوه‌ندی نێوان پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا و پوتانسییه‌لی گۆڕان و، ئێمه‌ش باش تێده‌گه‌ین که ئه‌م ئاگاییه به کۆمه‌ڵێک ره‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی/کۆمه‌ڵناسیدا تێده‌په‌ڕێ بۆ پێناسه کردنی هۆکاره‌کانی ئه‌م عهینیهتانه. ئه‌م شووناسه له دیدی ئایدیالۆژییه‌وه کۆمه‌لێ به‌رهه‌می کۆمه‌ڵایه‌تی لێ که‌وته‌وه که ئه‌مرۆ ئێمه به‌ناوی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان (موئه‌سه‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تی) ناوزه‌دیان ده‌که‌ین و ئه‌م دامه‌زراوانه گاریگه‌رییه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه له‌سه‌ر نێزیک کردنه‌وه‌ی ئامانجه‌کانی ئایدیالۆژی و ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. که بێگومان نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ده‌رفه‌ته یه‌کسانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی تاکه له جه‌غزی کۆمه‌ڵگادا (لانیکه‌م به راده‌یه‌کی نیسبی). به‌ڵام له زۆنگه‌ی عه‌قڵییه‌تی نه‌ریتی شۆڕشگێڕییه‌وه شته‌کان به ئاقارێکی دیکه‌دا تێده‌په‌ڕن. کاتێ مرۆڤ هه‌ڵده‌ستی به دارشتنی تیۆره‌کانی ئه‌م ئامانجه واته “گۆڕان”، هیچ چاره‌یه‌کی نییه جگه له‌وه‌ی که خۆی له خانه‌یه‌کی رێکخستندا بگوونجێنێ بو راپه‌راندنی ئه‌رکه‌کانی. واته تاک به شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی هه‌ڵگری “ئه‌رک” ده‌بێ- نه‌ک ئاگا بوون. ئه‌مه سوننه‌تێکی له‌مێژینه‌ی نه‌ریتی شۆڕشگێڕییه. له ئه‌نجامی ئه‌م قه‌واره کۆمهڵایهتییهیدا ده‌بینین که قه‌واره‌یه‌کی رێکخستن دێته گۆڕێ به ناوی “حیزب”. بێ گومان هه‌موو دیارده‌کانی کۆمه‌ڵگا و گشت پێکهاته‌کانی، مولزه‌می پێوه‌ندییه‌کی لۆژیکین له نێویاندا و له راستیدا ئه‌م پێوهندیانهن که “مێژوو‌و” به‌رهه‌م ده‌هێنن.
پێوه‌ندی نێوان حیزب و جه‌ماوه‌ر پێویستی به مه‌جالێکی ئازاد هه‌یه بۆ ئه‌زموون کردنی کار و کاردانه‌وه‌کانیان. له‌و کاتانه‌دایه که له به‌رنامه‌ی حیزب‌دا بردنه سه‌ری مه‌رجه‌کانی جه‌ماوه‌ر عه‌ینییه‌ت په‌یدا ده‌کا. ئه‌م کار و کاردانه‌وه‌یه “حه‌قیقه‌تێکی” قه‌تعییه، چوونکه له ژیانی رۆژانه‌دا ته‌جروبه ده‌کرێته‌وه. ئه‌م پارامێتره له کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیدا سدق ده‌کات و بێگوومان مه‌جالی بۆ دروست ده‌بێ، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراودا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه نادیارن و ده‌کرێ بڵێین که مه‌جالێکی لۆژیکی نییه. به واتایه‌ی دیکه پێوه‌ندی حیزب و جه‌ماوه‌ر جێی خۆی ده‌دات به پێوه‌ندی حیزب و شانه‌کانی رێکخستن و، ئه‌م پێوه‌ندییانه به گشتی له نێوان کادێری سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامه به‌وه‌فا و ئهمهگدارهکانی حیزبه که ته‌نیا بۆ راپه‌ڕاندنی “ئه‌رک” دروست ده‌بێ. ئه‌گه‌ر پێوه‌ندییه‌کی دیکه هه‌بێ له نێوان حیزب و جه‌ماوه‌ردا، ئه‌م پێوه‌ندییه ههستاکارییانهیه (عاتیفی) و گوزارشت له واقعێکی لۆژیکی ناکه‌ن. ئه‌مه واده‌کات که حیزب ببێت به خاوه‌نی گوتارێکی یه‌کده‌ست و به‌م چه‌شنه ئولیگاریشی ده‌سه‌ڵات حوکم ده‌کات به‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی که پێویسته له نێوان حیزب و جه‌ماوه‌ردا دروست ببن و له‌و حاڵه‌تانه‌دا حیزب خۆی وه‌ک ده‌سه‌ڵات ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵ ده‌کاته‌وه. گوتاری یه‌کده‌ست وه‌ک یه‌کێکی دیکه له نه‌ریته‌کانی شۆرشگێڕی داوه‌ری ده‌کات له سه‌ر گشت دیارده‌کانی کۆمه‌ڵ و هه‌ر بۆ خۆیشی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێ و بڕیاره‌کانیشی به‌رده‌وام گوزارشت له هه‌ڵوێستێکی عه‌جوولانه ده‌کات به ناوی خه‌بات بۆ رووخاندنی سیسته‌م. په‌یامی شکستی لایه‌نی دژبه‌ر و سه‌رکه‌وتنی لایه‌نی به‌رهه‌ڵستکار. ئه‌گه‌ر سه‌رنج به‌م بابه‌ته بده‌ین ده‌بینین که ئه‌م شێوازه جگه له شهر یان به واتایه‌کی دیکه جگه له شکستدان هیچ بانگه‌وازێکی دیکه‌ی پێ نییه. جا سه‌یر لێره‌دایه که ئه‌گه‌ره‌کانی دوای شکست چی له ده‌که‌وێته‌وه یان ده‌ره‌نجامی به کوێ ده‌گات. ئه‌م تیۆره زیاتر له نیو سه‌ده‌یه له زه‌ینی وه‌چه‌ی سیڵۆنهدا په‌روه‌رده کرابوو، به‌ڵام بۆ وه‌چه‌ی من هێشتا جگه له فاکته‌ری نه‌ریتی شۆڕشگێڕی هیچ جێگره‌وه‌یه‌ک به‌دی ناکرێ یان به واتایه‌کی دیکه له‌و به‌ری ته‌رحی شۆرشگێڕ بوون هیچستانه!
له کۆمه‌ڵناسیدا دوو فاکته‌ری “عیلیهتی پیچیده” و ” عیلیهتی ساده” له ئه‌ندێشه‌ی ره‌وتی گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌دی ده‌کرێ. بێگومان هه‌رکام له‌م فاکتانه هه‌ڵگری عه‌قڵییه‌تێکی راڤهیین بۆ گۆڕان، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌یه‌کی بنچینه‌یی له نێوان هه‌ڵگرانی ئه‌م دوو فاکته به‌دی ده‌کرێ. به‌ڵام به گشتی ئه‌ندێشمه‌ندانی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر ئه‌وه کۆکن که کۆمه‌ڵگا و ره‌وتی گۆڕانکاری به‌رهه‌می یه‌ک هۆکار نین و بگره کۆمه‌ڵێک ره‌هه‌ندی ته‌سک و پیچیدهش گه‌لێ جار کاریگه‌ری هه‌یه له سه‌ر ره‌وته‌کان. دیتنی حیزبی شۆرشگێڕ بۆ گۆڕان – تا ڕاده‌یه‌ک – پاڵ ده‌به‌ستێ به تیۆرێکی ته‌ک عاملی، واته بێ سه‌رنجدان به گشت هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵ و مه‌قووله‌ی “تاک”. به واتایه‌کی دیکه په‌نابردن بۆ هۆکاره ساده‌کان و ساده‌ترین هۆکاریش له ستراتیژی ئه‌واندا هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کانن. ئێمه باش ئاشناین به هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان ئه‌و کاتانه‌ی که به‌رده‌وام له راگه‌یاندنی حیزبی شۆرشگێڕه‌وه ده‌بیستین که چۆن ته‌قه‌دوس ده‌دات به عه‌قڵیه‌تی شۆرشگێڕی و گشت هۆکاره‌کانی ئاسته‌نگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌خاته ئه‌ستۆی لایه‌نی نه‌یار و تاکه رێگاچاره‌ش له شکستدانی ئه‌و لایه‌نه‌دا ده‌بینێ. به‌م مێتۆده حیزب هه‌ڵده‌ستێ به خۆههڵاواردن له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان که به‌ره‌نگاری کۆمه‌ڵگا ده‌بنه‌وه و بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی که گشت دیارده‌یه‌کی نێو کۆمه‌ڵ به‌رهه‌می ئێستهعدادی کۆمهڵگایهکهیهتی- ئه‌گه‌ر دیکتاتۆریه‌تیش یه‌کێک بێ له‌م دیاردانه. ئه‌م بابه‌ته به‌رده‌وام به سه‌مپاتییه‌کی ئیدیالیستی به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه و ره‌وتی گۆڕان له واقعبینی دوور ده‌خاته‌وه. نکۆڵی لێ ناکرێ که هۆی هه‌ره گرینگی بانگه‌وازی ئایدیالگهرایانه هه‌میشه ئاکامێکی یه‌کده‌ستی لێ ده‌بێته‌وه که ئه‌ورۆکه ئێمه له گه‌لیان به‌ره‌و رووین و ئه‌م دیاردانه‌ش کۆمه‌ڵێ به‌ره‌ی سیاسی /ئائینین که کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م به ده‌ستیانه‌وه گرفتار بووه. جێی خۆیه‌تی که به دیدێکی واقع گه‌رایانه ئاوڕ بدرێته‌وه له ئاسته‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێته‌وه که سهنجیدهترین ئیمکانی گۆڕان سوود وه‌رگرتن له لانیکه‌می ئیمکانه‌کانه. به واتایه‌کی دیکه گواستنه‌وه‌ی دۆخی مه‌وجوود به‌ره‌و دۆخێکی مهتلوبتر چونکه مایه‌ی گۆڕانکاری به به‌راورد له‌گه‌ل تاقه‌تی (زه‌رفییه‌تی) کۆمه‌ڵگا مه‌زنده ده‌کرێ.
له گوتاری حیزبی شۆرشگێڕدا سیمای حیزب به کاتالیزاتۆرێک پێناسه ده‌کرێ که به کرده‌وه‌یه‌کی شۆرشگێڕانه کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و گۆڕان راده‌گوێزێ. به واتایه‌کی دیکه ئه‌م سیسته‌می کاتالیزاسیۆنه خۆی ئاوێته ده‌کات له گه‌ڵ ئایدیالۆژی له حاڵێکا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئایدیالۆژی له نه‌ریتی حه‌وله دیپلۆماسییه‌کانیدا نابینین. چونکه له راستیدا ئایدیالۆژی سیاسه‌ت نییه. ئایدیالۆژی مهکتهبێکه بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئه‌ندیشه و به‌ستێنێکه بۆ دیتنێکی سه‌رده‌میانه. پێـموایه هه‌ر ئه‌وه‌ندی که هه‌ره‌شه‌کانی تێکه‌ڵاوی دین و سیاسه‌ت ئێمه نیگه‌ران ده‌کات، ده‌بێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ئاوێته بوونی ئایدیالۆژی و سیاسه‌ت ئێمه نیگه‌ران بکات. چوونکه ئایدیالۆژی هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی دینی تێدا هه‌یه که ده‌سه‌ڵات بتوانێ شه‌رعییه‌ت به خۆی بدات بۆ سه‌قامگیر کردنی خۆی. یه‌کێ له خاڵه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی نه‌قدی نه‌ریتی شۆرشگێڕی له‌م شه‌رعیه‌ت وهرگرتنانهیه. ئایدیالۆژی ده‌شێ نموونه‌یه‌ک بێ بۆ ده‌رس وه‌رگرتن یان ئاگایی وه‌رگرتن که چۆن فێرمان بکات کۆمه‌لگا بخوێنینه‌وه و له به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵگادا یارمه‌تیده‌رمان بێ. نه‌کوو ئایدیالۆژی ته‌نیا هه‌ر بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌یه‌کی ئایدیالیسمیانه بێ که فڵانه حیزب یان تاک یان تاقم شه‌رعییه‌تی پێ وه‌ربگرێ یان بیکاته پاوانی خۆی. ئه‌م نه‌ریته بوو به ئاوێنه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بونیادگه‌رایی دینیش سوودی لێ وه‌ر بگرێ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ماوه‌ر له ده‌وری جنوونه سه‌رکێشه‌کانی.
خاڵێکی به‌رچاو که له ره‌وتی خه‌باتی هه‌موو حیزبێکدا (مه‌به‌ست له نموونه‌ی حیزبه شۆرشگێڕییهکانه) خۆ ده‌رده‌خات، بانگه‌وازێکه بۆ پێکهاته شکاندن. من هه‌تا ئێستاش له‌م مه‌به‌سته تێنهگێشتووم. دیاره تێنهگێشتنی منیش بێ هۆ نییه! چونکه له راستیدا پێناسه‌یه‌کی ده‌قیق له گۆرێ‌دا نابینم بو شوناسی پێکهاته له لایان ئه‌و راگه‌یاندنانه‌وه. ئه‌وه‌ندی من له خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسیدا پهیگێشتووم پێکهاته به‌رهه‌می زه‌مه‌نێکی دیاریکراو نییه که به په‌له دروست بووبێت و به په‌له‌ش بشکێ. گشت پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا دیارده‌ی نه‌ریت و کولتوورێکی له‌مێژینه‌ن که به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م کولتوورانه به‌رهه‌م هاتوونه‌ته‌وه. پێکهاته به‌شێکه له مێژوو، مێژووش له پێوه‌ندییه‌کی ئه‌خلاقی مه‌عریفیدا، ده‌یکات به رێسا که به‌رده‌وام له نێوان بازنه‌ی کار و کاردانه‌وه‌کانی نێوان کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانیدا پراکتیزه ده‌کرێن.
به‌ڵام هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی من له‌م مه‌به‌سته‌ی که له سه‌ره‌وه‌دا هاته به‌ر باس شتێکی دیکه‌یه. من پێم وایه و به ئه‌زموونیش بۆم ده‌رکه‌وتووه که ئه‌م بانگه‌وازه ته‌نیا یه‌ک فاکته‌ری هه‌یه که ئه‌ویش راوه‌ستان له حاند سوننه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگان، واته به‌ره‌نگار بوونه‌وه. ئه‌مه له خۆیدا بابه‌تێکی دیکه‌یه. ده‌شێ بڵێین زۆر ساده‌شه. تۆ ده‌توانی بڵێی که من دیکتاتۆر نیم، به‌ڵام ئاکار و کرده‌وه‌کانی تۆن که دیاریکری تایبه‌تمه‌ندی دیکتاتۆریه‌تی تۆن. هه‌روه‌ها له سووننهتهکانیشدا ده‌شێ ئه‌مه بڵێین که تۆ ده‌توانی بڵێی که ئه‌م سووننه‌ته راست نییه، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه که دوورنهمای جێگره‌وه‌کانی تۆ چین و چی ده‌که‌ن. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌شه که له پێشه‌کی وه‌رگێڕانی نان و شه‌رابدا ئاماژه ده‌ده‌م به ئه‌م بابه‌ته که: شۆرشگێڕ بوون ساده‌ترین رێگایه‌که بۆ خۆ دهربازکردن له حه‌قیقه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگا”.
هه‌ر له زۆنگه‌ی پێکهاتهشکاندنهوه تاکه هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی نه‌ریتی شۆرشگێڕی ئانالیزه کردنی “خود” له “ئه‌وه”. به‌ڵی له خۆڕا نییه که حیزبی لای خۆمان به‌رده‌وام به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌کانی خۆیدا ده‌شکێته‌وه بۆ به‌رهه‌م هێنانی نه‌ریتێک که پێناسه‌یه‌ک بێ بۆ جیاوازی. جیاوازی له نێوان ئه‌م و نموونه‌کانی سیسته‌می نه‌یار. ئه‌ده‌بیاتی ئه‌خلاقی شۆرشگێڕی دیارترین و به‌رچاو ترین نموونه‌ی ئه‌م تهقهلایهیه که به داخه‌وه نه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی نوێی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌ته‌وه بگره هه‌ر ئه‌م مرۆڤه بێ چارهنووسانهشی له بازنه‌یه‌کی وه‌همیدا هێشتوه‌ته‌وه. حیزب خۆی قاڵ ده‌کاته‌وه به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌کانیدا و ده‌خاله‌ت ده‌کات له هه‌موو قووژبنه‌کانی ژیانی تایبه‌تی و ته‌نانه‌ت نه‌هێنییه‌کانی تاکه‌کانیان. ئه‌و بۆی دیاری ده‌کات که ئه‌و “کێ” بێ، “چی” بکا، “چۆن” هه‌ڵسوکه‌وت بکا، “حه‌ز” به چی بکا و “مافی” ئه‌و چه‌نده بێ. ئه‌گه‌ر له بیرت بێ له نێو ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانی نان و شه‌رابدا ئافره‌تێکی سوسیالیست هه‌یه که مێرده‌که‌ی له زیندان ده‌که‌وێ و ئه‌و ئافره‌ته تووشی سزای حیزبی ده‌بێته‌وه و مووچه‌ی مانگانه‌که‌ی لێ ده‌برن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئه‌ندامه رۆژانی یه‌کشه‌مۆ ده‌چێ بۆ نوێژ کردن. ئه‌و له رزگار کردنی هاوسه‌ره‌که‌یدا ناکامه و حه‌ول ده‌دات لانی که‌م له رێگایه‌کی رۆحییه‌وه یارمه‌تی به مێرده‌که‌ی بگه‌یه‌نێ، واته دوعا کردن.
به‌م چه‌شنه نه‌ریتی شۆرشگێڕی په‌ل ده‌کێشێ به‌سه‌ر هه‌موو قوژبنه‌کانی ژیانی تاکدا. کوتومت وه‌ک چۆن له سیسته‌مێکی دیکتاتۆری‌دا باوه. به‌ڵام تراژدیای به‌ره‌و روو بوونه‌وه‌ی نه‌ریتی شۆرشگێڕی و ئه‌و نه‌ریتانه‌ی که به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا دا چه‌سپاون له‌م نا ئاکامییهدا ده‌رده‌که‌ون که به‌رده‌وام له حاڵی پاشه‌کشه‌دان. نه‌ریتی شۆرشگێڕی تاک به گژ ره‌وتی نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگا دا ده‌کاته‌وه، هه‌ر ئه‌و نه‌ریتانه‌ی که له لای تاک ده‌بن به “حه‌قیقه‌ت”. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر تاک کاتێ سه‌رپشک ده‌بێ بۆ هه‌ڵبژاردن له نێوان ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌ن و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که حیزبی شۆرشگێڕ وه‌ک هیوا و هومێد به‌ره‌ورووی کۆمه‌ڵگای ده‌کاته‌وه، له نێوان “حه‌قیقه‌ت” و “ئومێد” دا حه‌قیقه‌ت هه‌ڵبژێرن. “حه‌قیقه‌ت” بوونێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره و هه‌یه. له ده‌ور و ته‌نیشتی خۆت ده‌یبینی، هه‌ستی پێ ده‌که‌ی، ده‌یناسی و به گشتی له ژیانی رۆژانه‌دا ته‌جره‌به‌ی ده‌که‌یته‌وه ئه‌گه‌رچی ته‌جره‌به‌یه‌کی سه‌لبیش بێ. به‌ڵام “ئومێد” له نێو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵدا جگه له خولیا و وه‌همێکی زه‌ینی، ئینسان ده‌توانێ چۆن پێناسه‌ی بکا؟
ـ به‌شێکی ئه‌و هۆیانه‌ی که سیلونه به ره‌وشی نوێ ده‌گه‌یه‌نن، خۆت وته‌نی، ئه‌و هێزه دڵ ره‌ش و ئه‌و ئههریمهنهیه که به‌رده‌وام گرێ ده‌خاته سه‌ر رێگای پراکتیزه کردنی ئه‌م غه‌مه ئینسانیه. واته ده‌توانین بڵێین که به خۆداچوونه‌وه‌ی سیلونه به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قورسایی له‌راده‌به‌ده‌ری کاره‌که. واته به‌ربه‌ستێک که زۆر به هێزتره له‌وه‌ی ته‌سه‌ور ده‌کرا. به له به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که تۆ کۆمۆنیست نه‌بووی و له بوارێکی دیکه‌دا خۆت ده‌بینییه‌وه، ئایا ده‌توانین بڵێین که ئه‌م قورساییهت هه‌ر هه‌ست پێ ده‌کرد؟
و: راسته من کۆمۆنیست نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌مه له گرینگی بابه‌ته‌که که‌م ناکاته‌وه. جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه که له‌م رۆمانه‌دا چه‌ندین ره‌وتی جیاواز به‌ره‌و رووی یه‌کدی ده‌بنه‌وه. به بڕوای من گرینگتریان په‌یڤینی نێوان سپینای کۆمۆنیست و دۆن بێنهدیتۆی رۆحانییه.
دۆن بێنهدیتۆ پیاوێکی رۆحانییه و باوه‌ڕێکی قووڵی هه‌یه به په‌یامی مه‌سیح که دابه‌زاندنی دادپه‌روه‌ری له سه‌ر عه‌رزه و، سپیناش وه‌ک رۆشه‌نبیرێکی ماددی هه‌روه‌ها باوه‌ری هه‌یه به چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی که له دروشمه‌کانی کۆمۆنیزمدا خاڵی بنه‌ڕه‌تین. هه‌ردووکیان له‌م خاڵه‌دا به یه‌ک ده‌گه‌ن. دۆن بێنهدیتۆ به سپینا ده‌ڵێ:” …کێ ده‌زانێ هه‌ر ئه‌و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که تۆ خه‌باتی بۆ ده‌که‌ی هه‌ر خوا نییه که که به ناوێکی دیکه خۆی پیشان داوی. چونکه خوا ناچاره هێندێ جار ناوی خۆی بگۆڕێ.”
سه‌رنج بده! لێره‌دا باس له “خوا” ده‌کرێ. گرینگ نییه ئه‌م خوایه له پاوانی کلیسادا بێ یان حیزب، گرینگ ئه‌وه‌یه که “خوا” زه‌روره‌تێکه بۆ مرۆڤ له‌و کاته‌یدا له ده‌ست زوڵم و زۆری مرۆڤ وه‌زاڵه دێت. ئه‌گه‌ر زه‌ینییه‌تی “خوا”ی کلیسا تووشی گه‌نده‌ڵی دێت، چه‌وساوه‌کان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر “خوا”یه‌کی دیکه که ره‌نگه سوسیالیزم بێ. کاتێ ئه‌و ناوه‌ش گه‌نده‌ڵ بکه‌ن، له دوای خوایه‌کی دیکه ده‌گه‌ڕێن. گرینگ “خوا”یه.
له‌م باسه‌دا “خوا” ره‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی هه‌یه، که ئه‌م ره‌هه‌نده خه‌سڵه‌تی ده‌روونی قورسایی کاره‌که ده‌رده‌خات. “خوا”یه‌ک که له جینسی مرۆڤ نه‌بێ. “خوا”یه‌ک که هیچ له مرۆڤ نه‌چێ. نمونه‌یه‌کی رزگاریده‌ر بێ بۆ سارێژ کردنه‌وه‌ی برینی “غه‌می ئینسان”
ـ بیگومان به‌ربه‌ست ته‌نیا خه‌سڵه‌تی ده‌ره‌کی نیه، به‌ڵکو خه‌سڵه‌تی ده‌روونیشی هه‌یه. من هه‌ست ده‌که‌م که مه‌به‌ستی تۆ پتر به‌ربه‌ستی ده‌روونییه تا ده‌ره‌کی. وه‌ک چۆن خۆت ده‌ڵێی “له بیر کردنی ئینسان”، کاتێک مرۆڤ وه‌ک ئامانج له بیر ده‌کرێ و ته‌نیا وه‌ک ئامراز ده‌بیندرێ. ئه‌مه خه‌مێکی یه‌کجار قورسه، به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی به‌ڵێنده‌رانی دنیای نوێ خۆیان ده‌بن به پێشێلکه‌رانی که‌رامه‌تی ئینسان.
و: به‌ڵێ وایه و، ئه‌مه یه‌کێ له گه‌وره‌ترین تراژیدیا‌کانی مرۆڤه. مرۆڤ به درێژایی مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، به‌رده‌وام له ته‌قه‌لادا بووه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی که وای لێده‌کات که‌رامه‌ته ئینسانیه‌که‌ی فه‌رامۆش بکرێ. بێ گومان مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من ئه‌و لهمپهرانهن که تایبه‌تمه‌ندی ده‌روونییان هه‌یه. من له‌مێژه له‌و فاکته‌رانه هه‌ڵبڕاوم که گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ له‌مپه‌ری ده‌ره‌کی. له‌مپه‌ره ده‌ره‌کییه‌کان کاریگه‌ری خۆیان هه‌یه و نکۆڵی لێ ناکرێ، به‌ڵام هێزێکی “سێحراوی” نین. تایبه‌تمه‌ندی له‌مپه‌ری ده‌روونی زۆر کاریگه‌رتر و سیحراویتره، کاتێ ده‌بینین خودی ئینسان سنوورێک دیاری ناکات بۆ به‌ها و که‌رامه‌تی ئینسانی خۆی، کاتێ ده‌بینین مرۆڤ خۆی به‌رهه‌م هێنه‌ری هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه ده‌بێت که دێنه به‌ر ده‌می، کاتێ ده‌بینین مرۆڤ له پێناسه کردنی خۆیدا هێنده داده‌به‌زێ که خۆی به ئامراز و که‌ره‌سته ده‌بینێ، کاتێ ده‌بینین مرۆڤ له هێنانه کایه‌ی تیۆره مافپه‌روه‌رییه‌کانی له سنووری به‌رژه‌وه‌ندیخوازیدا ده‌وه‌ستێت، ئه‌و کاتانه‌ن که ئیمان ده‌هێنین به “فه‌سڵی سارد”.
ئه‌وانه‌ی که به‌ڵێنده‌ری دونیای نوێن، کێن؟ چما ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه ژێنێتیکی/سایکۆلۆژییه‌کانی مرۆڤن؟
ـ له پێشهکیهکهتدا گوتوته که پێویسته مرۆڤ هه‌ندێ جار ناهومێد ببێ. ئه‌مه ده‌توانێ چڕ کراوه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی تری تۆ بێت بۆ نان و شه‌راب. سیلونه ناهومێد ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به هومێدێکی تر بگا. لێره‌دا ناهومێدی ره‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی وه‌رده‌گرێ، واته قۆناغێک له وشه‌یه‌کدا چڕ ده‌کرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فۆڕمی ناسین دواتر بتوانێ خۆی بگۆڕێ به‌ره‌و ره‌هه‌ندێکی دیکه. جا ده‌توانین بڵێین که سیلونه له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ یا خود ته‌نیا ناهومێدمان ده‌کا و به‌س؟ نان و شه‌راب سه‌رگوزه‌شته‌ی ناهومێدییه، یان هومێد له ناهومێدیدا، یاخود ناهومێدی له هومێددا؟
و: من له‌سه‌ر ئه بروایه‌م که سیڵۆنه به دژی هومێد هه‌ڵده‌ستێته‌وه. ئه‌وه‌ی راستی بێ یه‌کێک له نه‌قده ره‌هاکانی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌سه‌ر مارکسیسم هه‌مان ئومێده. ره‌خنه‌گه‌رانی مه‌کته‌بی مارکسیسم له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ن که له مه‌کته‌بی مارکسیسم دا بابه‌تی ئومێد له راده به‌ده‌ر گرینگی پێدراوه و ته‌نانه‌ت تا سنووری دیدێکی ئایینی براوهتته پێشه‌وه. چوونکه ئومێد لایه‌نی ئایدیالی هه‌یه و له گه‌ل واقعدا مه‌ودای گه‌لێکه. پێویسته هومێد که‌ره‌سه‌ی خۆی هه‌بێ بۆ وه‌دیهاتنی. تۆ چی له ئومێدێک ده‌که‌ی که ره‌گی ماددی نه‌بێ؟ تۆ کام ئومێد ده‌بینی که له ده‌ره‌وه‌ی زهینیهتدا هه‌بوونی هه‌بێ؟ له راستیدا جێی خۆیه‌تی پرسیار بکه‌ین که داخوا ئومێد په‌یامه یان وههم؟ کاتێ باس له هومێد ده‌که‌ین، نابێ له بیرمان بچێته‌وه که فاکته‌ری گۆڕان له گۆڕێدایه! چه‌مکی هومێد له گه‌ڵ تیۆری گۆڕان واتای سه‌ره‌کی ناهومێدییه.
سیڵۆنه ناهومێد ده‌بێ نه‌ک به‌و مانایه‌ی که بۆ هومێد بگه‌ڕێ. نا، ئه‌و له راستیدا له هومێد ناهومێد ده‌بێ. ئه‌و به‌م ئه‌نجامه ده‌گات که هومێد یان ناهومێد بوون گرفتی کۆمه‌ڵگاکه‌ی نین. گرفتی کۆمه‌ڵگای سیڵۆنه “حه‌قیقه‌ت” و ” واقعیه‌ت” بوو. سروشتییه که بۆ پراکتیزه کردنی ” واقعیه‌ت ” پێویسته راهێنان له ئارادا بێ تاکوو ئاستی کۆمه‌ڵگا بباته سه‌ره‌وه. ئه‌و به‌م ئه‌نجامه ده‌گات که ئه‌مه کۆمه‌ڵانی هه‌راوی ئیتالیان که له دوا رۆژدا سه‌رپشک ده‌بن له هه‌ڵبژاردندا. ئه‌مه له خۆیدا نه‌ریتێکی دێمۆکراتیکه که رێز له هه‌ڵبژاردن بگیرێ. ئه‌و به‌م ئه‌نجامه ده‌گات که ئه‌مه وه‌زیفه‌ی ئه‌و نییه که به کۆمه‌ڵگاکه‌ی بڵێت: “هۆ خه‌ڵکینه ئێوه هه‌ڵه‌ن، ئه‌م سیسته‌مه چه‌وته!” …چوونکه دوو بابه‌تی کاریگه‌ر له مێژوودا هه‌یه که ره‌سه‌ن بوون یان چه‌وت بوون ده‌سه‌لمێنێ، یه‌که‌م زه‌مانه و دووهه‌م موماره‌سه. کۆمه‌ڵگا له پانتای زه‌مان و له مه‌یدانی موماره‌سه‌دا داوه‌ری ده‌کات له‌سه‌ر پێکهاته و دیارده‌کان. ئه‌مه گرینگ‌ترین لایه‌نی عه‌قڵیه‌تی رۆژئاواییه که ره‌گی له نه‌ریتی دێمۆکراتیک دایه.
ناهومێد بوون نیعمه‌تێکی گه‌وره‌یه بۆ مرۆڤ. چوونکه له‌و حاڵه‌دایه که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی خۆی و ئیعترافیان پێده‌کات. ژیان به وه‌همی ئومێده‌وه له کاریگری مرۆڤ که‌م ده‌کاته‌وه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر له وه‌همی ئومێددا خۆی ببینێته‌وه ئه‌سیری ته‌لیسمی ده‌مارگرژی و لێکتێنهگێشتن ده‌بێت.
ـ با بێینه سه‌ر رۆمانی دووههمت که وه‌رت گێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، واته سه‌مفۆنیای مردووه‌کان. لای تۆ چ شتێک ئه‌م رۆمانه به نان و شه‌رابه‌وه گرێ ده‌دا؟ ئایا ده‌توانین بڵێن که ئه‌و تراژێدیایه‌ی که له رۆمانی یه‌که‌م دا هه‌یه له رۆمانی دووهه‌م دا قووڵاییه‌کی پتر په‌یدا ده‌کا؟
و: رێگه‌م بده با وه‌ک روونکردنه‌وه‌یه‌ک ئاماژه بده‌م به مێژووی وه‌رگێڕانی “سه‌مفۆنیای مردووه‌کان” .بێ گومان هه‌ر کار یان به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی/هونه‌ری کاریگه‌ری سه‌رده‌می خوی یان فیکری به‌سه‌ره‌وه دیاره. من له‌و سه‌رده‌مه‌دا که رۆمانی “سه‌مفۆنیای مردووه‌کانم” ده‌خوێنده‌وه، له سووچێکی شاری هه‌ولێردا نیشته‌جێ بووم. ئه‌و سه‌رده‌مه من له جه‌غزی دوو رووداوی تاڵی ژیانمدا گۆشهنشینیم به باش زانیبوو. یه‌که‌م رووداو واز هێنانی خۆم بوو له کاری حیزبایه‌تی و دووهه‌میش که به‌لای منه‌وه و به‌لای وه‌چه‌ی منه‌وه یه‌کێک له تاڵترین کاره‌ساته‌کانی مێژووی کوردایه‌تی دێته ئه‌ژمار، شه‌ری نێوخۆیی کوردستانی عێراق بوو. نازانم هێندێ که‌س ئه‌م شه‌ڕه‌یان به ناوه‌کانی شه‌ڕی برا کوژی- شه‌ڕی نێوخۆیی یان شه‌ڕی خۆ کوژی ناوزه‌د ده‌کرد. گرینگ نییه که چ ناوێکی لێ بنێین، به‌ڵکه گرینگ ئه‌وه بوو که ئه‌م شه‌ڕه کاره‌ساتێکی زۆر ناخۆشی لێ ده‌که‌وته‌وه که گشت که‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی بریندار ده‌کرد. ئه‌م شه‌ڕه رق و نه‌فره‌تی له نێو کوردستاندا به راده‌یه‌ک ته‌زریق کردبوو که پیاو گومانی له ئینسان بوونی خۆی ده‌کرد و پێم وایه ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م شه‌ره به ده‌یان ساڵی دیکه ناشۆردرێته‌وه. مه‌خابن له‌م کاره‌ساته‌دا که‌س به‌رپرسیاره‌تییه‌که‌ی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرت تا لانیکه‌م داوای لێ بوردن بکا له‌و گه‌له هه‌ژار و سته‌م دیدهییه.
ئه‌م رووداوه وای کرد که من هه‌ستمه‌وه به وه‌رگێرانی ئه‌م رۆمانه تا وه‌ک سه‌نه‌دێکی مێژویی به‌رهه‌می کاری ئه‌و سه‌رده‌مه ئاڵۆزه بێت. وه‌ک ده‌زانی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه باسی تراژیدیای قڕ کردن و توانه‌وه‌ی نموونه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌ک ده‌کات که هه‌ر هه‌موویان مردوون و تراژیدیای گێڕانه‌وه‌که‌ش لێره‌دا خۆ ده‌رده‌خات که ئه‌مه مردووه‌کانن که خۆیان ده‌گێڕنه‌وه.
ئه‌وه‌ی که به‌لای منه‌وه زۆر گرینگ بوو هێنانه رووی دوو هۆکاری ده‌ره‌کی و ده‌روونی ئه‌م قڕکردنه بوو. هه‌ر ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی که له سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان پێ کرد. هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان به ره‌وتی ئاسایی خۆیاندا تێ ده‌په‌رین و کاردانه‌وه‌ی خۆیان هه‌بوو، وه‌ک چۆن له هه‌موو فاکتێدا دیاره. به‌ڵام هۆکاره ده‌روونییه‌کان هێزی ده‌به‌خشی به کاره‌ساته‌کان و ته‌نانه‌ت شه‌رعییه‌تیان پێ ده‌به‌خشێ.
خاڵی لێک نێزیک بوونی هه‌ردوو رۆمانه‌که واته ” نان و شه‌راب ” و ” سه‌مفۆنیای مردووه‌کان ” هه‌ر ئه‌و “خه‌مه ئینسانییه‌یه” که باسمان کرد. نان و شه‌راب له مه‌جموعه‌یه‌کی گه‌وره‌تردا خه‌مه ئینسانییه‌که دیاری ده‌کات و سه‌مفۆنیای مردووه‌کان زۆر به چڕکراوهیی له مه‌جمووعه‌یه‌کی چکۆلهتردا و هه‌ردوو رۆمانه‌که‌ش حه‌ول ده‌ده‌ن له‌مپه‌ری ده‌روونی کاره‌ساته‌کان شه‌فافتر ده‌ستنیشان بکه‌ن.
جیاوازی به‌رچاوی ئه‌م دوو رۆمانه له‌وه‌دایه که رهوتهکانیان به ئاقارێکی یه‌کساندا تێ ناپه‌ڕن. ئه‌مه یه‌کێکه له جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو به‌رهه‌مه. له نان و شه‌رابدا تۆ شکست نابینی به‌لکوو جۆرێک له پاشه‌کشه ده‌بینی، یان باشتره بڵیم نسکۆیه‌ک. نسکۆیه‌ک که مه‌جال ده‌دات به وه‌چه‌ی سیلۆنه که رووداوه‌کان به ره‌وتی ئاسایی خۆیاندا تێپه‌ڕن. ئه‌گه‌ر له بیرت بێ له کۆتاییه‌کانی رۆمانی نان و شه‌رابدا “دۆن بێنهدیتۆ”ی رۆحانی ئهندهرزێک ده‌دات به سپینا و پێی راده‌گه‌یه‌نێ که “هه‌ر کارێک به کاتی خۆی” ده‌بێ مه‌جال بدرێ به زه‌مه‌ن که له حه‌ل کردنی ئه‌م ئاسته‌نگانه‌دا یارمه‌تییان پێ بدات.
به‌لام سه‌مفۆنیای مردووه‌کان شه‌ڕێکی بێ به‌زه‌ییه بۆ شکستدان، بۆ رووخاندن، بۆ قڕ کردن و بۆ لابردنی له‌مپه‌ره موزاحمهکان! ئه‌م شه‌ڕه نسکۆی تێدا نابینی و نه‌ک رووداوه‌کان به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنیان نابات به‌ڵکوو به په‌یژه‌ی دارماندا ده‌یانباته خواره‌وه. به‌رده‌وامه له سه‌ر شهر کردنه‌که‌ی تا ئه‌و کاته‌ی له‌مپه‌ره‌که‌ی ده‌شکێنێت و خۆشی ده‌شکێ. ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی جیاوازی تراژیدیای نان و شه‌راب و سه‌مفۆنیای مردووه‌کانه. به واتایه‌کی دیکه جیاوازی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته. من زۆر جار له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا هه‌ستم ده‌کرد که نووسه‌ر له راده‌به‌ده‌ر هه‌ستی ” سادیسم” ی به‌رجه‌سته کردوه‌ته‌وه. هه‌ر واش بوو، به‌ڵام ئه‌م سادیسمه له راستیدا له سایکۆلۆژییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای مندا ره‌گێکی قووڵی هه‌بوو.
شکست و سه‌رکه‌وتن له کولتووری مندا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی نامۆ و زۆر حه‌ساسی هه‌یه. له کولتووری مندا بابه‌تی شکست و سه‌رکه‌وتن به شه‌ڕه‌فه‌وه گرێدراوه. شکست مانای دۆڕاندنه و سه‌رکه‌وتن شه‌ڕه‌فێکی به‌رزه که هه‌موو که‌سێک حه‌ولی بۆ ده‌دات و گرینگ نییه ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به پلانی ئه‌نفال ده‌کرێ یان خود به ئیعدامه‌کانی رووناکبیرانی ساڵه‌کانی 1367 ده‌کرێ یان به شه‌ری نێوخۆیی یان ههرچییهکهی دیکه. گرین له مه‌یدان مانه‌وه‌یه. ئه‌م شه‌ڕه نه‌ک هه‌ر له نموونه‌ی ئینسانی‌دا روو ده‌ده‌ن به‌ڵکوو لایه‌نه‌کانی دیکه‌شی تێوه ده‌گڵێنن. ده‌زانی که شه‌ڕه کهڵهشێڕ، شه‌ڕه که‌و، شه‌ڕه که‌ڵ و …له مێژووی کۆلتوری ئێمه‌دا چ ئاژاوه و جنوونێکی گه‌وره‌ی لێ ههڵاییساوه؟ به بێ مه‌وردی نازانم ئه‌گه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵی سه‌رده‌می منداڵی خۆم بگێڕمه‌وه سه‌باره‌ت به شه‌ڕه که‌ڵه‌شێر. من منداڵ بووم و وه‌ک ده‌زانی له ده‌ورووبه‌ری ئێمه‌دا یه‌کێ له سه‌رگه‌رمییه‌کانی ئه‌وکات هه‌ر ئه‌م شه‌ڕه که‌ڵه‌شێر و که‌و و که‌ڵ و… بوون. رۆژێک له یه‌کێ له‌م گره‌وانه‌دا که‌ڵه‌شێرێک دۆڕاندی و به سه‌رو پۆپنه‌یه‌کی خوێناوی له مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌دا که‌وت. خاوه‌نه‌که‌ی به پڕتووکاو به‌ره‌و لای چوو. له‌و کاته‌دا گۆمانم نه‌بوو که حه‌تمه‌ن هه‌ڵی ده‌گرێته‌وه و زامه‌کانی تیمار ده‌کات. به‌ڵام پێت سه‌یر نه‌بێ ئه‌گه‌ر بڵێم که چۆن به پێلاقه‌یه‌ک سه‌ری پان کرده‌وه و له مه‌یدانه‌که‌دا به‌جێی هێشت. هه‌تا ئه‌م ساته‌ی ژیانیشم ئه‌م رووداوه مووچووڕکه به له‌شمدا ده‌هێنێت و تاسه‌بارم ده‌کات.
7ـ له نان و شه‌راب دا ئه‌گه‌رچی کۆمۆنیسم سه‌رناکه‌وێ، به‌لام فاشیسم ده‌شکێ (جۆرێک له سه‌رکه‌وتن)، به‌ڵام وه‌ک خۆت له پێشه‌کیی سه‌مفۆنیای مردووه‌کاندا گوتووته: “سمفۆنی… چیرۆکی سه‌ره‌رۆیی و یاغی بوون و شکسته” واته هیچ چه‌شنه سه‌رکه‌وتنێک لێره‌دا له ئارادا نیه. مرۆڤی ئێمه مرۆڤی نێو بازنه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی و شکسته، به‌ڵام لای سیلونه یا خود له جیهانی رۆژئاوا مرۆڤ ته‌نیا له نێو بازنه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی و شکست دا نیه، به‌ڵکو له گه‌مه‌ی سه‌ره‌ڕۆیی و سه‌رکه‌وتنی پله به پله‌دایه. ده‌توانین بڵێین که له سه‌مفۆنیای مردوه‌کاندا ناهومێدی لای تۆ مانایه‌کی فراوانتر وه‌رگرێ؟
و: بۆیه شکام
که شه‌رمه‌زاری سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی بێ
ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی
بۆ شکستدان هه‌ڵی کردبوو…..
ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم له ساڵی 1998 دا ئه‌م شێعره‌م (که ئه‌و چه‌ند کوپلهیهی سه‌رێ ده‌سپێکی شێعره‌که‌م بوو) له گۆڤاری رامان دا بڵاو بووه‌وه. وابزانم چه‌مکی شکست کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌بوو به‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که منی تێدا ده‌ژیام. لێره‌دا باس له سه‌رکه‌وتن یان شکست نییه. گرینگ جنوونی سه‌رکه‌وتن و تراژدیای شکست بوو.
به‌ڵێ راسته ناهومێدی له لای من مانایه‌کی فراوانتری هه‌بوو. ئه‌و ناهومێدییه‌ی که توشی ئێمه ببوو ته‌نانه‌ت هومێدهکهشی ره‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی نه‌بوو. ناهومێد بوون له لای من ئه‌وه نه‌بوو که بۆچی سه‌رکه‌وتن له ئارادا نییه، به‌ڵکه ئه‌وه بوو که بۆ چی مرۆڤ تا به ئه‌و راده‌یه ته‌حقیر ده‌کرێ. من تۆم خۆش ناوێ یان به واتایه‌کی دیکه من تۆم ناوێ، قه‌بووڵت ناکه‌م و تۆ راست نیت، باشه بۆ ده‌بێ پیلانی تێداچوونی تۆ تاکه رێگای ره‌د کردنه‌وه‌ی تۆ بێت؟ بۆ ده‌بێ حه‌تمه‌ن مافی ژیان کردنت لێ بستێنمه‌وه؟ چ فاکته‌رێک دادوه‌ری ده‌کات له‌سه‌ر راست بوونی من یان چه‌وت بوونی تۆ؟
ـ له کۆتاییدا گه‌لێک سوپاست ده‌که‌ین کاک رزگار.
ـ منیش هه‌روه‌ها.
20.12.2006
وتووێژ له گه‌ڵ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ رزگار ئه‌مین نژاد
ئاماده کردنی فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
دیدگاهتان را بنویسید