گوناح
گوناح
گوناح وه‌ک مانای وشه بریتیه له کرده‌ی خراپ یاخود نافرمانی و سه‌رکێشی. هه‌روه‌ها گوناهکار که‌سێکه که کرده‌ی خراپ یاخود نافرمانی و سه‌رکێشی لێ ده‌وه‌شێته‌وه یان ده‌نوێنێ. به‌ڵام ئه‌مه مانای گشتیی وشه‌که‌یه و له راستیدا ده‌ریناخا که مه‌به‌ست به شێوه‌ی دیاریکراو له چ گوناح و نافرمانییه‌که. بۆیه ناکرێ کرده‌ی گوناح ده‌رک بکرێ به بێ کرده‌یه‌کی تایبه‌ت له شوێن و زه‌مه‌نێکی دیاریکراو که لادان یاخود پێشێل کردنی کرده‌یه‌کی چاک یاخود سڕینه‌وه‌ی فرمانێک بێت. به بێ گوناحه دیاریکراوه‌کان، ده‌رکی گوناح وه‌ک مانا و چه‌مکێکی گشتی ره‌نگه دژوار بێت. به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌دا گه‌ر به گوێری میتۆدی ئه‌فلاتون بڕوانینه ئه‌م چه‌مکه ئه‌وا به بێ بوونی ئایدیایه‌کی گشتی به ناوی ئایدیای گوناه که نه‌گۆڕه و کرده و هه‌موو گوناحه گچکه‌کان بوونی خۆیان له‌وه‌وه وه‌رده‌گرن، ئه‌وا تێگه‌یشتن له گوناح وه‌ک مانایه‌کی دیاریکراو دژوار ده‌بوو. به‌ڵام به دوور له‌وه‌ی که گوناح سه‌ره‌تا وه‌ک چه‌مکێکی گشتی وه‌رگرین یاخود وه‌ک چه‌مکێکی دیاریکراو، گومان له‌وه‌دا نیه که گوناح چه‌مکێکی گرنگی نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤه و له راستیدا ناتوانین هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک (چ سه‌ره‌تایی و چ پێشکه‌وتوو) به بێ ئه‌م مانایه په‌یدا بکه‌ین. گوناح یه‌کێک له تان و پۆیه‌کانی پێکهێنه‌ری رایه‌ڵه‌ی کۆمه‌لگایه. له‌و رووه‌وه که مرۆڤه‌کان به ناچاری ده‌بێ له گه‌ڵ یه‌ک بژین و سیسته‌مێک بۆ پێکه‌وه ژیان ده‌سته‌به‌ر که‌ن، سه‌رنجیان به‌ره‌و گوناح وه‌ک یه‌کێک له توخمه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه راده‌کێشرێ و ئه‌م توخمه ده‌بێ به یه‌کێک له بنه‌ماکانی سازکردنی یاسا‌و رێساکان. گوناح وه‌ک توخمێک مرۆ له‌وه دهپڕینگێنێتهوه که کۆمه‌ڵێک سنوور تێپه‌ڕێنێ و مرۆڤه‌کانی دی یاخود خۆی تووش خه‌سار و ئازار و ئه‌زیه‌ت و بێ مافی بکا. به‌ڵام دانانی ئه‌م یاسا‌و رێسایانه وه‌ک ده‌زانین ته‌نیا دانانی سنووری قه‌ده‌غه نیه، به‌ڵکو دیاریکردنی سزاشه له کاتی بڕینیدا. بۆیه گوناح چه‌نده له گه‌ڵ پاراستنی ماف و که‌رامه‌تی ئه‌وی دی په‌یوه‌ندی هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش خۆی به سزاوه ده‌به‌ستێته‌وه. جا لێره‌وه گوناح ده‌بێ به خاوه‌نی دوو کاراکتێر یاخود دوو جه‌مسه‌ر: ماف وسزا. ماف وه‌ک لایه‌نێکی پوزه‌تیڤی و سزا وه‌ک لایه‌نێکی نگه‌تیڤی.
به‌ڵام خودی ئه‌م تێڕوانینه به گشتی تا ئیستا نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که یه‌کڕایی و یه‌کڕیزی له بابه‌ت ئه‌وه‌وه بێته ئاراوه که گوناح به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێتی چیه و له کوێوه ده‌ست پێده‌کا و له کوێ کۆتایی دێ. بۆ وێنه لای پیاوێکی دینیی توندڕه‌و ئه‌مه گوناحه که که‌سێک بڵێ من باوه‌ڕم به خودا نیه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م قسه‌یه ئازار و کرده‌یه‌کی ناشایست ئاراسته‌ی مرۆفه‌کانی دی ناکاو ناتوانێ پێشێلکردنی که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تی وان بێت، یاخود خۆی له خۆیدا شکاندنی یاسا و ئازاردانی جه‌سته‌یی که‌سێکی دی بێت. به‌ڵام لای ئایینیه‌کی سکۆلار ئه‌م گوته‌یه گوناح نیه و بنه‌ماکانی پاساودانه‌وه‌ی خۆی له بنه‌ماکانی مافی مرۆڤدا ده‌بینێته‌وه که بڕوای به ئازادی بیر‌و ڕاو و بۆچوون هه‌یه. که‌واته ئه‌گه‌رچی له ته‌عبیری گشتیدا ده‌کرێ ئاته‌ئیست و ئایینیه‌ک یه‌ک بۆچون و پێناسه‌ی گشتییان له سه‌ر مانا و چه‌مکی گوناح هه‌بێت، به‌ڵام له مانای کۆنکرێتیی ئه‌م چه‌مکه گه‌لێک لێک جیاواز بن.
به دوور له مانای گشتی و کۆنکرێتیی چه‌مکی گوناح، بازنه‌یه‌کی دیکه که ده‌کرێ گوناحی تێدا شیبکرێته‌وه، بریتیه له‌وه‌ی که گوناح یاخود کرده‌ی گوناح وه‌ک دیارده‌یه‌ک سه‌یر بکه‌ین که له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه دێ یاخود له خودی مرۆڤه‌وه. واته ئه‌وه‌ی که گوناح هۆکارێکی ده‌ره‌کی هه‌یه یاخود هۆکارێکی ده‌روونی. بۆ وێنه کاتێک که‌سێک کرده‌یه‌کی ناشایست یاخود نافرمانیهکی لێ رووده‌دا، هۆکاره‌که‌ی شتێکی ده‌ره‌کیه که پاڵێ پێوه ده‌نێ یان شتێکی ده‌روونیه. له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌کرێ سێ بۆچوونمان هه‌بێ. یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی که هۆکاری گوناح ده‌ره‌کیه. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که هۆکاره‌که ده‌روونیه و سێهه‌م ئه‌وه‌ی که ده‌کرێ هۆکاره‌کان هه‌م ده‌ره‌کی بن و هه‌م ده‌روونی.
شیکردنه‌وه‌ی هۆکاره‌کان
هۆکاری ده‌ره‌کی:
گه‌ر بڕوامان به هۆکاری ده‌ره‌کی هه‌بێ، ئه‌وا مرۆڤی گوناهکار له بنه‌ڕه‌ته‌وه به شێوه‌ی زاتی خاوێن و به دوور له گوناح ده‌زانرێ و گه‌ر ئه‌م مرۆڤه تووشی گوناح بێت، ئه‌وا شتێکی ده‌ره‌کی پاڵی پێوه ده‌نێت. لێره‌دا خاوێنیی زاتی مرۆڤ و ناخاوێنیی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ رووبه‌ڕووی یه‌ک ده‌بنه‌وه‌و گوناح له ئاکامی زاڵ بوونی ناخاوێنیی ده‌ره‌کی به سه‌ر خاوێنیی ده‌روونیدا رووده‌دات. واته ده‌ره‌کی ده‌توانێ ده‌روونی له رێگای راست لابدا و ببێته هۆی کرده‌ی ناشایست و نافرمانی. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه به جۆرێک دووچاری کێشه ده‌بێته‌وه: به‌ڕای من ئه‌م بۆچوونه له ده‌ستنیشان کردنی ئه‌وه‌ی که سه‌رئه‌نجام پنتی سه‌ره‌کی گوناح چییه، دۆش داده‌مێنێ و ناتوانێ به جوانی و به شێوه‌یه‌کی ورد دیاری بکا. بۆ وێنه کاتێک که مرۆڤێک گوناح ده‌کا ئه‌وا مرۆڤێکی دییه که له ده‌ره‌وه‌ی وی هانی ده‌دا گوناح بکا. وه به‌م پێیه‌ش دیسان ده‌بێ ئه‌و مرۆڤه‌ش، مرۆڤێکی دی مجبوور به گوناحی کردبێ. لێره‌دا له گه‌ڵ زنجیره‌ی هۆکاره‌کانی گوناح رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه، که سه‌رئه‌نجام ده‌بێ بگه‌ینه مرۆڤێک که یه‌که‌مین مرۆڤی گوناهکهره. ئیستا پرسیار ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر مرۆڤ له زاتی خۆیدا خاوێنه ئه‌وا چ شتێک بووه‌ته هۆی ئه‌وه که یه‌که‌مین مرۆڤ دووچاری گوناح بووه؟ لێره‌دا ده‌کرێ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه که هۆکار ده‌توانێ دیارده‌یه‌ک بێت واوه‌تر له مرۆڤ وه‌ک تاک، بۆ وێنه بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی یان خود وه‌ک له دینه تاکپهرستهکاندا هاتووه شه‌یتانه که له به‌رگی ماردا حه‌وا فریو ده‌دا و دواتر ئه‌ویش ئاده‌م فریو ده‌دا. که‌واته به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که مرۆڤی دیکه نیه که ئه‌م یه‌که‌م مرۆڤه به تووش گوناحه‌وه بکا، خۆبه‌خۆ ده‌بێ به‌ره‌و دیارده ده‌ره‌کیه‌کانی دیکه بچین. لای مارکس زاتی مرۆ بریتیه له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی. به‌م پێیه گه‌ر په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گوناحاوی بن ئه‌وا مرۆڤیش گوناهکار ده‌رده‌چی، وه به پێچه‌وانه‌وه. به‌ڕای من ته‌عبیری دین بۆ یه‌که‌م گوناح لێره‌دا سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌کانی له گه‌ڵ ته‌عبیره نادینییه‌کان، به جۆرێک له گه‌ڵ ئه‌و ته‌عبیره‌ی مارکس یه‌ک ده‌گرنه‌وه، چونکه حه‌وا به هۆی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ مار (شه‌یتان) به توش کرده‌ی گوناحه‌وه ده‌بێت.ئه‌م بۆچوونه وه‌ک گوترا ناتوانێ ئه‌وه به جوانی روون بکاته‌وه که چلۆن هۆکارێکی ده‌روونی ده‌بێ به کرده‌یه‌کی ده‌روونی. بۆ وێنه بۆچی ده‌بێ حه‌وا بکه‌وێته ژێر سریمه‌ی شه‌یتانه‌وه؟ یان میکانیزمه‌کانی چلۆنایه‌تیی کارتێکردنی بارودۆخی خراپ له سه‌ر مرۆڤ چلۆنن؟ به تایبه‌ت گه‌ر ئه‌وه له به‌ر چاو بگرین که کرده خراپه ده‌ره‌کیه‌کان هه‌میشه سریمه‌ی وه‌ک یه‌کیان له سه‌ر مرۆڤه‌کان نیه و ئه‌وه حه‌تمی نیه که کرده‌یه‌کی خراپ ببێته هۆی کرده‌یه‌کی خراپی ده‌روونی له سه‌ر هه‌موو ئینسانه‌کان.
هۆکاری ده‌روونی: ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌م هۆکاره هه‌یه، ده‌ڵێن که له راستیدا توانای مرۆڤ بۆ گوناح هۆکاری ده‌روونی هه‌یه. واته گه‌ر مرۆ خۆی له زاتی خۆیدا ئه‌م توانایه‌ی نه‌بێ ئه‌وا هیچ کرده‌یه‌کی ده‌ره‌کی ناتوانێ کاری تێبکا و ببێته هۆی کرده‌ی ناشایست. لێره‌دا ناشایستی ده‌بێته تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زاتی. مرۆ بوونه‌وه‌رێکی له ده‌روونی خۆیدا ناشایسته که ئه‌گه‌ر سنوورێکی بۆ دیاری نه‌کرێ ده‌توانێ کرده‌ی زۆر خراپی لێ رووبدا. بۆ وێنه هابز مرۆ له بارودۆی سروشتی‌دا (له کاتێکدا هێشتا کۆمه‌ڵگا پێک نه‌هاتووه) به بوونه‌وه‌رێک ده‌زانێ که ده‌توانێ به ئاسانی بۆ دابینکردنی ژیان و به‌رده‌وامیی ژیانی خۆی گوناحی گه‌وره بکا. وادێته به‌رچاو که ئه‌م بۆچوونه له بۆچوونی یه‌که‌م به‌هێزتر بنوێنێ، چونکه له خودی مرۆڤه‌وه ده‌ست پێده‌کا و هه‌ر له مرۆڤیش‌دا ته‌واو ده‌بێ. ئه‌مه بۆچوونێکی بازنه‌ییه و ده‌شزانین که بیرمه‌ندانی سه‌رده‌می کۆن دایره واته جه‌غزیان به کامڵترین شکڵ داناوه، چونکه خۆی له خۆیدا ته‌واو ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه‌ش به تووش هه‌ندێک کێشه ده‌بێته‌وه: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که له گومانێکه‌وه ده‌ست پێده‌کا که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به بێ ئه‌وه‌ی سه‌لمێندرابێ، به راست له قه‌ڵه‌م دراوه. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که له بیری ده‌کا که گوناح کرده‌یه‌که که له په‌یوه‌ندیی له گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی دیکه‌دا رووده‌دات و له راستیدا به بێ ئه‌وی دی ناتوانێ گوناح رووبدات. واته مرۆیه‌ک که ته‌نیا خۆیه‌تی و به‌س قه‌ت ناتوانێ گوناح بکا. گوناح به بێ په‌یوه‌ندیه‌کی ده‌ره‌کی بوونی نیه. جا لێره‌وه گوناح خه‌سڵه‌تی ده‌ره‌کیش ده‌نوێنێ و هه‌ر بۆیه ناتوانین بڵێین که گوناح سه‌رچاوه‌که‌ی ته‌نیا بۆ زاتی مرۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی که ده‌ڵێن گوناح هه‌م هۆکاری ده‌ره‌کی هه‌یه و هه‌م ده‌روونی: له‌م به‌شه‌دا ئێمه له گه‌ڵ لێک‌گرێدانی هه‌ردوو بۆچوونه‌که رووبه‌ڕووین. واته هۆکار بۆ گوناح هه‌م ده‌ره‌کییه و هه‌م ده‌روونی. لێره‌دا مرۆ هه‌م له زاتی خۆیدا توانای هه‌ڵه و گوناحکردنی هه‌یه و هه‌م شته ده‌ره‌کیه‌کانیش پاڵنه‌رن. هیچ هۆکارێکی ده‌ره‌کی ناتوانێ ببێته هۆی کرده‌ی گوناح، گه‌ر گوناح له ده‌روونیشدا نه‌بێ. گوناح ئاکامی لێک‌گرێدانی دوو پانتاییه. بۆ ئه‌وه‌ی گوناح رووبدات، ده‌بێ هه‌ر دوو ئه‌م پانتاییه پێکه‌وه ئیش بکه‌ن. ئه‌وه‌ی که کامیان وه‌ک هۆکاری یه‌که‌م دێ، ده‌کرێ جێگای گفتوگۆ بێت. ده‌کرێ له بیرکردنه‌وه‌ی ئابستراکتدا وا وێنابکرێ که هۆکاری ده‌ره‌کی یان ده‌روونی یه‌که‌م بێت، به‌ڵام له هه‌رحاڵدا به بێ یه‌ک بوونیان نیه. له‌م بۆچوونه‌دا گوناح به بزربوونی یه‌کێک له فاکته‌ره‌کان روونادات. بۆ ئه‌وه‌ی کرده‌ی گوناح رووبدات هه‌ردووکیان پێویستن. ره‌خنه‌یه‌ک که ده‌کرێ ئاراسته‌ی ئه‌م بۆچوونه بکرێ ئه‌وه‌یه که به شێوه‌یه‌کی ورد دیاری ناکا که خاڵی لێک‌گرێدانی ئه‌م دوو پانتاییه کوێیه و چۆنه. له راستیدا ئه‌م بۆچوونه هه‌ر وه‌ک بۆچوونه‌کانی دی له سه‌ر تیۆری کردهناسی راوه‌ستاوه که سریمه‌کانی هۆکارێک ته‌نیا و ته‌نیا له کرده‌کانیدا ده‌ناسێته‌وه. بۆ وێنه یه‌کێک دزی ده‌کا چونکه هه‌ژاره. لێره‌دا ئه‌وه‌ی که فاکته‌ری هه‌ژاری چلۆن کارده‌کاته سه‌ر کرده‌ی دزی، دیاری نه‌کراوه، به‌ڵکو ته‌نیا ئێمه شاهیدی کرده‌ی دزین و به‌س. ئه‌مه له کاتێکدایه که هه‌ژاری نابێته هۆی کرده‌ی دزی له هه‌موو مرۆڤه‌کاندا، به‌ڵام بێگومان له‌و شوێنانه‌ی که هه‌ژاری باوه، دزیش پتر له هه‌ر شوێنێکی دیکه باوه.
ئاکامه کرده‌ییه‌کانی ئه‌م سێ بۆچوونه
بۆچوونی یه‌که‌م ـ گه‌ر بڕوامان وابێت که گوناح هۆکاری ده‌ره‌کی هه‌یه و مرۆ له بنه‌ڕه‌ته‌وه خاوێن و بێگه‌رده ئه‌وا له باری ده‌روونناسییه‌وه به حاڵه‌تێک ده‌گه‌ین که هه‌میشه خۆمان به خاوێن و به‌رحه‌ق و ئه‌وی دی به تاوانبار بزانین. لێره‌دا ئه‌گه‌رچی ئێمه له حاڵه‌تی گوناحیشدا بین، به‌ڵام نووکی هێرشمان بۆ ئه‌وی دییه و له راستیدا هه‌میشه له حاڵه‌تیکی شه‌ڕی ده‌ره‌کیداین بۆ سڕینه‌وه‌ی کرده‌ی گوناح له رێگای سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه‌دا.
دژوارییه‌کانی ئه‌م بۆچوونه
ـ له بیری ده‌کا که مرۆی گوناحکار تازه منداڵێکی ساوا نیه و به گوناح ئالووده‌یه.
ـ ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌م تێگه‌یشتنه ناهێڵێته‌وه که مرۆڤه‌کانی به‌رانبه‌ریشی وه‌ک ئه‌م به هۆکاری ده‌ره‌کی به توش گوناحه‌وه بوونه و بۆیه ده‌کرێ ئه‌ویش وه‌ک ئه‌م خۆی به به‌رحه‌ق بزانێ له به‌رامبه‌ر ئه‌مدا. له‌م به‌رانبه‌رکێ دژواره‌دا، مه‌ودایه‌ک بۆ لێکگه‌یشتن نیه و نامێنێته‌وه، یاخود یه‌کجار که‌مه.
بۆچوونی دووهه‌م
ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان له بنه‌ڕه‌ت و زاتی خۆیانه‌وه به گوناحکار بزانین، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌مووان له‌م باره‌یه‌وه له یه‌ک ئاستدا ببینین و ئیدی که‌س له‌وی دی بانتر نه‌زانین. لێره‌دا بۆ سڕینه‌وه‌ی گوناح ده‌بێ هه‌رکه‌س له خۆیه‌وه ده‌ست پێبکا. سڕینه‌وه‌ی گوناح ده‌بێته کرده‌یه‌کی تاکگه‌رایانه و ئیدی دواتر ده‌کرێ ئه‌نجامێکی کۆگه‌رایانه‌ی لێبکه‌وێته‌وه.
دژوارییه‌کانی ئه‌م بۆچوونه
ـ رایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ره‌کیه‌کانی گوناح له بیر ده‌کا و ئیدی شه‌ڕی مرۆ ته‌نیا وه‌ک تاک له دژی خۆی ده‌بێ و به‌س.
ـ گه‌رچی توانای به‌خششی زۆره و وه‌ک بۆچوونی یه‌که‌م شه‌ڕه ده‌ره‌کیه‌کان هه‌ڵناگیرسێنێ، به‌ڵام هه‌ر له پێشه‌وه وای داده‌نێ که مرۆڤه‌کانی دی ده‌ناسێ و به زاتییان ئاشنایه. ئاکامی ئه‌مه دهروونگهراییهکه که مرۆ له به شوێنداچوونی زانست و زانیاری ده‌هێڵێته‌وه. جا به‌م پێیه‌ش سنووره‌کانی زانیاری له سه‌ر گوناح به‌رته‌سک ده‌بنه‌وه.
بۆچوونی سێهه‌م
واپێده‌چێ که ئه‌م بۆچوونه له باری کرده عهمهلیهکانییهوه، لۆژیکیتر بنوێنێ. مرۆیه‌ک که ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌بێ هه‌م به‌رامبه‌ر به هۆکاره ده‌ره‌کیه‌کانی گوناح راده‌وه‌ستێ و هه‌م به‌رامبه‌ر به خۆی وه‌ک هه‌ڵگری هۆکاره ده‌روونیه‌کانی گوناح. لێره‌دا شه‌ڕه‌که له دوو بواردا ده‌بێ. واپێده‌چێ و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ که له‌م حاڵه‌ته‌دا نه توند‌و تیژیی بۆچوونی یه‌که‌م بمێنێ و نه پاسیف بوونی بۆچوونی دووهه‌م. که له راستیشدا ده‌بێ وابێ! باوه‌ڕبوون به زاتیبوونی گوناح، مرۆ له تاوانبارکردنی له سه‌داسه‌دی ئه‌ویدی ده‌هێڵێته‌وه و به باوه‌ڕبوون به ده‌ره‌کی بوونی گوناهیش، تاک له کرده‌کانیدا ئازادتر ده‌کا.
دژوارییه‌کانی ئه‌م بۆچوونه
ـ دیاری ناکا رێژه‌ی هۆکاری ده‌روونی و هۆکاری ده‌ره‌کی له ئاست یه‌کتردا چۆنن، داخۆ په‌نجا په‌نجایه، یا پتر یا که‌متر.
ـ دووهه‌م، ئه‌وه‌ی که به کرده و له‌ژیانی واقیعدا قورسایی به قازانجی لایه‌ک له‌م دوو هۆکاره ده‌شکێته‌وه که له راستیدا ره‌چاوکردنی له سه‌داسه‌دی ئه‌م تیۆر و بۆچوونه دژوار ده‌بێت.
03.09.2007
دیدگاهتان را بنویسید