فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سڵاوی نیوە شەو

کات 03/09/1392 329 بازدید

سڵاوی نیوە شەو

کە گرتیان رێک هەر ئەو ناوونیشانانەی دەنواند و دەدرکاند خەڵکی لە سەریان گوتبوو. ئەوەی کە جل و بەرگێکی سەرتاپا سپیی لەبەردایە، ئەوەی جووتێک پێڵاوی زستانەی گەرم، مل پێچێکی قاوەیی و کلاوێکی خوریی رەشی لە سەردایە. زیندەوەرێکی ترسناک کە تەنها بە شەو دەگەڕا. دەیانگوت هەموو شار دەگەڕا،…کۆڵان بە کۆڵان و جادە بە جادە. گەر سەرما بە دە دەرەجە لە ژێر سفردا بایە، کلوە درشتەکانی بەفر جەستەیان لە نیو خولەکێکدا داپۆشاندبایە، “با” روخساری گەستبایە و ئاسمانی ساماڵ گەرمای لەشی هەڵلوشیبایە، ئەو هەر لە دەرەوە بوو. هیچ شتێک بەری پێ نەدەگرت. 

بۆ خۆی بە خۆی دەگوت کارەکەم ئەوەندە خۆش دەوێ کە بە دونیای ناگۆڕمەوە. 

خەڵکی بە پۆلیسیان گوتبوو:

ـ “جەستەی وەک بەفری سەر عەرز سپیی و سەریشی وەک ئاسمانی زستان رەش و تاریکە. نادۆزرێتەوە… ئا، هەر زۆر زەحمەتە دۆزینەوەی. رێک لە زەوی و ئاسمان دەچێ! پەیکەرێک لە نێوان زەوی و ئاسماندا،… بە چەقۆیەکەوە لە ژێر جل و بەرگەکەیدا.”

پۆلیس بەردەوام ئەم جۆرە زانیاریانەی لا خۆ دەنووسییەوە و دوواتر لە بێ تەلەکانیاندا لە گەڵ ژمارەکانی تر دەکەوتنە دووان. 

ـ “نیوە شەو بوو، سەعات دوو، بۆ خۆت دەزانی من زوو دەخەوم بۆ ئەوەی سبەی زوو لە خەو هەستم و بچم بۆ سەر کار! (پۆلیسەکە بە سەرسوڕماوییەوە سەیری دەکا)، کتوپڕ دەنگی دەرگا هات، سەرەتا وامدەزانی خەو دەبینم، زۆر گوێم نەدایە، ئەم شانەو شانێکم بۆ کرد و خەوتمەوە، بەڵام نا، بینیم دەنگی دەرگا هاتەوە، یەکێک بەو نیوە شەوە لە دەرگای دەدا. ترسام! دەزانی عەیب نیە پیاو بترسێ، ترس لە قورئاندا هاتووە. ویستم ژنەکەم هەستێنم و ئاگاداری بکەم، ئەوەی پێکەوە بچین و دەرگاکە بکەینەوە. بەس نەمکرد، وەها خەوی قوڵ بوو کە دڵم نەهات. تەواوی ئەو رۆژە نانی کردبوو. ئارام هەستام و رۆیشتم. بە کاوەخۆ، سەرەتا پرسیارم کرد،… کێیە، کێیە بەو نیوە شەوە لە دەرگا دەدا؟ گوێم لێبوو دەنگێک گوتی “کاکە بیکەوە خۆمم، هاتووم ئیشێکم هەیە. گوتم “کاک ناوت چییە؟ بۆ بەو نیوە شەوە هاتوویت،… لێت قەوماوە؟ پارەت دەوێ؟ یان… دەتناسم، دەمناسی؟…” دەزانی زۆر خێرا گوتی نەوەڵلا کاکە پارەی چی و لێقەومانی چیی، هاتووم کارێکی خێرم هەیە. کە دەرگاکەم کردەوە پیاوێکی سپیم بینی. پیاوێکی بەفرین کە سەری لە ناو کڵاو و مل پێچی رەشی دا ون بوو بوو. وتی “شەو باش!” و ئەوجار دەستی برد لە ژێر پاڵتۆیەکەیەوە شتێک دەربێنێ. منیش لە ترسان دەرگاکەم بە خێرایی داخست و هەڵاتمە ژوورەوە. ئیستا دەزانم چەند وریا بووم و خێرا وەجواب هاتووم،… کاکە گیان ناحەقم مەگرە، مەڵێ ترسنۆکە، دەزانی خۆ، ها، ترس لە قورئاندا هاتووە. بۆ خۆم بینیم جوان جوان بینیم کە چەقۆ بوو. چەقۆیەکی درێژ درێژ، ئا، لە ژێر پاڵتۆکەیدا…”

پۆلیس دەینووسی. لاپەرە لە دووای لاپەڕە. بێتەلەکان جارو بارە دەنگە نادیارەکانیان دەڕشاندەوە. هەندێ جار بە زەحمەت.

ـ نیوە شەو بوو، سەعاتی دەورووبەری سێ. من ماڵ و مناڵم هەمووی لە قاتی سەرەوە دەخەون و خۆم لە خوارەوە، هەر لە کۆنەوە وابووە، لە باو و باپیران بۆمان بە جێ ماوە،… منداڵەکانی منیش هەروا دەبن. دەزانی بۆ باشە؟ ئا، ئیستا پێت دەڵێم. پیاو دەبێ زۆر چاک ئاگای لە ماڵ و منداڵ بێت، ئەسڵەن پیاو بۆیە دروست کراوە بۆ ئەوەی ئاگای لە ماڵ و منداڵ بێت! ئەمە لە حەدیس دا هاتووە. مەلا محەممەد دەیڵێ. جا گەر پیاو خانوویەکی دوو قاتی هەبێ هەر زۆر چاکترە، ئەوان لە سەرەوە و پیاو بۆ خۆیشی لە خوارەوە (پۆلیسەکە کە بێتاقەتی رووی تێکردووە دەیەوێ شتێ بڵێ، بەڵام پیاوی ماڵەکە زۆر خێرا رەوتی قسەکان دەگۆرێ)، ئەرێ وەڵلا رێک ئا لەم ژوورەدا بووم کە لە دەرگای دا. ئەو پەردە دەبینی، ئەوەم لادا و بە ئەسپایی سەیری دەرەوەم کرد.پیاوێکی سپیم بینی. چونکە سپی بوو نەترسام. هەستام چووم دەرگاکەم کردەوە. لەو نیوە شەودا سەروچاویم نەدەبینی. گوتی “شەو باش!”، منیش وتم کاکە جا تو خوا ئەمە قسەیە، جا پیاوی ئاقڵ و ساخ و سەلامەت،… کتوپڕ بینیم دەستی بۆ بن پشتێنی برد، منیش هەر خێرا دەرگام داخست و …، پاراستنی ماڵ و منداڵ گوناە نیە خۆ کاکە گیان!”

پۆلیس چەند دەفتەرێکی لە قسە و راپۆرتی خەڵک کۆ کردبووەوە. سەرئەنجام جەستەی نێوان زەوی و ئاسمانیان لە یەکێک لە لاکۆڵانەکاندا گرت. سەعاتی چواری بەیانی بوو. لە کاتێکدا زوقم سمێڵەکانی داپۆشیبوو و هەڵمی هەناسەی، پەڵە گچکەکانی تەمیان دەبەخشی، گیرا. دەوریان دا، پشکنیان، سواری سەیارەیەکیان کرد و بردیان بۆ بنکەی پۆلیس. پرسیار و وەڵام دەستی پێکرد. سەرئەنجام بۆیان دەرکەوت ئەو کەسێکی تەنیای نیشتەجێی یەکێک لە گەڕەکە قەراخەکانی شارە. پیاوێکی تەنیای ناو شەوانی سارد و درێژی زستان.

ـ بۆ بە شەوا بە ناو شارا ئەگەڕێی؟ دەزانی چەندە خەڵکی ئەم شارەت ترساندووە؟

ـ من کەسم ئازار نەداوە.

ـ تەواوی شار باست ئەکەن.

ـ من حەزم لە سڵاو کردنە لە خەڵک لە ناو شەوە سارد و سڕ و درێژ و تاریکەکانی زستانا،

پۆلیسەکان سەیری یەکتر دەکەن.

ـ ئەی چەقۆکەت کوا؟ لە کوێ فڕێت داوە وا نەماندۆزییەوە؟

دەست دەبا لە بن پشتێنەکەی لە ژێر پاڵتۆکەیدا شاخە گوڵێک دەردێنێ.

ـ مەبەستتان ئەمەیە؟

یەکێک لە پۆلیسەکان بە پەلە لە دەستی دەڕفێنێ. لێی ورد دەبێتەوە. گوڵێکی سیس بە لاسێکی نەرمەوە کە هیشتا گەرمای لەشی پێوەیە.

ـ من تەواوی ئەمساڵ بەو نیوە شەوانە، نە وەلامی سڵاوێکم وەرگرت و نە دەرفەتی ئەوەم بۆ جارێک پەیدا کرد کە گوڵەکەم پیشکەشی کەسێک بکەم.

پۆلیسەکان سەیری یەکتر دەکەن. 

بۆ سبەی ئامبولانسێک دێتە بەر دەم بنکەی پولیس. دوو کەس بە جل و بەرگی سپی و سەری رەشەوە کە لە بوونەوەرەکانی نێوان زەوی و ئاسمانیان دەکرد، لە ماشینەکە دادەبەزن و لە گەڵ خۆیان دەیبەن. پۆلیس لە دوا راپۆرتی خۆیاندا دەنووسن:

“ئەوەی وا خەڵکی شاری هەراسان کردبوو، شێتێکی تەنیا بوو بە گوڵێکی سیسەوە کە نەیدەزانی نیوەشەوان نە کاتی سڵاوکردنە لە خەڵک و نە پیشکەش کردنی گوڵە پێیان!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “تەماتەی ئەهرامی سەلاسە” چاپ کراوە.
خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > سڵاوی نیوەشەو
ئەم چیرۆکە لە ماڵپەڕی “دەنگەکان” بڵاو کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *